كانونی یه‌كه‌م 19, 2023 Narges Hashemi

حەمید نووری

سزای هەتاهەتایی بۆ حەمید نووری لەلایەن دادگای سویدەوە

نووسین: نەرگس هاشمی

حەمید نووری جەلادی بەناوبانگی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە دەستی لە ئەشکەنجە و کوشتن و لەسێدارەدانی هەزاران زیندانیی سیاسی هەبووە لە بەندیخانەکانی ئێران لە ساڵی ١٩٨٨دا.

دادگای بەراییی ستۆکهۆڵم (Stockholms tingsrätt) لە سوید، لە جوولای ٢٠٢٢ لەژێر ناونیشانی:
تاوانی گەورەی دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان و کوشتن کە بە سویدی دەبێتە (grovt folkrättsbrott och mord)، سزای هەتاهەتاییی بۆ حەمید نووری دەر کرد.

بەپێی یاسای سوید هەر بڕیارلەسەردراوێک بۆی هەیە ئەگەر لە بڕیاری دادگای بەرایی ناڕازی بێت سکاڵا تۆمار بکات بۆ دادگایەکی باڵاتر کە پێی دەوترێت دادگای تێهەڵچوونەوە (Hovrätt).

حەمید نوورییش سکاڵای تۆمار کردبوو بۆ دادگای تێهەڵچوونەوە.
بەڵام ئەمڕۆ ١٩/١٢/٢٠٢٣ دادگای تێهەڵچوونەوەی سڤیا (Svea hovrätt) ئەو سزا هەتاهەتایییەی کە لە دادگای بەراییدا بۆ حەمید نووری جەلادی خوێنمژی کۆماری ئیسلامی دەرکرابوو و سکاڵای لەسەر کردبوو، پاش تێهەڵچوونەوە، پشتڕاست کردەوە و پەسەندی کرد.

ئەمە ڕووداوێکی مێژوویییە کە دادگایەکی سویدی کە هاوکاتیش دادگایەکی یەکێتیی ئەورووپایە وەها بڕیارێک دژ بە جەلادێکی ئێرانی دەربکات و بەرزترین سزای سویدی بەسەردا بسەپێنێت کە سزای بەندیخانەی هەتاهەتایییە. لە سوید بڕیاری ئێعدام و هەڵواسین نییە، کەوا بێت ئەوە باڵاترین سزای سویدە کە بۆ حەمید نووری دەرکراوە.
ئەمە ئابڕووچوونێکی نێونەتەوەیییە بۆ ئێران و ئەمە پشتڕاست دەکاتەوە کە وڵاتی سوید ئاگاداری ئەو تاوانانەیە کە لە ئێران ڕوویان داوە و بێ گوێدانە هەڕەشە و گوڕەشەی کۆماری ئیسلامی سزایەکی بەسەردا سەپاند کە شیاوی ئەو مرۆڤکوژە بێت.

ئەم بڕیارە لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کەسوکاری ئەو کەسانەی لە ئێعدامە بەکۆمەڵەکاندا کوژراون، بە خۆشحاڵییەوە پێشوازیی لێ کرا.

نووسینی نەرگس هاشمی، ستۆکهۆڵم، سوید.