ڕیزبەندیی زمانەکان

ڕیزبەندیی زمانەکان:

ڕاستیی زانستی یان ئەفسانە؟

زمانی کوردی لە کوێدایە؟

 

دیاکۆ هاشمی

زۆر جار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لیست و پلەبەندییەک دەبینین کە دەڵێت زمانی کوردی لە ڕووی ژمارەی وشەوە لە پلەی نۆیەم یان دەیەمە! بەڵام ئایا ئەم جۆرە ڕیزبەندییانە هیچ بنەمایەکی زانستییان هەیە؟ ئایا دەوڵەمەندیی زمان هەر بە ژمارەی وشە دەپێورێت؟

ئێمەی کورد شانازی بە زمانەکەمانەوە دەکەین، بەڵام گرنگە بزانین شانازییەکەمان لەسەر چ بنەمایەکی دروستە. وەڵامی زانستی و یەکلاکەرەوەی زمانناسان بۆ ئەم پرسە نەخێرێکی گەورەیە. هەر هەوڵێک بۆ ژماردنی وردی وشەکانی زمانێک و بەراوردکردنی لەگەڵ زمانێکی تردا، لە بنەڕەتدا کارێکی نازانستییە. هۆکارەکانیش ئەمانەن:

١. وشە چییە؟ پێناسەیەکی یەکگرتووی بۆ نییە. ئایا کتێب، کتێبەکە و کتێبخانە یەک وشەن یان سێ وشە؟ ئایا هاتن و هاتم یەک وشەن یان دوو؟ ئەم لێڵییە بەتەنیا بەسە بۆ ئەوەی هەر ژماردنێک نازانستی بکات.

٢. فەرهەنگەکان نوێنەرایەتیی تەواوی زمان ناکەن: هیچ فەرهەنگێک ناتوانێت هەموو وشەکانی زمانێک لەخۆ بگرێت. قەبارەی فەرهەنگێک زیاتر گرێ دراوە بەو کات و بوودجەیەی کە بۆی تەرخان کراوە، نەک بە دەوڵەمەندیی خودی زمانەکە.

٣. زمانەکان بوونەوەری زیندوون: ڕۆژانە وشەی نوێ دروست دەبن و وشەی کۆن دەمرن. هەر لیستێک کە ئەمڕۆ ئامادە بکرێت، سبەی بەسەرچووە.

٤. گرنگترین خاڵی زانستی: توانای دەربڕینی یەکسان: زمانناسان کۆکن لەسەر ئەوەی کە هەموو زمانە سروشتییەکانی مرۆڤ توانای دەربڕینی هەر بیرۆکە و هەستێکیان هەیە. هیچ زمانێک لەوی تر دەوڵەمەندتر یان هەژارتر نییە.

کەواتە دەوڵەمەندیی ڕاستەقینەی زمان لە چیدایە؟
دەوڵەمەندیی زمان بە ژمارەی خەیاڵیی وشەکانی ناپێورێت، بەڵکوو بە پێكهاتە ڕێزمانییە وردەکەی، توانای وشەسازی و داهێنانی، دەوڵەمەندیی ئەدەبیات و کولتوورەکەی و توانای دەربڕینی وردترین هەست و بیرۆکەکان.

لەسەر هەموو ئەم بنەما زانستییانە، زمانی کوردی بە مێژووە دێرینەکەی، ئەدەبیاتە دەوڵەمەندەکەی و توانای وشەسازییە بەهێزەکەی، بێ هیچ گومانێک یەکێکە لە دەوڵەمەندترین و جوانترین زمانەکانی دنیا. با شانازییەکەمان لەسەر ئەم بنەما ڕاستەقینانە بێت.

 

Scroll to Top