ئامادەکردنی: دیاکۆ هاشمی
بڵاوبوونەوە/نووژەنکردنەوە: 29-07-2018

بۆ کورد زمانێکی هاوبەشی نییە؟

شێوەزارەکانی زمانی کوردی
زارەکانی زمانی کوردی

زۆر کورد ئەو پرسیارە دەکەن و ئاواتی ئەوە دەخوازن کە کوردیش وەک نەتەوەکانی تر بۆ نموونە فارس، عەرەب، سویدی و هتد زمانێکی هاوبەشیان هەبوایە.

لێرەدا هەوڵ دەدەین ئەوە ڕوون بکەینەوە کە ئاخۆ ئەو نەتەوانە توانیویانە زمانی هاوبەش بۆ خۆیان چێ بکەن یان ئەوانیش هەر وەک کوردن.

زمان” و زار

ئەگەر کۆمەڵێک ئاخێوەر بە شێوەیەکی تایبەت بە خۆیان پێکەوە بدوێن و وشەی لێکچوو و هاوبەشیان هەبێت و بەپێی سیستەمێکی هاوبەشی ڕێزمانی وشەکانیان ڕێک بخەن و بەکاری بهێنن ئەوە خاوەنی زمانی تایبەت بە خۆیانن.

ئەگەر ئەو خەڵکە پەرە بستێنن و بەملا و ئەولادا پرشوبڵاو ببنەوە و لە ڕووی جوگرافییەوە لێک داببڕێن، ڕەنگە شێوەی ئاخاوتنەکەیان جیاواز ببێت و لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر هەست بە جیاوازی بکەیت. وردە وردە هەست بە درووستبوونی شێوازی جۆربەجۆر دەکەیت، بەو جۆرە چەند زارێک دەکەونە ئاراوە.

ئەو زارانە زیاتر وەک زاری زارەکی بەکار دەهێنرێن. ڕەنگە یەکێک لەوانە بەرهەمێکی ئەدەبیی پێ بنووسرێتەوە کە کاریگەریی لەسەر بەشەکانی تریش دابنێت. ڕەنگە خەڵکەکە زیاتر بە وشە و پەیڤەکانی ئەو زارە ئاشنا بن. بەرە بەرە ئەوە خۆنەویست جێی خۆی پتەو دەکات و بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زیاتر لە یەکتر تێ بگەن هەر ئەو زارە بەکار دەهێنن. وای لێ دێت ئەو زارە ئەرکی زمانێکی هاوبەش دەگێڕێت.

جاری وایە ئەو خەڵکە پێکەوە دەتوانن چوارچێوەیەکی جوگرافیی سیاسیی هاوبەش بۆ خۆیان جیا بکەنەوە و پێکەوە وەک وڵاتێک بژین، ئەو کاتە ئەو زارە دەکەنە زمانی پێوەر یان زمانی ستاندارد.

زمانی سکاندیناڤی

جاری واشە، هەرچەند جیاوازییەکە کەمە، بەڵام هەر بەشێک بەجیا بۆ خۆی چوارچێوەیەکی جوگرافی جیا دەکاتەوە و وڵاتێک بۆ خۆی درووست دەکات، وەک خەڵکی سکاندیناڤیا کە چەند زاریان هەیە بەڵام هەر کامەیەکیان جیا بوونەتەوە و بۆ خۆیان وڵاتێکی جیایان درووست کردووە. 

ئەمانە لە بنەڕەتدا زمانەکەیان هاوبەشە، زارەکانیان” تۆزێک جیاوازن (سویدی، نەرویجی، دانیمارکی، ئیسلەندی و فارۆئی). ئەگەر لە چوارچێوەی یەک وڵاتدا بژیایەن ئەوە ئەو زمانە و ئەو وڵاتە خاوەنی چەند زاری جیا دەبوو، بەڵام هەر زارێک (لەگەل بنزاراوەکانی ئەو زارە) وڵاتێکی سەربەخۆیان درووست کردووە.

کاتێک ئێمە لە دوورەوە چاو لەو وڵاتانە دەکەین چونکە ناوەکانیان جیا کراونەتەوە، وا دەزانین چەند زمانی جیاواز و چەند وڵاتی جیاوازن، ئەوانە تەنها لە ڕووی جوگرافییەوە جیاوازن، بەڵام لەڕاستیدا لە ڕووی زمانەوانییەوە هێشتا هەر چەند زارن سەر بە زمانێکی هاوبەشن کە دەکرا ناوی زمانی سکاندیناڤی بایێ.

کەوا بێت خەڵکی سکاندیناڤیا کە هەموویان پێکەوە بە قەد باکووری کوردستان نابن نەیانتوانیوە زمانێکی هاوبەش بۆ خۆیان درووست بکەن، بەڵکوو لە یەک دابڕاون و جیا بوونەتەوە و هەر زارێک وڵاتێکی بچووکی بۆ خۆی درووست کردووە، گەورەترینەکەیان سویدە کە کەمتر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. بچووکترینەکەشیان کە دوورگەکانی فارۆئیە کەمتر لە ٥٠ هەزار کەسن.

سەرچاوە: ویکیپێدیا

فارسی”، دەری” و تاجیکی”

ئەوانیش هەمان بەسەرهاتی سکاندیناڤیایان هەیە، فارسی”، دەری” و تاجیکی” چەند زارێکن کە بەپێی پێوەرە ڕێزمانییەکان سەر بە یەک زمانی هاوبەشن، بەڵام چەند وڵاتی جیاوازیان درووست کردووە، ئەگەر لە چوارچێوەی یەک وڵاتی جوگرافیدا بژیایەن ئێستە ئەوانیش چەند زار بوون.

کەوا بێت ئەوانیش نەیانتوانیوە بۆ هەموو زارەکانیان یەک زمانی هاوبەش چێ بکەن یان بیسەپێنن.  جیا بوونەتەوە. جا ئێستە هەندێ کەس دەڵێن بۆ کورد نەیتوانیوە وەکوو فارس زمانێکی هاوبەش درووست بکات؟ لەڕاستیدا ئەگەر ئەو کەسانە هەموو زارەکانی هاوشانی فارسی”یان بناسیبا، ئەو کاتە دەیزانی کە فارسی تەنیا یەک زارە لە زارەکانی تری هاوشانی خۆی، بۆ نموونە وەک سۆرانییە بەرانبەر بە زارەکانی تری کوردی.


کەوا بێت  لە”فارسی”، دەری” و تاجیکی”شدا کە بۆ یەکتر زارن، ئاخێوەران نەیانتوانیوە زمانێکی هاوبەش لەنێو خۆیاندا پێک بهێنن هەرچەندە پێکەوە سەر بە یەک خێزانەزمانی هاوبەشن، بەڵکوو هەر کامەیەکیان لەگەڵ بنزاری تایبەت بەو زارەدا جیا بوونەتەوە و بەجیا وڵاتێکیان پێک هێناوە.

زارەکانی عەرەبی

عەرەبیش بە هەمان شێوە کۆمەڵێک زاری جۆربەجۆریان هەیە. هەموویان لە ڕووی زمانەوە زاری سەر بە یەک خێزانەزمانن، بەڵام لە ڕووی جوگرافییەوە وڵاتی جیاوازن.

 

عەرەبەکان بەختێکیان کە هەبووە ئەوە بووە کە قورئان پەڕاوی پیرۆزی ئایینییان هەیە کە بە زاری قوریەشی نووسراوەتەوە و هەر ئەوە تا ڕادەیەکی زۆر لە ڕووی زمانەوە بە یەک گرێی داون. بەوەشەوە یەک وڵاتیان نییە.

پێتان وا نەبێت ئەو زمانەی کە ١٤٠٠ ساڵ پێش لە ئێستە قورئانی پێ نووسراوەتەوە لەگەڵ عەرەبیی ئێستاکەدا یان لەگەڵ زارە عەرەبییەکانی ئەوڕۆدا ڕێک وەکوو یەک بن. گەنجە ئاسایییەکان هەندێ جار بە ئەستەم لە گەلێ وشە و پەیڤی قورئان تێ دەگەن.

زمانی کوردی

زمانی کوردی لە چەند زاری وەک کوردیی باکووری، کوردیی ناوەڕاست، کوردیی باشووری و هەورامی درووست بووە، ئەگەر ئێمەش وەک ئەو نەتەوانەی کە ئاماژەم پێ کردن چەند وڵاتمان هەبوایە ئێستە کەس ئەو پرسیارەی نەدەکرد کە بۆ کورد زمانێکی هاوبەشی نییە.

ئێمە چونکە وڵاتی سەربەخۆمان نییە، هەوڵمان داوە پێکەوە داوای مافی خۆمان و وڵاتی کوردی بکەین، بەڵام بەوەشەوە نەمانتوانیوە چوارچێوەیەکی جوگرافیی تایبەت بە کورد بەگشتی یان بە یەکێک لە زارەکان جیا بکەینەوە جگە لەوەی کە لە باشوور کراوە کە ئەویش بەپێی پێکهاتەی زاری نەبووە بەڵکوو بەپێی پێکهاتەی کوردی بووە، واتە هەموو کورد پێکەوە لەو پارچەیەدا کەوتوونەتە سنووری ئەو دەسەڵاتە کوردییە. هێشتاش بەتەواوی سەربەخۆ نین.

دەرەنجام

کەوا بێت ناکرێت ئەو گلەیییە لە کورد بکرێت بۆ نەیتوانیوە زمانی هاوبەش بۆ خۆی درووست بکات، هیچ زمانێکی تر کە چەند زاری هەبێت نەیتوانیوە ئەو کارە بکات، زۆر جار تەنها یەک زار لەوانە لەگەڵ بنزارەکەی خۆیدا یەک وڵاتیان بەجیا درووست کردووە و خەڵک وەک زمانێک چاویان لێ دەکات، کەچی بەپێی پێوەرە زمانەوانییەکان ئەوانە بەرانبەر بە یەکتر هێشتا زارن. نەک زمان.

هەڵبەت ئەم نموونانە بۆ ئەوە نییە کە بوترێت با کوردیش بەش بەش ببێتەوە، بەم نموونانە تەنها ویستراوە ئەوە ڕوون بکرێتەوە کە گەلێ زمانی تر هەن کە وەک کورد خاوەنی زاری جۆربەجۆرن و هێشتاش زمانێکی هاوبەشیان نییە و هەر زارێکیان بەجیا وڵاتێکی درووست کردووە و شێوازی خۆی وەک زمانێک بەکار دەهێنێت.

ئێمەی کورد لە بەرژەوەندیماندا نییە کە خۆمان پارچە پارچە بکەین، باشترین ڕێگەچارە ئەوەیە پێکەوە بژین. پێکەوە بەهێزترین و دەبێت ڕێز لە هەموو زارەکانمان بگرین.

باشترە بۆ پێوەندیی گشتی و خوێندن و ئەدەبیانی هاوبەش، هەوڵ بدەین بەگشتی یەک یان دوو زار بکەینە زمانی پێوەر  دەقی خۆی پێ بدەین و لە زمانی گەڕەک و کۆڵان خاوێن کرێتەوە. دەبێت زمانێک بێت کە دەوڵەمەند بێت و لێهاتوو بێت بۆ لێشاوی وشە و پەیڤی بیانی و توانیبێتی بە کاری زمانەوانی توانای خۆی پیشان بدات بۆ گەشەسەندی زیاتر.

پاشان ڕێز لە هەموو زارەکانمان بگرین. هەوڵ بدەین بە گوێگرتن و خۆفێرکردن، لانی کەم گوێمان ڕا بێت بۆ باقیی زارەکانی تر، تا بەبێ گرفت لە کاتی قسەکردندا لە یەکتر تێ بگەین.

ئێمە کە یەک نەتەوەین و بەسەر جوگرافیایەکی بەرین و دوورودرێژدا بڵاو بووینەتەوە دەبێت هەبوونی زار بەئاسایی دابنێین، ئێمە دابونەریت و فۆلکلۆر و جلوبەرگ و فەرهەنگمان هاوبەشە، کەوا بێت دەشتوانین پێکەوە بەخۆشی و بە پاڵپشتی یەکتر بژین. 

بێگومان باشترە بوونی ئەو زارانە وەک ڕەنگینی و جوانی و دەوڵەمەندی چاو لێ بکەین.