یەکەم بڵاوکردنەوە لە زانستپەروەرانی کورد: 27-03-2004
دوانوێکردنەوە لەم ماڵپەڕە: 07-04-2021
زاراوه‌سازیی كوردی
کاتێک ده‌وترێت زمانی کوردی یه‌کێک له دوو زمانه فەرمییەکانی عێراقه، به‌و واتایه‌یه که ده‌بێت بتوانرێت وه‌کوو زمانی عه‌ره‌بی هه‌موو شتێکی پێ بنووسرێته‌وه.
زمانی عه‌ره‌بی پتر له ١٤٠٠ ساڵه ڕاژە (خزمەت)ی دەکرێت. ئه‌کادیمیای زمانه‌وانی و کۆڕ و کۆمه‌ڵی بۆ دانراوه، پسپۆڕ و شاره‌زای بێئهژمار چاویان لێیه. هه‌موو جۆره بابه‌تێکی پێ نووسراوه‌ته‌وه، هه‌ر له فۆلکلۆر و هۆنراوه و ڕۆمان و په‌ڕاوی پیرۆز و ئایینه‌وه بگره هه‌تا مێژوو، جوگرافیا، ئه‌ستێره‌وانی، ده‌ریاوانی، زه‌ویزانی، ده‌روونزانی، گیانه‌وه‌رزانی، زینده‌وه‌رزانی، پزیشکه‌وانی، فه‌لسه‌فه، بیرکاری، فیزیا، کیمیا و ده‌یان لقی جۆربه‌جۆری تری زانستی.
زمانی کوردییش زمانێکی بریندار و تاسێنراوه. هه‌ر له کۆنه‌وه ڕێپێنەدراو و پێشێلکراو بووه. به‌ڵام له‌به‌ر چڕی و ده‌وڵه‌مه‌ندی، هێشتا هه‌ر ماوه. له‌به‌ر هه‌وڵی تاکه‌که‌سی و داموده‌زگای ده‌گمه‌نی وه‌ک کۆڕی زانیاریی کورد بووژاوه‌ته‌وه.
ئێستا باری ڕامیاریی کورد گه‌یشتۆته ئاستێ که زمانی کوردی لە عێراقدا لە ڕووی سیاسی و مافییەوە هەموو مافێکی وەکوو زمانی عەرەبی پێ دراوە، کەوا بێت لە بواری بەکارهێناندا به هاوشانی زمانی عه‌ره‌بی دادەنرێت و به‌و ڕاده‌یه ڕێگه‌ی پێ دەدرێت بەکار بهێنرێت.
بۆ ئه‌وه‌ی له‌م پێشبڕکێیه‌دا دوا نه‌که‌وین پێویسته دڵسۆزانه قۆڵی لێ هه‌ڵماڵین. دەبێت ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد بایه‌خێکی ئێجگار زۆر به‌و ئه‌رکه بده‌ن. دەبێت زمانه‌وانان و زمانزانان و زانسته‌وانان و زانستکاران له ده‌وری یه‌کتر کۆ کرێنه‌وه. دەبێت ئه‌کادیمیای زمانه‌وانی و کۆڕی زانیاری دانرێت. دەبێت به که‌ڵکوه‌رگرتن له ته‌کنیک و زانست و ئینته‌رنێت و هه‌بوونی سایت و ماڵپه‌ڕ له‌گه‌ڵ پسپۆڕان و شاره‌زایانی تر چ له پارچه‌کانی تری کوردستان و چ له هه‌نده‌ران پێوه‌ندی بگیردرێت.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زانست بەخێرایی به‌ره‌و پێش دەڕوات، دانان و ڕۆنانی وشه و زاراوه‌ی نوێ ته‌وزیم و پێویسته. زمانێک نەتوانێت له‌گه‌ڵ زانستی سه‌رده‌مدا خۆی بگونجێنێت قه‌تیس و سنووردار ده‌مێنێته‌وه و له ئاکامدا دەمرێت، زمانیش که مرد نه‌ته‌وه دەمرێت.
زمانی کوردی زمانێکه توانای گه‌شه‌سه‌ندنی هه‌یه و دەتوانێت وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی گەلێک له زانستهکانی ئه‌م سه‌رده‌مه بێت. پێشتریش ڕووبه‌ڕووی لافاوی فه‌رهه‌نگیی ده‌ره‌کی بووه و توانای خۆی سه‌لماندووه، بۆ نموونه به هاتنی ئایینی ئیسلام کۆمەڵێک وشەی وەک نوێژ (صلاة)، ده‌ستنوێژ (وضوء)، ڕۆژوو (صوم) و هتد که‌وتنه ئاراوه. دواتر کە لە باشوور خوێندنی قوتابخانەکان کرانە کوردی، سەدان زاراوەی نوێ چێ کران کە ئێستە هەموویان بوون بە بەشێک لە زمانی کوردی.
به هاتنی (ئایتی IT) ده‌یان زاراوه‌ی نوێ ئافرێندران که به‌باشی له‌گه‌ڵ سرشت و خووی زمانی کوردی‌دا دێنه‌وه. وەکوو “ماڵپەڕ”، “بەستەر”، “دڵخواز”، “پاوان”، “لێدوان”، “مەکۆ”، “پەڕگە” و هتد.
به‌ڵام هێشتا له سه‌ره‌تای ڕێگایه‌کی پڕ له هه‌ورازونشێوداین.
دانان و ڕۆنانی زاراوه‌ی نوێ به‌گوێره‌ی یاسا و ڕێسای تایبه‌تمه‌ندی خۆی دەکرێت و زانستێکی تایبه‌تمه‌نده و له جیهاندا بایه‌خی زۆری پێ دەدرێت و زاراوه‌زانی (المصطلحیة، علم المصطلح ـ اصطلاح شناسی ـ terminology) لەو بابەتانە دەکۆڵێتەوە و کردەی وشەسازییەکەش پێی دەوترێت (وشەسازی = صَوغُ الألفاظ = واژەسازی = word-formation).
(وشەسازی word-formation) لەڕاستیدا لقێکی مۆرفۆلۆژییە. لێرەدا هه‌وڵ ده‌ده‌ین بەشە جۆربەجۆرەکانی بخەینە بەرچاوی ئێوەی هێژا:
١. ڕێبازی ئاوه‌ڵواتا (المجاز metaphor):
له‌م ڕێبازه‌دا وشه‌یه‌كی كۆنی زمانه‌كه ده‌هێنرێت و بۆ مه‌به‌ستێكی نوێتر كه له‌گه‌ڵ ئه‌و واتایه‌دا نزیكایه‌تیی هه‌بێت، به‌كار ده‌برێت. بۆ وێنه له زمانی عه‌ره‌بیدا به‌و حوشتره‌ی كه پێشی كاروان ده‌كه‌وت یان به كاروانی وشتر ده‌وترا (قاطرة یان قطار). زاناكانی عه‌ره‌ب هاتن و ئه‌م وشه‌یه‌یان به‌رانبه‌ر به train دانا.
له زمانی كوردیشدا ئه‌م ڕێبازه زۆر به‌كار هێنراوه و بێگومان ده‌كرێ له داهاتووشدا بۆ دانانی زاراوه‌ی نوێی زانستی كه‌ڵكی لێ وه‌رگیرێ.
نموونه:
له زمانی ئینگلیزی‌دا به (كۆمه‌ڵه‌ی خانه له‌یه‌كچووه‌كانی له‌ش له تایبه‌تمه‌ندی و شێوه‌دا) ده‌وترێ Tissue و له زمانی عه‌ره‌بی نسج و به فارسیش پێی ده‌وترێ بافت. زمانه‌وانانی كورد هاتن به‌رانبه‌ر به‌و زاراوه‌یه وشه‌ی (شانه)یان هه‌ڵبژارد، چونكوو شێوه‌كه‌ی له شانه‌ی هه‌نگوین ده‌چێ. هه‌ر له‌و زاراوه‌یه‌ش كۆمه‌ڵێ زاراوه‌ی نوێتر توانرا دابنرێ، وه‌كوو: (شانه‌زانی Histology)، (ڕووكهشهشانه Epithelial Tissues) و هتد.
نموونەیەک لە دانانی وشەیەکی کۆن بۆ مەبەستێکی نوێ لەسەر “ڕێبازی ئاوەڵواتا”
(زانستپه‌روه‌رانی كورد www.zkurd.org) به كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌م ڕێبازه، له بواری (IT)دا به‌رانبه‌ر به وشه‌ی Forum زاراوه‌ی (مه‌كۆ)یهه‌ڵبژارد.
وشه‌ی Forum له (ڕۆم)ی كه‌ونارادا به شوێنی كۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵك وتراوه كه له‌وێ كۆ ده‌بوونه‌وه و بڕیاریان له‌سه‌ر شتێ ده‌دا. له زمانه ئه‌ورووپییه‌كاندا هێشتا ئه‌و وشه‌یه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به‌كار ده‌برێت. شاره‌زایان هاتن و هه‌ر ئه‌و وشه‌یه‌یان بۆ بواری (IT) به‌كار هێنا. له زمانی (IT)دا Forum به به‌شێك له سایتێ ده‌وترێ كه له‌وێدا له‌سه‌ر شتێكی تایبه‌تمه‌ند و دیاریكراو باس و وتووێژ و ڕاگۆڕینه‌وه ده‌كرێ یان پرسیار و وه‌ڵام پێشكه‌ش ده‌كرێ. واته هه‌ركه‌سێ به ناوێكی تایبه‌تییه‌وه له‌وێ كۆ ده‌بێته‌وه یان باشتر بڵێم هه‌موو ناوه‌كان له‌وێ كۆ ده‌بنه‌وه بۆ وتووێژ.
له زمانی كوردیشدا وشه‌ی مه‌كۆ به شوێنی كۆبوونه‌وه وتراوه. بۆ نموونه به په‌ناگا و شوێنی كۆبوونه‌وه‌ی دزان وتراوه مه‌كۆ. هه‌ر وه‌ها به شوێنی كۆبوونه‌وه و ئاپۆره‌ی خه‌ڵك وتراوه مه‌كۆ.
چه‌ند نموونه‌یه‌كی تر له‌سه‌ر ڕێبازی ئاوه‌ڵواتا:
نموونەیەک لە دانانی وشەیەکی کۆن بۆ مەبەستێکی نوێ لەسەر “ڕێبازی ئاوەڵواتا”
لەم ڤیدیۆیەی خوارەوە باس لەسەر ڕێبازی زاراوەسازیی کوردی دەکرێت لەسەر بنەمای ئاوەڵواتا:
زاراوەسازیی کوردی، ئاوەڵواتا، بەرنامەی فێرگەی زمانی کوردی
٢. ڕێبازی وه‌رگرتن یان كورداندن (الاستعارة):
له‌م ڕێبازه‌دا وشه‌یه‌ك له زمانێكی تره‌وه وه‌رده‌گیرێ و بێ ئه‌وه‌ی بكرێته كوردی ته‌نها به ڕێنووسی زمانی كوردی ده‌نووسرێته‌وه. هه‌ندێ جار گۆڕینی ئه‌وتۆی به‌سه‌ردا نایه‌ت، وه‌كوو: پینگ پۆنگ (ping pong)،نایترۆجین (nitrogen) و هه‌ندێ جاریش بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌ستووری ده‌نگی (صوتي) و واژه‌گۆڕی (صرفي)ی زمانی كوردیدا بگونجێت تۆزێ گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا دێت یان باشتر بڵێم دهكوردێنرێت، وه‌كوو: فه‌لسه‌فه(فیلۆسۆفی philosophy)، ته‌لسكۆپ (تێلێسكۆپ telescope).
جاران وه‌رگرتن له زمانی نه‌ته‌وه پێشكهوتووهكانهوه ده‌شكایه‌وه بۆ زمانی نه‌ته‌وه دواكه‌وتووه‌كان به‌ڵام ئه‌وڕۆكه به‌هۆی چڕوپڕیی پێوه‌ندییه‌كان ده‌توانێ پێچه‌وانه‌كه‌شی ڕوو بدات، بۆ نموونه له‌م دواییانه‌دا ده‌بینین كه وشه‌ی پێشمه‌رگه دزه‌ی كردووته ناو زۆر زمانی ئه‌ورووپی.
هەر لەسەر “ڕێبازی وەرگرتن” لە زاراوەسازیدا، لە (فەرهەنگی ئایتی)ی زانستپەروەرانی کورددا بەرانبەر بە زاراوەی (datagram) نووسراوە: “داتاگرام”.
ڕێبازی وه‌رگرتن ده‌بێ ته‌نیا له كاتی پێویست و ناچاریدا بێت، بۆ نموونه كاتێ كه هه‌موو وڵاته‌كانی تر ئه‌و زاراوه‌یه به‌كار ده‌به‌ن و نه‌یانگۆڕیوه یان ئه‌گه‌ر بێت و بگۆڕدرێ مانایه‌كی هه‌ڵه به ده‌سته‌وه بدات.
چه‌ند نموونه‌یه‌كی تر له‌سه‌ر ڕێبازی وه‌رگرتن:
لەم ڤیدیۆیەدا دەتوانن چاو لە ڕێبازی وەرگرتنی وشەسازیی کوردی بکەن:
زاراوەسازی، ڕێبازی وەرگرتن، بەرنامەی فێرگەی زمانی کوردی
٣. ڕێبازی وه‌رگێڕان (الترجمة):
وه‌ك له ناوه‌كه‌یدا دیاره، له‌م ڕێبازه‌دا زاراوه‌كان وه‌رده‌گێڕدرێنه سه‌ر زمانی كوردی.
-
جاری وا هه‌یه وه‌رگێڕانه‌كه وشه‌به‌وشه واته ده‌قاوده‌ق ده‌كرێ وه‌كوو: homepage كه كراوه به‌ماڵپه‌ڕ یان firewall كه كراوه به ئاگره‌دیوار. ئه‌مه هه‌ڵبه‌ت زیاتر بۆ كاتێكه كه ته‌نیا یه‌ك زاراوه‌ی ساده یان لێكدراومان هه‌بێت و بمانه‌وێ وه‌ری گێڕین. ئه‌وه‌مان له‌بیر نه‌چێ جاری وا هه‌یه ئه‌گه‌ر ته‌نیا یه‌ك وشه‌شمان هه‌بێ هه‌ر ناكرێ وشه‌به‌وشه وه‌ری گێڕین.
-
جاری وا هه‌یه ئه‌گه‌ر وشه‌به‌وشه وه‌رگێڕان بكرێت واتایه‌كی چه‌وت و هه‌ڵه ده‌داته ده‌سته‌وه، به‌ڵكوو ده‌بێت واتابهواتا بێت و مه‌به‌ست و واتا وه‌رگێڕدرێته‌وه. ئه‌میش زیاتر بۆ كاتێكه كه زیاتر له وشه‌یه‌ك وه‌رگێڕدرێته‌وه، واته ده‌سته‌واژه‌یه‌ك یان ڕسته‌یه‌ك یان چهپكهوشهیهك (پاراگرافێك) یان ده‌قێك وه‌رگێڕدرێته‌وه. ئه‌و كاته وه‌رگێڕانی وشه‌به‌وشه ده‌بێته وه‌رگێڕانێكی هه‌ڵه، به‌ڵكوو ده‌بێ مه‌به‌ست و واتاكه‌ی وه‌رگێڕدرێته‌وه.
لێرەش دەتوانن چەند بابەتێک لەسەر وەرگێڕان بخوێننەوە.
چه‌ند نموونه‌یه‌كی تر له‌سه‌ر ڕێبازی وه‌رگێڕان:
-
sea horse ئه‌سپی ده‌ریا حصان البحر.
-
bread tree دارنان شجرة الخبز.
-
natural-selection هه‌ڵبژاردنی سروشتی الانتخاب الطبیعي.
٤. ڕێبازی داتاشین (النحت Coining of words) و بێژه یه‌كه‌مییه‌كان
یه‌كێكه له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی زمان و به‌ڵگه‌یه‌كه بۆ گه‌شه‌كردنی و جۆرێكه له كورتكردنه‌وه. بریتییه له دروستكردنی وشه‌یه‌ك له دوو وشه یان زیاتر. به مه‌رجێك گونجانێك له بێژه و مانا له نێوان لێداتاشراو و داتاشراوهكهدا هه‌بێت. له‌م ڕێگه‌یه‌وه ده‌توانرێ وشه‌ی نوێتر بئافرێنرێ.
لێرەدا چاو لە چەند نموونەیەک دەکەین کە لەسەر ڕێبازی داتاشین لە زمانی کوردی‌دا چێ کراون:
وشکاوییەکان (برمائیات / amphibians / دوزیستان)
له زمانی عه‌ره‌بیدا به گیانداری وه‌كوو بۆق كه له‌سه‌ر زه‌وی و نێو ئاودا ده‌ژین ده‌وترێت (برمائی)، كه ئه‌ویش له دوو وشه‌ی (بر = زه‌وی، وشكانی) و (مائی = ئاوی) پێك هاتووه واته (بر + مائی = برمائی). زمانه‌وانانی كوردیش له‌سه‌ر ئه‌و ڕێبازه زاراوه‌ی (وشكاوی یان وشكاوه‌كی)یان ئافراند كه له (وشك + ئاوی یان وشك + ئاوه‌كی) پێك هاتووه.
عەرەبەکان هاتن بەپێی ڕێبازی داتاشین به‌رانبه‌ر به وشه‌ی time–space وشه‌ی (زمكان)یان ڕۆ نا، كه له دوو وشه‌ی (زمان) و (مكان) وه‌رگیراوه. له كوردیشدا لە پێشدا هاتن وەک زمانی عەرەبی لەسەر ڕێبازی داتاشین لە (کات) و (شوێن) زاراوەی (کاشوێن)یان چێ کرد، بەڵام دوایی بیریان کردەوە باشترە هەر وەک زمانی ئینگلیزی وەک وشەی لێکدراو وشەی بۆ دابنێن نە وەک عەرەبی بە داتاشین، چونکە بێ ئەوەش وشەی بۆ دابتاشرێت، ئەگەر وشەکە وەک وشەی لێکدراویش ساز بکرێت هێشتا هەر قورس و ناقۆڵا نییە، هەر بۆیە وازیان لێ هێنا و وشەی (کاتشوێن) یان (کاتجێ)یان بۆی بەکار هێنا.
لە ئینگلیزی‌دا کاتێ کە (بزن) و (مەڕ) پێکەوە جووت بن و بێچوویەکیان ببێت پێی دەڵێن (geep) ئەویش لەڕێی داتاشین لە (goat) و (sheep) ئەو ناوە پێک هاتووە. کوردیش دەتوانێت لەسەر هەمان بنەما لە وشەی (بزن) و (مەڕ) وشەی (بزمەڕ) داتاشێت.
لە زمانی ئینگلیزی‌دا بە مریشکی سوورەوەکراو لەناو مراویی سوورەوەکراو لەناو قەلی سوورەوەکراو، پێی دەوترێت (turducken) و ئەویش لەڕێی داتاشین لە سێ ناوی (turkey) و (duck) و (chicken) گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامە ئەگینا زۆر زەحمەت بوو وشەیەکی سادە و جوانیان دەست بکەوێت، کوردیش بە هەمان شێوە بەناچاری تەنیا لەڕێی داتاشین لە سێ وشەی (مریشک)، (مراوی) و (قەل) دەتوانێت وشەی (قەمراوی) دابتاشێت.
له زمانی عه‌ره‌بی و فارسی‌دا به‌رانبه‌ر به دوو وشه‌ی o´clock و hour ته‌نها یه‌ك وشه‌ی (عەرەبی: ساعة، فارسی: ساعت) دانراوه، كه‌چی ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م ئامێرێكه و كات ده‌ژمێرێ به‌ڵام ئه‌وه‌ی دووه‌م ئامێر نییه و بۆ ده‌ربڕینی كات به‌كار دەهێنرێت. سه‌یری جیاوازییان بكه‌ن:
كورد هاتووه به‌رانبه‌ر به وشه‌ی o´clock كاتژمێری داناوه كه پێك هاتووه له (كات + ژمێر) و هه‌ر له‌و وشه‌یه‌ش وشه‌ی (كاژێر)ی به‌رانبه‌ر به hour داتاشیوه. ئێسته ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ ئه‌و ڕستانه بكه‌ینه كوردی وایان لێ دێت: (له كاتژمێری ٢دا هاتم) و (٢ كاژێره لێره‌م).
زۆر جار داتاشین لە زاری ئاخێوەرانی زمانێکدا جوان نییە. هەر بۆیە ئێستاکەش وشەی “کاژێر” لە زمانی کوردی‌دا مشتومڕی لەسەرە، هەندێ کەس دەڵێن لە ناچاریدا با ئەوەمان هەبێت، هەندێ کەسی تریش دەڵێن وشەیەکی نەشیاو و ناقۆڵایە و نابێت بەکاری بهێنین و هەر وەکوو زمانەکانی فارسی و عەرەبی کە هەر یەک وشەیان هەیە، با ئێمەش هەر لە یەک وشەی “کاتژمێر” کەڵک وەربگرین.
چه‌ند نموونه‌یه‌كی تر له‌سه‌ر ڕێبازی داتاشین:
auto matism خۆجووڵه، خۆبزوێن ـ ذا حركیة
somnambulism خهوڕهویی ـ سرنمة
adsorption ڕوومژی، مژڕوویی ـ إدمصاص
نموونەیەک لە داتاشینی وشە لەسەر “ڕێبازی داتاشین”
بێژه یه‌كه‌مییه‌كان:
هه‌ندێ جار هه‌یه یه‌كه‌م پیته‌كانی چه‌ند وشه‌یه‌ك وه‌رده‌گرن و پێكه‌وه ده‌یكه‌ن به زاراوه‌یه‌كی نوێ وه‌كوو زاراوه‌ی ڕادار = RADAR كه له یه‌كه‌م پیته‌كانی Radio Detecting And Ranging پێك هاتووه.
“ڕادار”، نموونەیەک لە پێکەوەلکاندنی یەکەم پیتەکانی چەند وشەیەک و چێ‌کردنی وشەیەکی نوێ
٥. ڕێبازی داڕشتن (الاشتقاق derivation):
له‌م ڕێبازه‌دا، له وشه‌یه‌ك وشه‌یه‌كی نوێتر داده‌ڕێژرێت. بۆ نموونه له بێژه‌ی زانین، بێژه‌كانی زانیاری، زانست، زانا و زانراو داڕێژراون. بۆیه زۆر گرنگه كاتێ زاراوه‌یه‌كی نوێ داده‌نرێ، زاراوه‌یه‌ك دابنرێ كه بتوانرێ وشه‌ی تری لێ دابڕێژرێ.
لە زمانی کوردی‌دا بە زۆر ڕێگەی جۆربەجۆر دەتوانرێ وشە دابڕێژرێ، بۆ نموونە دەکرێ لە ناو یان ئاوەڵناوێکی سادە لەگەڵ پێشگرێک یان پاشگرێک یان هەردووکیان، یان ڕەگی کردارێک بێژەی نوێتر بئافرێنرێت (بخوڵقێنرێت)، وەکوو:
(كار + گه = كارگه)، یان (سپی + یه‌تی = سپییه‌تی یان سپی + ێتی = سپێتی).
نموونه له‌سه‌ر ناوێکی ساده و پاشگرێک یان ڕەگی کارێک له ڕێبازی داڕشتندا:
ار، وه‌ک: دیوار، لێوار، زێوار.
اک، وه‌ک: خاشاک، پیتاک، پۆشاک.
اڵ، وه‌ک: مه‌شکاڵ، جۆماڵ، جه‌واڵ.
انه، وه‌ک: داهاتانه، جه‌ژنانه، ئاوانه.
ایه‌تی، وه‌ک: کوردایه‌تی، دایکایه‌تی، دۆستایه‌تی.
باز، وه‌ک: کۆترباز، ته‌نافباز، ئاگرباز.
به‌ند، وه‌ک: شووشه‌به‌ند، ته‌لبه‌ند، ناڵبه‌ند.
پۆش، وه‌ک: سه‌رپۆش، باڵاپۆش، ڕووپۆش.
جاڕ، هجاڕ، وه‌ک: نێرگسه‌جاڕ، نهوتهجاڕ، دڕکجاڕ.
چکه، وه‌ک: گوێچکه، پێچکه، ڕێچکه.
چن، وه‌ک: ئاره‌قچن، کڵاشچن، میوه‌چن.
چه، وه‌ک: ناوچه، باخچه، ده‌ریاچه.
دار، وه‌ک: بۆندار، سه‌ردار، باڵدار.
زار، وه‌ک: گوڵزار، لاله‌زار، چه‌مه‌نزار.
زان، وه‌ک: یاریزان، کوردی‌زان، کارزان.
زانی، وه‌ک: زینده‌وه‌رزانی، زمانزانی، ده‌روونزانی.
ساز، وه‌ک: زاراوه‌ساز، دانساز، چاوێلکه‌ساز.
ستان، وه‌ک: دارستان، گوڵستان، گۆڕستان.
شکێن، وه‌ک: به‌ردشکێن، سه‌هۆڵشکێن، په‌یمانشکێن.
کار، وه‌ک: کرێکار، جوانکار، ڕاژه‌کار (server).
که، وه‌ک: بنکه، وردکه، لووتکه.
که‌ر، وه‌ک: ڕاوکه‌ر، ئیشکه‌ر، نانکه‌ر.
کێش، وه‌ک: بارکێش، دارکێش، جگه‌ره‌کێش.
گا، وه‌ک: دادگا، ڕێگا، زانستگا.
گار، وه‌ک: یادگار، ڕۆژگار، شه‌وگار.
گر، وه‌ک: ڕێگر، ده‌ریاگر، جێگر.
گره، وه‌ک: جلگره، بۆریگره، ماسیگره.
گه، وه‌ک: کارگه، فێرگه، فه‌رمانگه.
گه‌ر، وه‌ک: ئاسنگه‌ر، مسگه‌ر، زه‌ڕه‌نگه‌ر.
گیر، وه‌ک: که‌فگیر، بارگیر، دڵگیر.
گێڕ، وه‌ک: ئاشگێڕ، ئاوگێڕ، مه‌یگێڕ.
له، وه‌ک: براله، پشیله، مێرووله.
مه‌ند، وه‌ک: هونه‌رمه‌ند، هۆشمه‌ند، به‌هره‌مه‌ند.
نده، وه‌ک: باڵنده، دڕنده، بڕنده.
ه، وه‌ک: بازنه، گه‌رمه، ورده.
هتی، وه‌ک: خۆشناوه‌تی، جافه‌تی، پیاوه‌تی.
هک، وه‌ک: په‌سته‌ک، ده‌سته‌ک، که‌ڵه‌ک.
ه‌که، وه‌ک: کۆڵه‌که، تۆڵه‌که، مۆته‌که.
ه‌کی، وه‌ک: پێشه‌که‌ی، سه‌ره‌کی، ده‌ره‌کی.
همهنی، وه‌ک: شیره‌مه‌نی، سارده‌مه‌نی، نووسه‌مه‌نی.
هوا، وه‌ک: پێشه‌وا، نانه‌وا، شیره‌وا.
هوار، وه‌ک: خوێنده‌وار، کۆڵه‌وار، شوێنه‌وار.
هوان، وه‌ک: زمانه‌وان، شاخه‌وان، ئاشه‌وان.
هوانه، وه‌ک: ده‌مه‌وانه، پووزه‌وانه، لووته‌وانه.
هوهر، وه‌ک: زینده‌وه‌ر، به‌خته‌وه‌ر، گیانه‌وه‌ر.
هڵان، ڵان، وه‌ک: قامیشه‌ڵان، به‌رده‌ڵان، خیزه‌ڵان.
وو، وه‌ک: پاشوو، سه‌روو، ڕۆژوو.
وانکه، وه‌ک: ملوانکه، به‌روانکه،
وور، وه‌ک: ده‌ستوور، ڕه‌نجوور، مه‌ستوور.
ووله، وه‌ک: مێشووله، دانووله، موورووله.
ڵه، وه‌ک: کۆپه‌ڵه، مه‌شکه‌ڵه.
ۆچکه، وه‌ک: کونۆچکه، ماڵۆچکه، ژوورۆچکه.
ۆک، وه‌ک: تیرۆک، بیژۆک، به‌رۆک.
ۆکه، وه‌ک: فڕفڕۆکه، جاڵجاڵۆکه، مه‌نجه‌ڵۆکه
ۆله، وه‌ک: به‌رخۆله، مه‌مۆله، قاپۆله.
ۆڵه، وه‌ک: کچۆڵه، کیژۆڵه، ئاسکۆڵه.
ی، وه‌ک: شه‌که‌تی، شاری، هاری.
یار، وه‌ک: به‌ختیار، کڕیار، جووتیار.
یچه، وه‌ک: گۆڕیچه، بۆڕیچه، ده‌ریچه.
یلکه، وه‌ک: چاویلکه، ساویلکه، خانیلکه.
یله، وه‌ک: گه‌ردیله، خڕیله، ژووریله (cab).
ین، وه‌ک: به‌فرین، سه‌رین، به‌ردین.
ینه، وه‌ک: قووڵینه، به‌ردینه، دێرینه.
یی، وه‌ک: گه‌وره‌یی، کۆیله‌یی، ساویلکه‌یی.
ێتی، وه‌ک: ژنێتی، کچێتی، پیاوێتی (نه‌ک پیاوه‌تی).
ێن، وه‌ک: گه‌ڕێن، سووڕێن، ته‌زێن.
ێنی، وه‌ک: کوڕێنی، کچێنی، بووکێنی.
ئاوه‌ڵناوی ساده و پاشگرێك:
-
ایی، وه‌ك: قووڵایی، بارستایی، درێژایی.
-
ایه‌تی، وه‌ك: كه‌مایه‌تی، زۆرایه‌تی، دۆستایه‌تی.
-
باو، وه‌ك: سوورباو، سپیباو، شینباو.
-
كه، وه‌ك: پیسكه، ڕه‌شكه، وردكه.
-
ڵان، هڵان، وه‌ك: كه‌نده‌ڵان، سه‌وزه‌ڵان، تهختهڵان.
-
ه، وه‌ك: جه‌رگه، كورته، سه‌وزه.
-
ێنه، وه‌ك: سپێنه، زه‌ردێنه، گلێنه.
ڕه‌گی كردار و پاشگرێك:
كرداری داڕێژراو:
له زمانی كوردیدا كرداری داڕێژراو به یارمه‌تیی پێشگر و پاشگر پێك دێت. هه‌ندێ پێشگر و پاشگر هه‌ن كه ده‌چنه سه‌ر (كردار)ی ساده و ده‌یكه‌ن به كرداری داڕێژراو:
پێشگری ساده:
-
دا: ئه‌م پێشگره گه‌لێك مانا ده‌به‌خشێ، به زۆری بزووتنه‌وه‌ی به‌ره‌وخوار پیشان ده‌دات، وه‌ك: دابه‌زین، داگۆڕان، دانیشتن، داكشان، داچۆڕان، داخزین، دابڕین، داماڵین و هتد.
-
ڕا: گه‌لێ واتای جۆربه‌جۆر پێك دێنێ، وه‌ك: ڕادان (ئاو ڕادان)، ڕاگرتن، ڕاخستن، ڕاپه‌ڕاندن.
-
هه‌ڵ: ئه‌م پێشگره زیاتر بۆ بزووتنه‌وه بۆ سه‌ره‌وه به‌كار ده‌چێ، وه‌ك: هه‌ڵگه‌ڕان، هه‌ڵخستن، هه‌ڵبه‌زین، هه‌ڵكشان.
-
ڕۆ: بزووتنه‌وه‌ی به‌ره‌وخوار یان ناوه‌وه پیشان ده‌دات، وه‌ك: ڕۆچوون، ڕۆنیشتن.
-
وه‌ر: مانای پێچكردنه‌وه، گه‌ڕانه‌وه و هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی تێدایه، وه‌ك: وه‌رگێڕان، وه‌رچه‌رخان، وه‌رسووڕان.
-
ڕێ: وه‌ك: ڕێخستن، ڕێبڕین، ڕێنواندن.
-
پێ: وه‌ك: پێگه‌یشتن، پێخستن، پێكوتان.
-
تێ: وه‌ك: تێوه‌ردان، تێخستن، تێئاخنین.
-
لێ: وه‌ك: لێخستن، لێخشاندن، لێكه‌وتن.
پێشگری ناساده:
-
پێدا: وه‌ك: پێدابردن، پێداچوون، پێداگرتن.
-
پێوه: وه‌ك: پێوه‌دان، پێوه‌لكان.
-
تێك: وه‌ك: تێكچوون، تێك‌شكان، تێكدان.
-
لێك: وه‌ك: لێكدان، لێكبڕان، لێكخشان.
پاشگر:
ئه‌م دوو پاشگره ڕۆڵی گرنگ ده‌بینن و گه‌لێك واتا ده‌گه‌یه‌نن و ده‌یان وشه‌ی نوێ پێك دێنن:
-
پاشگری (ـه‌وه): پاڵاوتنه‌وه، ڕه‌تبوونه‌وه، دووپاتكردنه‌وه.
-
پاشگری (ـاندن): ڕۆڵی سه‌ره‌كیی ئه‌م پاشگره ئه‌وه‌یه كه كرداری تێنه‌په‌ڕ (الفعل اللازم intransitive) ده‌گۆڕێ بۆ كرداری تێپه‌ڕ (الفعل المتعدی transitive). واته كاتێ پاشگری(ـاندن) ده‌چێته سه‌ر چاوگی تێنه‌په‌ڕ، ده‌یكاته تێپه‌ڕ، وه‌ك: (نووستن) كه تێنه‌په‌ڕه ده‌كاته تێپه‌ڕ: (نواندن = تنویم)، بۆ وێنه: نواندنی موگناتیسی (تنویم المغناطیسی hypnosis). كارباندن (كربنة carbonization). نیتراندن (نترنة nitrification).
بێگومان به كۆمه‌ڵێ شێوه‌ی جۆربه‌جۆری تر ده‌كرێ له وشه‌یه‌كه‌وه وشه‌یه‌كی نوێتر دابڕێژرێ، له‌به‌ر سنوورداربوونی بابهتهكان ناتوانین باسی هه‌موویان بكه‌ین.
نموونەیەک لە داڕشتنی وشە بە یارمەتیی پاشگر
٦. ڕێبازی لێكدان (التركیب، بناءالكلمة word-formation, compounding of words):
له‌م ڕێبازه‌دا، دوو وشه یان زیاتر كه هه‌ر كامه‌یان به‌جیا واتایه‌كی تایبه‌تییان هه‌یه پێكه‌وه لێک ده‌درێن و وشه‌یه‌كی نوێتر یان واتایەکی نوێتر پێک دەهێنن. بۆ نموونه: ڕه‌ش + ماڵ = ڕه‌شماڵ.
ڕێنووسی وشەی لێکدراو لە زمانی کوردی‌دا:
چونکە ئەو وشە نوێیە دەربڕینەکەی خێرایە و پێکەوە وەک یەک وشە بێژە دەکرێت دەبێت پێکەوە بنووسرێت و نابێت لێک جیا بکرێنەوە، واته له‌و نموونه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دا نابێ بنووسین ڕه‌ش ماڵ، به‌ڵكوو دەبێت بنووسین ڕه‌شماڵ.
تێبینی: لە زمانی ئینگلیزی‌دا وشەی لێکدراو بە سێ شێوە دەنووسرێت:
١. (لێکدراوی داخراو = closed compounds) وەک: doorknob
٢. (لێکدراوی تەقەڵدار = hyphenated compounds) وەک: mother-in-law
٣. (لێکدراوی کراوە = open compound words) وەک: full moon
مەرج نییە هەموو زمانەکان ڕێنووسی وشەی لێکدراویان وەکوو یەک بن، بۆ نموونە وشەی (full moon)ی ئینلگیزی لە زمانی سویدیدا پێکەوە دەنووسرێت: (fullmåne) واتە “مانگی تەواو”.
دۆخی ئاوارتە:
لە زمانی کوردی‌دا زۆربەی وشەی لێکدراوەکان پێکەوە دەنووسرێن، بەڵام هەندێک جار کاتێک دواپیتی وشەی یەکەم و یەکەم پیتی وشەی دووەم، پیتی لێکدراوی بن، ئەوە دەکرێت بەجیا بنووسرێن، وەک: “مل عەلەم”، “شیرین قەدەم” کە هەندێ کەس لایان وایە زۆر سەیر دێتە پێش چاو ئەگەر ئاوا پێکەوە بنووسرێن “ملعەلەم”، “شیرینقەدەم”. لەو دۆخەدا دەکرێت ئەو جۆرە وشانە بەجیا بنووسرێن، بەڵام لەوە باشتر ئەوەیە کە بە نیوبۆشایی بەم جۆرە بنووسرێن: “ملعەلەم”، “شیرینقەدەم”. چونکە بەم جۆرە لانی کەم مرۆڤ دەزانێت کە دوو وشەی لێکدراوی لێک نزیکن نەک دوو وشەی جیاواز. جگە لەو دۆخە نەبێت، باقیی وشە لێکدراوەکان بەگشتی پێکەوە دەنووسرێن:
گرنگترین جۆرەکانی وشەی لێکدراو:
وشەی لێکدراو: | ||||
مارماسی، شاهەنگ، تەختەکلیل |
||||
ە | مانگەشەو، گوڵەگەنم، ژنەپێشمەرگە | |||
بە |
دەربەدەر، نیشتمانبەدەر، جێبەجێ |
|||
و | ناو | |||
ناو | قەد | ڕۆژهەڵات، دەستکرد، دەستکەوت | ||
ناو | و | قەد | دەستوبرد، | |
گوێدرێژ، چاوجوان، کانیکەوە |
||||
کون‌کون، پڵپڵ، گرنجگرنج |
||||
لرفەلرف، گڤەگڤ، خشەخش |
||||
سەرانسەر، دەوراندەور، لێوان‌لێو |
||||
هاتەهات، تەپەتەپ، سووڕەسووڕ، مڕەمڕ |
||||
ترسولەرز، مشتوماڵ (مشتن، ماڵین)، |
||||
ڕەشمار، زەرداو، ڕەشماڵ |
||||
یەکشاخ، دوودڵ، چوارچرا، هەزارپێ، سێشەممە |
||||
بەربانگ، بەرماڵ، بنباخەڵ، ژێرکراس |
||||
٧. ڕێبازی پێوانه (القیاس calque):
ئه‌گه‌ر سه‌یری وشه‌كانی هه‌ر زمانێ بكه‌ین ده‌بینین كه هه‌ر كۆمه‌ڵێكی، به شێوه‌یه‌كی خۆڕسك له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی تایبه‌تمه‌ند ڕۆ نراوه. كاتێ زمانه‌وانان له‌به‌ر پێداویستیی سه‌رده‌م، ده‌یانه‌وێ زاراوه‌یه‌كی نوێباو ڕۆ نێن، ده‌بێ به گوێره‌ی ئه‌و بنه‌مایانه زاراوه‌كانیان پێك بێنن، واته بیانكه‌ن به “پێوانه” بۆ سازكردنی زاراوه‌ی نوێتر.
ئێمه ده‌توانین ڕێبازه‌كانی (ئاوه‌ڵواتا)، (وه‌رگرتن)، (وه‌رگێڕان)، (داتاشین)، (داڕشتن) و (لێكدان) كه له زانستی زاراوه‌سازیدا، ڕێبازه‌كانی دانانی زاراوه‌ی كوردین بكه‌ین به “پێوانه” بۆ سازكردنی زاراوه‌ی پێویست.
له كۆنه‌وه زانایانی عه‌ره‌ب ڕێبازی “پێوانه“یان به‌كار هێناوه و كۆمه‌ڵێ زاراوه‌یان ساز كردووه. بۆ نموونه:
به‌رانبه‌ره‌كه‌ی به عه‌ره‌بی: |
||
التصویر الضوئي | ||
التحجیر | الطباعة الحجریة | lithography |
التأریض | الجغرافیا | geography |
بێگومان زمانه‌وانانی كوردیش له ئه‌زموونی گه‌لانی جیهان كه‌ڵكیان وه‌رگرتووه و له‌سه‌ر پێوانه‌ی وشه كوردییه‌كان گه‌لێ زاراوه‌ی نوێیان ئافراندووه، بۆ وێنه:
له‌سه‌ر پێوانه‌ی (هه‌ڵماتێن، واغێن) هاتن زاراوه‌ی (سابوونێن)یان به‌رانبه‌ر به (تصوینsaponification) دا نا.
یان له‌سه‌ر پێوانه‌ی پاشگری (زانی = علم = logy-)، زاراوه‌ی (زه‌ویزانی)یان به‌رانبه‌ر به (علم الارضgeology) دا نا.
هه‌ندێ نموونه‌ی تر له زمانی كوردیدا كه له‌سه‌ر ڕێبازی (پێوانه) ساز كراون:
له زمانی ئینگلیزی‌دا، به هۆی ڕێژه‌ی چاوگی ده‌ستكرده‌وه، ده‌توانن وشه‌ی ئه‌وتۆ پێك بێنن كه به پاشگری (ism) كۆتاییی بێت، له زمانی عه‌ره‌بیدا به (یة) كۆتاییی دێت. له زمانی كوردیشدا پاشگری وامان هه‌یه كه واتای نموونه‌یی دروست ده‌كه‌ن، وه‌ك (ایه‌تی)، (هتی) و (ێتی). بۆ نموونه ده‌توانین (ایه‌تی) بخه‌ینه سه‌ر ناوی مرۆڤ یان هه‌ر شتێك و بیكه‌ین به زاراوه‌یه‌كی نوێ، وه‌ك:
مهندهلایهتی = مهندهلێتی (المندلیة mendelism).
داروینایه‌تی = داروینێتی (الداروینیة darwinism).
بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر لێهاتووییی زمانی كوردی ڕوون كرێته‌وه با سه‌یری وشه‌ی (hydrogenize) بكه‌ین، ده‌بینین له سێ به‌ش پێك هاتووه:
(hydro) واتا (ئاو)، (gen) واتا (پێكهێن)، (ize) ئامرازی تێپه‌ڕكردنی كاره، له‌مانه‌ش وشه‌ی (hydrogenize) به واتای (هدرجة) پێك دێت، كه به كوردییش، به‌پێی ده‌ستووری وشه‌سازیی كوردی، ده‌بێته (هایدرۆجیناندن). هه‌روه‌ها (hydration) ده‌بێته (ئاوێن: كرده‌ی له‌گه‌ڵ ئاو یه‌كگرتن).
یان سه‌یری توانای پاشگری (هكی) بكه‌ن له‌م نموونانه‌ی خواره‌وه‌دا:
فرهشێیهكی (متعلق بوفرة الرطوبة hydric).
ئاوێنه‌كی (قابل للتحلل المائي hydrolysable).
به‌م جۆره ده‌بینین زمانی كوردی، به‌پێی ده‌ستووره زمانییه‌كانی خۆی كه زاده‌ی ناخ و هه‌ناوی خۆیه‌تی، توانا و لێهاتووییی باشی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی زاراوه‌سازیی پێ بكرێ، به مه‌رجێ پێكهاته و ڕێبازه‌كان و خه‌رمانی وشه و یاسا و ڕێساكانی له‌به‌رچاو بگیرێ.
سەرچاوەی تر بۆ زاراوەسازیی کوردی:
١. پڕۆژەی زاراوەی زانستیی کوردی، کەمال جەلال غەریب.
٢. ڕێزمانی کوردی، بەرگی یەکەم: وشەسازی، د. ئەوڕەحمانی حاجی مارف
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
-
پڕۆژه‌ی زاراوه‌ی زانستیی كوردی، كه‌مال جه‌لال غه‌ریب، 1991 سوید.
-
به‌ركوڵێكی زانستهزاراوهسازیی كوردی، جه‌مال عه‌بدول، 2001 كوردستان.
-
زاراوه‌سازیی پێوانه، مه‌سعوود محه‌مه‌د، 1988 به‌غداد.
-
فەرهەنگی ئایتی، زانستپەروەرانی کورد، ئینته‌رنێت.