بانگەواز بۆ 3 شەو ئاگرکردنەوە دژی ڕژیمی ئێران
نووسینی وتار: ئیدریس هاشمی
ـــــــــــــــــــــــــــــ
خۆپیشاندەران بە دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” جارێکی تر لە بەرانبەری خامنەیی دیکتاتۆر دەوەستن.
ئێوارەی دووشەممە 13ی مارس، خەڵکی ناڕازی لە هەندێک لە شارەکانی ئێران، جارێکی تر هاتنە سەر شەقامەکان و دروشمی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان دەوتەوە. ئەم بانگەوازانە بۆ ناڕەزایەتی لە شەوانی 13 و 14 و 15ی مارس هاوتەریب لەگەڵ چوارشەممەسووری بڵاو کراونەتەوە.
ژمارەیەک لە چالاکانی سۆشیال میدیا و کەسانی ناڕازی بانگەوازیان لەژێر ناوی “سێ شەو ئاگر” واتە: شەوانی دووشەممە، سێشەممە و چوارشەممە بڵاو کردووەتەوە و داوایان لە هەموو لایەک کردووە کە ڕێوڕەسمی ساڵانەی “چوارشەممەسووری” بکەنە شوێنێک بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران.
ئەم بانگەوازانە بە دەربڕینی چەند دروشمێک وەک: «برای خونخواهی بچههای ایران، چهارشنبهسوری کابوستان خواهیم شد» و «چهارشنبهسوری، روسری میسوزونیم» ڕێک خراون.
ئێوارەی دووشەممە 13ی مارس و لە یەکەم وەڵامی بانگەوازەکانی “سێ شەو ئاگر” بەبۆنەی چوارشەممەسوورییەوە، چەندین گرتە ڤیدیۆی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک لە مەشهەد، قەزوێن، گۆهەردەشتی کەرەج، مەهاباد، سنە، کامیاران و ناوچە جیاجیاکانی تاران بڵاو کرانەوە. بەپێی گرتە ڤیدیۆکان، خۆپیشاندەران بە دروشمی «تا آخوند کفن نشود، این وطن وطن نشود» هاتنە سەر شەقامەکان.
لە قەزوێن و گۆهەردەشت کۆمەڵێک کەس وەڵامی بانگەوازەکانیان دایەوە و هاتنە سەر شەقامەکان و بە دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” دروشمیان دژی عەلی خامنەیی دەوتەوە.
لە هەندێک ناوچەی تاران وەک شەقامی سەتارخان، خەڵک کۆ بوونەوە و دروشمی “مرگ بر دیکتاتور” و “سید علی سرنگونه”یان دەوتەوە.
بڵاوبوونەوەی بانگەوازی ناڕەزایەتی لە شەقامەکان بەبۆنەی شەوی چوارشەممەسووری لە حاڵێکدایە کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پلانی ئەوەیان هەیە کە لەگەڵ ڕێکخەرانی ئەم چالاکییانە دژایەتی بکەن.
ئێوارەی دووشەممە 13ی مارس لە شارەکانی مەهاباد، سنە و کامیارانیش، ناڕازییان خوازیاری ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوون، لە وەڵامی بانگەوازەکانی دەستپێکردنەوەی شەپۆلی دووەمی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی دژە حکوومەت و لە سەروبەندی ڕێوڕەسمی چوارشەممەسووری بە داگیرساندنی ئاگر و لێدانی تەقەمەنی و بەستنی شەقامەکان و وتنەوەی دروشمی “ژن، ژیان ئازادی” “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” “مەرگ بۆ خامنەیی” بۆ درێژەدان بە شۆڕشی “ژینا ئەمینی” جەختیان کردەوە.
بەبۆنەی پێشوازی لە نەورۆز و ساڵی نوێ، سەرەڕای ئەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تەواوی شار و ناوچەکانی کوردستانیش بەربەست دادەنێت، بەڵام بە گۆڤەند و هەڵپەڕکێ ڕێوڕەسمی چوارشەممەسووری بەڕێوە دەچێت.
هەرچەندە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران، شارە کوردەکان کونترۆڵ دەکەن و فشار دەخەنە سەر کوردستانییەکان، بەڵام خەڵک و لاوانی شۆڕشگێڕی کورد بە گوێنەدان بە بڕیارەکانی داگیرکەران، هەموو ساڵێک لە پیشوازیی نەورۆزدا، بەشکۆوە ڕێوڕەسمی چوارشەممەسووری بەڕێوە دەبەن و ئەمەش پەیامێکە بۆ دەسەڵاتی ئاخوندی کە هیچکات ناتوانێ ڕێگری لە چالاکیی فەرهەنگی و کلتووری نەتەوەی کورد بکات و لاوانی شۆڕشگێڕی کوردستان دەسەڵاتی ئاخوندی دەخەنە ناو زبڵدانی مێژووەوە.
ـــــــــــــــــــــــــــــ
ئیدریس هاشمی – سوید
2023-03-14