جیاوازیی کاتژمێر و کاژێر

ئازار 31, 2024 Diyako

جیاوازیی کاتژمێر و کاژێر PDF:

کاتژمێر clock:

  • ئامێرێکە کە کات پیشان دەدات.
  • بە شێوە و جۆری جیاواز بەردەستە، بۆ نموونە. کاتژمێری دەستی، کاتژمێری دیواری و کاتژمێری دیجیتاڵی.
  • بۆ خوێندنەوەی کات بەکار دێت، بۆ نموونە. کاتژمێر هەشت و پێنج خولەکە.

کاژێر hour:

  • یەکەیەکی کاتە کە هاوتایە لەگەڵ ٦٠ خولەک یان ٢٤/١ی شەووڕۆژێک.
  • بۆ پێوانەکردنی درێژیی کات بەکار دێت، بۆ نموونە: دوای کاژێرێک دەگەڕێمەوە.

پوختە:

  • کاژێر یەکەیەکی کاتییە، لەکاتێکدا کاتژمێر ئامێرێکە بۆ پیشاندانی کات.
  • کاژێر بۆ پێوانەکردنی درێژیی کات بەکار دێت، لەکاتێکدا کاتژمێر بۆ خوێندنەوەی کات بەکار دێت.
  • کاژێرێک ٦٠ خولەکە. کاتژمێرێک دەتوانێت کاتەکە بە شێوەی جیاواز پیشان بدات، بۆ نموونە. ئەنالۆگ یان دیجیتاڵی.

نموونە:

  • پێنج کاژێرە کارم کردووە. (لێرەدا کاژێر بۆ پێوانەکردنی درێژیی کاتەکە بەکار دێت.)
  • دەتوانی بزانی کاتژمێر چەندە؟ (لێرەدا کاتژمێر بۆ خوێندنەوەی کاتەکە، بەکار دێت.)
  • کاتژمێر پێنج و چارەکێکە. (لێرەدا کاتژمێر بۆ نیشاندانی کات بەکار دێت.)

لە زمانە ئەورووپییەکاندا بەو شێوەیەی کە باس کراوە وشەیان هەیە بۆ جیاکردنەوەی ئەو دوو مەبەستە. لە هەندێک زماندا بۆ هەر دوو شێوەکە هەر لە یەک وشە کەڵک وەرگیراوە، بۆ نموونە لە عەرەبی، تورکی و فارسی بە هەردووکیان دەوترێت ساعت.

زۆرینەی کوردیش پێیان باشە وەک عەرەب و فارس و تورک هەر یەک وشە بەکار بهێنن: کاتژمێر.

هەندێ کوردیش پێیان باشە بۆ ئەو مەبەستە وەک ئەورووپییەکان، دوو وشەمان هەبێت بەتایبەت بۆ بواری وەرگێڕان زۆر بە گرنگی دەزانن.

تێبینی: وشەی کاژێر یەکەم جار لە فەرهەنگی ئەستێرەگەشە کە فەرهەنگێکی عەرەبی کوردییە، بەو واتایە بەکار هێنراوە:

بەڵام لە فەرهەنگەکانی تردا واتای دیکەی بۆ لێک دراوەتەوە. بۆ نموونە هەنبانەبۆرینە.

نووسینی: دیاکۆ هاشمی، سوید.