نیسان 7, 2023 Narges Hashemi

هەڵبژاردنی دیمۆکراسییانە

نووسین: نەرگس هاشمی

لە دنیادا کاتێک باس لە هەڵبژاردن دەکرێت بەردەوام باس لەوە دەکرێت کە هەڵبژاردنەکان دیمۆکراسییانە بن. واتە مرۆڤەکان خۆیان بەئازادی و دوور لە هەر زەبر و پاڵەپەستۆیەک هەڵبژاردن بکەن یان بتوانن خۆیان بەربژێر بکەن بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنێکدا دەنگیان پێ بدەن.

لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بەردەوام باس لەوە دەکرێت کە گوایە ئەوان حکوومەتێکی کۆمارییان هەیە و لەسەر بنەمای هەڵبژاردن و دەنگدانی گشتی هەڵدەبژێردرێن.

بەڵام بە کردەوە ئەوە زۆر دوورە لە دیمۆکراسی و هەڵبژاردنی ئازادانەی گشتی. چونکە هەر کەسێک بۆی  نییە خۆی بەربژێر بکات. حکوومەت لێژنەیەکی پاڵاوتنی بەربژێرەکانی هەیە. هەموو بەربژێرێک دەبێت لەوێدا بپاڵێورێت. تەنیا ئەوانەی لەو پاڵاوتنگەیەدا دەربچن بۆیان هەیە دەنگیان پێ بدرێت. کەوا بێت هەموو کەسێک ناتوانێت خۆی بەربژێر بکات، ئەگەریش خۆی بەربژێر بکات دەبێت لەو پاڵاوتنگەیەدا تێپەڕێت. لە ئاکامیشدا سەرۆکی گەورەی ئایینیی وڵاتە کە دەبێت قایل بێت بە کەسەکان، تا بکرێت دەنگیان پێ بدرێت. کەوا بێت بڕیاردەر و هەڵبژێرەر سەرۆکی ئایینیی ئێرانە نەک خەڵک و نە بەربژێرەکانیش.

واتە بەربژێرەکان سنووردار دەکرێنەوە بەو کەسانەی کە حکوومەت بە شیاویان دەزانێت.

واتە هەراهەرای هەڵبژاردن و دەنگدان لە ئێراندا تەنیا چەواشەکردنی بیری جیهانە و گاڵتەکردنە بە خواست و خەڵکی ئێران.

نەرگس هاشمی 2023-04-07