- نوێترین بڕیارەکانی ڕێنووسی زمانی کوردی
- ئامادەکردن: دیاکۆ هاشمی
- یەکەم بڵاوکردنەوە: 2003-09-06
- نوێترین وەشان: پوختەی ڕێنووس و خاڵبەندی ٤ 30-08-2024. PDF:
- پێشەکی
- ئەلفبێ
- بزوێنەکان
- هێشوو
- بزرۆکە
- ئەلفبێی لاتینی
- کێشەی پیتەکان
- هەمزە
- کێشەی (ر، ڕ)
- کێشەی (ک، ك)
- کێشەی تێکەڵکردنی (ھ، ە)
- (و، وو)
- (ی، یی)
- (یە)
- کێشەی ئامرازی لێکدەری (و)
- (ی)ی ئامرازی دانەپاڵ
- پیتی ت لە وشەدا
- جێناوی لکاوی (ی، یان)
- جێناوی نیشانە
- دوودەنگە
- وشەی لێکدراو
- چاوگی لێکدراو و گەردانکردنی
- وشەی داڕێژراو
- چاوگی داڕێژراو و گەردانکردنی
- وردەئامراز adpositions
- کێشەی “دە” و “ئە”
- کێشەی (لە)
- کێشەی (بێ) و (بەبێ)
- کێشەی ئامرازی (تر) و وشەی (تر)
- هاوەڵکار
- وشەی بیانی
- ژمارەی لێکدراو
- تەختەکلیلی کوردی
- ژێدەرەکان
- پرسیاری فێرخوازان
ڕێنووس واتە یاسا و ڕێسای چۆنێتیی نووسینی وشە و کار لە دۆخی جۆربەجۆری وەک تاک، لێکدراو، داڕێژراو، چاوگ و گەردان. ڕێنووس هەروەها لە شێوەی بەکارهێنانی ئامراز و گیرەک دەدوێت.
زمان بەردەوام لە گۆڕاندایە، ئەم گۆڕانانەش زیاتر لە ڕووی تەکنۆلۆژیا و ئایتییەوە ڕوو دەدەن، زمان دەبێت لەگەڵ ئایتیدا بگونجێنرێت دەبێت ئامادە بکرێت بۆ کاری بنکەدراوەیی و دیجیتاڵی.
لێرەدا، ههوڵ دهدرێت بهگوێرهی بڕیارهکانی “ئەکادیمیای کوردی” و ڕێککەوتنەکانی هەندێک گرووپی ئایتی وەک “زانستپەروەرانی کورد“ و “کوردئایتیگرووپ” و “چاوگ” و بە هاودەنگی لەگەڵ “فەرمانگەی ئایتیی کوردستان” و به لهبهرچاوگرتنی زانستی تەکنۆلۆژیای زانیاری (IT) و به بهراوردکاری لهگهڵ زمانه چالاکەکانی جیهاندا، کۆمهڵێک یاسا و ڕێسا ڕوون بکرێنهوه، تا له ڕێنووسێکی بێههڵه نزیکتر ببینهوه، بۆ ئەوەی ئەم ڕێنووسە هەروەها بکرێتە بنەما بۆ پرۆژەی وەرگێڕانی مەکینەیی و پرۆگرامی چێکردنی هەڵەگری دیجیتالی.
ئەمە کتێبی تاکەنووسەرێک نییە کە بە چێژ و ڕای تاکەکەسیی خۆی شتەکان یەکلایی بکاتەوە، بەڵکوو بە هاودەنگی و هاوڕاییی هەموو ئەو لایەنە گرنگانە کە کار دەکەنە سەر زمانی کوردی و لە ئاڵوگۆڕی زماندا کاریگەرییان هەیە کۆ کراوەتەوە، بەردەوام بەپێی بڕیارەکان و ڕێککەوتنەکان نوێ دەکرێتەوە. ئەم ماڵپەڕە ئاگاداری زیاترین گۆڕانکارییەکانی پێوەندیدار بە ڕێنووسی زمانی کوردییە. بەبێ ئاگاداربوون لە جیهانی ئایتی ناکرێت ڕێنووس دیاری بکرێت. ڕاژەیەکی سەرهێڵ کە بەخۆڕایی لە بەردەستی هەموواندایە و بە بچووکترین گۆڕانکاری نوێ دەکرێتەوە.
لەم ڤیدیۆیەدا کە لەسەر یوتیوب دامان ناوە دەتوانن سەردێڕی پتر لە ٤٠ هەڵەی ڕێنووسی چاو لێ بکەن.
پێش لەوەی بچینە ناو باسی ڕێنووسەوە، دەبێت ئاماژە بەوە بکەم کە هەموو کەسێک دەبێت واز لە تەختەکلیل و فۆنتی نایوینکۆد بهێنێت و بەس کەڵک لە تەختەکلیل و فۆنتی یونیکۆد وەربگرێت. بۆ زانیاریی زیاتر دەتوانن چاو لە ڕەوتی تەختەکلیلی کوردی بکەن.
بڕیاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان: هەموو دامودەزگا حکوومەتییەکان لە کوردستاندا دەبێت کەڵک لە تەختەکلیل و فۆنتی یونیکۆد وەربگرن. بڕیارەکە.
باشترە لە باتیی “ئەلف بێ“، “ئەلف و بێ” یان “ئەلفوبێ” تەنیا (ئەلفبێ) بەکار بهێنرێت چونکە ئەو وشەیە وشەیەکی لێکدراوە، وشەی لێکدراویش لە پلەی یەکەمدا دەبێت بەبێ یارمەتیی هیچ گیرەکێک چێ بکرێت، ئەگەر ئەوە نەکرا ئەو کاتە لە هەندێک ئامراز و گیرەکی وەک (…و…) کەڵک وەردەگیرێت.
پیتەکان: پیتەکانی ئەلفبێی زمانی کوردی (٣٤) پیتن و بەم شێوەیەی خوارەوە ڕیز دەکرێن:
ئـ ـ ا ـ ب ـ پ ـ ت ـ ج ـ چ ـ ح ـ خ ـ د ـ ر ـ ڕ ـ ز ـ ژ ـ س ـ ش ـ ع ـ غ ـ ف ـ ڤ ـ ق ـ ک ـ گ ـ ل ـ ڵ ـ م ـ ن ـ هـ ـ ە ـ و ـ وو ـ ۆ ـ ی ـ ێ.
تێبینی: گرنگە پیتەکان بەو شێوەیەی سەرەوە ڕیز بکرێن و شوێنەکانیان پێش و پاش نەخرین.
زمانی کوردی (٣٧) دەنگی هەیە، بەڵام لە سیستەمی ئەلفبێدا (٣٤) پیتی بۆ دیاری کراوە.
١. بۆ دوو دەنگی بزوێن و نیمچەبزوێنی (u و w) تەنها یەک پیتی (و) دانراوە: (وانە wane)، (کورد Kurd).
٢. بۆ دوو دەنگی بزوێن و نیمچەبزوێنی (î و y)یش یەک پیتی (ی) دانراوە: (مـیــر mîr)، (مەی mey)، (یار yar).
٣. بۆ دەنگی درێژی (û)ش واو دووپات بووەتەوە (وو = û).
پیتی (و) و پیتی (ی) کە دوو ئەرک دەبینن پێیان دەوترێت: نیمچەبزوێن.
دەنگی فرەکورتی (i) هیچ پێتێکی بۆ دانەنراوە: (بردن birdin)، هەر بۆیە لە ئەلفبێی کوردیی ناوەڕاستدا پێی دەوترێت “بزرۆکە“، واتە بزر بووە. ئەمە بە کرمانجی پێی ناوترێت بزرۆکە، خۆ لەوێ بزر نییە و دیارە، ئەو پیتە وەک دەنگەکانی تر چاوی لێ دەکرێت و بزوێنێکە، بەڵام بزوێنی فرەکورت.
کەوا بێت بۆ پێنج (٥) دەنگی (w, u, y, î, i) تەنیا (٢) پیتی (و، ی) لەبەرچاو گیراوە، هەر بۆیە دەڵێن ژمارەی دەنگەکان (٣٧)ن و ژمارەی پیتەکان (٣٤)ن. لە زۆربەی زمانەکانی دنیادا ژمارەی دەنگەکان و پیتەکانی ئەلفبێ وەکوو یەک نین، بۆ نموونە لە زمانی فارسی، سویدی و ئینگلیزیدا.
٣. بزوێنەکان
بزوێن بهو دهنگانه دهوترێن که له کاتی بێژه و گۆکردندا، دهم و زار تۆزێک زیاتر دهکرێنهوه و زیاتر دهکێشرێن. بزوێنهکان جووڵه و بزواندن دهخهنه ناو وشهوه.
بزوێنهکان لهڕاستیدا (٨) دهنگن، بهڵام لە ئەلفبێدا تهنها (٧) دهنگیان پیتیان بۆ دانراوه و دهنووسرێن و بریتین لە: (ا، ە، و، ۆ، وو، ی، ێ).
یاسا: هەر وشەیەکی کوردی پێک هاتووە لە لانی کەم یەک بڕگە و لە هەر بڕگەیەکیشدا یەک بزوێن هەیە، بۆ نموونە:
- یەکبڕگەیی: (ناو naw).
- دووبڕگەیی: (کۆ مار = کۆمار komar).
- سێبڕگەیی: (هێـ لا نە = هێلانە hêlane).
- چواربڕگەیی: (جاڵجاڵۆکە callcalloke).
ئەگەر چاو لە وشەی “مەست mest” بکەین دەبینین کە لە نێوان “س” و “ت”دا هیچ بزوێنێک نییە، ئەمە پێی دەوترێت “هێشوو” چونکە هیچ بزوێنێک ناکەوێتە نێوانیانەوە. وشەی “هێنان” هیچ هێشوویەکی تێدا نییە، چونکە بەدوای یەکتردا بزوێن و نەبزوێن دێن.
هێشوو جاری وایە لە دوو دەنگی کپ و جاری واشە لە سێ دەنگی کپ دروست دەبن.
هێشوو جاروبار دەشتوانێت بکەوێتە سەرەتای وشەوە، وەک: (ستران stran)، (ستۆکهۆڵم Stockholm).
لە سەرەتادا دوو یان سێ دەنگی کپ (نەبزوێن) بەدوای یەکتردا هاتوون بێ ئەوەی بزوێنێک بکەوێتە نێوانیان، واتە هێشوویان دروست کردووە.
هێشوو لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر جیاوازە چونکە پێکهاتەی زمانەکان جیاوازن.
لە زمانی کوردیدا ئەم فۆنیمانە
(c – ç – s – ş – x – k)
(ج، چ، س، ش، خ، ک)
لەگەڵ (w)دا هێشوو دروست دەکەن، نموونە:
جوان cwan، چوار çwar، سوێند swênd، شوێن şwên، خوار xwar، کوا kwa.
ئەم بابەتە پێوەندیی بە بڕگەکردنی زمانی کوردیشەوە هەیە هەر بۆیە بۆ زانیاریی زیاتر فەرموون چاو لێرە بکەن:
بڕگەکانی زمانی کوردی
٥. بزرۆکە (i)
هەندێک وشهی کوردی ههن که له ڕواڵهتدا بزوێنیان تێدا نابینرێت، نموونە: (بردن، من، ژن، چل، مردن، بزن، خستن)، بهڵام لهڕاستیدا دهنگی بزوێنیان تێدایه. ئهو بزوێنه له ئهلفبێی کوردیی لاتینیدا به پیتی (i) دیاری کراوه، بهڵام له ئهلفبێی عهرهبیدا هیچ پیتێکی بۆ دانهنراوه، لەم ئەلفبێیەدا دیار نییه و بزر بووه، بۆیه ناوی نراوه: بزرۆکە (کسره مختلسه). ئەگینا لەڕاستیدا (بزوێنی فرەکورت)ە، نموونه:
(من min)، (ژن jin)، (چل çil)، (مردن mirdin)، (بزن bizin) و (خستن xistin).
وشهی “مشک” له ناوچه جۆربهجۆرهکانی کوردستاندا به دوو شێوازی (mişk) و (mişik) بێژه دهکرێت، بهڵام له ئهلفبێی عهرهبیدا ههر به یهک شێواز دهنووسرێت: “مشک”.
کهوا بێت دەنگێکی تری کوردیمان هەیە و لەگەڵ ئەو دەنگەکانی تر دەبێتە (٨)همین دهنگی بزوێنی کوردی و به ئهلفبێی ناوەندی نانووسرێت و “بزرۆکە”یه. (i).
جاری وایە پیتی “ئـ” لە سەرەتای وشەدا لە باتیی بزوێنی فرەکورتی بزرۆکە i دەنووسرێت:
ئسفەهان Isfehan، ئنجا inca، ئشق işq.
لەم ڤیدیۆیەدا دەتوانن چاو لە ئەلفبێی کوردی بکەن:
ئەلفبێی کوردی
لە کوردیی کرمانجیدا بۆ نووسین کەڵک لەم ئەلفبێیە وەردەگیرێت کە (٣١) پیتن:
A – B – C – Ç – D – E – Ê – F – G – H – I – Î – J – K – L – M – N – O – P – Q – R – S – Ş – T – U – Û – V – W – X – Y – Z
بزوێنهکانی بریتین له (٨) دهنگ و ههر ههشتهکهیان دهنووسرێنهوه:
(A – E – Ê – I – Î – O – U – Û)
بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ئەلفبێی کوردیی لاتینی تکایە چاو لەم ڤیدیۆیە بکەن:
٧. کێشەی پیتەکان:
هەندێ کەس لە کاتی بەکارهێنانی پیتە کوردییەکاندا تووشی هەڵەی ڕێنووسی دەبن، لێرە ڕوونیان دەکەینەوە:
٨. ههمزه (ئـ)
ههمزه، له زمانی عهرهبی و فارسیدا، له چهند شوێنێکی جۆربەجۆردا بهکار دهچێت، وهکوو: (أ ٌإ لأ لإ ؤ ء ئـ)، بهڵام له زمانی کوردیدا تهنیا شێوازی (ئـ) بهکار دەهێنرێت، ئهویش به مهبهستی ئهوهی نەهێڵێت دوو بزوێن بهدوای یەکتردا بنووسرێن. کە وا بێت ناتوانین بڵێین کە هەمزە لە زمانی کوردیدا وەک فارسی و عەرەبی بەکار دەهێنرێت. هەمزە لە زمانی کوردیدا هەمیشە لەگەڵ بزوێنێکدا دێت:
ئــا، ئـــە، ئـــو، ئــۆ، ئـــوو، ئـــی، ئـــێ.
لەڕاستیشدا ئەو کاتانەی کە لە هەندێک وشەی وەک “ئــنـجا” و “ئـــسفەهان”یشدا کە دەبینرێن هەر پێویستی بە بزوێن هەیە بەڵام لەو کاتانەدا بزرۆکە هەیە و بزرۆکەش نانووسرێت ئەگینا لەو شوێنانەشدا دیسانەوە لەگەڵ بزوێندا دێت. لەبەر ئەوە ئەگەر بمانەوێت بە کوردی ناوێکی بۆ دابنێین دەکرێت بڵێین کە “ئاوەڵبزوێن” ناوێکی گونجاوە بۆی.
هەندێک له زمانزانان ههمزه به بزوێن دادهنێن و لای ههندێکیش به نهبزوێن دهناسرێت، بهڵام لهڕاستیدا کورد، ههمزهی به شێوازی (ئـ) بهکار هێناوە و بڕیاری داوە وهکوو (نهبزوێن)ێک چاوی لێ بکات، بۆ ئهوهی نەهێڵێت دوو بزوێن بهدوای یەکتردا بێن، یان هەندێک بزوێن له سهرهتای وشهدا بنووسرێن، نموونه:
کورد هەر لە کۆنەوە تا بۆی کرابێت هەمزەی تەنیا لە کاتی پێویستدا بەکار هێناوە ئەگینا قرتاندوویەتی، بۆ نموونە لە کۆنەوە وای کردووە:
- سوێر + ئاو = سوێراو (نەک: سوێرئاو).
- سەهوڵ + ئاو = سەهۆڵاو (نەک: سەهۆڵئاو).
- گوڵ + ئاو = گوڵاو (نەک: گوڵئاو).
- بار + ئاش = باراش (نەک: بارئاش).
- گۆلک + ئاو = گۆلکاو (نەک: گۆلکئاو).
کە وا بێت دەتوانین ئەوە بکەینە بنەما بۆ وشەی لێکدراو یان داڕێژراوی نوێش و هەر بەو پێیە گۆی بکەین و هەمزەکە بقرتێنین. بۆ نموونە:
- ڕۆژاوا، نەک ڕۆژئاوا
- خۆراوا، نەک خۆرئاوا
- ماڵاوایی، نەک ماڵئاوایی
- کاراسانی، نەک کارئاسانی
- بانــەفشار، نەک بانئەفشار (ناوی گهڕهکێکه له شاری قهسری شیرین له پارێزگای کرماشان).
- کارهندامزانی، نەک کارئەندامزانی (physiology).
- تووڵامراز، نەک تووڵئامراز (تووڵامراز = toolbar). (تووڵ، شیش = bar)، (ئامراز، کهرهسته = tool).
ههروهها ئەمانە بەبێ (ئـ) وا دەنووسرێن:
کەمـەندام، چاوهسمهر، چاوهستێره، گوڵـهندام، گوڵـهستێره، شێرهندام، خاکـەناز، ڕۆژاوا، خۆراوا.
٩. کێشهی (ڕ) و (ر)
“ڕ” دهنگێکی گڕه که له سهرهتا و ناوهڕاست و کۆتاییی وشهدا دێت:
ڕاز، ههڕا، مهڕ.
جاران دەوترا بەبێ نیشانە، واتە سادە بینووسن بەڵام بە گڕ بیخوێننەوە. بۆ ئەو سەردەمەی کە خەڵک بەس بە دەست دەیاننووسی ڕەنگە ئەوە چارەسەرییەک بووبێت بۆ خێرانووسین، بەڵام ئەوڕۆکە لە دنیای دیجیتاڵیدا کۆدی خۆی هەیە، دوگمەی خۆی هەیە. کە وا بێت:
تێبینی: نابێت (ڕ)ی گڕ لهگهڵ (ر)ی سادهدا تێکهڵ بکرێت.
بڕیاری ئەکادیمیای کوردی: ههموو دهنگێکی (ڕ) له سهرهتای وشهدا گڕه و دەبێت به (ڕ)ی گڕ بنووسرێت، نهک به (ر)ی ساده، واتە “ڕ” هەم لە سەرەتا و هەمیش لە ناوەڕاست و هەمیش لە کۆتاییی وشەدا دەنووسرێت.
(ڕ) و (ر) لە ڕووی ڕێزمانییەوە دوو فۆنیمی جیاوازی زمانی کوردین و لە ڕووی تەکنیکیشەوە لەسەر تەختەکلیلی کوردیی کۆمپیوتەریشدا دوو دوگمەی جیاوازیان بۆ دانراوە و لە سیستەمی یونیکۆدی (نووسە character) جیهانییەکانیشدا دوو ژمارەکۆدی جیاوازیان بۆ دانراوە. هەر بۆیە زۆر گرنگە ئەو پیتانە تێکەڵ نەکرێن چ لە سەرەتا و چ لە ناوەڕاست و چ لە کۆتاییی وشەشدا دەبێت وەک خۆی بنووسرێن. ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر بوترێت بەبێ چوکڵە بینووسن، بەڵام بە چوکڵەدار واتە گڕ بیخوێننەوە. مادام پیتی خۆی هەیە، لە سیستەمی یونیکۆدا کۆدی خۆی هەیە، :
سەرەتا: ڕاست، ڕێگا، ڕۆخ
ناوەڕاست: پەڕۆ، هەڕا، فــڕاندن
کۆتایی: شەڕ، کەڕ، کوڕ
پیتی (k) تەنانەت لە زمانەکانی فارسی و عەرەبیشدا کێشەلەسەرە. چونکە بە دوو شێوە دەنووسرێن: “ک“، “ك“. ئەو دوو کافانە دوو کۆدی جیاوازیشیان هەیە، (ک U+06A9) و (ك U+0643). خۆ ناکرێت بەرانبەر بە کۆدێکی لاتینی دوو کۆد دابنرێت، هەر لەبەر ئەوە لەو زمانانەشدا کێشەی هەیە.
له تەختەکلیلی ستانداردی یونیکۆدی کوردیدا کە لەلایەن “کوردئایتیگرووپ“ەوە درووست کرا، ئەو کێشەیە یەکلایی کرایەوە. بڕیاریان دا لە باتیی (ك) کەڵک لە (ک) وەربگیرێت بۆ ئەوەی یەک جۆرە پیتمان بەرانبەر بە (k) هەبێت. چونکە لە سەرەتا و لە ناوەڕاستی وشەدا بەرانبەر بە (k) هەر (ک) دەنووسرێت: (کـار)، (پەلـکە). تەنها لە کۆتاییی وشەدا “ك” بەکار دەهێنرێت: (چەك). کە وا بێت لە کۆتاییی وشەشدا هەر هەمان کار دەکەین. وەک:
چاک، پاک، خاک (نەک: چاك، پاك، خاك).
هەر بۆیە لە شوێنی دوگمەی (K)دا ئەمە دانرا: (ک U+06A9)، هەڵبەت بە شیفتیش ئەمە دانرا: (ك U+0643). بەڵام هیوادارین کورد بەرە بەرە واز لە (ك U+0643) بهێنێت.
بڕیاری کوردئایتیگرووپ:
لە تەختەکلیلی کوردیدا بەرانبەر بە (k) لە سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتاییی وشەدا کەڵک لە “ک” (U+06A9) وەردەگرین و نەک لە “ك“. هەڵبەت ئەوەش هەر دەخرێتە ناو تەختەکلیلی کوردییەوە بەس بە شیفت دەنووسرێت.
بۆ زانیاریی زیاتر سەبارەت بە کێشەی (ک) تکایە چاو لەم بابەتە بکەن.
١١. کێشەی تێکەڵکردنی (ھ، ـهـ H) و (ە، ـە E)
ئەم دوو پیتەش وەک (k) کێشەیان هەیە، چونکە شێوەیان لە یەک دەچێت، بەڵام کۆد و ئەرکیان لە زمانی کوردیدا جیاوازە.
بۆ نموونە بۆ نووسینی “ھ h” لە وشەکانی “هانا” و “سێهەم”دا لە یەک کۆدی (U+0647) کەڵک وەردەگیرێت، بەڵام لە نووسینی “ە E” بۆ نموونەی لە وشەی “پەلە”دا کەڵک لە کۆدی (U+06D5) وەردەگیرێت. واتە بۆ ئەو دوو پیتەی کە شێوەیان لە یەک دەچێت لە دوو کۆدی جیاواز کەڵک وەردەگیرێت.
کێشەکە ئەوەیە کە هەندێ کورد لە کاتی نووسین بە کۆمپیوتەردا تووشی هەڵە دەبن و بۆ نووسینی بزوێنی (ە)ی کوردی دەست دەنێن بە دوگمەی (H)دا و وەک یەک چاوی لێ دەکەن. ئەمە کێشەیەکی گەورەیە بۆ زمانی کوردی. وا دەزانن هەردووکیان هەمان شتن. بۆ نموونە دەنووسن سەر، بەڵام کاتێ هەر بە (H) بینووسن دەبێتە “سهر”، کە هەڵەیە ئەو کاتە ناچارن جیای بکەنەوە و دەنووسن “سه ر”، کە ئەویش هەر هەڵەیە، هەر بۆیە دەبێت کەڵک لە دوگمەی (E) وەربگرن. کە ناهێڵێت پیتەکان پێکەوە بلکێن و دەبێتە “سەر” کە درووستە.
لە ئەلفبێی دیجیتالیی کوردیدا (ھ، ـهـ H) جیاوازیی هەیە لەگەڵ (ە، ـە E) و بە یەک دوگمە نانووسرێن.
تکایە لە نووسینی کوردیدا ئەو دوو پیتە تێکەڵ مەکەن، وا بینووسن:
ئەگەر پەنجە بنێی بە دوگمەی H بە شێوەی (ه) دەر دەچێت، بۆ ئەوەی بە شێوەی (ھ) بنووسرێت ئاوا بکە:
(M) + (Shift) + (H) = ھ
تێبینی: لە ڕێککەوتنێکدا بڕیار درا کۆدێکی نوێ بۆ “ھ” دابنرێت تا بەس بە یەک کلیک بنووسرێت. ئەو کۆدە کە بۆ نموونە لە زمانی ئوردوودا بەکار دەچێت بەکار دەهێنرێت بۆ ئەم تەختەکلیلە کوردییە و لەسەر ماڵپەڕی “تەختەکلیلی کوردی“ی فەرمانگەی ئایتیی کوردستان دادەنرێت و بەم زووانە دەتوانن ئەو تەختەکلیلە لەوێ دابگرن. ئەو پیتە نوێیە لە تەختەکلیلی کوردیدا بە دوگمەی (Shift) و (H) دەنووسرێت. من خۆم لە وەشانێکی تاقیکردنەوەییدا بەو تەختەکلیلە دەنووسم و پیتی “ھ” بە شیفت و (H) دەنووسم. بە مەبەست لەژێر شیفت دامان ناوە چونکە وتمان با “ھ”ی سەرەتای وشە تێک نەچێت هەر کاتێک ویستمان بەتایبەتی “ھ” بنووسین ئەو کاتە لەوە کەڵک وەردەگرین، بۆ نموونە بۆ نووسینی هەندێ وشەی کۆن: ماھ، بەھ، بەھ.
١٢. کێشهی (و) و (وو)
(وو û) دهنگێکی بزوێنه و ههرگیز نابێت له سهرهتای وشهدا بنووسرێت. زۆر ههڵهیه بنووسی:
(ووشه ûşe، وورچ ûrç، وون ûn، ووس ûs و هتد)،
بهڵکوو دەبێت به (و w)ی نهبزوێن بنووسرێت، چونکوو دوای ئهو پیته، بزرۆکه ههیه، کهوا بێت دوو بزوێن پێکهوه نانووسرێن و دەبێت وا بنووسرێن:
(وشه wişe، ورچ wirç، ون win، وس wis و هتد).
بهڵام له ناوهڕاست و کۆتاییدا دەنووسرێت: (سـوور sûr)، (نوور nûr)، (چـوو çû)، (تـوو tû).
زۆر کهس بهههڵه دهنووسن: “کهرکوک، مهحمود، حوکومهت و هتد”. که ڕاستییهکهی ئاوایه: کهرکووک، مهحموود، حوکوومهت و هتد”.
١٣. کێشهی بزوێنی درێژی (î)
دەنگی درێژی (î) له ئهلفبێی عهرهبیدا هیچ پیتێکی جیاوازی بۆ دانهنراوه. “کۆڕی زانیاریی کورد” لە بەغداد تەقەڵێکی لەسەری دادەنا، بەڵام لای خەڵک جێ نەکەوت و بەکار نەهێنرا. هەندێ کەس کەڵک لە (یی) وەردەگرن و بۆ نموونە دەنووسن (تییر tîr)، (کوردیی kurdî)، (سیی sî)، بهڵام تێکڕای زمانەوانان و ئەکادیمیاش ئەوە بە درووست دانانێن چونکە ڕایان وایە کە ئەو دەنگە یەک فۆنیمە نەک دوو و لە ئەلفبێدا پیتێکی جیاواز و تایبەتیی بۆ دانەنراوە، ناکرێت بە دووپاتکردنەوەی “ی” درێژی بکەیتەوە.
بڕیاری ئەکادیمیا: دەنگی “ی” لە زمانی کوردیدا یەک فۆنیمە نەک دوو، هەر چەند هەندێ جار کورت و هەندێ جاریش درێژ گۆ دەکرێت، بەڵام واتا ناگۆڕدرێت و فۆنیمی تر ناهێنێتە کایەوە و پێویست بە نیگاری تر ناکات. ئەم دوو دەنگی “ی”یە بە تیپی عەرەبی بە یەک شێوە دەنووسرێت بەڵام بە تیپی لاتینی جیاوازن.
کەوا بێت چ لە سەرەتا و چ لە ناوەڕاست و چ لە کۆتاییشدا، هەر بە “ی” دەنووسرێت وەک: (یار yar)، (تیر tîr) نەک (تییر tîr)، و کوردی (نەک کوردیی)، هەولێری (نەک هەولێریی)، شیرینــی (نەک شیرینـــیی).
بەڵام ئەگەر وشەیەک بە بزوێنی درێژی (ی î) کۆتاییی بێت و پێش ئەو پیتەش دەنگێکی بزوێنی تر بێت ئەوە دەبێت ئەمیان بە (یی yî) بنووسین:
(ڕهشایی reşayî)، (بهرایی berayî)، (دوایی diwayî)، (کۆتایی kotayî)، (پانایی panayî)، (شێنهیی şêneyî)، (سنهیی Sineyî)، (ههڵهبجهیی Hellebceyî)، (ڕانیهیی Ranyeyî)، (ورمێیی Wirmêyî) و (شنۆیی şinoyî).
١٤. کێشهی (یـه)
جاری وایه وشهکهی پێش (ه) به پیتێکی بزوێن (ا ـ و ـ ۆ ـ وو ـ ه ـ ی ـ ێ)، کۆتاییی هاتووه، وهکوو: (مامۆستا)، ئهو کاته ئیتر له جیاتیی (ه) دهنووسین (یه): (مامۆستایه mamosta ye).
تێبینی: کاری (یه)ش ههر وهکوو (ه) دەبێت بلکێنرێت به وشهکهی پێشیهوه: (مامۆستایه)، نهک (مامۆستا یه). تهنانهت ئهگهر وشهکه به (ی) کۆتاییی هات ههر پێکهوه دهنووسێنرێت: ههروهها:
(سپییه)، نهک (سپیه، سپییه، سپی یه).
(چییه)، نهک (چیه، چییه، چی یه).
(نییه)، نهک (نیه، نییه، نی یه).
(کوردییه)، نهک (کوردییه، کوردی یه).
١٥. کێشەی ئامرازی لێکدەری (و)
ئامرازی لێکدەری (و) دەبێت وەک وشەیەکی سەربەخۆ هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکرێت (و and) و نەلکێندرێت به وشهکانی پێش و پاش خۆیەوە.
بۆ نموونه دهبێت بنووسرێت:
(من و تۆ) نهک (منو تۆ) یان نهک (منو تۆ).
(سهر و ماڵ) نهک (سهرو ماڵ) یان نهک (سهروو ماڵ).
(هیوا و ئاوات) نهک (هیواو ئاوات).
سهرنج: نموونهکانی سهرهوه ههر کامهیان سێ وشهی جیاوازن و پێکهوه مانایهکی نوێ پێک ناهێنن و ههر بهتهنیا مانای خۆیان پاراستووه و جیاوازییان ههیه لهگهڵ وشهی لێکدراو که له خوارهوه باسیان دهکرێت.
١٦. (ی)ی ئامرازی دانەپاڵ
(ی)ی ئامرازی دانەپاڵ ئهو دهنگی (ی)یهیه که دهکهوێته نێوان دوو ناو، یان ناوێک و ئاوهڵناوێکهوه:
(مامۆستا) + ی + (قوتابخانه) = مامۆستای قوتابخانە.
کاتێ کە وشەکە بە (ی) تەواو نەبووە. (کورد):
(کورد) + ی + (سنە) = کوردی سنە (ئەو کوردەی کە خەڵکی سنەیە).
٢. (ی) + ئامرازی دانەپاڵ: (یـی)
کاتێ کە وشەکە بە (ی) تەواو بووە. (کوردی):
(کوردی) + ی + (سنە) = کوردیـی سنە (ئەو کوردییەی کە لە سنە قسەی پێ دەکرێت).
ڕۆژی جیهانیی کرێکاران (نەک ڕۆژی جیهانی کرێکاران).
ڕۆژی جیهانیی ژنان (نەک ڕۆژی جیهانی ژنان).
بانک ناوەندیی بەغدا (نەک بانکی ناوەندی بەغدا).
٣. (یی) + ئامرازی دانەپاڵ: (ییی)
کاتێ کە وشەکە بە (یی) تەواو بووە. (سنەیی):
(سنەیی) + ی + (دڵسۆز) = سنەییی دڵسۆز.
ڕەشاییی چاو، سەوزاییی دەشت، سەرەتاییی کچان.
وەرە بنواڕە دوو دەستی حەناییم – حەناییی چی؟ هەموو خۆ خوێنە قوربان
ئامرازی دانەپاڵی “ی” نابێت لە هیچ کام لەم سێ دۆخانەدا لەبیر بکرێت:
ئامرازی دانەپاڵ | |||||
ی | |||||
ی | زمان | ||||
ی |
تێبینی: هەر کاتێک ئەکادیمیا بڕیاری “ییی” هەڵوەشێنێتەوە و بیگۆڕێت بۆ “یی“، دەنووسین “یی“. وەک:
١٧. پیتی (ت) له وشەدا
جاری وایە دەنگ یان پیتی “ت” لە وشەدا لەبیر دەکرێت، نابێت لەبیر بچێت و دەبێت بنووسرێت، وەک:
١٨. جێناوی لکاوی سێیەم کەس
جێناوی لکاو لە کاری (تێپەڕ / متعدی)دا:
لە زمانی کوردیدا هەندێک جێناومان هەیە، بۆ نموونە جێناوی لکاوی (…م، …ت، …ی / …مان، …تان، …یان). ئەمانە لەگەڵ (کاری تێپەڕ / فعل متعدی)دا بەکار دەهێنرێن، وەک: (خواردن، بردن، نووسین، بڕین، دزین، کڕین، گۆڕین، پرسین).
خواردن؛ خواردم، خواردت، خواردی / خواردمان، خواردتان، خواردیان.
ئەگەر قەدی کردارەکە خۆی بە …ــی کۆتاییی هاتبێت کاتێک کە جێناوی لکاویان دەخرێتە سەر نابێت …ـــی بقرتێنرێت:
نووسین: نووســی: نووســــیــ م نووســـیــ ت، نووســیـــ ی: نووســیــم، نووســیــت، نووســـیــــی (نەک نووســی)
***
پرســـیـــن:
پرســـی + م = پرســـیــم
پرســی + ت = پرســـیـــت
پرســی + ی = پرســـیـــی
دەبێت وا بنووسرێن: من پرسیم، تۆ پرسیت، ئهو پرسیی. (نهک ئهو پرسی).
نموونهی تر:
کاری تێپەڕ: (دزین، بڕین، کڕین، گۆڕین، نووسین)، که له سێیهم کهسی تاکدا دهبنه (ئهو دزیــی، ئهو بڕیی، ئهو کڕیی، ئهو گۆڕیی، ئهو نووسیی).
جێناوی لکاو لە کاری (تێنەپەڕ / لازم)دا:
بەڵام ئەگەر کردارەکە (کاری تێنەپەڕ / فعل لازم) بوو وەک (بارین، فڕین، خزین، وەرین، پژمین) ئەو کاتە لە دۆخی ڕابردوودا کەڵک لەم جێناوە لکاوانەی (…م، …یت، … ـــ / …ین، …ن، …ن) وەردەگرین. ئەگەر قەدی کردارەکە بە …ـــیـــ کۆتاییی هاتبێت لە کاتی خستنەسەری ئەو جێناوانەدا نابێت …ـــیـــ لەبیر بکرێت. نموونەی گەردانکراو:
فڕین؛ فڕیــ م = فڕیم = من فڕیم، فڕیــ یت = تۆ فڕیـــیـت، فڕیــ ـ = فڕی = ئەو فڕی.
تاک: پژمین؛ پژمــیــ ، پژمـــیــــم (من)، پژمـــیــــیت (تۆ)، پژمـــی (ئەو)
کۆ: پژمــیــ ، پژمیین (ئێمە)، پژمین (ئێوە)، پژمین (ئەوان).
پرســـیـــن:
پرســـی + م = پرســـیــم
پرســی + ت = پرســـیـــت
پرســی + ی = پرســـیـــی
دەبێت وا بنووسرێن: من پرسیم، تۆ پرسیت، ئهو پرسیی. (نهک ئهو پرسی).
نموونهی تر:
کاری تێپەڕ: (دزین، بڕین، کڕین، گۆڕین، نووسین)، که له سێیهم کهسی تاکدا دهبنه (ئهو دزیی، ئهو بڕیی، ئهو کڕیی، ئهو گۆڕیی، ئهو نووسیی).
هەروها لە دۆخی کۆی سێیەم کەسی کۆش هەر بە هەمان شێوەیە:
١٩. جێناوی نیشانهی وهک (ئهم، ئهو، ئهڤ)
ئهگهر جێناوی نیشانه، ئاماژه به کات (ڕۆژ، شهو، ساڵ) بکات، پێکهوه دهنووسرێن، وەک:
ئهمڕۆ، ئهمشهو، ئهمساڵ، ئهمجار
ئهمجار سهختتهرهن زامم جه جاران
چڵ مدۆ دایم چــــون گهستهی ماران
ئیمشەو هەم دیسان دەروون پڕخەمەن
ئـــــــەســـــاســـەی مــاتەم جە لامان جەمەن
بهڵام ئهگهر پاش کاتهکه پاشبهندی (ه، ی) بنووسرێت ئهوه جێناوهکه جیا دهبێتهوه:
نــهمردم مـن ئـــهگـــــهر ئهم جاره بێ تۆ
نهچم شهرت بێ ههتا ئهم خواره بێ تۆ
نــهمردم مـن ئـــهگـــــهر ئهمجاره بێ تۆ
نهچم شهرت بێ ههتا ئهمخواره بێ تۆ
ئهم ڕۆژی ساڵی تــــازهیــه نهورۆزه هاتهوه
جهژنێکی کۆنی کورده بهخۆشی و بههاتهوه
ئهمڕۆژی ســاڵی تــــازهیــه نهورۆزه هاتهوه
جهژنێکی کۆنی کورده بهخۆشی و بههاتهوه
٢٠. دوودەنگە
دوودەنگە یان دیفتۆنگ ئەو بزوێنانەن کە زایەڵەی دوو دەنگیان تێدایە. ئەمانە پێویست ناکات پیتی تایبەتییان بۆ دابنرێت و هەر بە شێوەی دووپیتی دەنووسرێن: “وێ“، “وی“.
شــوێــن، نــوێـــن، کـــوێ، خـــوێ، گـــوێــلک، ســـوێـــند.
تەنانەت لە شێوەزاری کوردیی خواروو (کەلهوڕی، گۆرانی، لەکی، فەیلی)ش هەر بەو شێوەیە دەبێت بنووسرێت و پێویست ناکات پیتی جیاکاری بۆ دابنرێت:
بیستــویـــن (بێستوون)، چـــوی (چۆن)، زوی (زوو)، دوێـــت/دویــەت (کچ)، خــویـــن (خوێن).
تاقیکاری: فەرموو زانیارییەکانت لە “ئەلفبێ”دا تاقی بکەرەوە:
تاقیکاری لەسەر ئەلفبێی زمانی کوردی
٢١. وشەی لێکدراو (مرکب)
ههندێک جار دوو یان چهند وشه، که ههر کامهیان بۆ خۆی واتایهکی تایبەتی ههیه، پێکهوه کۆ دهبنهوه و پێکەوە واتایهکی نوێتر پێک دههێنن و پێیان دەوترێت (وشهی لێکدراو). وشهی لێکدراو دهبێت بلکێن به یهکهوه و نابێت (بۆشایی space) بخرێتە نێوانیانەوە، وەک:
تێبینی: ژمارەی لێکدراو، پێکەوە نانووسرێت، چاو لە خاڵی ٣٢ بەشی ژمارەی لێکدراو بکەن.
گرنگترین جۆرەکانی وشەی لێکدراو بە یارمەتیی مۆرفیمێکی پێوەندی (interfix)ێک لێک دەدرێن کە لە زمانی گشتیدا پێی دەوترێت “ناوبەند” و دەبێت پێکەوە بنووسرێن:
وشەی لێکدراو: | ||||
مارماسی، شاهەنگ، تەختەکلیل |
||||
ە | مانگەشەو، گوڵەگەنم، ژنەپێشمەرگە | |||
بە |
دەربەدەر، نیشتمانبەدەر، جێبەجێ |
|||
و | ناو | |||
ناو | قەد | ڕۆژهەڵات، دەستکرد، دەستکەوت | ||
ناو | و | قەد | دەستوبرد، | |
گوێدرێژ، چاوجوان، کانیکەوە |
||||
کونکون، پڵپڵ، گرنجگرنج |
||||
لرفەلرف، گڤەگڤ، خشەخش |
||||
هاتەهات، تەپەتەپ، سووڕەسووڕ، مڕەمڕ |
||||
ترسولەرز، مشتوماڵ (مشتن، ماڵین)، |
||||
ڕەشمار، زەرداو، ڕەشماڵ |
||||
یەکشاخ، دوودڵ، چوارچرا، هەزارپێ، سێشەممە |
||||
بەربانگ، بەرماڵ، بنباخەڵ، ژێرکراس |
||||
تێبینی: بۆ دۆزینەوە ڕەگی کار فەرموون چاو لەم خشتەیە بکەن: ڕەگی کار.
وەک وتمان ناوی لێکدراو کە بە بزوێنی “ە” چێ دەکرێت دەبێت پێکەوە بنووسرێت، گوڵەگەنم، مانگەشەو، بەڵام نابێت ئەوە تێکەڵ بکەین لەگەڵ “ە”ی نووسینی ناو بە هاوەڵناو:
“ە“ی نووسینی ناو بە هاوەڵناوەوە دەلکێتە کۆتاییی وشەی یەکەم، بەڵام بۆشاییی دەبێت لەگەڵ وشەی دووەمەوە، نموونە:
شەوە گەرمەکە، بەفرە زۆرەکە، کچە جوانەکە، منداڵە بزێوە جوانە چاوشینەکە. (نەک: شەوەگەرمەکە، بەفرەزۆرەکە، کچەجوانەکە، منداڵەبزێوەجوانەچاوشینەکە). چونکە هاوەڵناوەکان لەگەڵ وشەکەدا وەک وشەی لێکدراو هەژمار ناکرێن و پێناسەی وشەکە دەکەن و دەتوانێت زۆر زۆریش درێژ ببێت کە ئەگەر پێکەوە بنووسرێن زۆر دوورودرێژ دەبن.
٢٢. چاوگی لێکدراو
چاوگی لێکدراو یان هەمان فرمان یان کرداری لێکدراو، بەو کردارانە دەوترێن کە بە یارمەتیی ناو یان هاوەڵناوێکی (سادە، داڕێژراو، لێکدراو) لەگەڵ کردارێکدا چێ دەکرێن، بەتەنیا واتای خۆیان هەیە و پێکەوە کرداری لێکدراو چێ دەکەن، وەک: