تشرینی دووه‌م 27, 2023 Edris Hashemi

مێشکشۆردن

نووسین: ئیدریس هاشمی

لە سەردەمی پێشکەوتن و زانیاریدا کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام خەریکە مێشکی خەڵکی ناو ئێران بشۆرێت و نەهێڵێت بەو شێوەیەی کە خۆیان دەیانەوێت بیر بکەنەوە یان هەڵسوکەوت بکەن.

باشترین گرووپ بۆ ئەوان خەڵکی سادە و ساویلکەن، ئەوانەی وا کەمترین زانیارییان هەیە و کەمترین دەرفەتیان هەیە دەستیان بگاتە جیهانی پڕ لە زانیاری. بایەخدان بە دابونەریتی ڕەشپۆشین و نەهێشتنی شادی و خۆشی و سەما و هەڵپەڕکێ و گۆرانی و مۆسیقا بووەتە پیشەی دەسەڵاتی ئێران.

پشتیگریکردن لە ئاخوند بۆ شۆردنی مێشکی خەڵک یەکێک لە باشترین شێوەکانی ئەو حکوومەتە بووە. خەڵک وا لێ دەکەن لەسەر ڕووداوە مێژوویییە ئایینییەکان کە سەدان و بگرە هەزاران ساڵی پێش لە ئێستە ڕوویان داوە ببنە دوژمنی یەکتر. دەستکاریی مێژوو دەکەن و خەڵکی پێ چەواشە دەکەن و دەست دەخەنە ناو مێشکی خەڵک و مێشکیان دەشۆن. زەقکردنەوەی جیاوازییەکانی ناو ئایینزاکان، بێنرخکردنی بیروبۆچوونی تر و دژایەتیی کەسانی بیرجیاواز بەردەوام بووە بە پرۆسەیەک بۆ شۆردنی مێشکی خەڵک.

شۆردنی مێشک زاراوەیەکە کە زۆرجار بۆ وەسفکردنی پراکتیزە دەستکارییەکان بەکار دێت کە ئامانج لێی کاریگەریکردن و کۆنترۆڵکردنی بیرکردنەوە و بیروباوەڕی مرۆڤە. چەند هۆکار و شێوازێک هەن کە دەتوانن بەشدار بن لە شۆردنی مێشکی مرۆڤەکان. بۆ نموونە:

١. دابڕان: بە گۆشەگیرکردنی کەسێک لە ڕوانگە و زانیارییە جیاوازەکانەوە، دەتوانرێت کۆنتڕۆڵکردنی ئەو زانیارییانەی کە وەری دەگرێت ئاسانتر بێت. ئەمەش دەتوانێت بە سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەی هەواڵی دەرەکی، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان یان کاریگەرییەکانی دیکە ڕوو بدات.

٢. دەسەڵات و دەستڕۆیشتوویی: مرۆڤەکان مەیلیان بۆ گوێڕایەڵیی دەسەڵات و ئەوانەی دەسەڵاتدارن هەیە. ئەگەر کەسێک وەک خاوەن دەسەڵاتێک یان دەسەڵاتێکی بەرز سەیری کەسێک بکات، لەوانەیە زیاتر بۆچوون و باوەڕەکانی ئەو کەسە قبوڵ بکات و بیخاتە ناوەوە.

٣. دوبارەکردنەوە: بە دووبارەکردنەوەی پەیام و بیرۆکەی تایبەت بە دووبارە و سێبارە، دەتوانرێت ئەم بیرۆکانە وردە وردە بخرێنە ناو بیرکردنەوەی مرۆڤەوە. دووبارەکردنەوە دەتوانێت بیروباوەڕەکان بەهێز بکات و ململانێکردنیان قورستر بکات.

٤. سەرلێشێواوی و زانیاریی هەڵە: دروستکردنی سەرلێشێواوی یان پێدانی زانیاریی هەڵە دەتوانێت بیرکردنەوەی کەسێک تێک بدات و زیاتر ئامادەی بکات بۆ قبووڵکردنی ڕوانگە یان هەڵوێستی کەسێکی تر.

٥. هەڕەشە و پاداشت: بەکارهێنانی هەڕەشە یان پاداشت بۆ داڕشتن یان کۆنترۆڵکردنی ڕەفتار و بیروباوەڕی کەسێک دەتوانێت دۆخێک دروست بکات کە کەسەکە هەست بە ناچاری بکات کە لەگەڵیدا بگونجێت بۆ ئەوەی دوور بکەوێتەوە لە دەرەنجامە نەرێنییەکان یان بۆ بەدەستهێنانی دەرەنجامە ئەرێنییەکان.

٦. پاڵەپەستۆی گرووپ: دانانی تاکێک لە گروپێکدا کە زۆرینەیان بۆچوونی هاوشێوەیان هەبێت دەتوانێت پاڵەپەستۆ لەسەر ئەو تاکە زیاد بکات بۆ ئەوەی لەگەڵ بۆچوونەکانی گرووپەکەدا بگونجێت.

گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە شۆردنی مێشک پرۆسەیەکی سادە نییە و دەتوانێت لە ئاڵۆزی و چڕیدا جیاواز بێت. مرۆڤەکان هەمیشە بە ئاگاداری یان بە تێگەیشتنێکی تەواو لە چی ڕوو دەدات مێشکیان ناشۆردرێت. زۆر جار وردە وردە و بە تێپەڕبوونی کات ڕوو دەدات.

ئاگاداربوون لەم هۆکارە ئەگەرییانە دەتوانێت یارمەتیی خەڵک بدات خۆیان لە هەوڵی دەستکاریکردن بپارێزن. کۆماری ئیسلامیی ئێران وەها لە مێشکشۆردندا شارەزایە کە خەڵک وا لێ دەکات کە تەنانەت مرۆڤی بیرجیاواز بکوژن یان تیرۆر بکەن. دەیاننێرێت بۆ بەشداریکردن لە شەڕ دژی مرۆڤی تر. بۆ نموونە کاتی خۆی لە ئێران بە فەرمانی خومەینی و بە ناوی جیهاد خەڵک هان دەدران کە بچن بۆ شەڕ لە کوردستان و وای لە خەڵک کردبوو کە کوردستان ژێردەستەی کفرە و پێویستە جیهاد تێیدا بکرێت تا خاوێن بکرێتەوە.

لەم سەردەمەشدا بەردەوامە لە دەستتێوەردان لە وڵاتەکانی تر و بەردەوام بە هەناردەکردنی ئایین و ئایینزای خۆی دەیەوێت هزری وڵاتانی تریش داگیر بکات. بەڵام بێگومان لە سەردەمی تەکنیک و بڵاوبوونەوەی زانیاری لەڕێی ئینتەرنێت و نەمانی سنوور و بەربەستەکان بەردەوام سەریان دەدات لە بەرد و ڕوویان ڕەشتر دەبێت.

 ***

نووسین: ئیدریس هاشمی، ستۆکهۆڵم، 2023-11-27

***

بابەتەکانی تری نووسەر