حوزه‌یران 24, 2024 Diyako

ئایا ڕێنووس بەشێکە لە زانستی زمانەوانی یان نە؟ PDF

نووسین: دیاکۆ هاشمی

پێوەندیی نێوان بنەماکانی ڕێنووس و زمانەوانی کەمێک ئاڵۆزە و دەتوانرێت لە گۆشەنیگای جیاوازەوە سەیری بکرێت:

لە لایەکەوە دەتوانین بڵێین ڕێنووس بەشێک لە زمانەوانی نییە، چونکە:

ڕێنووس بەگشتی، بە بەکارهێنانی هێما نووسراوەکان، ئاماژەیە بۆ کۆمەڵێک یاسا و ڕێککەوتن بۆ نوێنەرایەتیکردنی زمانی ئاخاوتن. لەوانەیە ئەم یاسایانە شتی وەک چۆنێتیی بەکارهێنانی پیتەکان، هێماکانی خاڵبەندی و بۆشاییدانان لەخۆ بگرن.

لە لایەکی ترەوە زمانەوانی، وەک سیستەمێکی ئاڵۆز، هەڵسوکەوت لەگەڵ لێکۆڵینەوەی زانستی زمان دەکات. ئەمە توێژینەوەی فۆنەتیکی، فۆنۆلۆژی، سینتاکس، سێمانتیک، پراگماتیک و لایەنەکانی تری زمان لەخۆ دەگرێت.

لەم ڕوانگەیەوە، ڕێنووس تەنیا ئامرازێکە بۆ نوێنەرایەتیکردنی زمان و وەک لایەنەکانی دیکەی زمان، ئاڵۆز و ناسک نییە.

بۆ نموونە، زانستی زمانەوانی دیاری دەکات كه زمانی ئینگلیزی ڕیزبوونی بنهماییی (SVO)ـی ههیه، واته له پێشدا بكهر، پاشان كار و دوایی بهركار دهنووسرێت.

هەروەها زانستی زمانەوانی دەیسەلمێنێت کە له زمانی كوردیدا ڕیزبوونی بنهمایی، واتە تایپۆلۆجی، وهكوو زمانی ئینگلیزی نییه و بهڵكوو بهشێوهی (SOV)ه واته لهپێشدا بكهر، پاشان بهركار و دوایی كار دێت. کەسیش ناتوانێت ئەو یاسایە تێک بدات.

بەڵام زانستی زمانەوانی ناتوانێت بیسەلمێنێت کە نووسینی وشەی سابوون بە سابوون یان سابون یان صابون یان sabon یان sabun یان sabûn و هتد دروستە یان نە، مەگەر ئەوەی خۆمان ڕێک بکەوین کە ئایا ص بەکار بهێنین یان س و یان s بەکار بهێنین، ئایا دەنگی درێژ بە یەک و بنووسین یان بە دوو وو. ئایا بە پیتی لاتین دروستە یان بە پیتی ئارامی یان بە پیتی سریلکی یان بە پیتی چینی.

واتە ئەگەر زمانەوانی ناتوانێت لەو بارەیەوە ئەو ئاڵۆزییە یەکلا بکاتەوە، کەوا بێت چۆن سەر بە زانستی زمانەوانییە، ئاخر زانست هەموو شتێک یەکلا دەکاتەوە.

لە لایەکی دیکەوە دەتوانین بڵێین کە ڕێنووس بەشێک لە زمانەوانییە، چونکە:

ڕێنووس بە شێوەیەکی دانەبڕاو بە زمانەوە گرێ دراوە. چۆنێتیی نووسینی وشەکان دەتوانێت کاریگەریی لەسەر چۆنێتیی لێکدانەوە و تێگەیشتنی خەڵک هەبێت.

ڕێنووس دەتوانێت بە تێپەڕبوونی کات پەرە بستێنێت و ئەم گۆڕانکارییانە دەتوانن ڕەنگدانەوەی زمانی ئاخاوتن بن.

زمانەوانان لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانیاندا ڕێنووس وەک بەشێک لە توێژینەوەکانی خۆیان لە زمان چاو لێ دەکەن. ئەوان بۆ لێکۆڵینەوە لە مێژووی ڕێنووس و چۆنێتیی کارکردنی و چۆنێتیی کاریگەریی لەسەر زمان، شێوازی زمانەوانی بەکار دەهێنن.

لە کۆتاییدا، ئایا ڕێنووس بە بەشێک لە زمانەوانی دەزانین یان نا، بەوە گرێ دراوە کە تێڕوانینی تۆ بۆ سروشتی زمانەوانی چییە.

ئەگەر زمانەوانی تەنیا وەک لێکۆڵینەوە لە زمانی ئاخاوتن پێناسە بکەیت، لەوانەیە ڕێنووس بە بەشێک لەو زمانە نەزانیت.

بەڵام ئەگەر زمانەوانی بە لێکۆڵینەوەی بەرفراوانتر لە زمان پێناسە بکەیت، لەوانەش چۆنێتیی نوێنەرایەتیکردنی لە نووسیندا، دەتوانرێت ڕێنووس بە بەشێک لە بواری زمانەوانی هەژمار بکرێت.

بەکورتی، زۆر کەس پێیان وایە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بۆ ئەو پرسیارە نییە کە ئایا ڕێنووس بەشێکە لە زمانەوانی یان نا. ئەمە بابەتێکی مشتومڕی زمانەوانانە و بۆچوونی جیاواز لەسەری هەیە و هەر کەسێکیش لەو بارەیەوە خاوەنی بۆچوونی تایبەت بە خۆیە.

زۆر کەسی تر ڕێنووس بە بەشێکی دانەبڕاو لە زمانەوانی دەزانن و ڕایان وایە کە:

هەرچەند ڕێنووس زۆر جار ڕێککەوتنە، بەڵام ئەو ڕێککەوتنە لەسەر کۆمەڵێک خاڵن کە سەر بە هەندێک لقی زمانەوانین.
بەگشتی دەکرێت بوترێت کە بنەماکانی ڕێنووسی زمان بەشێکن لە زمانەوانی. زانستی زمانەوانی باس لە لێکۆڵینەوەی زمانەکان و پێکهاتەیان و چۆنیەتیی بەکارهێنان و گۆڕینی زمان و بنەما و ڕێساکانی زمانە جیاوازەکان دەکات. ڕێنووس (ئۆرتۆگرافی) ئاماژەیە بۆ شێوازی دروستی نووسینی وشە و ڕستە لە زمانێکدا و ڕێساکانی پەیوەست بە ڕێنووس و خاڵبەندی و ڕێزمان لەخۆ دەگرێت کە هەموو ئەمانە بە ژێرکۆمەڵەیەکی زمانەوانی دادەنرێن کە دەکرێت لێرەدا ئاماژەیان پێ بکەین:

١. فۆنەتیک و فۆنۆلۆژی: ئەم لقانە لێکۆڵینەوە لە دەنگەکانی زمان و سیستەمی دەنگییان دەکەن. بنەماکانی ڕێنووس دەتوانرێت بکەونە ژێر کاریگەریی یاسا و ڕێساکانی فۆنەتیک و فۆنۆلۆژییەوە.

نموونە: لە زمانی ئینگلیزیدا دەنگی /f/ لە وشەی philosophy و phone بە پیتەکانی ph دەنووسرێت. ئەم یاسایە بەشێکە لە یاساکانی ڕێنووسی ئینگلیزی کە پێوەندیی بە فۆنەتیک و فۆنۆلۆژیاوە هەیە، چونکە ph /f/ دەخوێندرێتەوە.
یان هەروەها لێکۆڵینەوەی فۆنەتیکە کە دیاری دەکات کە دەنگی و لە زمانی کوردیدا چوار جۆری هەیە: بۆ نموونە لە: وان، کوڕ، کۆڕ، کووڕ. ئەوان هەوڵ دەدەن پیتی جیاواز بۆ ئەو دەنگانە بدۆزنەوە. ڕەنگە دەنگی تریش هەبن کە هێشتا وەک فۆنیمێک دانیان پێدا نەنراوە و پیتی بۆ دیاری نەکراوە. (توانای هەبوونی پیت لە جۆری ئەلفبێەوە بۆ جۆرێکی تری ئەلفبێ جیاوازە.)
لەبەر سنوورداربوونی ژمارەی پیتەکان لە ئاستی دەنگەکاندا، نووسینی دەنگەکان بە پیت، بەردەوام کێشەی هەیە. جاری وایە هیچ زمانەوانێک ناتوانێت کێشەکان بەتەواوی چارەسەر بکات. وەک چۆن هێشتا کێشەی بزرۆکە i و y و î لە کوردیی ناوەڕاستدا، بە پیت چارەسەر نەکراوە.

هەڵبەت هەموو زمانەکان لەو بوارەدا کێشەی تایبەت بە خۆیان هەیە. چونکە ئەوە پەیوەندیی بە ژمارەی زۆری و کەمیی پیتەکانی ئەلفبێوە هەیە، کە زۆر جار ئایتیزانەکان خەریکی ئەو بەشەن و مەرج نییە ئەوان تەنانەت شارەزای لینگویستیک بن. بەڵام دەکرێت زمانەوانان پێشنیار بکەن کە چەند جۆر پیت پێویستە، ئایتیزانەکان پیتیان بۆ دروست بکەن، هەرچەند کاری واش جاری وایە بە کەس چارەسەر نابێت.

٢. مۆرفۆلۆژی: ئەم لقە لێکۆڵینەوە لە پێکهاتەی وشەکان و یاساکانی دروستبوونیان دەکات. یاساکانی ڕێنووس و پێکهاتەی وشەکان، بەشێکن لە بنەماکانی ڕێنووس کە پەیوەندییان بە مۆرفۆلۆژییەوە هەیە.
نموونە: ئەو پاشگرانەی کە نیشانەی کۆن، بۆ نموونە کە بە وشەی کوڕ زیاد دەکرێن و دەبنە: کوڕان، کوڕەکان، نموونەن لە دروستنووسین کە سەر بە مۆرفۆلۆژییە.

٣. ڕستەسازی (syntax): ئەم لقە لێکۆڵینەوە لە پێکهاتەی ڕستەکان و ڕێساکانی ڕیزبەندیی وشەکان لە ڕستەدا دەکات. خاڵبەندی و ڕێزمان لە ڕێنووسدا پەیوەندییان بە ڕستەسازییەوە هەیە.
نموونە: لە ڕستەی: من سنە، مەریوان، مەهاباد، سلێمانی و هەولێرم بینیوە. نیشانەی بۆرەکان سەر بە بنەمای ڕێنووسن لە بەشی خاڵبەندی و ڕێزمان کە سەر بە سینتاکسە.
***

٤. واتاسازی و پراگماتیک: ئەم لقانە لە مانا و بەکارهێنانەکانی زمان دەکۆڵنەوە. هەرچەندە ئەم لقانە ڕاستەوخۆ باس لە بنەماکانی ڕێنووس ناکەن، بەڵام تێگەیشتنێکی دروست لە واتا و بەکارهێنانی زمان دەتوانێت کاریگەریی لەسەر چۆنیەتیی نووسین و دەربڕینی دروستی هەبێت.
بۆیە بەڕای ئەم توێژە، ڕێنووس بەتایبەتی ژێرکۆمەڵێکە لە لقە جیاوازەکانی زمانەوانی و هەر یەکێک لەم لقانە بە جۆرێک لە دروستبوونی یاساکانی ڕێنووسدا بەشدارن.

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەی کە ئاخۆ ڕێنووس لە سەدا سەد بەشێکی ڕەبەقە لە زمانەوانی (lingustics) یان نە؟ بۆچوونێکی تر دەڵێت: هەم بەڵێ هەم نە. یان باشترە بڵێین بەشێکی سەر بە زمانەوانییە و بەشێکیشی جیاوازە:
بەبێ ئەملا و ئەولا، ئەو بەشەی کە دەنگەکانی زمان دیاری دەکات، سەر بە لێکۆڵینەوەی زمانەوانییە و هیچ گومانێکی تێدا نییە.

ئەو بەشەی کە ڕێک بکەون کە دەنگەکان بە چ پیتێک بنووسن، دەکرێت ڕێککەوتنی زمانەوانان بێت دەشکرێت ڕێککەوتنی لێژنەیەکی تایبەت بە زمان بێت (مەرج نییە هەموویان زمانەوان بن). دەشکرێت بەپێی زەمان لەلایەن خەڵکی ئاسایییەوە دەستی پێ کردبێت و بەرە بەرە جێ کەوتبێت. کێشەی ڕێنووس لە هیچ زمانێکدا بەتەواوی یەکلایی نەکراوەتەوە. جاری وایە هەر زمانەوانێک بە مەیلی خۆی بڕیار دەدات شتێک چۆن بنووسێت یان نەنووسێت، بۆیە تەنانەت ئەوانەش لە لێژنەیەکی زمانەوانیدان مەرج نییە بە یەک ڕادە ڕێساکانی ڕێنووس ڕەچاو بکەن.

ئەگەر چاو لە زمانەوانان و مامۆستایان و کتێبەکانی وەزارەتی پەروەردە و نووسینەکانی نووسەران و شاعیران و مامۆستایان و قوتابیان بکەین، دەبینین هەمان شت بە چەند شێوەی جۆربەجۆر دەنووسن. چونکە ئەو ڕێسایە بەدەر لە یاسای زمانەوانییە و زیاتر ڕێککەوتنە. ڕێککەوتنیش زۆر جار جیاوازە.

لە هیچ زمانێکدا کێشەی نووسین چارەسەر نەکراوە، چونکە ئەگەر بابەتێکی زمانەوانیی ڕەبەق بوایە کەس نەیدەتوانی لێی لا بدات، بەڵام چونکە چۆنێتیی پیتەکان زیاتر ڕێککەوتنە، کێشەکە یەکلایی نەبووەتەوە. بۆ نموونە:
یەکێک دەڵێت بنووسین (جێ بە جێ کردن)، یەکێک دەڵێت نەخێر (جێبەجێ کردن)، یەکێک دەڵێت (جێبەجێکردن). هەمووشیان وەڵامێکیان بۆ بژارەکەیان هەیە. ڕەنگە لێرە باشتر بێت ڕێککەوتن ڕوو بدات. بۆ نموونە بوترێت: چونکە هەموو چەمکەکە پێکەوە بە یەک دەربڕین دەرهەناسە دەکرێت، باشترە پێکەوە بینووسین.

باشترین چارەسەر:
پێشتر لێژنەی تایبەتی لەسەر ڕێنووس هەبووە. وەک لە کۆڕی زانیاری کوردستان و هەروەها لە ئەکادیمیای کوردیدا لە هەولێر. کتێب و نامیلکەشیان لەسەری نووسیوە و لەسەر زۆر شتیش وەک لێژنە بڕیاریان داوە. واتە تا ڕادەیەکی زۆر کارەکە ئاسانکاریی تێدا کراوە. کەسایتیی شارەزای تریش بۆ تەواوکردنی ئەو کارانە نامیلکە و کتێبی تریشیان نووسیوە.

کێشە سەرەکییەکە ئەوەیە کە کۆدەنگی لەسەر ئەو بەرهەمانە نییە. خەڵکێکی زۆر یان هەر ئاگایان لەو بڕیارانە نییە، یان بەدڵیان نییە و یان هەر بە شێوەیەکی تر ڕاهاتوون، یان خۆیان شتی تریان پێ دروستترە. یان ئەوەیە کە بە شتێکی ناگونجاو ڕاهاتوون، بەڵام چونکە بەو شێوەیە شتیان بڵاو کردووەتەوە، ئاسان نییە یان نایەتەوێت دەستبەرداری بن.

کەوا بێت تا ڕادەیەکی زۆر زۆر لەسەر ئەوە کار کراوە و زۆر شتی بڕیاری لەسەر دراوە.

حکوومەت دەتوانێت داوا بکات لێژنەیەکی تایبەت لەسەر ڕێنووس دابمەزرێت، ئەو لێژنەیە هەموو کێشەکان بەوردی تاووتوێ بکات، پاشان ڕێک بکەون لەسەر یەک ڕێنووس. ئەو ڕێنووسە وەک ڕێسا بچوێنرێت و جێگیر بکرێت و و لەبەردەستی هەموواندا بێت کە ببێتە سەرچاوەیەک بۆ هەمووان. قوتابخانەکان و زانکۆکان و فەرمانگە دەوڵەتییەکانی لێ ئاگادار بکرێتەوە و هەوڵ بدرێت جێگیری بکەن. واتە پێشکەش بە هەمووان بکرێت، لە قوتابخانەکاندا بکرێتە بنەمای کتێبەکانی خوێندن. لە دەزگا ڕاگەیاندنەکان و گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا کاری پێ بکرێت، بکرێتە بنەما بۆ ڕێنووسی دیجیتاڵی و پرۆگرامی وەرگێڕانی مەکەینەیی و خۆکار.
ئەو ڕێنووسە مەرج نییە هەموو کێشەیەک چارەسەر بکات، بەڵام دەتوانێت یەک ڕێنووس بکاتە ڕێنووسی پێوەری ئەو زمانە و وەک ڕێنووسی یەکگرتووی زمانەکە کاری پێ بکرێت.

نووسین: دیاکۆ هاشمی، مامۆستای ڕێنوێنی زمان لە سوید.