زۆر جار مرۆڤ لە کاتی بەکارهێنانی زمانەکەی خۆیدا دەکەوێتە ژێر کاریگەریی زمانەکانی تر، بەتایبەت زمانی باڵادەست لە وڵاتەکەدا یان تەنانەت زمانە زیندووە زاڵەکانی تر. ئەم کاریگەرییە دەتوانێت هەم ئەرێنی و هەم نەرێنی بێت و بەپێی توانای زمان و بەرکەوتنی مرۆڤ بە زمانەکانی دیکە دەتوانێت جیاواز بێت. لێرەدا ئاماژە بە چەند نموونەیەک دەکەین:
١. بەقەرزوەرگرتنی وشە: ڕێگەیەکی باو کە زمانێک دەکەوێتە بەر کاریگەریی زمانێکی تر، بەقەرزوەرگرتنی وشە و دەستەواژەیە. بۆ نموونە ئینگلیزی زۆر وشەی لە فەرانسەیی (فەرەنسی) وەرگرتووە، وەک “چێشتخانە restaurant” و “بالێ ballet” و سویدی وشەی لە ئەڵمانی وەرگرتووە، وەک “شامپۆ schampo” و “ڕەنگە kanske”. ئەم وشە قەرزانە دەتوانن زمانێک بە زاراوە و دەربڕینی نوێ دەوڵەمەند بکەن. نموونەی وا کە لە زمانی بێگانەوە هاتوونەتە ناو کوردی زۆرن. ئەمە ڕێگەیەکی باشە بۆ دەوڵەمەندبوونی زمان ئەگەر زمانەکە خۆی بۆ ئەو مەبەستە وشەی نەبێت یان نەتوانێت وشەی بۆ ڕۆ بنێت یان وشەکە جیهانی بێت و گشتگیر.
بۆ نموونە: حەج، مەلا، تەلەفۆن، کامێرە، تەلەڤزیۆن.
٢. کاریگەریی زمانەوانی: کاتێک کەسێک دووزمانە یان فرەزمانە بێت، زمانەکان دەتوانن کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەبێت. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی کە ڕێزمان و بێژەکردن و وشەسازیی زمانێک کاریگەریی لەسەر بەکارهێنانی زمانێکی دیکە هەبێت. ئەم دیاردەیە پێی دەوترێت دەستێوەردانی زمان و بەپێی کۆنتێکست دەتوانێت هەم ئەرێنی و هەم نەرێنی بێت.
بۆ نموونە: عەرەب هەندێک دەنگ و پیتی نییە و بۆ دەربڕین لە پیتی تر کەڵک وەردەگرن. ئەگەر کوردێک هات و ئەو بێژە عەرەبییە بەکار بهێنێت و بیر لە زمانەکەی خۆی نەکاتەوە، دیارە کەوتووەتە ژێر کاریگەریی زمانی عەرەبییەوە. بۆ نموونە بیبسی، دروستەکەی پپسی، ئەمریکی، دروستەکەی ئەمریکایی، فەرەنسی، شێوازە کوردییەکەی: “فەرەنسایی، فەرانسەیی”. فیکتور، شێوازە کوردییەکەی: “ڤیکتۆر”. ئەرشیف، شێوازە کوردییەکەی: “ئەرشیڤ”.
غوستاف، شێوازە دروستەکەی: “گوستاڤ”.
٣. داهێنەری زمانەوانی: بەرکەوتن بە زمان و کولتوورە جیاوازەکانیش دەتوانێت بەکارهێنانی داهێنەرانە بۆ زمانی خۆی بکاتەوە. دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی مرۆڤەکان وشە و دەربڕینەکان بە شێوازی نوێ و ناوازە بەکار بهێنن بۆ دەربڕینی بیرۆکە و چەمکەکان کە ڕەنگە هاوتایەکی ڕاستەوخۆیان لە زمانی خۆیاندا نەبێت.
بۆ نموونە لە ئینگلیزیدا دەوترێت (home page) و کوردیش هاتووە بەپێی ئەوە، وشە بە وشە چەمکی (ماڵپەڕ)ی داهێناوە. ئەمە کاریگەرییەکی ئەرێنییە و دەبێتە هۆی داهێنانی زاراوەی نوێ.
٤. فێربوونی زمان: کاتێک مرۆڤ فێری زمانێکی نوێ دەبێت، دەبێتە هۆی کاریگەری لە تێگەیشتن و بەکارهێنانی زمانی زگماکی. بۆ نموونە کەسێک کە فێری زمانێک دەبێت کە ڕێزمانێکی جیاوازە، ڕەنگە ڕستە بە زمانی خۆی بە شێوەیەک دابڕێژێت کە لەژێر کاریگەری زمانە نوێیەکەدا بێت.
بۆ نموونە ئەو کەسەی کە لە پێشدا بە عەرەبی دەخوێنێت و پاشان فێری خوێندن و نووسین بە کوردی دەبێت، لەوانەیە زۆر جار ڕستەسازییەکەی بەپێی داڕشتنی عەرەبی بێت:
زانکۆی هەولێری پزیشکی. دیارە ئەمە وەرگێڕانێکی دەقاوقدەقی داڕشتنی عەرەبییە: جامعة هولیر الطبیة.
داڕشتنە کوردییەکەی دەبێتە: زانکۆی پزیشکیی هەولێر.
٥. کاریگەریی کولتووری یان ئایینی: زۆر جار زمان پەیوەستێکی نزیکی بە کولتوور و ئایینەوە هەیە و کاتێک مرۆڤ بە کولتوورێکی دیکە و زمانەکەی بەرکەوت دەبێت، ئەمە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤ و شێوازی بەکارهێنانی زمانی خۆی بکات. بۆ نموونە لە فەرهەنگی فارسیدا زۆر جار باوە کە مرۆڤ دەڵێت: نوکرتم، خاک پاتم. کورد لە قسەکردندا بەو شێوەیە قسە ناکات و زۆر بەدەگمەن پێش دێت کەسێک بە کەسێکی تر بڵێت، نۆکەرتم، خاکی پێتم.
یان بۆ نموونە لە فەرهەنگی ئایینیی ئێراندا پاڕانەوەی: “یا امام زمان” زۆر باوە، بەڵام ئەم جۆرە دەربڕینە بەگشتی لە فەرهەنگی ڕەسەنی کوردیدا نییە.
بە کورتی زمانەکانی دیکە دەتوانن بە شێوەی جۆراوجۆر کاریگەرییان لەسەر زمانی مرۆڤ هەبێت، لەوانە لە ڕێگەی وشەی قەرز، کاریگەریی زمانەوانی، داهێنانی زمانەوانی، فێربوونی زمان و کاریگەریی کولتووری. ئەم هەمەجۆرییە زمانەوانییە دەتوانێت دەوڵەمەندکەر و سەرنجڕاکێش بێت و دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ پەیوەندیکردن بە شێوەیەکی وردتر، هاوکاتیش دەتوانن ڕووخێنەر و شێوێنەری زمانی ئاخێوەر بێت. کاتێک کە ببنە هۆی دەوڵەمەندیی وشە، ئەرێنین، کاتێک کە ببنە هۆی تێکدانی ڕێزمان و شێوەی دەربڕین و داڕشتنی ڕستەی زمانەکە، نەرێنین.