پاراستنی زمانە کەمینەکان

ئازار 3, 2024 Diyako

بۆ پاراستن و زیندووکردنەوەی زمانە کەمینە نەتەوەیییەکان گرنگە؟

 

نووسین: دیاکۆ هاشمی

زمانە کەمینە نەتەوەیییەکان بەشێکی گرنگی کولتوور و میراتی کولتووری هەر وڵاتێکن. بۆیە زۆر گرنگە ئەم زمانانە بەردەوام بژین. هۆکاری ئەو گرنگییە دەگەڕێتەوە بۆ:

١. کێیەتیی کولتووری: زمانی هەر کەسێک ڕەنگدانەوەی کولتوورێک و شێوازێکی ناوازەی لێکدانەوە و پەیوەندیکردنە بە جیهانەوە. زمان بەشێکی ناوەندیی کێیەتیی مرۆڤەکانە. بە پاراستنی زمانەکان، فرەچەشنیی کولتووریش دەپارێزین.

٢. مافی مرۆڤ: لە جاڕنامەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لە زمان وەک نیشاندەرێکی کێیەتی باس کراوە کە نابێت ببێتە بنەمایەک بۆ جیاکاری. هەموو مرۆڤەکان مافی خۆیانە بە زمانی خۆیان قسە بکەن. لە ڕووی مێژوویییەوە قسەکەرانی زمانە کەمینە نەتەوەیییەکان فشاریان لەسەر بووە بۆ گۆڕینی زمانەکان، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی زۆرێک زمانەکانیان لەدەست بدەن.  ئەمڕۆ گرنگە زمانەکان بپارێزین و باشترە ژمارەی قسەکەرانی زمانە کەمینە نەتەوەیییەکان زیاد بکرێن، بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوام بن.

٣. میراتی کولتووری: زمان هەڵگری میراتی کولتوورییە. نەریت و چیرۆک و گۆرانی و پەند لە ڕێگەی زمانەوە دەگوازرێنەوە. ئەگەر زمانێک بمرێت، ئەم میراتە کولتوورییەش لەدەست دەچێت.

٤. پێداویستییەکانی کۆمەڵگە: کۆمەڵگە هەمیشە پێویستی بە چیرۆک و مۆسیقا و کولتووری نوێ هەیە بە زمانی خۆی.  بۆیە پاراستنی زمان تەنیا بابەتی کێیەتیی کولتووری نییە بەڵکوو بابەتی گەشەسەندن و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵگەیە.

 بە کورتی، گرنگە ئێمە چالاکانە کار بۆ پاراستن و زیندووکردنەوەی زمانە کەمینە نەتەوەیییەکان بکەین. بەم کارە، ئێمە نەک تەنها مانەوەی ئەوان بەڵکوو داهاتوویەکی کولتووری دەوڵەمەندتر و گشتگیرتر بۆ هەموومان مسۆگەر دەکەین.

کێیەتی: ناسنامە، شوناس، (هویت)