بۆچی ڕێنووس گرنگە؟

ئازار 7, 2024 Diyako

بۆچی ڕێنووس گرنگە؟

زمان ئامرازێکی بەهێزە بۆ پەیوەندیکردن، بەڵام بۆ ئەوەی ئەو پەیوەندیکردنە کاریگەر و ڕوون بێت پێویستمان بە بنەمایەکی هاوبەشە. ڕێنووس یان یاسا و ڕێساکانی نووسین، بە پێدانی چوارچێوەیەک بۆ چۆنیەتیی بەکارهێنانی زمان بە شێوەیەکی بەردەوام، ئەم بناغەیە دروست دەکەن.

تێگەیشتن لە خوێندنەوە ئاسان دەکات:

کاتێک هەموو ئەوانەی کە بە زمانێک دەنووسن هەمان ڕێنووس پەیڕەوی بکەن، خوێندنەوە و تێگەیشتن لەوەی کە چی نووسراوە، بۆ هەموو کەسێک ئاسانتر دەبێت. ئەمە بەتایبەتی گرنگە بۆ ئەو دەقانەی کە بڕیارە لەلایەن زۆر کەسەوە بخوێنرێنەوە، بۆ نموونە. بابەتەکانی هەواڵ و کتێبی خوێندن و بەڵگەنامە فەرمییەکان.

یەکسانی دروست دەکات:

زمانەکان بەردەوام لە گۆڕاندان، بەڵام ڕێنووس لە پاراستنی پلەیەک لە یەکپارچەیی و سەقامگیری، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت. ئەمەش بۆ ئێمە گرنگە کە بتوانین لە دەقەکانی قۆناغە کاتییە جیاوازەکان و لە ناوچە جیاوازەکانی زمانەکەمان، بە یەک شێوە، تێ بگەین.

ڕێگری دەکات لە تێنەگەیشتن:

کەسانی جیاواز دەتوانن هەمان وشە و دەستەواژە بە شێوازی جیاواز لێک بدەنەوە. ڕێنووس دەتوانێت بە پێدانی پێناسەیەکی ڕوون بۆ چۆنیەتیی بەکارهێنانی زمان، یارمەتی بدات کە لە تێنەگەیشتن، ڕێگری بکرێت.

کات و سەرچاوە پاشەکەوت دەکات:

کاتێک هەمان ڕێنووس پەیڕەوی دەکەین، خۆمان لە بەفیڕۆدانی کات و وزە بۆ لێکدانەوەی دەقی ناڕوون یان ئاڵۆز، بەدوور دەگرین. ئەمەش کات و سەرمایە هەم بۆ نووسەر و هەم بۆ خوێنەر پاشەکەوت دەکات.

چاودێریی زمانی ئەکادیمیای سویدی:

لە سوید، ئەوە ئەکادیمیای سویدییە کە بەرپرسیارە لە بڵاوکردنەوەی بەرهەمی وا کە زمان ئاسان و گشتگیر دەکات، بۆ نموونە. فەرهەنگی ئەکادیمیای سویدی (SAOL) و ڕێزمانی ئەکادیمیای سویدی (SAG). ئەم بەرهەمانە یاسا نین، بەڵکوو وەک ڕێنمایی بەکار دێن بۆ ئەوەی چۆن دەبێ زمانەکە بە شێوەیەکی دروست بەکار بهێنین.

پێویستە ئێمەی کوردیش لە دەوری یەک شوێنی متمانەپێکراو و جێبڕوای زمان، خۆمان کۆ بکەینەوە تا لەو هەموو پەرتەوازی و پاشاگەردانییەی ڕێنووس خۆمان ڕزگار بکەین. هەر نووسەرێک ڕێنووسی خۆی هەیە، هەر گۆڤار و ڕۆژنامە و تەلەفزیۆنێک ڕێنووسی خۆی هەیە، هەر چاپخانەیەک ڕێنووسی خۆی هەیە. وەزارەتی پەروەردە بەجیا، مامۆستاکان بەجیا، پێویستمان بە یەکگرتوویی و یەکدەستییە لە ڕێنووسدا.

زمانێک زوو ئاسانکاریی بۆ دەکرێت کە لە پێشدا ڕێنووسێکی یەکسان و چونیەکی هەبێت.

پوختە:

ڕێنووس، واتە ڕێسا و یاسای نووسین، گرنگن بۆ ئەوەی بتوانین بە شێوەیەکی کاریگەر و ڕوون و ئاشکرا بە زمانێک پەیوەندی بکەین. بنەمایەکی هاوبەش بۆ بەکارهێنانی زمان دروست دەکەن، تێگەیشتن لە خوێندنەوە ئاسان دەکەن، یەکپارچەیی دروست دەکەن، ڕێگری لە تێنەگەیشتن دەکەن و کات و سەرچاوە پاشەکەوت دەکەن.

خۆزگە دەکرا لە کوردستان، خولی ڕێنووسی هاوبەش بۆ هەموو مامۆستایان، بە یەک شێوە بگیرێت.

***

وێنە: یەکێک لە خولەکانی منە لەسەر ڕێنووس کە لە چەند شاری سوید پێشکەشم کردوون: