ئه‌یلول 24, 2023 Diyako

وەرگێڕانی زارەکی لەنێوان دووکەسی تووڕەدا

نووسینی دیاکۆ هاشـی

وەرگێڕانی زارەکی بەگشتی ئەرکێکی ئاسان نییە و زۆر لە وەرگێڕانی نووسراوی ئەستەمترە، چونکە وەرگێڕەکە لە پێشدا نازانێت کەسەکان چی بەکار دەهێنن. واتە ئەگەریش بزانێت لەسەر چ بابەتێک دەدوێن خۆ نازانێت لە کاتی قسەکردندا وشە و چەمکەکان چین. هەر بۆیە دەبێت هەنبانەی وشەی زۆر بێت تا بتوانێت گیر نەکات. لەوە ئەستەمتر وەرگێڕان لەنێوان دوو کەسی تووڕەیە. وەرگێڕانی وەها کارێکی زۆر قورسە.

کاتێک مرۆڤەکان تووڕە دەبن، دەتوانن بەپەلەپەل قسە بکەن یان بقیڕێنن، یا بەدەم گریانەوە قسە بکەن یان قسەی ناشیرینی دڵڕووشێن بە یەکتر بڵێن. ئەمەش دەتوانێت زەحمەت بێت بۆ وەرگێڕێک کە فریای وشە بە وشەی قسەکان بکەوێت و بەوردی ئەو شتانە وەربگێڕێتەوە کە دەیڵێن. وەها وەرگێڕانێک وەک ئەوەیە بەسەر پەتێکی باریکی پچڕۆک لە سەرووی ڕووبارێکی زریاناویدا بپەڕیتەوە و هاوکات بتەوێت هاوسەنگی ڕابگریت.

وەرگێڕ دەبێت هەموو قسەیەک ئەگەر ناشیرین و دوور لە ڕێز و حورمەتیش بێت، وەک خۆی وەربگێڕێتەوە و هەوڵ بدات یەک وشەش لەو قسە ناشیرینانە نەقرتێنێت و شێواز و واتای قسەکان نەگۆڕێت.

ئەگەر قسەکان وەک دڕک دێنە دەر و ئاخێوەر دەیەوێت بە قسە چزوو لە کەسە بەرانبەرەکەی بوەشێنێت، وەرگێڕەکە نابێت ئەو ئازار و چزووە هێوەر بکاتەوە، بەڵکوو دەبێت هەوڵ بدات هەستی ئەو ئازارە لای کەسە بەرانبەرەکە دروست بکات و ئەو کەسە ڕێک هەست بەو ئازارە بکات.

ئەگەر کەسێک بە پرمەپرم و بەدەم گریان و هەنسکەوە قسە بکات و قسەکانی ڕوون نەبن، وەرگێڕەکە دەبێت ڕووڕاست بێت و یەکسەر بڵێت وەرگێڕ لە کاتی گریاندا قسەکان وەرناگێڕێتەوە و چاوەڕێ دەکات تا کەسەکە هێور بێتەوە پاشان قسەکان وەردەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی هەموو وشەیەک وەربگێڕدرێتەوە.

وەرگێڕەکە دەبێت بایەخ بدات بە وەرگێڕانی ئەو شتانەی دەگوترێن نەک خۆتێهەڵقورتاندن یان چارەسەرکردنی ناکۆکییەکە.

وەرگێڕ دەبێت لە وەرگێڕانەکەیدا بێلایەن و بابەتیانە بێت.

ئەگەر پێویست بێت، لەبەر هێوربوونەوەی گرژییەکە بۆ ئەوەی لە قسەکان تێ بگات، پشوو بدات.

وەرگێڕەکە دەبێت لەبیری نەچێت ئەو تەنیا وەرگێڕی وتەکانە و دەستی لە ململانێ و هەڵچوونەکاندا نییە. وەرگێڕانی زارەکی لەنێوان دوو کەسی تووڕەدا وەک ئەوە وایە هەوڵی چارەسەرکردنی مەتەڵێک بدەیت کە پارچە پارچەی مەتەڵەکان بەردەوام شێوەیان دەگۆڕدرێت.

ئەم جۆرە وەرگێڕانە، تاقەتپڕووکێنە، ماندووییهێنەرە و بێزارکەرە. هەر بۆیە وەرگێڕ دەبێت خاوەن سەبر و پشوو بێت و توانا و لێهاتووییی خۆی بپارێزێت.