كانونی دووه‌م 10, 2023 Narges Hashemi

یاسای نوێی حیجاب گاڵتەجاڕییە

ئامادەکردن: نەرگس هاشمی

ژینا ئەمینی هەرچەند حیجابی هەبوو، کەوتە بەر زەبروزەنگ و ئەشکەنجە و لێدان و گیانی پاکی لە دەست دا. بە سەدان میلیۆن خەڵکی جیهان بە مەرگی ژینا ورووژان و بە شێوەی جۆربەجۆر پاڵپشتیی خۆیان بۆ ژینا دەربڕی. هەزاران کەس بەدوای ژینادا بەندی کران، ئەشکەنجە کران، دەستدرێژیی جنسییان کرایە سەر و هەڵواسران.

کەچی دوای ئەو هەموو کوشتوبڕە دادستانی گشتیی ئێران، موحەممەد جەعفەر مونتەزیری، لە ٤ی بەفرانبار لە دانووستانێک لەگەڵ ڕاگەیێنە ناوخۆییەکاندا، هەڕەشەی لەو ژن و کچانە کرد کە بەبێ حیجابی ئیجباری دەرکەوتوون و لەبەرچاوی هەمووان تووشی تاوانی دیار (جرم مشهود) بوون.

لەلایەکی ترەوە ڕۆژنامەی عصر ایران ڕای گەیاند کە یاسای نوێی حیجاب ئامادە بووە، بێحیجابی تاوانە نەک کەمحیجابی.
بڕیارەکە ئەوەندە ناڕوون و لێڵە کە هەر کەسێک تۆزقاڵێک بیری لێ بکاتەوە دەزانێت کە ئەو یاسادەرچوێنراوە تەنیا فریودانە و هیچی تر.
یاسادانەرەکان پێناسەیەکی ڕوونیان لە کەمحیجابی نەداوەتە دەستەوە. کەس نازانێت کەمحیجابی لە ڕوانگەی یاساوە چییە، چونکە لەلایەکی ترەوە، لە پێناسەی حیجاب دەوترێت تەنیا ڕوومەت و دەست لە حیجاب ئاوارتەن، واتە تەنیا ئەو دوو ئەندامە یاسای حیجاب نایانگرێتەوە. ئەی ئیتر کەمحیجابی واتای چییە؟ بەپێی چ تێگەیشتنێک بزانین چی دەبێتە کەمحیجابی، دوو تەڵ لە بسکی کچێک بکەوێتە دەر کەمحیجابییە یان نە؟ هەر ئەو تاوانەی کە ژینایان لەسەری شەهید کرد؟
بەپێی یاسا پەیوەندیدارەکانی وڵات، لەو حاڵەتانەی کە دەقە یاساییەکان بێدەنگن لە پێناسە یان حوکمەکان، پێویستە سەردانی سەرچاوە و فەتوا فیقهی و شەرعییەکان بکرێت. بە پێی دەقە فیقهییەکانمان، تەنیا دەم و دەست لە حیجاب ئاوارتەن (بەدەرن).

پاشان هەر لەو ڕۆژنامەیەدا ئاماژە بە سزاکانی بێحیجابی دەکات و دەنووسێت:
سزاکانی بێحیجابی بریتین لە دانانی ماوەی چاودێری، خزمەتگوزارییە گشتییە بێبەرانبەرەکان، غەرامە، سنووردارکردنی دامەزراندن و کارپێدان، نیشتەجێبوونی ناچاری، قەدەغەکردنی چوونەدەرەوە لە وڵات و هتد.

واتە ئەو هەموو خۆپیشاندان و ورووژاندنەی خەڵک لەژێر ناونیشانی ژن، ژیان، ئازادی نەک هیچ ڕێزێکی لێ نەگیرا، بەڵکوو هەمووشیان وەک ڕووخێنەری حکوومەت هەژمار دەکرێن و سزایان مەرگە.

ڕۆژنامەکە بەردەوام دەبێت و دەڵێت:
بەپێی تێبینیی ماددەی ٦٣٨ی یاسای سزادانی ئیسلامی، کتێبی پێنجەمی سزاکان، بوونی ژنانی بێ حیجاب لەبەردەم خەڵکدا بە تاوان و سزا دادەنرێت.
لەسەر بنەمای ئەمەش ئەو ژنانەی بەبێ حیجاب لەبەردەم خەڵکدا دەردەکەون، دەسەڵاتی دادوەری ڕێوشوێن دەگرێتەبەر بەپێی مادەی (80)ی یاسای دادگاییکردنی تاوان کە لەساڵی ١٣٩٢ (2013) پەسەند کراوە. ئەگەر کەسەکە ڕەتی بکاتەوە لە دەسەڵاتی دادوەریدا بەڵێنی پابەندبوون بدات یان دوای پێدانی پابەندبوون، دووبارە ئەو ڕەفتارە ئاماژەی پێ کراوە ئەنجام بداتەوە، ئەوا یەکێک لە سزا کۆمەڵایەتییەکانی پلەی هەشتەمی بەسەردا دەسەپێنرێت، دادگاش دەتوانێت جگە لەو سزایەی کە ئاماژەی پێ کراوە، بە بەشداری لە خولی پەروەردەیی و ئەخلاقی و ئایینیدا بۆ ماوەی یەک تا دوو هەفتە وەک سزای تەواوکەر، مەحکوومی بکات.

ئەمەش بەو مانایەیە کە لە ئەگەری ڕەچاونەکردنی حیجاب لەلایەن هاووڵاتیانەوە، سەرەتا بابەتەکە بە لەبەرچاوگرتنی یاساگشتییەکانی تاوانە بەرچاوەکان، بە دەسەڵاتی دادوەری ڕادەگەیەنرێت، دواتر دەسەڵاتی دادوەری، دوای تێگەیاندنی تۆمەتەکە، ئەگەر کەسەکە هیچ پێشینەیەکی نەبووبێت لە ڕەچاونەکردنی حیجاب،
لە تاوانکارەکە بەڵێن و پابەندبوونی نووسراوی وەردەگرێت و بڕیاری تۆماکردنی دۆسیەکە دەردەکات.

بەڵام لەو حاڵەتانەی کە تاوانکار بە تاوانی بێحیجابی، پێشینەی پێشووی هەبێت یان ڕەتی دەکاتەوە پابەندبوون بە دەسەڵاتی دادوەری بدات، لێکۆڵینەوەی دادوەری لەسەر ئەو دۆسیەیە دەکرێت کە لەسەر ئەم تاوانە تۆمارکراوە.

لەم بوارەدا یاسادانەر سزای نوێی وەک سزای سەرەکی لەژێر ناونیشانی بێبەشکردنی کۆمەڵایەتی لە مادەی ٩ی ئەم پڕۆژەیاسایەدا دابین کردووە.

بەپێی ماددەی ٩ی ئەم پڕۆژەیاسایە، سزا کۆمەڵایەتییەکان بە پلەی هەشتەم بریتین لە دروستکردنی ماوەی چاودێری، خزمەتگوزارییە گشتییە بێبەرامبەرەکان، غەرامەکردن، سنووردارکردنی دامەزراندن و کارپێدان، نیشتەجێبوونی ناچاری، قەدەغەکردنی دەرچوون لە وڵات و هتد بۆ ماوەیەکی سنووردارە. ڕەخنەیەکی گرنگ لەم بەشەی پڕۆژەیاسای ئاماژەپێکراو، پێناسەنەکردنی حیجاب لە یاساکەدایە.

لە بڕگەکانی خوارەوەی ئەم پڕۆژەیاسایەدا سزاکانی پلە حەوتەم، وەک زیندانیکردن یان غەرامەکردن و هتد، بە پەرەپێدانی کولتووری حیجاب نەپۆشین و پابەندنەبوون بە مەرجەکانی حیجاب لەلایەن خاوەنکار و پیشەکانەوە و دەرکردن لە خزمەت بۆ جێبەجێنەکردنی دەرچوێنراوەکانی حیجاب لەلایەن کارگێڕانی حکوومەتەوە لەبەرچاو گیراوە.

هەروەها سەرپەرشتی نەکردنی بەڕێوەبەرانی پیشە و پیشەکان و شوێنی پیشەکان سەبارەت بە ڕەچاوکردنی پاکیزەیی و حیجاب لەلایەن کارمەندەکانیانەوە سەرپێچییە و بۆ جاری یەکەم بە بڕی ٢٠ ملیۆن ڕیال و بۆ جاری دووەمیش بە بڕی ٥٠ ملیۆن ڕیال غەرامە دەکرێت.

ڕۆژنامەکە هەروەها دەڵێت لە بڕگەیاسایییەکاندا باسێک لە گەشتی ئیرشاد نەکراوە.

بەگشتی بڵێین ئەو یاسا نوێیەی کە بۆ حیجاب دەرچوێنراوە، شتێک جگە لە گاڵتەجاڕی نییە و ژنان و کچان وەک هەمیشە لەبەر ڕەچاونەکردنی حیجاب تووشی کۆمەڵێک سزا دەبنەوە کە دەرەنجامەکەی کۆیلەیەتی و ملکەچییە بۆ ژنان و هی چی تر.

ئامادەکردن: نەرگس هاشمی، سوید