حوزه‌یران 20, 2023 Diyako

ڕێنمایی بۆ وشەسازی

دیاکۆ هاشمی

بۆ چێکردنی وشەی نوێ، چەند شتێک هەن کە دەتوانیت لەبەرچاویان بگریت بۆ ئەوەی وشە نوێیەکە واتای خۆی بگەیەنێت و بەسوود بێت. بۆ وێنە:

١. مەبەست:

مەبەستی وشە نوێیەکە دیاری بکە. دەتەوێت لە ڕێگەیەوە چ واتایەک یان بیرۆکەیەک بگەیەنیت؟ دیاری بکە بزانە ئاخۆ ئەو وشەیە ناوە، کردارە، هاوەڵکارە و هتد یان چ تایبەتمەندییەکی ڕێزمانیی هەیە و ئەرکەکەی چییە.

بۆ نموونە mouth and eyes کە دوو شتی جیاوازن و هەر کامیان بۆ خۆیان واتایەکیان هەیە بەجیا نووسراون و بە کوردییش هەر بەجیا دەنووسرێن و دەبێتە دەم و چاو بەڵام وشەی face دەبێتە دەموچاو، چونکە ئاماژە بە یەک شت دەکەن.

واتە دەموچاو ناوە، وشەیەکی لێکدراوە و ئاماژە بە یەک شتی دیاریکراو دەکات، کەوا بێت دەبێت پێکەوە بنووسرێت:

دەموچاو = face.

٢. واتا:

دڵنیا بە لەوەی وشە نوێیەکە مانایەکی ڕوون و یەکگرتووی هەیە. پێویستە کەسانی تر بەئاسانی لێی تێ بگەن و بتوانن بەکاری بهێنن. وشە هەزار جاریش جوان بێت، بڕیاردەری کۆتایی بۆ بەکارهێنان و جێگیرکردنی هەر خەڵکە. 

٣. ئیتیمۆلۆژی:

ڕەچاوی سەرچاوەی وشەکە بکە و بزانە چۆن پێکهاتەکانی پێکەوە کۆ دەکرێنەوە. ئایا دەتوانیت ڕەگی وشەی هەبوو یان پێشگر/پاشگر بەکار بهێنیت بۆ دروستکردنی؟ لەبیرت بێت کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ بەکارهێنانی مۆرفیمی ئاشنا بۆ ئاسانکاریی لێکدانەوەی وشەکە.

بۆ نموونە کاتی خۆی هاتن بەرانبەر بە وشەی (دانشگاه/جامعة/ university) وشەی زانکۆیان دروست کرد. واتە (ڕەگ + وشە). ڕەگی زانین + وشەی کۆ.  ئەم وشەیە بڵاو بووەوە و لەبەر کورتبوون و خێرابێژەکردنی جێی خۆی گرتووە، بەڵام ئەوانەی کە ئەم وشەیەیان دروست کرد نەهاتن چاو لەوە بکەن بزانن ئاخۆ لە کوردیدا هەمتر نموونەی وشەی لێکدراوی وا هەیە کە لە ڕەگی کار + وشە دروست بووبێت یان نە.

لە کوردیدا هیچ وشەیەکی وا نییە، بۆیە زۆر کەس ڕەخنە لەو وشەیە دەگرن. هەڵبەت وشەی لێکدراوی وا هەیە کە بە ناوبەندی و دروست کرابێت. ڕەگی کار + و + وشە: کوڵ و کۆ = کوڵوکۆ. کوڵوکۆ وشەیەکی لێکدراوە و دەبێت پێکەوە بنووسرێت چونکە بەتەنیا هەر کامیان واتاکە ناگەیەنن.

هەندێک کەس دەڵێن مادام کوڵوکۆ لە کوردیدا هەیە هەرچەند بە ناوبەندی و دروست بووە، هەر بۆیە دەکرێت زانکۆیش بەهەڵە نەزانین، چونکە وشەی لێکدراو یان بەبێ ناوبەندە یان بە یارمەتیی ناوبەندە.

لەم خشتەیەی خوارەوەدا دەتوانن ئاوڕێک لە جۆری وشە لێکدراوە کوردییەکان بدەنەوە:

تێبینی:

خشتەی وشە لێکدراوەکان

 دۆزینەوەی ڕەگی کار 

٤. بێژەکردن و ڕێنووس:

بیر لەوە بکەرەوە کە وشە چێکراوەکە چۆن دەبێت بێژە بکرێت و لە ڕووی ڕێنووسەوە چۆن دەنووسرێت. دڵنیا بە کە بێژەکردنی ئاسانە و لەگەڵ ئەو وشانەی کە پێشتر بوون، تێکەڵ نەکراوە. سادەیی و ڕوونی هۆکاری گرنگن.

بۆ نموونە بەرانبەر بە وشەی والدین parents، کورد هاتووە لە وشەی دایە و بابە وشەی دایبابی دروست کردووە. ڕاستە وشەیەکی داتاشراوە، بەڵام هەم کورتە، هەم سادە و ڕوونە و مەبەستەکە دەگەیەنێت.

٥. چوارچێوە:

بیر لەو چوارچێوە یان پاوانە بکەرەوە کە وشە نوێیەکە تێیدا بەکار دەهێنرێت، دەکرێت لە زانست، تەکنەلۆژیا، هونەر یان هەر بوارێکی تردا بێت. دڵنیا بەرەوە بزانە ئاخۆ وشەکە لەگەڵ چوارچێوە دیاریکراوەکەدا دەگونجێت و لەوێدا ڕۆڵێکی واتاداری هەیە یان نە.

گرووپی ئایتیی کوردی هاتوون بەرانبەر بە domain name لە بواری ئایتیدا، ناوی پاوانیان داناوە. لە کوردیدا پاوان واتە قەدەغە، قوڕغ، مێرگ یا باغی تایبەتی کە کەسێک نەتوانێت سەربەخۆ بچێتە ناوی. لە بواری ئایتیدا بۆ نموونە ئەگەر ماڵپەڕێک بە ناوی خۆت تۆمار بکەیت دەبێتە ناوی پاوانی تۆ، ئیتر کەس بۆی نییە ئەو ناوە بەکار بهێنێت. کەوا بێت چوارچێوەکە لە وشەیەکی کۆنی زمانەکەوە گوازراوەتەوە بۆ بوارێکی تر و چوارچێوەیەکی تر واتە چوارچێوەی ئایتی.

٦. بەکارهێنانی زمانەوانی:

بیر لەوە بکەرەوە کە وشە نوێیەکە چۆن لە ڕستە یان دەستەواژەدا بەکار دەهێنرێت. بیر لەوە بکەرەوە کە ئایا فۆرمی وەرچەرخانی هەیە یان دەتوانرێت لەگەڵ وشەکانی تردا تێکەڵ بکرێت. هەروەها گرنگە تاقی بکرێتەوە و بزانین وشەکە بە شێوەیەکی سروشتی لە زمانەکەدا کار دەکات یان نا.

زمانزانانی کورد هاتوون بەرانبەر بە ضغط/فشار/ pressure وشەی پەستانیان داناوە. ئەم وشەیە هێندە کورت و پوخت و جوانە بەئاسانی خۆی بۆ چەمک و زاراوەی تر بە دەستەوە دەدات و بەئاسانی وشەی داڕێژراو یان لێکدراوی تری لێ دروست دەکرێت:

پەستانیەکسان، ع: تساوی الضغط، ف: ایزوبار، isobar.

هەڵمەپەستان، ع: ضغط البخار، ف: فشار بخار، vapour pressure.

پەستانپێو، ع: مقیاس ضغط، ف: فشارسنج، pressure gauge.

پەستانکێش، ع:المرواز المسجل، ف: باروگراف barograph.

بەشەپەستان، ع: ضغط جزئی، ف: فشار جزئی، partial pressure.

پەستاوتن، ع: انضغاط، کبس، ف: فشردەسازی، compression.

پەستێن، ع: مکبس، ف: پیستون، piston.

پەستێنەک، ع: مضغاط، کباس، ف: کمپرسور، compressor.

پەستێوکی مژۆک، ع: مضخة ماسه، ف: پمپ مکش suction pump.

٧. پاشخوارد (feedback):

کاتێک وشە نوێیەکەت دروست کرد، وەرگرتنی پاشخوارد لەلایەن کەسانی تر دەتوانێت یارمەتیدەر بێت. لەگەڵ هاوڕێکانت، هاوکارەکانت یان کەسانی دیکە، بەتایبەت لە گرووپە زمانییەکانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا باسی بکە کە دەتوانن زانیاریی بنیاتنەر پێشکەش بکەن. پاشخوارد دەتوانێت بۆ پاڵاوتن و باشترکردنی وشەکە یارمەتیدەر بێت.

لەبیرت بێت کە دروستکردنی وشەیەکی نوێ ڕەوتێکی داهێنەرانەیە و هیچ یاسایەکی توند نییە بۆ ئەوەی بڵێ چی ڕاستە یان چی هەڵەیە. گرنگترین شت ئەوەیە کە وشە نوێیەکە بە شێوەیەکی ڕوون و واتادار مەبەستەکەت بگەیەنێت.

*** 

بابەتی جۆربەجۆری تر لەسەر زمان