جێناو و ڕەگەز لە ئەورووپا

ئازار 9, 2024 Diyako

جێناو و ڕەگەز لە ئەورووپادا

 

نووسین: دیاکۆ هاشمی

لە زمانە ڕۆژاوایییەکاندا، بۆ نموونە لە زمانی ئینگلیزیدا، بۆ جێناوی ئەو دوو جێناوی (he) و (she) بەکار هێنراوە.

بەڵام لەم سەردەمەدا مەسەلەی ڕەگەز یان زایەند زۆر بووە بە باسی ئەم کۆمەڵگایانە، مرۆڤ بۆی هەیە خۆی بە نێر یان مێ یان هەر دووکیان یان هیچکامیان بناسێت. هەر بۆیە نایانەوێت بۆ ئاماژە بە ئەو، جێناوێک بەکار بهێنن کە زایەندەکە دەر بکەوێت واتە نایانەوێت بڵێن (he) یان (she).
لە زمانی سویدیدا، لەم دوایییانەدا، جێناوێکی تاک و سادە بەکار دەهێنن: (hen) هەم لە جیاتیی (han) و هەمیش لە جیاتیی (hon).

دیارە لە زمانی کوردیدا هەر لە کۆنەوە وتراوە ئەو ئیتر ئەو کێشەیەمان نییە. بەڵام لە ئەورووپا بووە بە کێشەیەکی قورس، تەنانەت لە فەرمانگە حکوومییەکانی سویددا کاتێک بە پیاوێک بڵێن ژنت هەیە؟ یان بە ژنێک بڵێن مێردت هەیە؟ ئیتر بەو شێوە تەقلیدییە پرسیار ناکرێت، بەڵکوو دەوترێت: (پارتنر partner)ت هەیە؟ لە وشەی پارتنێر دەر ناکەوێت کەسەکە نێرە یان مێ. ئێمە لە کوردیدا هەر لە کۆنەوە وشەی بێلایەنمان هەبووە: هاوسەر، هەروەها، ئەم سەردەمە بووە بە هاوژین. لێرە نێر و مێ دەرناکەوێت.

لە زمانی ئینگلیزیدا کێشەکە قورسترە، نازانن چۆن ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن. هەر بۆیە بڵاوکەرەوەی فەرهەنگ یان وشەنامەی Merriam-Webster پێشنیاری کردووە کە لەبری ئەو he/she بوترێت: they.

 

ئەگەر حەز بکەن دەتوانن چاو لەم بەستەرەی بیبیسی بکەن کە لەو بارەوەیەوە بابەتێکی بڵاو کردووەتەوە. بەگشتی بابەتەکە باس لەوە دەکات کە: چۆن هەندێک کەس خۆیان دەناسێنن لە دەرەوەی ئەو پۆلە ڕەگەزییە تەقلیدییانەی کە لە زمانی ئینگلیزیدا بەکار دەهێنرێن. لەبری ئەوەی he بۆ پیاوان و she بۆ ژنان بەکار بهێنن، هەندێک پێیان باشە جێگرەوەی وەک they/them بەکار بهێنن بۆ ئەوەی باشتر لەگەڵ کێیەتییەکەیاندا بگونجێت.

نموونەیەک لەم بابەتە لەلایەن کیت ویلسۆن، خوێندکاری زانکۆی ویسکۆنسێن-میلوکییەوە هاتووە، کە پێی باشە بە جێناوی they/them لەبری he یان she ئاماژەی پێ بکرێت. ویڵسن خۆی نە بەتەواوی نێر و نە بەتەواوی مێ، دەناسێنێت. بەڵام زاراوەی جێندەرکویر بەکار دەهێنێت بۆ وەسفکردنی کێیەتییەکەی. لە هەندێک کاتدا ویڵسن لە یەک کاتدا هەست بە ژنانەبوون و پیاوانەبوون دەکات، لە کاتێکدا لە هەندێک کاتدا بەتەواوی پۆلە ڕەگەزییە نەریتییەکان ڕەت دەکاتەوە.

ویڵسن بە داواکردن لە هاوڕێکانی بۆ بەکارهێنانی جێناوی they و ناوی کیت Kit لەبری ناوی پێشووی، نیشان دەدات کە چەندە ناساندن و ڕێزگرتن لە کێیەتی و دەربڕینە جیاوازەکانی ڕەگەز، گرنگە.

https://www.bbc.com/news/magazine-34901704

***