ڕۆیا حشمەتی، سزای شەلاقی بەسەردا سەپێنرا

كانونی دووه‌م 4, 2024 Narges Hashemi

ڕۆیا حشمەتی، سزای شەلاقی بەسەردا سەپێنرا

نووسین: نەرگس هاشمی

 

ڕۆیا حشمەتی، کچەکوردێکی ٣٣ ساڵەی خەڵکی شاری سنەی قارەمان کە دانیشتووی تارانە، لە ڕێکەوتی ٣/١/٢٠٢٤ لەلایەن دادگای ئینقلابی تاران، لەبەر لابردنی سەرپۆشەکەی، سزای فەلاقەی بەسەردا سەپێنرا. دڕندانەترین سزای سەردەم.

 

ئەم کچە ئازایە بە ٧٤ زەبری قامچی فەلاقە کرا. ئەم سزایە لە ئەشکەنجەگایەکی لقی یەکەمی خانەی داد (دادسرا)ی ناوچەی ٧ی تاران، کە لە ژووری مەرگی سەدەکانی ناوەڕاست دەچوو، جێبەجێ کرا. ناوشانی، پشتی، قۆڵی، سمتی، ڕانی و پووزی بە قامچی ئاژن ئاژن و خوێناوی کرا.

 

ڕۆئیا لە کاتی فەلاقەکەدا، کە پەیتا پەیتا بە قامچی لێی دەدرا، نەترس و بوێر بوو. لەبەر خۆیەوە دەیچرپاند: بە ناوی ژن، بە ناوی ژیان، دەدڕێت جلی کۆیلان، تاریکەشەومان دەبێتە بەرەبەیان، هەموو قامچییەکان دەبنە تەور بۆ ڕووخان

 

سزای قامچیی فەلاقەکردنی ڕۆیا حشمەتی لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێراندا کاردانەوەی بەربڵاوی لێ کەوتەوە. زۆرێک لە چالاکانی مافی مرۆڤ و مافی ژنان ئەم حوکمەیان سەرکۆنە کرد و بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافی مرۆڤیان زانی. لە هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە بەردەوام خەڵک ڕق و تووڕەییی خۆیان لەو بارەیەوە دەردەبڕن.

 

حوکمی قامچیی ڕۆیا حشمەتی یەکێک لە نموونەکانی پێشێلکردنی مافی ژنانە لە ئێران. پەچەی زۆرەملێ (حیجابی ئیجباری) یەکێکە لەو هەڵاواردنە ڕەگەزییانەی کە ژنانی ئێران ڕووبەڕووی دەبنەوە. ئەم هەڵاواردنە ژنان لە مافی هەڵبژاردنی جلوبەرگیان بێبەش دەکات کە سەرەتاییترین مافی هەر مرۆڤێکە.

 

ئەم سزایە کۆمەڵێک دەرەنجامی لێ دەکەوێتەوە، بۆ وێنە:

پێشێلکردنی مافی مرۆڤ:  

حوکمی قامچیی ڕۆیا حشمەتی پێشێلکردنی ئاشکرای مافی مرۆڤە. بەپێی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ، هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە بە ئازادی، جلوبەرگی خۆی هەڵبژێرێت. پەچەی زۆرەملێ ژنانی ئێرانی لەو مافە بێبەش دەکات و دەیانخاتە ژێر زەبری هەڵاواردن و پێشێلبوونی مافی هەڵبژاردنی جلوبەرگ.

هەڵاواردنی ڕەگەزی:

پەچەی زۆرەملێ بە جۆرێک لە هەڵاواردنی ڕەگەزی بەرانبەر بە ژنان هەژمار دەکرێت. ئەم هەڵاواردنە ژنان لە مافی یەکسانی هەڵبژاردنی جلوبەرگ بە بەراورد لەگەڵ پیاوان جیا دەکاتەوە.

پەرەسەندنی چەوسانەوەی ژنان:

لەم ساڵانەی دواییدا چەوسانەوەی ژنان لە ئێراندا زیادی کردووە. پەچەی زۆرەملێ یەکێکە لە ئامرازە سەرەکییەکانی ئەم سەرکوتکردنە.

لە ئێراندا گەورەترین شۆڕش و ڕاپەڕین دژ بە حکوومەتی نەگریسی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەسەر پەچە و سەرپۆش بوو. ئەو کاتەی کە ژینا ئەمینی لەسەر سەرپۆشەکەی بەبێ تاوان شەهید کرا و بوو بە هەوێنی گەورەترین ڕاپەڕینی مێژوو دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران.

ڕۆیا حشمەتی یەکێکە لەو ژنانەی دژی پەچەی زۆرەملێ دەوەستێتەوە. ئەو کچە بە لابردنی سەرپۆشەکەی لە شەقامەکاندا دژی ئەم هەڵاواردنە خەباتی کردووە. بڕیاری فەلاقەکردنەکەی، پەیامێکە بۆ هەموو ژنانی ئێرانی کە مافی هەڵبژاردنی جلوبەرگیان هەیە.

ڕۆیا حشمەتی

ڕۆیا حشمەتی چەند مانگ لەمەوبەر بە بێ حیجاب لە شەقامەکانی تاراندا دەگەڕا و وێنەکەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کرایەوە. هەر لەبەر ئەوە لەلایەن دادگای شۆڕش (دادگاه انقلاب) بڕیاری یەک ساڵ بەندیخانەی هەڵپەسێردراو (حبس تعلیقی) و سێ ساڵ ڕێپێنەدانی چوونەدەرەوە (ممنوع الخروج) و ٧٤ لێدانی قامچی (٧٤ ضربه شلاق)ی بەسەردا سەپێنرا.