ئاولەمەزانی

ئاب 5, 2018 Diyako Hashemi

ئاولەمەزانی

نووسینی دیاکۆ هاشمی

منداڵ لە سکی دایکدا لە سەرەتادا تۆپەڵەخانەیەکە پێی دەوترێت ئاولەمە (فارسی: رویان عەرەبی: المُضغَة embryo).  دواتر هەر لە سکی دایکدا گەشە دەستێنێت و دەبێتە کۆرپەلە (ف: جنین، ع: جنین fetus). دوایی کە لەدایک دەبێت وشەی جۆربەجۆرمان بۆی هەیە وەک: کۆرپە، ساوا.

کێشەکە ئەوەیە کە عەرەب بۆ هەر دوو وشەکە واتە هەم بۆ (embryo) و هەمیش بۆ (fetus) زۆر جار هەر وشەی جنینی بەکار هێناوە. هەر بۆیە کوردیش وشەی جنینی بە کۆرپەلە بەکار هێناوە و فارسیش هەر وەک عەرەب وتوویەتی: جنین.

عەرەب بەو زانستە کە لەو بوارەدا دەکۆڵێتەوە (Embryology) وتوویەتی: علم الأجنة. کورد و فارسیش لەڕووی عەرەبییەکە وشەکەیان وەرگێڕابوو. بە کوردی پێی وترا کۆرپەلەزانی و بە فارسییش پێی وترا: جنین شناسی.

بەڵام ئێمە ئەمڕۆ زۆر باش دەزانین کە زانستەکە لە وشەی کۆرپەلە / جنین / fetus دروست نەبووە و دروست نییە پێی بوترێت کۆرپەلەزانی و جنین شناسی. بەڵکوو وشەکە لە (embryo) دروست بووە و بووە بە (Embryology) کەوا بێت دەبێت پێی بوترێت ئاولەمەزانی نەک کۆرپەلەزانی.

فارسیش لەوە تێ گەیشتووە و بە فارسی وشەی رویانشناسییان بۆ داناوە و ئیتر پێی ناڵێن جنین شناسی. هەرچەند لەبەر ئەو هەڵە کۆنە هێشتاش وشەکە لە فەرهەنگە کۆنەکاندا وەک خۆی ماوەتەوە. کەوا بێت هەرچەند لە کۆندا وتراوە کۆرپەلەزانی، ئیتر دەبێت وازی لێ بهێنرێت و تەنها بوترێت ئاولەمەزانی. وەک چۆن فارسیش وازی لێ هێناوە و پێی دەڵێن: رویانشناسی.

تێبینی:
زانی یان ناسی؟

لە زمانی ئینگلیزیدا پاشگری (logy) کە لە بنەڕەتدا لە یۆنانی وەرگیراوە زۆر بەکار دەهێنرێت، ئەم پاشگرە ئاماژە بە زانستی شتەکە دەکات.

لە فارسیدا کەڵک لە شناسی وەردەگرن، دیارە شناسی لە شناختنەوە وەرگیراوە.

لە عەرەبیدا پێی دەوترێت: (علم).

بە فارسی و دەری و تاجیکی کەڵک لە شناسی وەردەگرن. بۆ نموونە دەڵێن وەک:  هەندێ کەس بیریان بۆ ناسی دەچێت و پێیان وایە ئێمەش دەبێت پاشگری ناسی بەکار بهێنین، بەڵام دیاردەکە ئاماژە بە ناسین نییە، بەڵکوو ئاماژە بە زانین و زانستی ئەو شتەیە، ڕێک وەک ئەوەی عەرەب وشەی علمی بۆ بەکار هێناوە.

کوردیش لە چاوگی زانین، پاشگری زانیی وەرگرتووە، کە زانستیش هەر لەوەوە وەرگیراوە. بە بەراورد لەگەڵ واتاکە پڕبەپێستیەتی، نموونە:

(تیشکزانی پرتوشناسی علم الأشعة Radiology)

(دەرمانزانی داروشناسی علم الأدوية Pharmacology)

( بوومەلەرزەزانی لرزەشناسی علم الزلازل Seismology)

(زیندەزانی زیست شناسی علم الأحياء biology)

(ئاولەمەزانی رویان شناسی علم الأجنة embryology)
***
زانی و ناسی دوو پاشگری گرنگ لە زمانی کوردیدا

لە باشوور لە قوتابخانەکاندا و لە کتێبە زانستییەکاندا کەڵک لە زانی وەردەگیرێت. لەم سەرچاوەیەدا زانیاریی باش دەست دەکەوێت لەسەر وشە زانستییەکاندا و بەتایبەت لەسەر زانی،  ناسی:
پڕۆژەی زاراوەی زانستیی کوردی، کەمال جەلال غەریب، PDF

***