شۆردنی مێشکی منداڵان

تشرینی یه‌كه‌م 2, 2023 Diyako

شۆردنی مێشکی منداڵانی ئێرانی لە ڕووی ئایینەوە

نووسین: نەرگس هاشمی

2023-10-02

حکوومەتی ئێران بە هەر شێوەیەک هەوڵ دەدات مێشکی منداڵان بشۆرێتەوە و ئامادەیان بکات لە داهاتوودا هەر فەرمانێکیان پێ جێبەجێ بکات.

لەم ڕەوتەدا حکوومەت بە کەڵکوەرگرتن لە توانا و هێزی خۆی منداڵان لە ڕووی دەروونییەوە کۆنترۆڵ دەکات. نموونەی بەرچاوی ئەو سیاسەتەیە کە لەو ڤیدیۆیەدا دەیبینن. هەر لە دەستپێکی ساڵی خوێندنەوە، قوتابییەکان لە قۆناغی بنەڕەتییەوە ناچار دەکرێن لەژێر پاڵەپەستۆی گرووپییەوە وێنەی خامنەیی وەک پیرۆزترین مرۆڤی ڕووی زەوی ماچ بکەن. ئەوان فێر دەکرێن کە تاکە حکوومەتێک کە  نوێنەری ئیسلام و خوا بێت لەسەر زەوی بەس کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و سەرکردەی هەمووشیان خامنەیییە.

دەیانەوێت منداڵ ڕابهێنن کە خامنەیی پیرۆزە، نەک نابێت سووکایەتیی پێ بکرێت، بەڵکوو دەبێت هەموو ڕۆژێک لە دەستپێکی ڕۆژەوە وێنەکەی ماچ بکرێت. دووپاتبوونەوەی ئەم ماچکردنە لە ئاکامدا وا لە منداڵ دەکات کە لە ڕووی دەروونییەوە ئەو پیرۆزییەی لا جێگیر بێت و وا بزانێت کە بەڕاستی ئەو پیرۆزە و بڤەیە بیری ڕەخنەگرانە لە بارەیەوە بکرێت.

مێشکشۆردنی ئایینیی منداڵان دەتوانرێت لە ڕێگەی چەندین چالاکی و کارلێکەوە ئەنجام بدرێت، بۆ نموونە:

 ١. پەروەردەی فەرمی لە قوتابخانە و فێرگە ئایینییەکان.

 ٢. بەکارهێنانی ڕاگەیاندن و بانگەشە.

٣. دروستکردنی ژینگەیەکی کۆنترۆڵکراو کە منداڵان تەنها بەر پەیامی ئایینیی حکوومەت بکەون.

٤. بەکارهێنانی هەڕەشە و سزا بۆ دروستکردنی ترس و گوێڕایەڵی.

٥. ناچارکردنی منداڵان بۆ بەشداریکردن لە چالاکییە ئاینییەکان.

مێشکشۆردنی ئایینیی منداڵان دەتوانێت چەندین دەرەنجامی نەرێنیی لێ بکەوێتەوە، لەوانە:

١. سنووردارکردنی ئازادیی فیکری و ئایینی.

٣. تەنیا ئایین و بڕوای خۆت بە ڕەوا بزانیت و باقیی بە کافر و دژەخوا.

٤. ئامادە بیت لە داهاتوودا فەرمانی جیهاد دژ بە هەر کەسێکی نەیاری خۆت بکەیت.

٥. مرۆڤ وا لێ دەکەن کە هەر لە منداڵییەوە خۆی بە کەم بزانێت، هەر هەوڵێکی باشیشی بە تێروتەسەل نەزانێت، بەڵکوو دەبێت بەردەوام دەستەوداوێنی ئاخوند و شوێنە ئایینییەکانیان ببنەوە بۆ ئەوەی ئەوان ببنە شفاکاریان تا خوا لێیان خۆش بێت.
٦. ئاخوند وا لە مێشکی تەنانەت گەورەساڵەکانیش دەکات کە بێڕەحمانە بە خەنجەر و زنجیر و کوتەک خۆیان خوێناوی بکەن. وایان لێ دەکەن کە کەرامەت و ڕێزی مرۆڤانەی خۆیان پێشێل بکەن و وەک سەگ و مارمێلکە بەسەر زەویدا بخشێن بۆ ئەوەی ئیمامێک دڵی پێیان بسووتێت و لای خوا داوای شیفایان بۆ بکات.

 مێشکشۆردنی ئایینیی منداڵان کێشەیەکی جددی و بەهەندە کە پێویستە چارەسەر بکرێت. ئەمەش دەتوانێت زیانێکی زۆر بە منداڵان بگەیەنێت و بیانخاتە مەترسییەوە.

لەگەڵ منداڵەکانتان باسی گرنگیی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بکەن و لێکۆڵینەوە لەسەر بابەتەکانی ئایینی بکەن.

ڕێگە بدەن منداڵەکانتان بە ئازادی بیروڕای ئایینیی خۆیان دەرببڕن.

منداڵەکانتان فێر بکەن کە بەرەنگاری پاڵەپەستۆی کۆمەڵایەتی ببنەوە.

لە وڵاتە ئورووپایییەکاندا منداڵان لە قوتابخانەدا بە هەموو ئایینێک ئاشنا دەکەن بەڵام هەرگیز بانگەشەی ئایینێکی تایبەتییان بۆ ناکەن.

لەم ڤیدیۆیەدا دەبینن کە چۆن ئاخوندەکان لە قوتابخانەی گشتیدا خامنەیی بە پیرۆز دادەنێن و ئەو منداڵانە وێنەیەکی پیرۆز لە مێشکیان جێگیر دەبێت و لە داهاتوودا تەنانەت ئامادە دەبن خۆیان فیدای ئەو پیرۆزییە بکەن یان لە پێناویدا مرۆڤی ئازادیخواز بکوژن.

جگە لە هەموو ئەوانە، لە سەردەمێکدا کە نەخۆشیە درمییەکان بەتایبەت لە قوتابخانەکاندا هەرا دەکەن، ماچکردنی بەکۆمەڵی ئەو پووسترە گەلێک نەخۆشیی لێ دەکەوێتەوە. ئاخوند ئامادەیە بۆ جێگیرکردنی هزری خۆی منداڵانی کەمتەمەن بخاتە مەترسیی نەخۆشییەوە.

***

بابەتەکانی تری نووسەر