هەڵەبجە Halabja

ئازار 16, 2024 Diyako

هەڵەبجە Halabja

نووسین: دیاکۆ هاشمی

16 March 1988

Halabja chemical attack

هەڵەبجە، برینێکی بەسۆ
***
داخی داخانم, داخی پڕ لە ئاخی برینی بەسۆی هەڵەبجە هەتاهەتایە ساڕێژ نابێت.
کارەساتەکانی ئەنفال، هەڵەبجە، شەنگال، کۆبانی، کەرکووک، سنەی خوێناوی هەمیشە وەک ژێیەکی خەماوی حەیران و سۆز و هۆرە و لاوکی هەناسەی پڕ لە تاسەی ماتەمی سکڵ و پشکۆی کوانووی گەشی ئاگری نەورۆزی پڕ لە سۆزی کوردن.

***

هەڵەبجە برینێک کە هەرگیز ساڕێژ نابێتەوە
***
1988-03-16
***

کورد خاوەنی مێژوویەکی دوورودرێژ و پڕ لە هەوراز و نشێوە.
چەند ڕووداوێکی تایبەتی لەم دوایییانەدا کارەساتی گەورەی بۆ کورد ئافراندووە و کورد هەتاهەتایە لە مێژووی خۆیدا ئەو ڕووداوانە لەبیر ناباتەوە، بۆ نموونە: ئەنفال، هەڵەبجە، شەنگال، کۆبانی
ئەم ڕووداوانە وەک ڕێکەوت، تۆزێک پێش لە هاتنی نەورۆز ڕوویان داوە و دڵی کوردیان خەمبار کردووە، هەر بۆیە کورد هەتا یادی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنانە نەکاتەوە، بەگشتی خۆی تێکەڵی خۆشی و شاییی پێش لە هاتنی نەورۆز ناکات و پیرۆزباییی هاتنی نەورۆز ناکات، مەگەر دوای باسی ئەنفال، هەڵەبجە، پاشان دەچێتە ناو شایی و خۆشیی نەورۆز و هاتنی بەهار و ساڵی نوێوە.
ئەنفال ناوی کردەیەکی سەربازییە کە لە ڕاستیدا لە ١٩٨٦ دەستی پێ کرد هەتا ساڵی ١٩٨٩، بەڵام بەشە سەرەکییەکەی لە ١٩٨٨ لە باشووری کوردستان دژ بە کورد بەڕێوە چوو. ئامانج بنبڕکردنی کورد بوو.
ئەنفال لە هەشت قۆناغی جۆربەجۆردا بەڕێوە چوو.
هەشت لەشکری سەربازیی عێراق، هێزەکانی گاردی نەتەوەیی، گاردی سەرۆکایەتیی سەرۆککۆماری، هێزی ئاسمانیی عێراق، پتر لە ٦٠٠ فڕۆکەی سەربازی، ژمارەیەکی زۆر دەبابە، نەفەرهەڵگر و هتد تێیدا بەشدار بوون.

لەو ماوەیەدا لەلایەن بەعسییەکانەوە پتر لە ١٨٢٠٠٠ کورد کۆمەڵکوژ کران.
٨٠٠٠ لەوانە کوردی بەرزانی بوون. بەشێکی زۆر خەڵکی گەرمیان بوون.
پتر لە ٤٠٠٠ گوند و شار و شارۆچکە کاول کران.

زیاترین کارەسات لە ١٤ی ئەپریلی ١٩٨٨ ڕووی دا، لەو کاتەدا نزیکەی ٢٠٠٠٠ کورد گوێزرانەوە بۆ ئەنفال و کۆمەڵکوژ کران، هەر بۆیە ئەو ڕۆژە بە فەرمی لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە وەک ڕۆژی ئەنفال دیاری کراوە.
زۆر کورد گوێزرانەوە بۆ بیبابانە عەرەبنشینەکانی باشووری عێراق و لەوێ زیندەبەگۆڕ کران. ئێستاکەش پاش ئەو هەموو ساڵە هەر تاونەتاو گۆڕێکی بەکۆمەڵ دەدۆزرێتەوە کە پڕە لە ئێسک و پرووسک و جلوبەرگی کوردیی ئەنفالکراوەکان.

لە ١٦ و ١٧ی مارسی ١٩٨٨دا تەنیا لە شاری هەڵەبجە زیاتر لە ٥٠٠٠ کەس بە گازی کیمیاوی ژاراوی کران و مردن.
ئەمە جینۆسایدێک بوو بۆ بنبڕکردنی کورد لە کوردستان.

ئەم کردە سەربازییە بە فەرمانی سەدام حسێن و عەلی کیمیاوی جێبەجێ کرا.

زۆر وڵاتیش ئەم تاوانەیان بە جینۆساید هەژمار کرد، بۆ وێنە عێراق، ئاڵمان، سوید، نەرویج و بەریتانیا ئەنفالیان وەک کۆمەڵکوژیی کورد هەژمار کردووە.
لە درێژاییی ئەنفالدا هەڵەبجەش کیمیاباران کرا و پتر لە ٥٠٠٠ کەس گازخنکێن کران و پتر لە ١٠٠٠٠ کەسیش بریندار بوون. تەنانەت سروشتەکەش ژاراوی کرا

*** 

***