منداڵ لە سکی دایکدا لە سەرەتادا تۆپەڵەخانەیەکە پێی دەوترێت ئاولەمە (فارسی: رویان – عەرەبی: المُضغَة – embryo). دواتر هەر لە سکی دایکدا گەشە دەستێنێت و دەبێتە کۆرپەلە (ف: جنین، ع: جنین fetus). دوایی کە لەدایک دەبێت وشەی جۆربەجۆرمان بۆی هەیە وەک: کۆرپە، ساوا.
کێشەکە ئەوەیە کە عەرەب بۆ هەر دوو وشەکە واتە هەم بۆ (embryo) و هەمیش بۆ (fetus) زۆر جار هەر وشەی “جنین”ی بەکار هێناوە. هەر بۆیە کوردیش وشەی “جنین”ی بە کۆرپەلە بەکار هێناوە و فارسیش هەر وەک عەرەب وتوویەتی: “جنین”.
عەرەب بەو زانستە کە لەو بوارەدا دەکۆڵێتەوە (Embryology) وتوویەتی: “علم الأجنة”. کورد و فارسیش لەڕووی عەرەبییەکە وشەکەیان وەرگێڕابوو. بە کوردی پێی وترا “کۆرپەلەزانی” و بە فارسییش پێی وترا: “جنین شناسی”.
بەڵام ئێمە ئەمڕۆ زۆر باش دەزانین کە زانستەکە لە وشەی “کۆرپەلە / جنین / fetus” دروست نەبووە و دروست نییە پێی بوترێت کۆرپەلەزانی و “جنین شناسی”. بەڵکوو وشەکە لە (embryo) دروست بووە و بووە بە (Embryology) کەوا بێت دەبێت پێی بوترێت ئاولەمەزانی نەک کۆرپەلەزانی.
فارسیش لەوە تێ گەیشتووە و بە فارسی وشەی “رویانشناسی”یان بۆ داناوە و ئیتر پێی ناڵێن “جنین شناسی”. هەرچەند لەبەر ئەو هەڵە کۆنە هێشتاش وشەکە لە فەرهەنگە کۆنەکاندا وەک خۆی ماوەتەوە. کەوا بێت هەرچەند لە کۆندا وتراوە کۆرپەلەزانی، ئیتر دەبێت وازی لێ بهێنرێت و تەنها بوترێت ئاولەمەزانی. وەک چۆن فارسیش وازی لێ هێناوە و پێی دەڵێن: رویانشناسی.
لە زمانی ئینگلیزیدا پاشگری (logy) کە لە بنەڕەتدا لە یۆنانی وەرگیراوە زۆر بەکار دەهێنرێت، ئەم پاشگرە ئاماژە بە زانستی شتەکە دەکات.
لە فارسیدا کەڵک لە “شناسی” وەردەگرن، دیارە “شناسی” لە شناختن”ەوە وەرگیراوە.
لە عەرەبیدا پێی دەوترێت: (علم).
بە فارسی و دەری و تاجیکی کەڵک لە “شناسی” وەردەگرن. بۆ نموونە دەڵێن وەک: هەندێ کەس بیریان بۆ “ناسی” دەچێت و پێیان وایە ئێمەش دەبێت پاشگری “ناسی” بەکار بهێنین، بەڵام دیاردەکە ئاماژە بە “ناسین” نییە، بەڵکوو ئاماژە بە زانین و زانستی ئەو شتەیە، ڕێک وەک ئەوەی عەرەب وشەی “علم”ی بۆ بەکار هێناوە.
کوردیش لە چاوگی “زانین”، پاشگری “زانی”ی وەرگرتووە، کە “زانست”یش هەر لەوەوە وەرگیراوە. بە بەراورد لەگەڵ واتاکە پڕبەپێستیەتی، نموونە:
(تیشکزانی – پرتوشناسی – علم الأشعة – Radiology)
(دەرمانزانی – داروشناسی – علم الأدوية – Pharmacology)
( بوومەلەرزەزانی – لرزەشناسی – علم الزلازل – Seismology)
(زیندەزانی – زیست شناسی – علم الأحياء – biology)
(ئاولەمەزانی – رویان شناسی – علم الأجنة – embryology)
***
زانی و ناسی دوو پاشگری گرنگ لە زمانی کوردیدا
لە باشوور لە قوتابخانەکاندا و لە کتێبە زانستییەکاندا کەڵک لە “زانی” وەردەگیرێت. لەم سەرچاوەیەدا زانیاریی باش دەست دەکەوێت لەسەر وشە زانستییەکاندا و بەتایبەت لەسەر “زانی”، “ناسی”:
پڕۆژەی زاراوەی زانستیی کوردی، کەمال جەلال غەریب، PDF