كانونی دووه‌م 4, 2024 Edris Hashemi

ڕۆیا حشمەتی ژنێک کە قامچیی کۆماریی ئاخوندی ڕای نەگرت

نووسین: ئیدریس هاشمی

قامچیلێدان بەشێکە لە یاسای سزادانی ڕژیمی ئێران کە سیستمی یاسای دادوەریی ڕژیمی ئاخوندی، لەم یاسایە بۆ سزادانی خەڵک کەڵک وەردەگرن.
ئەم سزایە، سزای دەورانی بەڕبەڕییەتە و هاوسەنگی ئەشکەنجە و پێشێلکردنی مافی مرۆڤە و پێویستە ڕابوەستێنرێت.
هەرچەندە کۆمەڵگا هەموو کات بە ڕەخنە دژ بەم سزایە ناڕەزایەتیی خۆیانیان دەر بڕیوە، بەڵام ڕژیمی سەرکوتکەر بەبێ ئەوەی گوێ لە خواستی خەڵک بگرێت بەردەوامە لە دڕندایەتیی خۆی.
لە ڕۆژانی پێشوو، کچێکی کورد، بەهۆی سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ کەوتە ژێر ئەم سزا دڕندەی ڕژیمە.

ڕۆیا حیشمەتی ئەو کچە چالاکە کوردە بوو کە بەهۆی دژایەتی لەگەڵ حیجابی زۆرەملێ، سزای نامرۆڤانەی لێدانی ٧۴ قامچی بەسەریدا سەپێنرا.
ڕۆیا هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سنە و دانیشتووی تارانە و سزاکەی لە دادگایەكی تاران جێبەجێ کرا.

سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئاخوندی، بەهۆی لەسەرنەکردنی لەچک لەلایەن ڕۆیاوە، پێش لێدانی قامچیش، توندوتیژییان لەگەڵی كردووە!
هەروەها لە کاتی قامچیلێدانیش، قامچییەکان لە شان، پشت، سمت، ڕان و لاقی دراون.

فەرمانبەری لقی جێبەجێکرانی سزاکان بەهۆی ئەوەی کە ڕۆیا حیشمەتی لە کاتی لێدانی قامچییەکان لەچکەکەی دەر هاوردووە، هەڕەشە و توندوتیژیی زیاتریان لەگەڵی کردووە، قامچیی زیاتریان لێ داوە و بە ئەویان ڕاگەیاندووە کە دۆسیەیەکی نوێی بۆ دەکەنەوە هەروەها شوێنی جێبەجێکردنی سزاکەی دیوێکی ئەشکەنجەدانی سەدەی ناوین بووە.

کەڵکوەرگرتنی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سزای قامچی لە حاڵێکدایە کە بەپێی بەڵگە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، سزای قامچی سزایەکی نامرۆڤانە، زاڵمانە و دژ بە کەرامەتی مرۆڤە و مادەی 7ی پەیمانی نێودەوڵەتیی مافی مەدەنیی سیاسیش جێبەجێکردنی ئەو سزایەی ڕێگەپێنەدراو کردووە.

بێگومان ڕۆژێک دێت کە هەمووی ئەو قامچییانە کە بە شێوەیەکی نامرۆڤانە خەڵکی پێ ئەشکەنجە دەدەن، دەبن بە تەور و ڕیشەی ڕژیمی ئاخوندی لەبن دەر تێرن.

خەڵکینە! وەرن هەموومان دەست بە دەستی یەکتر بدەین؛ هەموومان هاوڕا و هاودەنگ بین و دەستی دەسەڵات لەم سزایە کورت بکەینەوە.

نووسینی وتار: ئیدریس هاشمی