لەسەر وتەکانی د. ئەمیر حەسەنپوور

نیسان 29, 2012 Diyako Hashemi

چەند تێبینییەک لەسەر وتەکانی

د. ئەمیر حەسەنپوور

لە سمیناری کتێبخانەی کوردی لە ستۆکهۆڵم

ئەپریلی ٢٠١٢، سوید

د. ئەمیری حەسەنپوور (١٩٤٣-٢٠١٧)، نووسەر، توێژەر، لێکۆڵەر، زمانناس، دوکتۆرا لە زمانی ئینگلیزی و پرۆفیسۆر لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و مامۆستای زانکۆ. زانیاریی زیاتر لەسەر د. ئەمیری حەسەنپوور: کوردیپێدیا

***

نووسین: دیاکۆ هاشمی، ڕێنوێنی زمان لە بواری وەرگێڕان لە سوید

یەکەم جار بوو. د. ئەمیری حەسەنپوورم دەبینی، مرۆڤێکی ڕووخۆشی ئێسکشیرینی هێمنی لەسەرخۆ هاتە پێش چاوم. سەرەڕای ئەوەی کە کاریگەریی نەخۆشیی پێوە دیار بوو، هەوڵی دەدا بۆچوونەکانی بخاتە بەر باس، زۆریشی پێ خۆش بوو ڕەخنەی لێ بگیرێت و بۆچوونی جیاواز بخرێتە بەر گوێی.
بێگومان لەو کۆڕەدا هەندێک شتی بەسوود باس کرا، بەڵام بەداخەوە من لەگەڵ زۆربەی بۆچوونەکانی کاک ئەمیردا نەبووم.
وتەکانی کاک ئەمیر لای من هەستێکی باشی دروست نەکرد، بەپێچەوانەوە بۆ منی کورد، ورەڕووخێنەر هاتنە بەر گوێم:

یەک: لە پێشدا ڕای گەیاند ئەو پێی باشە، لە باتیی هەر شێوەیەکی تر بڵێت: کوردستانی ئێران، کوردستانی ئێراق و هتد. من پێم سەیر بوو کە چۆن زمانەوانێکی کورد لە سەرەتای قسەکانیدا کوردستان دەکاتە موڵکی ئێران و ئێراق و هتد، لە باتیی ئەوەی بە ڕۆژهەڵات و باکوور و باشوور ناوی لێ ببات و ئەو پارچانە بە موڵکی کوردستان بزانێت نەک وڵاتانی گەمارۆدەری کوردستان. ئاخر ئەوە سەرەتای بڕوابەخۆبوونە و یەکەم هەنگاوە بەرەو سەربەخۆیی. بەتایبەت ئێستا کە لە باشوور باس باسی سەربەخۆیییە بۆ کوردستان، وا بزانم ئەو بیرە، زۆر پێویستی بە پاڵپشتیی هزری هەیە.

دوو: زۆر بەوردی هەوڵی دەدا باس لەوە بکات کە بەرهەمی ئەدەبیی کوردی، پێش لە سۆرانی لە کورمانجییەوە دەستی پێ کردووە، بە ڕای من دەبووایە وەکوو لێکۆڵەر و زمانەوانێک زۆر لەوە قووڵتر بڕوانێت و لە ئەدەبیاتی یارسانەوە کە سەرەتای بە هۆنراوەکانی باڵووڵی مایی دەستی پێ کردووە و لە پەڕاوی سەرەنجام زۆر بەو هۆنەرە هزرمەندانە ئاماژە کراوە، دەستی پێ بکردایە.

سێ: زۆر بەپەلە بە لای شێوەزاری کوردیی باشووریدا تێ پەڕی و ئەو شێوەزارەی بە کرماشانی ناو برد. کرماشان تەنیا ناوی شارێکە و بە شێوەی زانستی نابێت بەو ناوە ناودێر بکرێت. چاوەڕێ دەکرێت کەسێکی وەکوو بەڕێزیان پسپۆڕانەتر لەو بوارەوە بدوێن.

چوار: دەستکاریی ئەلفبێی عەرەبی و فارسیی لە کوردیدا پێ باش نەبوو و ڕای وا بوو عەرەب و فارس دەستکاریی ئەلفبێیان نەکردووە و هیچیش ڕووی نەداوە. سەیرە بەڕێزیان وا بیر بکەنەوە چونکە کورد بە دەستکاریی ئەلفبێی عەرەبی و فارسی زۆر بەباشی لە گێژاوی (اعراب) کە فارس و عەرەب بە دەستیەوە گیریان کردووە، ڕزگاری بووە. (محرم) و (محرم) لە کوردیدا زۆر باش لە ڕێنووس جیا کراونەتەوە: (موحەڕەم) و (مەحرەم). دەبێت زمانەوانێک نرخی ئەو کارە گەورەیە لە زمانی کوردیدا باش بنرخێنێت.

پێنج: لە لایەکەوە دەیگوت کە زمانی کوردی لە بەراورد لەگەڵ زمانەکانی تردا زۆر دواکەوتووە و هیچی پێ دەرنابڕدرێت، لە لایەکی دیکەشەوە هێرشی دەبردە سەر هەوڵە وشەسازییەکانی کورد. بە ڕای من ئەگەر لە لایەک زمانێک نەتوان بێ، زۆر سەیرە کارە وشەسازییەکان کە بۆ پێشخستنی زمانەکە کراون سووک بنرخێنرێن.
چەند وشەیەکی بۆ نموونە هێنایەوە کە گوایە کورد نەیتوانیوە وشەی لەباریان بۆ دابنێت و ئەوانەی دەکردە بەڵگە بۆ ئەوەی هەوڵی گەشەپێدانی زمانی کوردی و پەتیگەریی پێ بکوتێتەوە، بێ ئەوەی یەک جاریش ئاماژە بکاتە ئەو سەدان و هەزاران وشە باش و لەبار و گونجاوانەی کە کورد دای ناون.

بە ڕای من پسپۆڕێکی زمان زۆر باش دەبێت یاسا و ڕێساکانی زاراوەسازی بناسێت و شییان بکاتەوە و بزانێت لە هەر زمانێکدا لە بواری زاراوەسازیدا ڕێبازەکانی (ئاوەڵواتا، وەرگرتن، وەرگێڕان، داڕشتن، داتاشین، لێکدان و پێوانە) دەبێت بکرێنە بنەما بۆ گەشەپێدانی زمانەکە، نابێت تەنیا لەبەر ئەوەی وشەیەکی نالەبار دانراوە، هەموو هەوڵێکی وشەسازی ڕەت بکرێتەوە. ئەگەر بەڕێزیان وشەی قەڵەمیان لا جوان نییە، نابێت بە گاڵتە و بێنرخییەوە چاو لە پێنووس بکەن، کە لەسەر بنەمای پتەوی ڕێبازی داڕشتنی وشەسازیی کوردییەوە داڕێژراوە.
سنووری ئەوەی کام وشە بکرێتە کوردی یان نەکرێتە کوردی، چێژی تاکەکەس نابێت بڕیاری لەسەر بدات، بەڵکوو دەبێت ڕێساکانی وشەسازی ببنە بنەمای ئەو بڕیارە. خۆ ئەگەر وا بێت، بەیانی یەکێکی تر دێت و دەڵێت من حەزم لە وشەی هواپیمایە ڕەنگیشە بڵێ حەزم لە وشەی طیارەیە بۆ طیارەتان کرد بە فڕۆکە و بۆ فڕۆکەوانتان دانا؟

شەش: کاری وشەسازی و پەتیگەریی کوردی لە زمانی ئەو ناسیۆنالیزمی کوردییە، پێم سەیرە چ پەیوەندییەک لە نێوان تێرمینۆلۆژی و ناسیۆنالیزمدا هەیە!!!

حەوت: بەپێی ئاماری بەڕێزیان ٧٥%ی کورد بە کرمانجی دەئاخفن و ژمارەی کتێبە کرمانجییەکان زۆر لە سۆرانییەکان زیاتر بوون. واتە هەموو ئاخێوەرانی تری هەموو شێوەزارەکان وەکوو سۆرانی، هەورامی، زازاکی، کەلهوڕ، لەک، فەیلی تەنیا ٢٥% پێک دەهێنن!!!

هەشت: بە گوتەی بەڕێزیان شۆڤێنیزمی سۆرانی هەتەران و تەتەران دەکات.

منی گوێگر لە گوتەکانی بەڕێزیان وا تێ دەگەیشتم ئەوە تەنیا کوردە کێشەی چەندزاراوەییی هەیە و وەک زمانەوانێک هیچ پێشنیازێکی ئەوتۆی بۆ چارەی کێشەکان بە منی تامەزرۆ نەدا.
باسی نەکرد کە لە زمانەکانی تر، بۆ نموونە لە عەرەبی و سویدی و ئاڵمانی و هتدیشدا شێوەزار هەیە. باسی ئەوەی نەکرد کە لە ڕووی فۆنۆلۆجی و مۆرفۆلۆجییەوە شێوەزارە کوردییەکان تا چ ڕادەیەک لە یەک دوور یان نزیکن و باسی نەکرد وەها کێشەیەک لای خەڵکانی تر چۆن هەڵسوکەوتی لەگەڵ کراوە.

سەرتان نەیەشێنم منی گوێگر لەو کۆڕەدا ئەو هەستەم لا دروست بوو: کوردستان موڵکی ئێران و ئێراق و تورکیایە، زمانی کوردی زمانێکی پارچەپارچەبووە کە ئاخێوەرانی بەرانبەر بە یەکتر شۆڤینیستن، زمانی کوردی حەدی نییە بگاتە ئاستی زمانەکانی تر، نابێت کاری وشەسازی بکرێت، هەر کەسیش ئەو کارە بکات ناسیۆنالیستە. هەر کارێکیش کراوە پڕە لە هەڵە، هیچ فەرهەنگێکی بەسوودمان نییە. هیچ پێشنیارێکی لەباریش لە لایەن زمانەوانێکی بەئەزموونەوە بوونی نییە.

هیوادارم مامۆستا د. ئەمیری حەسەنپوور بە دڵگەورەیییەوە چاو لەم بۆچوونانەم بکات، بەتایبەت کە لە وتەکانیدا پەیتا پەیتا دەیانفەرموو حەزم لە ڕەخنە و بیروبۆچوونە جیاوازەکانتانە.

پێم خۆش بوو کە بەڕێزیانم لە نزیکەوە بینی و بیروبۆچوونەکانی بەڕێزیان زیاتر نرخی کاری زمانەوانانی ناوخۆی وەکوو مەسعوود محەممەد و د. ڕەفیق شوانی و مامۆستا جەمال عەبدول و هتدی لا خۆشەویستتر کردم، چونکە لە کاری ئەواندا زمانی کوردی پەرەسەندووە، لێهاتووە، خاوەنی یاسا و ڕێسای زاراوەسازییە و دەتوانێت بە تۆزێک پاڵپشتی و ڕاژەی زمانەوانی ببرێتە ئاستی زمانە زیندووەکانی جیهان.
بەرنامەی فێرگەی زمانی کوردییش پردێکە بۆ ئەو مەبەستە.