ئەگەر لەبیرت چوو کە کورد پیت و دەنگی (ڤ v)ی هەیە و کۆمەڵێک وشەی وەک (ڤیدیۆ، ڤیکتۆر، ئێڤا، ئەرشیڤ، ڤۆڵڤۆ، گۆڤار)ت بە (ویدیۆ، ویکتۆر، ئێوا، ئارشیو، وڵوۆ، گۆوار) بێژە کرد ئەوە بزانە لەژێر کاریگەریی ڕێنووسی زمانی فارسیدایت.
ئەگەر هەمزەت بە سەرەتای هەندێک وشەی وەک (ستۆکهۆڵم، سکایپ، ستاندارد) زیاد کرد و وتت (ئستۆکهۆڵم، ئسکایپ، ئستاندارد) ئەوە بزانە لەژێر کاریگەریی زمانی فارسیدایت.
ئەگەر لەبیرت چوو لە کوردیدا پیتی “گ” و “ڤ” هەیە و وەک عەرەب وتت (غوستاف، مارغاریتا، غابرییل غارسیا، غاندی، غاز، فکتور هیکو، فیدیۆ) و نەتوت (گوستاڤ، مارگارێتا، گابریەل گارسیا، گاندی، گاز، ڤیکتۆر هوگۆ، ڤیدیۆ) ئەوە بزانە لەژێر کاریگەریی زمانی عەرەبیدایت.
هەروەها ئەگەر لە جیاتیی (بانک، چین) وتت (بانق، صین) بزانە لەژێر کاریگەریی زمانی عەرەبیدایت.
ئەگەر وتت ئەمریکی، ئەفریقی، باشە بزانی کە کوردییە ڕەسەنەکەی دەبێتە ئەمریکایی، ئەفریقایی یان ئافریکایی.
چونکە لە کوردیدا (ی)ی نیسبەت دەلکێتە ناوی وڵاتێکەوە و دەبێتە ناوی خەڵکەکەی بۆ نموونە سوید + ی = سویدی.
وڵاتەکە خۆ پێی ناوترێت “ئەمریک” تا بڵێین ئەمریک + ی = ئەمریکی. بەڵکوو ئەمریکا + یی = ئەمریکایی.
ئەگەر وتت (ئا حەسەن)، (ئا مەهدی)، مەڵێ ئەوە زاری ئەردەڵانییە، ئەوە هەمان (ئاغا حسەن، ئاغا مەهدی)یە، واتە “ئا” لەوێدا کوردی نییە بەڵکوو کورتەی “ئاغا”یە. ئاغا بە کوردی دەبێتە: “کاک”.
ئەگەر لە جیاتیی (پوور، میمک، پلک، خاڵ، خاڵۆ، لالۆ، مام، مامۆ، ئامۆژن، مامۆژن) وتت (عمە، دایی، عمو، زن عمو) ئەوە بزانە لەژێر کاریگەریی زمانی فارسیدا تواویتەوە و باوەڕت بە خۆت نەماوە.
ئەگەر لە چات و نامەگۆڕینەوە لەگەڵ کوردێکدا بە زمانێکی تر جگە لە کوردی بنووسیت، ئەوە بزانە لە زمانەکەتدا بە نەخوێندەوار هەژمار دەکرێیت.
باشترە یەکتر هان بدەین بە کوردی بنووسین، با لە سەرەتادا بەهەڵەش بنووسین، بەپێی کات باشتر و باشتر دەبین.