كانونی یه‌كه‌م 19, 2023 Edris Hashemi

حوکمی هەتاهەتایی بۆ حەمید نووری

نووسین: ئیدریس هاشمی

لە ڕۆژانی کۆتاییی ساڵی 2023دا، ڕۆژی سێشەممە 19-12-2023 هەواڵێکی زۆر خۆش لە سوید بڵاو بووە کە جەلادێکی کۆماری ئیسلامی، بە سزای خۆی گەیشت.

حوکمی یەکجاریی حەمید نووری: زیندانی هەتاهەتایی!
تاوان: کوشتن و تاوانی گەورە لە ڕەوتی کۆمەڵکوژیی زیندانییانی سیاسی لە ساڵی ١٩٨٨دا.
ـــــــــــــــــــــــــ
لینکی پەیوەندیدار بە بابەتەکەوە ڕۆژنامەی ئافتۆن بلادێت:
https://www.aftonbladet.se/nyheter/a/GMV5GQ/hovrattsdomen-mot-hamid-noury
دادگای تێهەڵچوونەوەی (سڤیا Svea)ی ستۆکهۆڵم بڕیارەکەی دادگای بەرایی، دژی حەمید نووری سەبارەت بە کوشتن و پێشێلکارییە گەورەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکانی پشتڕاست کردەوە.

حەمید نووری سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە.
دادگای تێهەڵچوونەوەی سڤیا، حوکمی حەمید نووری کە لە ساڵی ٢٠١٩ لە فڕۆکەخانەی ئارلاندای ستۆکهۆڵم دەستبەسەر کرابوو، بە تۆمەتی کوشتن و تاوانەکانی دژ بە یاسا نێودەوڵەتییەکان لە ئێران، کە لە ئەنجامدا سزای هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا، پشتڕاست کردەوە.

بەپێی وتەی (ڕۆبەرت گرین Robert Green)، پارێزەری دادگای تێهەڵچوونەوە، بەڵگەکان بە بەهێز و قەناعەتبەخش دادەنرێت.

سەرەڕای ئەم بڕیارە، قسە و باس لەسەر ئەگەری ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان لەگەڵ
(یۆهان فلۆدێروس Johan Floderus) بەرپرسی یەکێتیی ئەورووپا و
(دکتۆر ئەحمەدڕەزا جەلالی Ahmadreza Djalali ) هەیە کە لە ئێراندا مەترسیی لەسێدارەدانیان هەیە.

حەمید نووری تەمەن ٦٢ ساڵ لە ساڵی ٢٠١٩ لە فڕۆکەخانەی ئارلاندا دەستگیر کراوە و لەو کاتەوە پرۆسەی یاسایی دەستی پێ کردووە.

دوای لێکۆڵینەوەیەکی درێژخایەن و بەرفراوان، نووری لە دادگای بەراییی ستۆکهۆڵم سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا، بەهۆی ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٨دا ڕۆڵی هەبووە لە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی زیندانیانی گۆهەردەشتی کەرەج لە ئێراندا.

دادگای تێهەڵچوونەوەی سڤیا تا ڕادەیەکی زۆر هاوڕای هەڵسەنگاندنی دادگای بەرایییە.

ڕۆبەرت گرین لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: ئێمە هەڵسەنگاندنمان کردووە کە بەڵگەکانی داواکاری گشتی لە بەشە گرنگەکاندا بەهێز و قەناعەتبەخشن و دادگای بەرایی لە بنەڕەتدا هەڵسەنگاندنێکی دروستی کردووە.

ڕۆبەرت گرین دەڵێت: بەڵگەکانی ناو دۆسیەکە تا ڕادەیەکی زۆر لە بەڵگەی زارەکیی بەرفراوان پێک دێت لە شێوەی چاوپێکەوتن لەگەڵ داواکاران و شایەتحاڵەکان کە تێبینییان لەسەر ڕووداوە دراماتیکییەکان کردووە کە زیاتر لە سی ساڵ لەمەوبەر ڕوویانداوە، ئەمەش وای کردووە دۆسیەکە تایبەت بێت.

یاریی سیاسی لە ئێران
سەرەڕای بڕیارەکە، قسە و باسی ئەوە هەیە کە ئایا نووری ئازاد دەکرێت یان نا؟ واتە لەگەڵ بەرپرسی یەکێتی ئەوروپا یۆهان فلۆدێروس و پزیشک ئەحمەدڕەزا جەلالی ئاڵوگۆڕ دەکرێت یان نە!؟ کە هەردووکیان لە ئێراندا مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە.

تۆمەتبارکردنی یۆهان فلۆدێروس هەر لە کۆتاییی هەفتەی ڕابردوودا سەلمێنرا. مەترسیی ئەوە هەیە کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا بسەپێنرێت.

هەڵسەنگێنەران پێیان وایە ئەمە ڕێگەیەکە بۆ هەوڵدان بۆ فشارخستنەسەر سوید بۆ ئەوەی نووری ڕادەست بکاتەوە.

هیوادارین هەموو جینایەتکاران و بکوژانی ڕۆڵەکانی نیشتمان وەک ئەم تاوانبارە بە سەزای خۆیان بگەیەن.

ئامادەکردنی: ئیدریس هاشمی