ئایار 7, 2024 Diyako

زاراوەسازی لە زمانی کوردیدا

زاراوەسازی لە زمانی کوردیدا PDF 

نووسین: دیاکۆ هاشمی، سوید

ڕووبڕکێ و ئاستەنگەکان

 زاراوەسازی لایەنێکی سەرنجڕاکێشی زمانە کە وا دەکات بە تێکەڵکردنی مۆرفیمە هەبووەکان بە شێوازی جیاواز وشەی نوێ چێ بکرێت. لە زمانی کوردیدا، وەک لە زۆر زمانی تردا، بۆ پێکهێنانی وشەی نوێ، چەند ڕێگایەک هەیە، لەوانە زیادکردنی پێشگر و پاشگر، بە ئاوێتەکردنی وشەکان و بەکارهێنانی ئەو وشانەی کە لە زمانەکانی دیکەوە قەرز کراون. سەرەڕای ئەوەی کە زمانی کوردی کاتێک باس لە وشەسازی دەکرێت، زمانێکی تاڕادەیەک خۆگونجێنە، بەڵام هێشتا هەندێک ململانێ و ئاستەنگ هەن کە دەتوانن سەر هەڵبدەن.

 خۆگونجاندن لە زاراوەسازیدا

 زمانی کوردی کاتێک باس لە دروستکردنی وشە دەکرێت، بە زمانێکی خۆگونجێن ناسراوە. بە زیادکردنی پێشگر و پاشگر یان بە ئاوێتەکردنی وشەی هەبوو، دەتوانرێت وشەی نوێ بۆ دەربڕینی چەمک یان بیرۆکەی تایبەت دروست بکرێت. بۆ نموونە دەتوانرێت ڕەگی وشەی خشین کە دەبێتە خش لەگەڵ پاشگری ۆک تێکەڵ بکرێت بۆ دروستکردنی وشەی نوێی خشۆک، واتە خزنده.

یان زۆر بەجوانی بە سێ وشەی جیاوازی سەر و دەر و هێڵ پێکەوە دوو وشەی (سەرهێڵ online) و (دەرهێڵ offline)ی دروست کردووە.

 ئەم نەرمونیانییە وا لە کوردی دەکات کە بەسانایی خۆی لەگەڵ تەکنەلۆژیا و ڕەوت و پێداویستییە نوێیەکاندا بگونجێنێت.

 سەختی و ئاستەنگەکان

هەرچەندە زمانی کوردی لە پێکهاتنی وشەدا وەک مۆمە، بەڵام ڕەنگە هێشتا هەندێک کێشە و ئاستەنگ هەبن کە وەرگێڕان و فێرخوازانی زمان ڕووبەڕووی ببنەوە:

  ١. یاسا مۆرفۆلۆژییەکان: زمانی کوردی کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای مۆرفۆلۆژیی هەیە بۆ چێکردنی واتای نوێ. بۆ نموونە چۆن پێشگر و پاشگر بۆ وشەکان زیاد بکرێت. بۆ وێنە، دەتوانرێت پێشگری نا- بە هاوەڵناوەکان زیاد بکرێت بۆ ئەوەی پێچەوانەکەی دروست بکرێت. واتە خۆش دەبێتە ناخۆش. تێگەیشتن لەم یاسایانە و بەکارهێنانیان بە شێوەیەکی دروست دەتوانێت هزرمان هەراوتر بکات و تەنانەت ببێتە ڕووبڕکێیەک بۆ ئەوانەی زمانی کوردی وەک زمانێکی بیانی فێر دەبن.

 ٢. ڕیزبەندیی وشە و پێکهاتەکان: هەرچەندە زمانی کوردی ڕێگە بە پێکهاتەی وشە دەدات، بەڵام ڕیزبەندیی دروستی وشەکان، دەتوانێت بۆ تێگەیشتن لە وشە نوێیەکە زۆر گرنگ بێت. بۆ نموونە وشەی شاژن لە شا و ژن پێک دێت، بەڵام زانینی ئەوەی کە کام بەش لە ماناکە لە پێشەوەیە، بۆ لێکدانەوەیەکی دروستی واتاکە، دەتوانێت گرنگ بێت. چونکە ئەگەر هەمان دوو وشە جێگۆڕکێیان پێ بکرێت و بە لێکبەندی ە پێکەوە بلکێنرێن دەبێتە ژنەشا.

ژنەشا واتە ژنێک کە خۆی شایە. ئەمە جیاوازە لەگەڵ شاژن، کە خۆی شا نییە، بەڵکوو مێردکەی شایە.  

کەوا بێت تەنانەت جێگۆڕکێی وشەکان دەتوانێت واتای مەبەستەکە بگۆڕێت.

 ٣. گۆڕینی واتا: کاتێک پێشگر یان پاشگر بۆ وشەیەکی هەبوو زیاد دەکرێت، دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە واتادا. بۆ نموونە بە زیادکردنی پێشگری تێ- بۆ وشەی گەیشتن، وشەی نوێی تێگەیشتنمان دەست دەکەوێت، کە مانای تەواو جیاوازی هەیە لە وشە ڕەسەنە پێشووەکە. گرنگە لەم گۆڕانکارییانە لە مانادا تێ بگەین بۆ ئەوەی وشەکان بە شێوەیەکی دروست و کاریگەر بەکار بهێنین.

کەوا بێت پێشگری تێ واتایەکی نوێی دروست کردووە. و گەیشتن و تێگەیشتن دوو واتای جیاوازیان هەیە. گەیشتن واتە گەیشتنەجێ یان پوختبوون و خۆشبوون و کامڵبوونی میوە، بەڵام تێگەیشتن واتە فامین و حاڵیبوون.

 ٤. جیاوازییە وردە واتایییەکان: ڕەنگە هەندێک وشەی نوێ وردکاریی واتاییی هەبێت و لەوانەیە زەحمەت بێت بۆ ئەو کەسانەی کە زمانی دایکییان کوردی نەبێت و ئاخافتەری زمانێکی بیانی بن، لە جیاوازییەکان و وردەکارییە واتایییەکان تێ بگەن. بۆ نموونە، ڕەنگە وشەیەک تۆنێکی سۆزداری یان پەیوەندییەکی دیاریکراوی هەبێت کە ڕەنگە بۆ ئەوانەی کە بە زمان یان کولتوورەکە ئاشنا نین، قورس بێت.

جیاوازیی دەنگی: بۆ نموونە زۆر زەحمەتە بۆ کەسێکی بیانی بەئاسانی لە جیاوازیی بێژەی کەر و کەڕ یان کوڕ و کووڕ تێ بگات. ئەویش لەبەر وردبوونی جیاوازییە دەنگییەکانە.

جیاوازیی فەرهەنگی: سویدییەک کە لە فەرهەنگیدا وشەی شەهید لەم سەردەمەدا بۆ کوژرانی کەسێک بەکار ناهێنێت، تەنانەت ئەگەر سەربازێکی سویدییش لە شەڕێکدا بۆ سوید بکوژرێت، پێی ناڵێن شەهید، هەر دەڵێن کوژرا، پێی سەیر دەبێت کاتێک دەبیستێت کە کەسێک دەڵێت: باوکم شەهید بوو. وشەی شەهید لە مێشکی ئەودا بۆ مەسیحییەکانی سەردەمی کۆن و خاچپەرستی بەکار هێنراوە.

تێگەیشتنی جیاواز لە وشەی شەهید دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازیی فەرهەنگی.

لێرە دەمەوێت لەو بارەیەوە بەسەرهاتێکتان بۆ باس بکەم کە لە خولێکی فێربوونی زمانی کوردیدا هاتە پێشەوە کە تایبەت بوو بەو سویدییانەی کە دەیانویست فێری زمانی کوردی بن:

قوتابییە سویدییەکە پرسیاری ئەوەی کرد بۆچی ئێوە وشەی شەهید بۆ هەموو کەسێک بەکار دەهێنن؟ منیش وتم بۆ هەموو کەسێک نییە، بۆ ئەوانەیە کە لە ڕوانگەی کەسەکانەوە ئەو شتە پیرۆز بێت بۆ نموونە ئایین یان نیشتمان یان ئەگەر بەبێتاوان بکوژرێن. وتی واتە ئەو کەسانە خۆشەویستن؟ وتم: بەڵێ.

وتی: من سەگێکم هەیە زۆرم خۆش دەوێت، ئەگەر بکوژرێت بۆم هەیە بڵێم شەهید بووە؟

وتم: ناااااااا، هەرگیز شتی وا نەکەیت، چونکە شەهید تەنها بۆ مرۆڤ بەکار دەچێت. بۆ ئاژەڵ، بەتایبەت بۆ سەگ هەرگیز بەکار ناهێنرێت، ئەوە جۆرێک لە سووکایەتییە بە هزری خەڵک.

وتی باش بوو وتت. چونکە لە ماوەی باسکردن لەسەر ئەم وشەیە بیرم لەوە دەکردەوە کە من شتێکی نوێ فێر بووم و دەتوانم بەکاری بهێنم.

ئەم نموونەیە ڕوونی دەکاتەوە کە تێگەیشتن لە وشە هەندێک جار گرێ دراوە بە فەرهەنگ و کولتووری خەڵکەوە.

٥. گۆڕانکاریی زمانەوانی و شێوەزار: زمانی کوردی وەک هەموو زمانەکان بە تێپەڕبوونی کات گۆڕانکاری و گەشەسەندنی بەسەردا دێت. هەروەها زمانی کوردی خاوەنی کۆمەڵێک زار و شێوەزارە. ئەو وشانەی کە زۆر کەم لە زمانی ئەدەبیدا بەکار هێنراون ڕەنگە تێگەیشتنیان قورس بێت بۆ کەسێک کە دەیەوێت زمانی کوردی فێر بێت.

بۆ نموونە لەو خولەی ئێمەدا هەواڵ و ڕاپۆرتە تەلەفزیۆنییەکانمان دەخستە بەرچاویان بۆ ئەوەی هەم فێر بن و هەمیش تێی بگەن یان بیکەنە سویدی.

قوتابییەکان زۆر زیرەک بوون لە فێربوون و تێگەیشتنی ئەوەی کە ئەمڕۆ وەک زمانی ئەدەبی و زمانی ڕاگەیاندن جێ کەوتووە. بەڵام هەر کە دەهاتە سەر زارەکانی تر یان شێوەزارەکانی تر، بۆیان قورس بوو و یەکسەر هەستیان دەکرد کە ئەو دەربڕینانە لەگەڵ ئەو زمانە ئەدەبییە کوردییەی کە ئەوان کاریان لەسەر کردووە جیاوازیی هەیە.

لەوانەیە دەربڕینی نامۆ و وشەی نوێ دەربکەون، کە ڕەنگە بۆ بیانییەکان ئەستەم بێت بە دروستی لێیان تێ بگەن یان بەکارهێنانیان قورس بێت. ئەمەش دەتوانێت بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە زمانی کوردی وەک زمانێکی بیانی فێر دەبن یان بۆ ئەو کەسانەی دەقەکان بۆ زمانی کوردی وەردەگێڕن، جێگەی مشتومڕ بێت.

 پوختە

ڕۆنان و چێکردن و دروستکردنی وشە بە زمانی کوردی ڕەوت و پرۆسەیەکی سەرنجڕاکێشە کە وا دەکات بتوانرێت وشەی نوێ بۆ دەربڕینی بیرۆکە و چەمکی نوێ دروست بکرێت.  بەڵام سەرەڕای نەرمی و خۆگونجێنی، هەندێک ململانێ و ئاستەنگ هەن کە ڕەنگە بۆ ئەوانەی فێری زمانەکە دەبن یان لەسەر وەرگێڕان کار دەکەن، سەر هەڵبدەن. مرۆڤ بە تێگەیشتن لە ڕێساکانی مۆرفۆلۆژی و گۆڕانی مانا و گۆڕانی زمانەوانی، دەتوانێت بەو ئاستەنگانەدا بڕوات و فرەچەشنیی دەوڵەمەندیی وشەکان لە زمانی کوردیدا بەرز بنرخێنێت.