ئاب 20, 2023 Diyako Hashemi

دیمانە لەگەڵ مامۆستا عومەر شاعیری شیعری کلاسیک

بە PDF: دیمانە، مامۆستا عومەر

سازکردنی دیمانە: دیاکۆ هاشمی

 

١. شیعروتن لەسەر شێوازی عەرووزی و کلاسیک کارێکی ئەستەمە، چی ئێوەی ڕاکێشا بۆ هۆنینەوە لەسەر ئەم ڕێبازە؟

من هەر لە منداڵییەوە خولیا و ئارەزوویەکی زۆرم بۆ شیعر هەبووە، بەتایبەتی شیعری کلاسیک، هەمیشە هەوڵم داوە لە ماناکانی شیعر تێ بگەم، بەتایبەتی مانا قووڵ و شاراوەکانی شیعر، پاشان زۆر بەوردی بە شوێن وردەکارییەکانی ڕەوانبێژی و جوانکاری و وشەئاراییەکانی عیلمی بەدیعدا چووم، هەندێک جار لێکدانەوەکانی گەورەزانایانی بواری شیعر نەیانتوانیوە ڕازیم بکەن بە ڕاڤەکانیان و هاتووم خۆم مانای جیاوازترم داوە بە شیعرێک یان بەیتێک یان وشەیەک لە نێو شیعرێکدا، ئەم قووڵ ڕۆچوونەم وای لێ کردم کە خەسڵەتەکانی شیعری کلاسیک بناسم و هۆگری ئەم قوتابخانە شیعرییە ببم.

٢. ئایا چ شتێکی تایبەت کاریگەریی لەسەرتان هەیە بۆ هەڵبژاردنی بابەت و شێوازی شیعر؟

کاتێک دەمەوێت شیعرێک بنووسم پێشوەخت بڕیار نادەم بە چی شێوازێک دەینووسم، ئەوە دۆخە ڕۆحی و عاتیفیەکەیە کە شێوازەیەکەیم بۆ دەستنیشان دەکات، ئاخر شیعر دەنگدانەوەی ناخی شاعیرە کە ئەم دەنگدانەوەیە پێی دەگوترێت ئیلهام، بەڕای من هەر کاتێک ویستت بڕیار بدەیت کە بە شێوازێکی دیاریکراو شیعرێک بنووسیت لەو حاڵەتەدا پێویستت بە جۆرێک زۆرلەخۆکردن هەیە و ئەم زۆرلەخۆکردنەش بە شیعرەکەوە دیار دەبێت، زۆر جار خشەی گەڵایەک، سروەیەکی فێنک، جیلوەی جەماڵێک، تریقانەوە یا زەردەخەنەیەک دەبێتە ئیلهامی شیعرێکی جوان.

٣. ئێوە بۆ هۆنینی هۆنراوەکانتان چۆن بەدوای ئیلهام و نموونەی نوێدا دەگەڕێن؟

شیعری کلاسیک جیاوازە لە هەموو شێواز و جۆرەکانی تری شیعر، ئەم جۆرە لە شیعر زیاتر پشت بە قووڵیی مانا و کورتبڕی و کەمبێژی هەیە، حەمەسەعید حەسەن دەفەرمووێت شیعر هەمیشە نەگوتراوەکانی زیاترە لە گوتراوەکانی، بۆیە نابێت لە کۆتاییی هیچ شیعرێکدا نوقتە دابنرێت بە عیوانی تەواوبوونی شیعرەکە.

لە شیعردا تەنها ئیلهام بەس نییە بۆ ئەوەی بتوانین شیعرێکی جوان بنووسین، پێویستە مانا و واتای تازە بە وشە و دەستەواژەکان ببەخشین.

٤. ئێوە لە پرۆسەی نووسیندا، چۆن ڕووبەڕووی کێشە و بەربەستەکان دەبنەوە؟

لە پرۆسەی نووسیندا هەمیشە کێشە و ئاستەنگ و بەربەست هەن، بەتایبەتی لە شیعردا ئەو گرفتانە زیاترن، چونکە پێویستە ڕەچاوی یاسا و وردەکارییەکانی شیعر بکرێت، یاساکانی شیعری کلاسیکی زۆر لە یاساکانی ڕێزمان و گرامەری زمان قورسترن، بەڵام بۆ کەسێک کە شارەزاییی لە یاساکانی شیعردا هەبێت، بەتایبەتی یاساکانی عەرووز، دەتوانێت وشەکان لەگەڵ تەفعیلەکاندا بگونجێنێ، بۆیە کارێکی قورس نییە.

٥.  ئایا هیچ تەکنیکێکی تایبەتتان هەیە بۆ دروستکردنی وێنەی جوان و شیعری لە مێشکی خوێنەردا؟

من هەرگیز هەوڵم نەداوە هیچ وێنەیەکی شیعری لە مێشکی خوێنەردا بخوڵقێنم، بەڵام هەوڵم داوە هەمیشە شیعرەکان وێنەی جواروجۆری شیعرییان تێدا بێت، بۆ ئەوەی خوێنەر لە گۆشەنیگای خۆیەوە و بە سەلیقەی خۆی وێنەکان ببینێت، یا بە ئەندازەی خەمەکانی خۆی لە شیعرەکە تێ بگات.

٦.  بە ڕای ئێوە ڕۆڵی هەست و سۆز لە شیعری کلاسیکدا چەندە گرنگە؟

خۆی شیعر بەگشتی و کلاسیک بەتایبەتی پشت بە فەنتازیا و خەیاڵ دەبەستێت و تا چەند خەیاڵی شاعیر فراوان بێت هێندەش لەسەر ئەرزی واقیع هەست و سۆز بەرجەستە دەکات، شیعر بێ هەست و سۆز وەک پەیکەرێکی بێگیان وایە.

٧. ئێوە چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ شاعیران و ئەدەبیاتی هاوچەرخدا دەکەن؟

بە داخەوە شیعر لەم سەردەمەدا لە ئاستێکی باشدا نییە، وێنە و ڕوخسار و زمانی شیعریی شێواوە، هەندێک بابەتی بیانی دێننە نێو دنیای شیعر و ئەدەبیاتی کوردییەوە، کە نەک هیچ ئێزافەیەک ناکات بەڵکوو دەبێتە هۆکاری تێکدانی مۆرکی کوردەواری و تێکدانی سەلیقەی خوێنەر. من بۆ خۆم هەمیشە خۆم بە دوور دەگرم لەو شێوازە نامۆیانە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک شاعیرمان هەن کە هەم جێگەی شانازین و هەم جێگەی ئومێدیشن، بەتایبەتی شاعیرەکانی ڕۆژهەڵات.

٨. ئایا لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا گۆڕانکاری لە بیرکردنەوە و هەڵوێستەکانتان بۆ شیعری کلاسیک هەبووە؟

من ماوەیەکی زۆر کەمە شیعر دەنووسم، بەڵام زیاتر لە چل ساڵ خەریکی خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە بووم لە شیعر، ئێستاش ناوێرم بەباشی دەست بۆ نووسینی شیعر ببەم، ماوەیەک بڕوام وا بوو کە قوتابخانەکانی تر هیچ مەودا و پانتایییەک بۆ قوتابخانەی کلاسیک ناهێڵنەوە، ماوەیەکی زۆریش قوتابخانەی شیعری کلاسیک تووشی ڕکوود و وەستان بوو، بەڵام بەدڵنیایییەوە ئەو قوتابخانانەی تر نەیانتوانی حەز و ئارەزووەکانی خوێنەری کورد تێر بکەن، بۆیە ئێستا گەڕانەوەیەکی بەرچاو بۆ شیعری کلاسیکی هەیە و پێی دەگوترێت کلاسیکی نوێ.

من بۆ خۆم لەسەر شێوازەکانی تریش شیعرم نووسیووە.

٩. ئێوە چۆن مانا قووڵ و شاراوەکان لە شیعرەکانتاندا لێک دەدەنەوە؟

وەکوو عەرزم کردن یەکێک لە خەسڵەتە دیارەکانی شیعری کلاسیک قووڵیی مانایە، جا ئەو مانا قووڵانە بە شێوەی تەورییە بێت یا بە شێوەی ڕۆچوون و شۆڕبوونەوە بێت، بەڵام من هەرگیز ڕاڤەی شیعرەکانم ناکەم.

١٠. ئایا بارودۆخی تایبەت هەن کە هانتان دەدەن بۆ دروستکردنی شیعر؟

بەدڵنیاییەوە زۆر بارودۆخی تایبەت و عاتفی هەن کە هانم دەدەن بۆ نووسینی شیعرێک، هەمیشە ئەو شیعرانەشم کە لە دۆخێکی ڕۆحی و مەعنەویدا دەیاننووسم سۆزی زیاتریان تێدایە.

١١.  بۆ نموونە ئێوە چۆن هزری خۆتان بەهێز دەکەن بۆ ئەو هەموو مانا و واتا قووڵ و جوانانەتان کە لە شێعرەکانتاندا ڕەنگ دەدەنەوە؟

خۆی زمانی کوردی زمانێکی زۆر دەوڵەمەندە و دەکرێت وشەیەکی لەبیرکراو یا وشەیەکی سادەی باو بێنیت و مانایەکی جیاواز و قووڵتری پێ ببەخشیت، سەرەڕای ئەوەش من بە شێوەیەکی سەتحی بیر لە مانای شیعرەکان ناکەمەوە.

١٢.  تا چ ڕادەیەک پێویستە شاعیر ئاگاداری کێش و سەروای عەرووز بێت و ئاگاداری ئەدەبیاتی دەوروبەری بێت؟

یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی شیعری عەرووز کێش و سەروا و ڕەدیفە، بۆیە زۆر پێویستە شاعیر ئاگاداری ئەو بابەتە بێت، وە زۆریش پێویستە شاعیر ئاگاداری ئەدەبیاتی دەور بێت، بە مەرجێک کاریگەری لەسەر هەناسەی شیعریی شاعیرەکە دروست نەکات.

نموونەیەک لە هۆنراوە جوانەکانی مامۆستا عومەر:

چـــاوەکـــانـــت مـــــــۆری ڕازی خــاتــوو زیــنــی پێوەیە

زوڵـفـەکـانـت تـاری سازی سـەد شیرینی پێوەیە

 

تـفـت و سوێـریش بـێ بـە دەمـتـا کـامـی دڵ شیرینەکا

چـونـکـە لـێـوت شیـلـەنازی هـەنگەوینی پێوەیە

 

دڵ دەبـرژێـنـێ بــە جــارێ گـێـژەنـی پــرچــت دەڵـێـی

بـای سـەبـوونـی بــێمـەجـازی ئـاگـریـنـی پێوەیە

 

گــوێ بـــدە زەنـگـی دەروونـــم دڵـنـشــیـن و پـــڕ نـــەوا

ئـاهـ و نــاڵــەی غـەمـنـەوازی گەرمەشینی پێوەیە

 

بـــێ تـەمـاشـا کـە قــەواڵــەی سـیـنـەیـی چنـراوی مــــن

چـل تــوڕەی مـومـتـازی شــازی گوڵنگینـی پێوەیە

 

لاپـەڕەی بـەخـتـم بـە خوێن سوور هەڵگەڕا و ناچێتەوە

چـون تــکـەی میقرازی گــازی مـاتـەمـیـنـی پێوەیە

 

هـەڵـخـزا نیگام لـەسـەر کوڵمی گەشی چون گوڵجەمین

سەر گـلـێــنەی چـاوی بازی دەفـعـی دیـنـی پێوەیە

                                                    مامۆستا عومەر

***

سازکردنی دیمانە: دیاکۆ هاشمی، ڕێکەوت: 2023-08-20

دیزاینی وێنە: ئەمین شکوور