دەزگای گەندەڵی دادوەریی ئێران

كانونی یه‌كه‌م 20, 2019 Edris Hashemi

2019-12-20

دەزگای گەندەڵی دادوەریی ئێران

نووسین: ئیدریس هاشمی

لە هەموو ئاست و کەرتێکی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بوونی گەندەڵییەکی بەربڵاو بەدی دەکرێت بەتایبەتی دەزگای دادوەریدا.

خامنەیی، سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێران دەستنیشان دەکات. سەرۆکی دەزگای دادوەری و ئەندامانی دادگای باڵا، پیاوانی ئایینین. دەسەڵاتی دادوەری، بەتایبەتی دادگاکانی شۆڕشی ئیسلامی سەربەخۆ نین.

سەرچاوەی وێنە: کەمپین حقوق بشر ایران

دەزگای دادوەریی ڕژیمی ئێران، دەزگایەکی گەندەڵە و لە خزمەتی خامنەییدایە و نادادپەروەرانە خەڵک تاوانبار دەکات و ئازادیخوازان لەسێدارە دەدات. لە وڵاتێکی وەک ئێران کە بە سیستمی نادیموکراتیک بەڕێوە دەچێت و دەنگی خەڵک هیچ کاریگەرییەکی لەسەر کار و کردەوەکانی دەسەڵات نییە، دەزگای دادوەری لە خزمەتی دەسەڵاتداراندایە و یاساکان وەها دادەڕێژرێن کە بەرژەوەندیی دەسەڵاتداران بپارێزن.

لە ئێراندا یاسا و دەزگای دادوەری، لە جیاتیی ئەوەی لە خزمەتی خەڵکدا بێ، بووەتە بکوژی گیان و ژیانی خەڵک. دەزگای دادوەریی ڕژیمی ئێران، بە بیانووی هەندێک تاوان کە بەپێی ستاندارد و پێناسەی یاسای نێودەوڵەتی، بەشێک نین لە تاوانە مەترسیدارەکان، نادادپەروەرانە ژیان لە خەڵکی بێتاوان دەسێنێت. تۆمەتباران بەبێ دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە، لەسێدارە دەدرێن.
لە سیستمی کۆماری ئیسلامی، هێزەکانی حکوومەت، زیندانییانی سیاسی و ئازادیخوازان دەستبەسەر دەکەن و ئەشکەنجەیان دەدەن و پاشان دادوەرانی دەسەڵاتی دادوەری، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و دروستکردنی بارودۆخی سەخت، واژۆ دەکەن کە چالاکانی سیاسی و ئازادیخوازان لەسێدارە بدرێن.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، چاودێریی قورسی هەیە لەسەر ئازادیی ڕادەربڕین و لە ڕێگای توندوتیژی، دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان و داخستنی ماڵپەڕەکان، بوختانیان بۆ دەکات و بێ هۆکار دادگاییان دەکات. دەزگای گەندەڵی دادوەری، بۆ دانپێدانان، لە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی کەڵک وەردەگرێت کە لە ئێراندا شتێکی باوە؛ بەگشتی توندوتیژیی سێکسی، لەسێدارەدانی درۆینە، بەکارهێنانی شۆکی کارەبایی، دەرکێشانی نینۆکی دەست و پێ و لێدانی زۆر، حاڵەتە باوەکانی ئەشکەنجەدانن لە ئێراندا.

سیستمی دادگای ئێران لەژێر کاریگەریی سیاسییە و دادوەرەکان بەپێی پـێوەرە ئایینییەکان دەستنیشان کراون و دادگایەکی ڕەوای ئاشکرا بوونی نییە. تۆمەتبار مافی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانەی نییە، دەستی ناگات بە پارێزەری هەڵبژاردەی خۆی، کاتێ سزا بەسەر تۆمەتبار دەسەپێنن، مافی ئەوەشی نییە کە داوای پێداچوونەوە بکات و دەسەڵاتی گەندەڵی دادوەری، بۆ تۆمەتباران پێشوەخت حوکمەکانیان دیاری کردووە و تۆمەتباران دەرفەتیان بۆ ناڕەخسێت کە تۆمەتەکەی خۆیان قبووڵ بکەن یان ڕەتی بکەنەوە یان پارێزەرەکانیان ببینن. زۆر جار وەزارەتی ئیتلاعات ڕۆڵی دەزگای دادوەری دەگێڕێت و بڕیاردەرە لە دۆسیە گرنگە سیاسییەکان.
***
نووسین: ئیدریس هاشمی سوید 20-12-2019