پلانی کوشتن

شوبات 7, 2024 Edris Hashemi

گومان دەکرێت ئێران پلانی کوشتنی جوولەکەکانی سویدی دانابێت

نووسین: ئیدریس هاشمی

هەڵسەنگاندنی وتارێکی ئێکۆت Ekot (بەرنامەیەکی ڕادیۆی سوید)، سەبارەت بە پلانە گومانلێکراوەکانی کوشتنی جوولەکەکانی سوید لەلایەن ئێرانەوە.

ژن و پیاوێکی ئێرانی کە بە ناسنامەی ئەفغانستانییەوە لە سوید، مۆڵەتی پەنابەرییان وەرگرتبوو و دواتر دەرکەوت کە پلانی کوشتنی سێ جوولەکەی سویدییان هەبووەوە لە چاپەمەنییەکانی سوید دەنگی دایەوە و بوو بە ناونیشان و مانشێتی وتاری هەواڵنێری و چاپەمەنییە گرنگەکانی سوید. یەکێک لەوانە بەرنامەی ئێکۆتی ڕادیۆی وڵاتی سویدە کە زۆر بەوردی و دووروردرێژی توێژینەوەی لەسەر بابەتەکە کرد. یەکێک لەو بابەتانەی بە ناونیشانی:
(گومان دەکرێت ئێران پلانی کوشتنی جوولەکەکانی سویدی دانابێت)، لێرە هەڵدەسەنگێنین:

پێداچوونەوەی ئێکۆت ئاشکرای دەکات کە دوو بریکاری نهێنیی پەیوەندیدار بە دەزگای هەواڵگریی سەربازیی ئێران لە ساڵی ٢٠٢١دا سێ جوولەکە سویدییەکەی وڵاتی سویدیان تاووتوێ کردووە.
بۆ وێنە یەکێک لە ئامانجە دیاریکراوەکان (ئارۆن ڤێرستاندیگ) سەرۆکی ئەنجومەنی ناوەندیی جوولەکەکان بوو.
ئەو جووتە بە ناوەکانی مەهدی ڕەمەزانی و فێرێشتە سانێعیفەرید لە مانگی ئەپریلی ساڵی ٢٠٢١ دەستبەسەر کران، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٢دا بەبێ ئەوەی داوای دادگا بەرز بکرێتەوە، دیپۆرت کرانەوە بۆ ئێران.
بەڵگەکان بەس نەبوون بۆ لێپێچینەوە، بەڵام پۆلیسی ئاسایش و داواکاری گشتی بڕیاریان دا کە ئەو ژن و مێردە هەڕەشەیەکی ئەمنیی بەهەند (جددی) بۆ سەر سوید دروست دەکەن.

پێداچوونەوەکە لەسەر بنەمای زانیارییە بەردەوامەکانە لە سەرچاوەکانەوە کە دەستیان بە لێکۆڵینەوە نهێنییەکان گەیشتووە.
دراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران پلانی داناوە بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی لە دژی جوولەکەکانی سوید لەسەر خاکی سوید.
پلانەکانی تیرۆرکردن وەک بەشێک لە دوژمنایەتیی ئێران بەرانبەر بە ئیسرائیل سەیر دەکرێت.

ڕەنگە دەرکردنی ئەو ژن و مێردە بۆ دوورکەوتنەوە لە قەیرانی دیپلۆماسی لە نێوان سوید و ئێران ڕووی دابێت.

پێداچوونەوەی ئێکۆت ئاشکراکردنێکی گرنگ و ترسناکە سەبارەت بە کردەوەکانی ئێران لەسەر خاکی سوید. ئەوە نیشان دەدات کە ڕێژیمی ئێران مەترسی بۆ سەر هاووڵاتیانی سوید و بۆ سەر ئاسایشی سوید دروست دەکات.

پێداچوونەوەی ئێکۆت هەوڵێکی ڕۆژنامەوانیی گرنگە و باش جێبەجێ کراوە کە تیشک دەخاتە سەر هەڕەشەیەکی بەهەند لەسەر سوید و دانیشتووانەکەی.

شایانی باسە کە بەرنامەی ئێکۆت کۆمەڵێک بەرنامە و وتاری جۆربەجۆری خۆی تەرخان کردووە بۆ ئەم بابەتە. بەتایبەت بەرنامەی جیاوازی هەبووە سەبارەت بە دەزگای کۆچی سوید لە پێوەندی لەگەڵ ئەم بابەتە و باس لەوە دەکات کە گوایە بە دزییەوە دەزگای کۆچ ئاگادار کراوەتەوە کە ئەو دوانە سەر بە سپای پاسدارانی ئێرانن و بەوەشەوە هەر مۆڵەتی مانەوەیان پێ دراوە.
ئەم بابەتە زۆر دوورودرێژە و گەلێک ڕۆژ بووە بە مژاری چاپەمەنی و هەواڵنێرییەکانی سوید.
***
ئامادەکردنی ئیدریس هاشمی، سوید

بابەتەکانی تری نووسەر

***