زانی logy

ئازار 13, 2018 Diyako Hashemi

بینینی ئەم بابەتە بە PDF

نووسین: دیاکۆ هاشمی

-ناسی و -زانی دوو پاشگری گرنگن بۆ ڕۆنانی وشە و زاراوەی نوێ.

مامۆستا کەمال جەلال غەریب لە کتێبی پڕۆژەی زاراوەی زانستیی کوردیدا زۆر بەوردی لە بارەیانەوە دەدوێت و پاشگر و پێشگرەکان پۆلێنبەندی دەکات و هەر کامەیان بۆ مەبەستێکی دیاریکراو دەستنیشان دەکات. ئەمە هەوڵێکی زمانەوانیی گرنگە بۆ گەشەسەندنی زمانی کوردی:

١. (ناسی = nomy)

پاشگری (ناسی) بەرانبەر (مجموعە معارف)ی عەرەبی، (-nomy)ی ئینگلیزی بەکار دەهێنرێت:

ئەستێرەناسی (عەرەبی: علم الفلک / فارسی: ستاره شناسی، اخترشناسی / astronomy).

٢. (زانی = logy)

پاشگری (زانی) بەرانبەر (علم)ی عەرەبی یان (-logy)ی ئینگلیزی بەکار دەهێنرێت. بۆیە لێرەدا کەڵک لە زانی وەردەگیرێت، چونکە بابەتەکە لە زانست (علم)ی بوارەکە دەدوێت. چونکە پێشتریش وشەی زانست لە زانین وەرگیراوە، ئێستەش پاشگری زانی بەکار دەهێنرێت. وەکوو:

زەویزانی (علم الارض / زمینشناسی / geology).

لە زمانی عەرەبیدا بۆ هەردوو پاشگرەکە زۆر جار هەر لە وشەی علم کەڵک وەردەگیرێت. لە زمانی فارسیدا بۆ هەردوو پاشگرەکە زۆر جار تەنیا لە شناسی کەڵک وەردەگیرێت.

بەڵام لە کوردیدا چونکە دوو پاشگرمان هەیە، ڕێک وەک زمانە ئورووپایییەکان دەتوانین زاراوەکان جیا بکەینەوە و بۆ هەر مەبەستێک یەکێکیان بەکار بهێنین و واتاکان تێکەڵ نەکەین.

پاشگری ics:

بۆ پاشگری ics چونکە مەبەستەکە هەر بواری زانستییە، کەڵک لە پاشگری زانی وەردەگیرێت. بۆ نموونە:

بۆماوەزانی (عەرەبی: علم الوراثة / فارسی: علم وراثت / Genetics)

جووڵەزانی (عەرەبی: علم الحرکة / فارسی: سینتیک / Kinetics)

گەردیلەزانی (عەرەبی: الذریات / فارسی: علم ذره / Atomics)

بینیاییزانی (عەرەبی: بصریات/ فارسی: نورشناسی / Optics)

بۆ پسپۆڕی بوارەکەش، واتە بۆ پاشگری ist، لە پاشگری زان کەڵک وەردەگیرێت: وەک:
کیمیازان = کیمیاگەر (علم کیمیائی، کیمیایی / شیمیدان / chemist)
زیندەوەرزان (عالم بالاحیاة احیائی، بیولوجی / زیست شناس / biologist)

***

پوختە:
کەوا بێت وەک ئەم نموونەیەی خوارەوە دەتوانین پاشگری ناسی و زانی بۆ مەبەستی جیاواز بەکار بهێنین:

پاشگری زانی بە ڤیدیۆ:

***

بۆ سەرچاوە و بیرۆکەی ئەم بابەتە فەرموون چاو بکەن لە کتێبی پڕۆژەی زاراوەی زانستیی کوردی کەمال جەلال غەریب.

***