لەلایەن: دیاکۆ هاشمی

بڵاوکردنەوە 2016-03-23

دوانوێکردنەوە: 2023-09-05

 خاڵبەندی  شێوەی PDF

خاڵبەندی

Punctuation

پێشه‌کی

  1. خاڵ (.)
  2. جووتخاڵ (:)
  3. بۆر (،)
  4. خاڵبۆر (؛)
  5. نیشانه‌ی پرس (؟)
  6. نیشانه‌ی سه‌رسوڕمان (!)
  7. جووتەکه‌وانه‌ی بچووک « »
  8. جووته‌که‌وانه‌ی گه‌وره‌ ( )
  9. هێڵ یان ته‌قه‌ڵ (ـ)
  10. سێخاڵ (…)
  11. بۆشایی
  12. هێڵی لار (/)، (\) و پیتی (ر)

   پێشهکی 

خاڵبەندی ئەو نیشانانەن کە لە پێوەندیی نووسراویدا خوێندنەوەی ڕستەکان بێهەڵە و ئاسان دەکەن، کورت و درێژی و شوێنی گت و وچان لە ڕستەدا دەستنیشان دەکەن. وا دەکەن کە ڕستەکان بە شێوەی پرسیاری، سەرسوڕمان یان دەربڕینێکی سادە هەست پێ بکرێن.

بەشێکی زۆری ڕێساکانی خاڵبەندی نێونەتەوەیین و یاساکانیان چونیەک و گشتگیرن. بەشێکیان لە ئەلفبێیەکەوە بۆ ئەلفبێیەکی تر، بواری بەکارهێنانیان دەگۆڕێت. نیشانەکانی خاڵبەندی دەق لە ڕووی سینتاکس و واتاوە دابەش دەکەن.

هەر دەقێک که خاڵبهندی تێیدا ڕهچاو نهکرابێت، دهبێته هۆی ئەوەی کە خوێنەر سەری لێ بشێوێت و لە نووسراوەکە بەهەڵە تێ بگات.  چاو لەم ڕستەیە بکەن کە چۆن بە جێگۆڕکێی بۆر ، بەتەواوەتی واتای ڕستەکە دەگۆڕێت:

بەزەیی، پێویست نییە بیگرن.

بەزەیی پێویست نییە، بیگرن!

هەر بۆیە زۆر گرنگە لە خاڵبەندیدا وردبین بین. لێرە هەوڵ دەدەین گرنگترین ئەرکەکانی نیشانەکانی خاڵبەندی بخەینە بەر چاو.

 یهکهم: خاڵ (.)

خاڵ (.)، لەم شوێنانەدا دادەنرێت:
١. بۆ کۆتاییپێهێنانی ئەو ڕستانەی کە وتە یان دەربڕینێک پێک دەهێنن، نموونە:

نهورۆز یهکهم مانگی کوردییه. 

دوێنێ نامهکهم نووسی.

تێبینی: خاڵ پاش نیشانە جیاکەرەوەکانی تری وەک نیشانەی پرسیار و نیشانەی بانگکردن دانانرێت:

نامەکەت نووسی؟ (هەڵە: نامەکەت نووسی؟.)

نامەکە بنووسە! (هەڵە: نامەکە بنووسە!.)

٢. له دوای یهکهم یان یەکەم و دووهم پیتی ناوێک که پێش ناوهێنانی پاشناوهکهی بکهوێت، وهک:

ع. شهرهفکهندی

م. م. بهدرخان

٣. بۆ کورتکردنهوهی هەندێک نازناو و پیشە و ڕێکهوت، دوای یهکهم یان دووەم پیت دادهنرێت، وهک:

پێغهمبهر (د. خ.) 

پ. عیزهدین مستهفا ڕهسووڵ (پرۆفیسۆر)

د. سۆران (دوکتۆر)

مادهکان ٧٠٠ ساڵ پ. ز. (پێش زایین) سهریان ههڵدا.

٤. لە کاتی کورتکردنەوەی هەندێک ناو کە لە چەند وشە پێک هاتوون:
ی. ن. ک. (یەکێتیی نووسەرانی کورد)

تێبینی: ئەگەر ئەو پیتانە کەوتنە کۆتاییی ڕستەوە ئیتر بۆ کۆتایی پێهێنانی ڕستەکە خاڵی تر دانانرێت: 

ئەو بوو بە ئەندامی ی. ن. ک.

واتە: ئەو بوو بە ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی کورد.

٥. لەدوای سەردێڕی سەرەوەی دەقێک، تەنانەت ئەگەریش سەردێڕەکە ڕستەیەکی تەواو بێت، خاڵ دانانرێت. نموونە:

خۆر بەشێک لە گەلەستێرەیە
خۆر ئهستێرهیهكی گهوره و مهزنه، ٩ ههساره بە دەوری خۆردا دهسووڕێنهوه. یەک یان چەند مانگ به دهوری ههر كام لهم ههسارانەدا دەسووڕێنهوه. ئهمانه سهرجهم پێیان دهوترێت كۆمهڵهی خۆری.
كۆمهڵهی خۆری بهشێكی زۆر زۆر زۆر بچووكه له كۆمهڵێ ئهستێرهی تر كه پێیان دهوترێت كاكێشان یان گهلهستێره.  له بۆشاییدا گهلهستێره زۆر ههن. وا دهخهمڵێنرێت كه پتر له ١٧٠ میلیارد گهلهستێره لە بۆشاییی بینراودا ههبن.

بەڵام ئەگەر سەردێڕەکە بوو بە بەشێک لە دەقەکە ئەو کاتە لە کۆتاییی ڕستەکەدا خاڵ دادەنرێت: 

خۆر بەشێک لە گەلەستێرەیە. خۆر ئهستێرهیهكی گهوره و مهزنه، ٩ ههساره بە دەوری خۆردا دهسووڕێنهوه. یەک یان چەند مانگ به دهوری ههر كام لهم ههسارانەدا دەسووڕێنهوه. ئهمانه سهرجهم پێیان دهوترێت كۆمهڵهی خۆری.
كۆمهڵهی خۆری بهشێكی زۆر زۆر زۆر بچووكه له كۆمهڵێ ئهستێرهی تر كه پێیان دهوترێت كاكێشان یان گهلهستێره. له بۆشاییدا گهلهستێره زۆر ههن. وا دهخهمڵێنرێت كه پتر له ١٧٠ میلیارد گهلهستێره لە بۆشاییی بینراودا ههبن.

تێبینی: بەڵام ئەگەر سەردێڕەکە لە چەند ڕستە پێک هاتبێت، ئەوا لە کۆتاییی ڕستەکان خاڵ دادەنرێت بەڵام لە دواڕستەی سەردێڕدا خاڵ دانانرێت:

خۆر بەشێک لە کۆمەڵەی خۆرییە. کۆمەڵەی خۆری بەشێک لە کاکێشانە
خۆر ئهستێرهیهكی گهوره و مهزنه، ٩ ههساره (planet) بە دەوری خۆردا دهسووڕێنهوه. یەک یان چەند مانگ به دهوری ههر كام لهم ههسارانەدا دەسووڕێنهوه. ئهمانه سهرجهم پێیان دهوترێت كۆمهڵهی خۆری (Solar System).
كۆمهڵهی خۆری بهشێكی زۆر زۆر زۆر بچووكه له كۆمهڵێ ئهستێرهی تر كه پێیان دهوترێت كاكێشان یان گهلهستێره (Galaxy). له بۆشایی (space)دا گهلهستێره زۆر ههن. وا دهخهمڵێنرێت كه پتر له ١٧٠ میلیارد گهلهستێره لە بۆشاییی بینراودا ههبن.

٦. ههندێک جاریش له جیاتیی نیشانهی سهرسوڕمان، له دوای ئهو ڕستانهدا دادهنرێ که داواکارییان تێدایه، وهکوو:
وهڵامهکانتان بهراورد بکهن.

٧. ئهوڕۆکه کاتێک له پرۆگرامێکی وەک (وۆرد Word)دا بتەوێت دێڕهکانت به ژماره دیاری بکهیت، خۆی خۆکار پاش
ژمارهکان خاڵ دادەنێت، وهک ئەو خاڵانەی کە دوای ژمارەکانی خوارەوەدا دانراون:

  1. مرۆڤ بۆی ههیه بیروڕای خۆی دەرببڕێت.
  2. کهس بۆی نییه بیروبۆچوونی کەسێکی تر بخاته ژێر پرسیارهوه.
  3. هەمووان لە کۆمەڵگادا مافی یەکسانیان هەیە.

سهرنج: خاڵ دەبێت بلکێنرێت به وشهکهی پێش خۆیەوە و لەگەڵ وشەی پاش خۆیدا بۆشاییی هەبێت.

نیشانەی خاڵ لە ناو کەوان یان لە دەرەوەی کەوان؟

هەر کاتێک نووسراوەیەک بکەوێتە ناو کەوانێکەوە، ئەگەر نووسراوەکە ڕستەیەکی تەواو بێت و کۆتاییی پێ هاتبێت ئەوە نیشانەی خاڵیش دەکەوێتە ناو کەوانەکەوە، ئەگینا دەکەوێتە دەرەوەی کەوانەکە.

٨. ڕێکەوت بە شێوەی جۆربەجۆر دەنووسرێت، پێوانەکەی ئەمەیە:

١٩٤٦/٠١/٢٢

٢٢ی/خاکەلێوەی/١٩٤٦

کۆماری کوردستان لە ڕێکەوتی ١٩٤٦/٠١/٢٢ لە شاری مەهاباد ڕاگەیەنرا.

 دووهم: جووتخاڵ (:)

جووتخاڵ کە دووخاڵیشی پێ دەوترێت لهم شوێنانهدا دادهنرێت:
١. له پێش ئاخاوتنێکهوه که وهک خۆی بگێڕدرێتهوه، یان بگوترێت، وهک:
ئاسۆ وتی: «من خهڵکی کوردستانم.» 

تێبینی: وەک دەبینن ئەم ڕستەیە کەوتووەتە ناو جووتەکەوان ەوە، چونکە ڕستەکە سەربەخۆیە و کۆتاییی پێ هێنراوە، هەر لەبەر ئەوە نیشانەی خاڵ (.) دەخرێتە ناو جووتکەوانەکەوە.

٢. له دوای وشه یان باسێک که پێویستی به ڕاڤه و لێکدانهوه بێت، وهک:
میرنشینه کوردییهکان بریتی بوون له: ئهردهڵان، سۆران، بادینان، بابان، ههکاری و بۆتان.

٣. پێش هێنانهوهی نموونه، له بری: (بۆ وێنه، وهکوو، بۆ نموونه )، لهم دۆخهدا دهتوانرێت تهقهڵێکیش دوای دووخاڵەکە دابنرێت، وهکوو:
ئاسمانی ئهدهبی کوردی پڕه له ئهستێرهی درهوشاوه:- نالی، مهحوی، گۆران، هێمن و هتد.

٤. زۆر جار له نێوان کاتهکانی کاتژمێرێکدا هێمای جووتخاڵ بهکار دەهێنرێت، وەک:

١٢:٢٠:١٠

(کاتژمێر ١٠ و ٢٠ خولهک و ١٢ چرکه).

تێبینی: چونکە نووسراوەی ناو کەوانەکە ڕستەیەکی تەواو نییە، هەر لەبەر ئەوە نیشانەی خاڵ لە دەرەوەی کەوانەکە دادەنرێت.

سهرنج: جووتخاڵ دهبێت بلکێنرێت به وشهکهی پێشیهوه و لەگەڵ وشەی دوایدا بۆشاییی ههبێت.

 سێیهم: بۆر (،)

بۆر نیشانهی پشوویهکی کورته، لهو شوێنه دادەنرێت که وا له ڕستهکه بکات ئاسان بخوێنرێتهوه، ڕوون بێت و بهباشی تێ بگەیەنرێت. بۆر، چارهسهرێکی باشه بۆ ڕستهی دوورودرێژی پشووبڕ.

بۆر (،) لهم شوێنانه دادەنرێت:

١. له دوای ناوی بانگکراوهوه، وهک:
کچینه، ههوڵ بدهن، به ههوڵدان دهگهنه ئامانج.

٢. له نێوان جێگر و جێلێگیراودا، وهک:
مهستوورهی کوردستانی، هۆنهر و مێژوونووس، له ڕۆژههڵاتی کوردستاندا دهژیا.

٣. لهو شوێنانهی که ژماردن و دووپاتبوونهوهی تێدایه، وهک:
خوێ، ڕۆن، پیاز و برنج ههموو ئهو شتانەن که پێویستن.
زانیارییهکی باش، باشی ههبوو.

٤. بۆ جیاکردنهوهی وشهی سهرسوڕمان و وشهی بانگلێکراو له ڕستهدا، وهک:
ئۆف، چ ههوایهک!
ئاخ، کوردستانەکەم!

٥. بۆ دابڕینی زنجیره وشهیهک له یهکتر که دوو دوو و پێکهوه بهکار هێنرابن، وهک:
پێشمهرگه به برسیهتی و تینوویهتی، به هیلاکی و ماندوویهتی، کۆڵی لێ نادات.

٦. له دوای گێڕانهوهیهکی ڕاستهوخۆ، بۆ نموونه ئهگهر قسهکهر، قسهیهکی کۆنی خۆی بگێڕێتهوه، وهک:
خۆم وتم، چێکردنی ماڵپهڕ زۆر ئهستهم نییه.

٧. لەپێش ئامرازی لێکدهری (وه، یا، یان)هوه، به مهرجێک نهکهوتبێته سهرهتای ڕستهوه، وهک:
نه تۆ هاتبووی بۆ کۆبوونهوهکه، وه نه ئاراسی هاوڕێت.
یا نامهکه بنووسه، یان پهڕتووکهکه بخوێنهرهوه.

٨. له دوای وشهی (بهڵێ، نه و نهخێر)هوه، وهک:
بهڵێ، نامهکهم نارد.
نه، لهو کاتهدا ناتوانم بهشدار بم.

٩. له باتیی فرمانێک بۆ ئهوهی دووپات نهبێتهوه، وهک:
من دهچم بۆ سلێمانی و ئهویش، بۆ ههولێر.

١٠. له ڕستهی لێکدراودا، دهتوانرێت له بری ئامرازی لێکدهری (و) بهکار بهێنرێت، وهک:
شنۆ ویستی بچێت بۆ شایی، جلی لهبهر کرد، خۆی ڕازاندهوه، تهلهفۆنی له هاوڕێکانی کرد، یهکیان گرت، خۆیان گهیانده شایییهکه.

١١. دهتوانرێت له بری (که)ی لێکدهر له ڕستهدا بهکار بهێنرێت، وهک:
پێم خۆشه، پێکهوه بچین بۆ سینهما.
سوپاست لێ دهکهم، سهرت لێ دام.

سهرنج: بۆر (،) دهبێت بلکێنرێت به وشهکهی پێشیهوه و لەگەڵ وشەی دوای خۆیدا بۆشاییی ههبێت.

 چوارهم: خاڵبۆر (؛)
خاڵبۆر بۆ وچانگرتنێکی درێژتر له بۆری ساده، بهکار دههێنرێت. زۆر جار، لهو ڕستانهی که زۆر لێک نزیکن له باتیی خاڵ دادهنرێ، وهک:
لهم ساڵانهی دوایییهدا، کوردێکی زۆر پهڕیوهی ههندهران بوون؛ کوردهکان دهتوانن سوودێکی زۆر به گهلهکهیان بگهیهنن.

 پێنجهم: نیشانهی پرس (؟)
نیشانهی پرس، دهخرێته کۆتاییی ئهو ڕستانهی که پرسیاریان تێدایه، وهک:
١. پێنووسهکهت چی لێ کرد؟
٢. ئایا دهزانی یهکهم ڕۆژنامهی کوردی چ ساڵێک دهر چوو؟

 شهشهم: نیشانهی سهرسوڕمان (!)
ئهم نیشانهیه ههم بۆ سهرسوڕمانه، ههم بۆ ئهمرکردن یان داواکردنه.
١. له کۆتاییی ئهو وشانه، یان ئهو ڕستانهی که سهرسوڕمان، یان پهژارهیی، یان ههستێکی دهروونیی تێدایه، بهکار دههێنرێت، وهک:
چ ههستێکی بهسۆز!
چهند دهنگت خۆشه!
ئای! ئهوه لێرهیت!
ئۆخهی! ئاڵای کورد ههڵکرا.
ئای لهو مانگه! چ جوانه!
٢. ههندێ جار له کۆتاییی ئهو ڕستانهی که فرمانپێدان یان داواکردنیان تێدایه، بهکار دهبرێ، وهک:
بڕۆ دهرهوه!
دهرگاکه داخه!
بهجێم مههێڵه!

 حهوتهم: جووتەکهوانهی بچووک « »
ههندێ جاریش هێمای له جیاتیی جووت کهوانهی بچووک بهکار دهبهن و، لهم شوێنانه بهکار دهبرێ:
١. کاتێ بمانهوێ گرنگیی تایبهتی بدهین به وشهیهک، یان دهستهواژهیهک، یان ڕستهیهک، دهیخهینه ناو ئهو هێمایانهوه، وهکوو:
زانایان «زمان» به کۆڵهکهی نهتهوه دادهنێن.
من مێژوو به چرای تاریکستانی داهاتوو دهزانم.
کاتێ بتوانین «ئهلفبێ جۆربهجۆره کوردییهکان» بکهین به «یهک ئهلفوبێ»، ئهو کاته گهلێ کێشهمان چارهسهر دهبێ.
٢. وتهیهک که ڕاستهوخۆ دهگێڕدرێتهوه و ناشکێنرێت و دهستکاری نەکرێت، دهخرێته ئهو ناوهوه، وهک:
پیاوه گهنجهکه وتی: ڕاست دهکهی، ئێمه یارمهتیت دهدهین، من ڕابین هوودم.
قازی موحهممهد، چاونهترس ڕووی تێ کردن: «ئێوه ئهمڕۆ قازی موحهممهدێک دهکوژن، سبهینێ له ههر دڵۆپه خوێنێکی من، سهدان قازی موحهممهدی تر سهر ههڵدهدهن.»
سهرنج: ئهگهر ڕستهکه به خاڵ، بۆر، هێمای پرسیار، هێمای سهرسوڕمان و هتد کۆتاییی هات،
ئهوانهش دهخرێنه ناو کهوانهکانهوه.

دەقگێڕانەوە لەناو دەقگێڕانەوە

دەقگێڕانەوەی ناو دەقگێڕانەوە
دەقگێڕانەوەی یەکەم لەناو جووتنیشانەی دادەنرێت، دەقگێڕانەوەی دووەم لەناو تاکنیشانەی دادەنرێت.
نموونە:
لە کتێبەکەدا نووسراوبوو کە ماسیگرە سەرلێشێواوەکە هاواری کرد سەیری ئەو دەیدامە بکەن پاشان بێدەنگ بوو.

نموونەی تر:
دادوەرەکە چاویلکەکەی لەسەر چاوەکانی دانا و بە دەنگی بەرز خوێندیەوە: لە لێپرسینەوەکەدا شایەتەکە وتوویەتی کە چەند پیاوێک لە دەوری خانووەکەدا دەسووڕانەوە هەر بۆیە تاوانبارەکان چەند کەسێکن.

 ههشتهم: جووتهکهوانهی گهوره ( )
جووتەکەوانەی گهوره به چهند مهبهستێک بهکار دهچێ:

١. وشهیهک، یان ڕستهیهک دهخرێته نێوانی، که واتایهکی تایبهتیی تری ههبێت، وهک:
پیرهمێرد (حاجی تۆفیق) له وهرگێڕانی هۆنراوهدا، دهستێکی باڵای ههبوو.
شاری سلێمانی (که کەوتووەتە دامێنی چیای ئهزمهڕ) سلێمان پاشای بابان بنیادی ناوه.
٢. وشهی بێگانه، وهک:
ئاگرهدیوار (firewall) پێش به خۆترنجێنهران دهگرێ بۆ ناو کۆمپیۆتهرهکهت.
میری (حکومت) فرمانی کاولکردنی ناوچهکهی زوو دهرکردبوو.
بۆ نووسین به کوردی پێویسته تهختهکلیل (keyboard)ێکی کوردی دامهزرێنی.

٣. ساڵی دهستپێک و کۆتاییی ڕووداوێ، یان ساڵی لهدایکبوون و کۆچکردنی کهسێ، وهک:
سنووری دهوڵهتی حهسنهوی (٩٤١ ـ ١٠١٤) که پاره و پوولیشیان ههڵکهندبوو، ههمهدان، مههاباد،
کرماشان و شارهزوور بوو.
حهمه پاشا (١٧٨٣ ـ ١٨٤٦)، که به پاشای کۆره بهناوبانگه، توانیی له ساڵی ١٨٢٠دا سهربهخۆییی کوردستان له ڕهواندز ڕاگهیهنێ.
تێبینی: کهوان که دادهخرێ نابێ بکلێنرێ به وشهکهی پاشیهوه، بهڵام ئهگهر وشهکه هێشتا تهواو نهبوو دهبێ بلکێت به کهوانهوه، وهک:
ئهمساڵ (حج)ێکی کرد.
وشهی (file)یان له کوردیدا کرد به «پهڕگه».
سهرنج: وشهکانی ناو کهوانهکان نابێ لهگهڵ کهوانهکاندا بۆشایییان ههبێ.

 نۆیهم: هێڵ یان تهقهڵ (-)
ئهم نیشانهیه لهم شوێنانهدا بهکار دههێنرێت:
١. بۆ جیاکردنهوهی دوو کهسی گفتوگۆکهر، بۆ ئهوهی هێنده نهنووسرێ وتی، وهک:
سۆز ڕووی کرده ئاکۆ و وتی:
ـ ئاکۆ، گوێت له سهربازهکانه؟
ـ بهڵێ، دیاره ههر به دوامان دهگهڕێن.
ـ تۆ بڵێی بماندۆزنهوه؟
ـ خهمت نهبێ، ناتوانن.
ـ ئهگهر کوژرام، دڵنیا به له گۆڕیشا ههر خۆشم دهوێی.

٢. دهتوانرێ له بری ئهو کهوانه گهورهیه بهکار بهێنرێ که له خاڵی یهکهمی جووته کهوانهی گهورهدا باسمان کرد، وهک:
پیرهمێرد ـ حاجی تۆفیق ـ له وهرگێڕانی هۆنراوهدا، دهستێکی باڵای ههبوو.
دهتوانی ههرچهنده میوه ـ جگه له مۆز ـ پێت خۆشه، بخۆی و، سهرهڕای ئهوهش کێشهکهت دابهزێ.
٣. له نێوان ژماره و ژمێرراودا، ئهگهر کهوته سهرهتای ڕستهوه، ههر چهند دهکرێ خاڵیش دابنرێ، وهک:
ههندێ له مهرجهکانی بڵاوبوونهوهی بابهت بریتین له:

١ـ بابهتهکه دهبێ سوودگهیهنهر بێت.
٢ـ ڕهچاوکردنی ڕێنووسی کوردی.
٣ـ ڕهچاوکردنی خاڵبهندی.
٤ـ سهرچاوهکان دهبێ دیاری کرێن.

وهک وتمان دەشکرێت خاڵ دابنێین:
١. بابهتهکه دهبێ سوودگهیهنهر بێت.
٢. ڕهچاوکردنی ڕێنووسی کوردی.
٣. ڕهچاوکردنی خاڵبهندی.

٤. له کۆتاییی دێڕێکدا ئهگهر ههموو وشهکه جێی نهبووهوه و ویستت بهشێک له وشهکه ههر لهو دێڕه بنووسی تهقهڵ دادهنێی، وهک:
ڕێباــ
زهکان

تێبینی: لهم شوێنانه تەقەڵ پێویست  نییە:
کاتی ئاوهڵابوونی شوێنێک:

کاتژمێر ١٢-٠٩
له ههفتهیهکدا ٨-٧ کیلۆمەتر هەڵدێت.

 دهیهم: سێخاڵ ()
ئهم «سێ خاڵ»ه له بری وشه، یان ڕسته، که قرتێنراوه، به مهبهستی کورتکردنهوه، بهکار دەهێنرێت، وهک:
من سنه، کرماشان، مههاباد، سلێمانی، کهرکووک و م چاو پێ کهوتووه.
له کوردستاندا نهوت، ئاسن، زێڕ، زیو، گۆگرد و دهست دەکەوێت.
بیستووته ؟
فریام کهون! فریام کهون! فر

سهرنج:
١. ئهگهر له نیوهی وشهکهدا پێویست به سێخاڵ ههبوو ئهوه دەلکێت به وشهکهوه ئهگینا دەبێت سهربهخۆ بنووسرێت.
٢. ژمارەی ئەو خاڵانە تەنیا سێ دانەن و نە زیاتر ()، هەندێ کەس لە خۆڕا ئەو خاڵانە بە کەیفی خۆیان دادەنێن، ئەوە هەڵەیە و دەبێت تەنها سێ خاڵ بن. نموونە:

دروست: من تۆم خۆش دەوێت
هەڵە: من تۆم خۆش دەوێت ..
هەڵە: من تۆم خۆش دەوێت

بەڵام ئەگەر ڕستەیەک بنووسیت و بتەوێت خاڵ دابنێیت بۆ ئەوەی ڕێک لەسەر ئەو خاڵانە چەند وشەیەک بنووسرێن، ئەوە قەی ناکات خاڵەکان درێژ بکەیتەوە، چونکە نازانیت چەندە بۆشایی پێویستە تا جێی وشەکان بکاتەوە. نموونە:
خەڵکی گوند . دەچێنن.
لەوانەیە کۆمەڵێک شت هەبن کە پێویست بن لەوێدا بنووسرێن وەک: گەنم، جۆ، گەنمەشامی، سەوزە، ئەگەر خاڵەکان درێژتر نەکەیت شوێنی ئەو وشانە نابێتەوە.

 یازدەیەم: بۆشایی (space)
به مهودای نێوان دوو وشهی سهربهخۆ دهڵێن «بۆشایی». ئهمه زیاتر له نووسین به کۆمپیۆتهر و کهرهستهی نووسین زۆر گرنگه. سهیری ئهم نموونهیه بکهن:
(ئاڵای شهکاوه ـ ئاڵایشهکاوه)
له یهکهمدا بۆشایی ههیه، له دووهمدا بۆشایی نییه. دیاره ئهوهی یهکهم ڕاسته.

یان کەسانێک هەن کە هەندێک جار لهو شوێنانهی که پێویست به «بۆشایی» ناکات، بۆشایی دادهنێن، وەک:
له گه ڵ که دەبێت وا بنووسرێت: لهگهڵ.

نووسهر دەبێت بزانێت له چ شوێنێکدا بۆشایی پێویسته، یان پێویست نییه، ئهگینا وشهکان واتای ههڵه دهدهنه دهستهوه و تێگهیشتنیان قورس دهبێت.

سهیری چهند نموونهیهک بکهن:
(باسکرا) دهبێ بۆشاییی ههبێ: (باس کرا).
(وامهکه) دهبێ بۆشاییی ههبێ: (وا مهکه).
(جێیهێشت) دهبێ بۆشاییی ههبێ: (جێی هێشت).
(خۆشمدهوێی) دهبێ بۆشاییی ههبێ: (خۆشم دهوێی).

تێبینی

١. (و)ی پێوەندی، وشهیهکی سهربهخۆیه و دەبێت ههموو کاتێک لهگهڵ وشهکانی پێش و پاشیهوه بۆشاییی ههبێت: هەڵە: کچو کوڕ، دروست: کچ و کوڕ.
٢. وشەی لێکدراو دەبێت هەمیشە پێکەوە بنووسرێت:  کرێ + کار = کرێکار، نەک: کرێ کار
٣. وشەی داڕێژراو دەبێت هەمیشە پێکەوە بنووسرێت: پێک + هێنان = پێکهێنان، نەک: پێک هێنان

هەڵە دروست
کرێکارو وەرزێر کرێکار و وەرزێر
گڕو تین گڕ و تین
خۆڵ کێش خۆڵکێش
وێنە کێش وێنەکێش
سکاڵا نووس سکاڵانووس
لە گەڵ لەگەڵ
باوک مردوو باوکمردوو
جێ ژوان جێژوان
لێ کەوتن لێکەوتن
پێ دان پێدان

لهم هۆنراوهیهی مامۆستا هێمندا، دهبینن که دانانی بۆشایی له (کهماڵ)دا چهنده ماناکە دهگۆڕێ:

هەڵە
کهماڵت بێ کهماڵت بۆ چییه لهو شاره وێرانه؟
کهماڵی دهوڵهمهندی دی، گوڵم نهیویست کهماڵی من

که دیاره دەبێت ئاوا بنووسرێت:

که ماڵت بێ، کهماڵت بۆ چییه لهو شاره وێرانه؟
که ماڵی دهوڵهمهندی دی، گوڵم نهیویست کهماڵی من


 

 دوازدهیهم: هێڵی لار (/)، (\) و پیتی (ر)
١. بۆ نووسینی ڕێکهوت که به ژماره دەنووسرێت، کهڵک له هێڵی لاری (/) وهردهگرین، وهک:
شاری کهرکووک له ٢٠٠٣/٠٤/١٠ ڕزگار کرا.

٢. بۆ نووسینی «دابهشکردن» لهناو دەقێکدا که پیتی تێدا بهکار چووه، کهڵک له هێڵی لاری (\)
وهردهگرین، وهک: خێراییی تێشک (٣٠٠ ههزار کم\چرکه)دایه.

٣. جاران لەناو ژمارەدا لە باتیی دابڕ (ممیز) کەڵک لە پیتی (ر) وەردەگیرا، وەک:

٢٣ر٠
٤٨ر١٢

بەڵام ئەوڕۆکە تەنیا کەڵک لە هێمای دابڕی بۆر (کۆما) کەڵک وەردەگیرێت:

٠,٢٣

١٢,٤٨

دەرەنجام

ڕهچاوکردنی خاڵبهندی دهبێته هۆی ئهوهی که نووسهر مهبهستهکهی بهباشی بگهیهنێته خوێنهر و، خوێنهریش بهههڵه له مهبهستهکه تێ نهگات.

ژێدهر

  1. زمان و ئهدهبی کوردی، بۆ پۆلی شهشهمی ئامادهیی، وهزارهتی پهروهرده، ساڵی ١٩٨٢.
  2. Vuxen svenska, etapp 2 & 3, 1988 
  3. http://www.fritext.se/svmall.html