مەحوی و گەشەی زمانی کوردی

كانونی دووه‌م 15, 2023 Diyako Hashemi

2023-01-15

مەحوی و گەشەی زمانی کوردی

نووسین: دیاکۆ هاشمی

زمانی کوردی، وەک هەر زمانێکی تر، بە شێوەی جۆربەجۆر لە گەشەسەندندایە. یەکێک لەو گۆڕانکارییانە لە بواری ئەلفبێدا بووە.

لە نووسینی کوردیدا لە پێشدا وەک فارسی و عەرەبی، ئەو بزوێنانەی کە بە اعراب ناسراون، وەک سەرە، بۆرە و ژێرە (فتحە، ضمه و کسره) بەکار دەهێنران. بەڵام بەرەبەرە ئەوانە پیتیان بۆ دیاری کرا.

لەم شیعرە جوان و ناسکەی مەحوییەدا بەجوانی دیارە کە لەو سەردەمەدا هێشتا سەرە و بۆرە و ژێرە نەبووبوون بە پیت:

خەتتی دەوری لێوی ئاڵت ئەی مەسیحا لام و بێ
هەر لە جامەی سەبز ئەچێ بۆ غەین و نوون و چیم و هێ
غونچە بازاڕی نەزاکەتداری و تەنگیی شکاند
هەر کە زاهیر بوو لە دەوری باغی حوسنت لام و بێ
لەبشەکەر تا کەی لە حەسرەت خاڵی موشکینت، دڵم
داغدار و خەستە بێ وەک لام و ئەلف و لام و هێ
لالەڕووخسارم لە سایەی ئەشکی خوێنینڕەنگەوە
چونکە ڕووسوورم لە قاپیی عەین و شین و قاف و تێ
عیشقت ئەی جانا منی ڕیسوایی عالەم کردووە
چاکە ئینسافت ببێ بۆ ئەلف و سین و تێ و هێ
ئێستە بۆ لاف و گەزاف هەر کەس دەبینی عاشقە
نەک هەموو کەس جانفیدا وەک میم و حێ و واو و یێ
مەحوی ئەمڕۆ زۆر نەخۆشە قەت شیفای نایێ بە هیچ
گەر شیفای بێتن، بە بۆیی زوڵف و ئەو ئەگریجە دێ

ئەگەر چاو لە هۆنراوەیەکی مەحوی بکەین ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێت.

بۆ نموونە مەحوی لەو شێعرە زۆر ناسک و جوان و پڕ لە وشەئاراییەدا (غونچە)ی بە (غنچە) نووسیوە، واتە ئەوەی کە لە عەرەبی و فارسیدا بە بۆر بەناوبانگە (غُنچه) و ئێستە لە کوردیدا بووە بە و لەو کاتەدا باو نەبووە. بۆیە بە غونچە دەڵێت (غەین و نوون و چیم و هێ = غنچە).

هەروەها دیارە لەو کاتەدا بزوێنی ە لە کۆتاییی وشەی (غونچە)ی بە هێ هەژمار کردووە وەک چۆن لە فارسی و عەرەبیدا بە هێ باوە. بەڵام هەموومان ئەوە دەزانین کە ئەو دەنگە ئێستە لە کوردیدا بە بزوێنی ە هەژمار دەکرێت و بە ئە دەخوێنرێتەوە.

هەروەها وشەی (لەب)ی واتە لێوی بە (لب) نووسیوە. دیارە بزوێنی ەی هەر وەک فەتحە/سەرە هەژمار کردووە (لَب). هەموومان دەزانین کە ئێستە بە بزوێن جیا کراوەتەوە: (لەب).

دیسانەوە لە وشەی (لالە)، بزوێنی ەی بە هێ بەکار هێناوە.

دیارە ئەو عیشقیشی بە (عشق) نووسیوە هەرچەند بە (عیشق)یش نووسراوە.

وشەی (ئێستە)ی بە (استە) بەکار هێناوە چونکە دەڵێت: ئەلف و سین و تێ و هێ (استه)، کەوا بێت پێی نەوتووە هەمزە، هەروەها دیسانەوە بزوێنی ەیشی لە کۆتاییدا بە هێ هەژمار کردووە.

هەروەها وشەی (مەحوی)ی بە (محوی) نووسیوە و دەڵێت میم و حێ و واو و یێ (محوی).

کەوا بێت ئەوە بەڵگەیە کە لەو سەردەمەدا بزوێنی ە بەکار نەهێنراوە یان جێگیر نەبووە.

هیچکام لەو خاڵانە ڕەخنە نییە لە مەحوی، بەڵکوو پیشاندەری ئەو ڕاستییەن کە زمانی کوردی بەردەوام خەریکی گەشەسەندنە.

***

نووسینی: دیاکۆ هاشمی