ئێران هەمیشە قامکێکی لە یارییەکەدا هەیە

شوبات 7, 2024 Narges Hashemi

ئێران بەنزیکە هەمیشە قامکێکی لە یارییەکەدا هەیە

نووسین: نەرگس هاشمی

لەم ڕۆژانەدا ژن و پیاوێکی ئێرانی کە بە ناوی ئەفغان هاتبوونە سوید و پەنابەرییان وەرگرتبوو، دەرکەوت کە ئێران ئەوانی بۆ کوشتنی جوولەکە ناردووە لە سوید.

دەرکەوتنی ئەو بابەتە لە چاپەمەنییەکانی سویددا بەگەورەیی دەنگی دایەوە. یەکێک لە ڕۆژنامەکانی سوید بە ناوی (ئافتۆنبلادێت Aftonbladet)، لە ڕێکەوتی 06-02-2024  وتارێکی لەژێر ئەم ناونیشانە بڵاو کردەوە:

Iran har nästan alltid ett finger med i spelet

ئێران بەنزیکە هەمیشە قامکێکی لە یارییەکەدا هەیە

لێرەدا هەڵسەنگاندنێکی ئەو وتارە دەکەین. گوتارەکە بەمە دەست پێ دەکات کە کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا خەڵکەکەی خۆی ناچەوسێنێتەوە. ئەوان یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی توندوتیژی و ڕق و ناسەقامگیرین لە جیهاندا. ڕێژیمی ئێران لە زۆربەی ئەو نەهامەتیانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێت، دەستی هەیە.

ئەم وتارە ڕوانگەیەکی تاڕادەیەک بەهێز و ڕەخنەگرانە سەبارەت بە ڕۆڵی ئێران نەک تەنیا لە چوارچێوەی سنوورەکانی وڵات بەڵکوو لەسەر شانۆی نێودەوڵەتیش دەخاتە ڕوو. تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن ئێران نەک هەر خەڵکەکەی خۆی دەچەوسێنێتەوە بەڵکوو ڕۆڵێکی ناوەندی دەگێڕێت لە ناسەقامگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشداریکردن لە توندوتیژی و ململانێ لە ناوچەکەدا.

یەکێک لەو خاڵە دیارانەی کە تیشکی خستۆتە سەر، پشتیوانیی ئێرانە لەو گرووپ و ڕێکخراوانەی کە بە شێوەی جۆربەجۆر نوێنەراتی لە ئێران وەردەگرن. وەک حیزبوڵڵا لە لوبنان و یاخیبووانی حوسی لە یەمەن. ئەوە پشتڕاست دەکرێتەوە کە ئێران هەم پارە و هەم چەکی پێشکەوتوو بۆ ئەم گرووپانە دابین دەکات و دەسەڵاتی لێدانی بەرچاو و توانای ئەنجامدانی هێرش و ناسەقامگیریی ناوچەکەیان پێ دەبەخشێت.

جگە لەوەش تیشک دەخرێتە سەر هەوڵەکانی ئێران بۆ بڵاوکردنەوەی کایەی دزەکردن بۆ دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە نموونەی گەیاندنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ڕووسیا بۆ بەکارهێنان لە ئۆکرانیا. ئەمەش نیشاندەری هەوڵی ئێرانە بۆ کەڵکی نالەباروەرگرتن لە ململانێ جۆراوجۆرەکان و لاوازییە ناوچەییەکان بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی و کاریگەری لەسەر ڕووداوەکان بە قازانجی خۆی.

هەروەها لە وتارەکەدا ئاماژە بە قسەی شەڕانگێزیی ئێران لە بەرانبەر ئیسرائیل و پاڵپشتیکردنی ئەو گرووپانە دەکات کە چالاکانە هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل، ئەمەش نیگەرانییەکانی لەسەر پەرەسەندنی ململانێکان لە ناوچەکەدا دروست کردووە. هەروەها باس له توانای ئێران دەکرێت بۆ دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی بیانی بۆ بەکارهێنانیان وەک ئاڵوگۆڕکردنیان له ڕێکەوتنه سیاسی یان دیپلۆماسییەکاندا، ئەوەش نیشاندانی سروشتی دڕندانه و بێبەزەییی ڕێژیمه .

لە کۆتاییدا، بابەتەکە وێنەیەکی تیژ و ڕەخنەگرانە لە کارەکانی ئێران چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵات دەخاتە ڕوو و جەخت لەسەر پێویستیی ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی ڕەفتاری ناسەقامگیرکەری ئێران لە پێناو بەرەوپێشبردنی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا دەخاتە ڕوو.

وتارەکە لە کۆتاییدا بەم ڕستەیە کۆتاییی پێ دێت کە:

پێ دەچێت جیهان شوێنێکی پارێزراوتر بێت بەبێ دیکتاتۆریی ڕۆحانیی ئێران.

***

نووسینی: نەرگس هاشمی، سوید