ڕێکاری توندتر بەرانبەر بە ئێران لەلایەن سوید

شوبات 17, 2024 Narges Hashemi

ڕێکاری توندتر بەرانبەر بە ئێران لەلایەن حکوومەتی سویدەوە

نووسین: نەرگس هاشمی

ڕۆژنامەی ئافتۆنبلادێتی سویدی سەبارەت سیاسەتی نوێی حکوومەتی سوید لە ڕێکەوتی  2024-02-14 مژارێکی بڵاو کردەوە لەژێر ناونیشانی:

Regeringens hårdare linje mot Iran – Billström i samtal om fängslade svenskar

واتە:
هێڵی توندتری حکوومەت بەرانبەر ئێران بیلسترۆم لە گفتوگۆدا سەبارەت بە سویدییە زیندانیکراوەکان 

لە وتارەکەدا هەڵسەنگاندنێک بۆ تێڕوانینی حکوومەتی سوید سەبارەت بە دۆخی ئێستای ئێران و ئەو ڕێوشوێنانەی کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە جۆراوجۆرەکان گیراونەتە بەر، دەخاتە ڕوو.

یەکەم:
بابەتەکە تیشک دەخاتە سەر ئەو نیگەرانییەی کە حکوومەتی سوید هەستی پێ دەکات سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران. ئەمەش گفتوگۆکردن لەبارەی توانای وڵات بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی و دەرئەنجامە ئەگەرییەکانی ئەمە بۆ ناوچەکە و بۆ جیهان بەگشتی دەگرێتەوە.
جگە لەوەش لە وتارەکەدا تیشک دەخاتە سەر هەوڵەکانی تۆبیاس بیلسترۆم وەزیری دەرەوەی سوید بۆ هێنانەوەی هاووڵاتیانی سویدی بۆ ماڵەوە کە لە ئێران زیندانی کراون. دیارە حکوومەتی سوید کارەکانی پاراستن و هاوکاریکردنی هاووڵاتیانی خۆی کە لە دەرەوەی وڵات لە دۆخێکی سەختدان، دەخاتە پێشینەی کارەکانیەوە.

جگە لەوەش لە وتارەکەدا، باس لە ڕۆڵی ئێران وەک هێزێکی ناسەقامگیرکەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت، بەتایبەتی پشتیوانیکردنی لە گرووپەکانی وەک حزبوڵڵا و کاریگەرییەکانی لەسەر ململانێکانی ناوچەکە. هەروەها لەو وتارەدا جەخت لەوە دەکرێتەوە کە ئەمە نەک هەر بۆ ناوچەکە بەڵکوو بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی سوید مەترسی دروست دەکات.
لە کۆتاییدا جەخت لەسەر داواکاریی حکوومەت دەکرێتەوە بۆ ئازادکردنی بەندکراوانی سویدی یۆهان فلۆدێروس و ئەحمەدڕەزا جەلالی کە تۆمەتبارن بە سیخوڕیکردن. ئەمەش ئیرادەی حکوومەتی سوید دەردەخات بۆ بەرگریکردن لە ماف و سەلامەتیی هاووڵاتیانی، هەروەها کارکردن بۆ پاراستنی یاسا و ڕێکوپێکیی نێودەوڵەتی.