ئەم سەردەمە سەردەمی (ژیریی دەستکرد artificiell intelligens)ە. سەردەمی شکاندنی سنووری زمانەکانە و ڕۆژ بە ڕۆژ زمانی نوێتر دەچێتە دنیای دیجیتاڵییەوە.
هێشتا هەندێ پلاتفۆرم و ژیریی دەستکردی وەک چەت جیپیتی (Chatgpt) زمانی کوردییان بەتەواوی بۆ جێ نەکەوتووە. هەرچەندە زمانی کوردی ئێستە چ لە ڕووی ڕێنووس و چ لە ڕووی ڕێزمانەوە گەیشتووەتە ئاستێک کە بۆ ئەو مەبەستە هیچ کێشەی نییە و سەرچاوەی باش لە بەردەستدایە کە ئەو کێشەیە چارەسەر بێت. بەڵگەش بۆ ئەو قسەیە ژیریی دەستکردی (کڵاود Klaude)ە، کە بۆ زمانی کوردی هیچ کێشەیەکی نییە، بەڵام بۆ ئەو مۆدێلانەی وەک (Chatgpt) کە هێشتا کێشەیان لەگەڵ زمانی کوردیدا هەیە، دەکرێت بەکارهێنەرانیش هاندەر بن و وەبیری ژیرییە دەستکردەکان بهێننەوە کە کەموکووڕییەکانی زمانی کوردی چارەسەر بکەن و زمانی کوردییش لەو مۆدێلانە بهێننە ئاستی هەر زمانێکی تر.
ئەم کارەش لە ڕێگەی پاشخورد (فیدباک feedback)ەوە دەکرێت بگەیەنرێتە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەو ژیرییە دەستکردانە.
کەوا بێت پاشخورد (فیدباک) لەلایەن تۆ و بەکارهێنەرانی ترەوە دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە باشترکردنی تواناکانی زمانی ChatGPT. ئەم پاشخوردانە دەتوانن ئەمانەی خوارەوە لەخۆ بگرن:
1. پێشکەشکردنی نموونە: نموونەی ئەو ڕستە و دەستەواژە و دەقانە بە زمانی کوردی بنووسە کە مۆدێلەکە بەدروستی وەڵامیانی نەداوەتەوە یان پێویستیان بە باشترکردنە.
2. ڕوونکردنەوەی هەڵەکان: بەوردی ئەو هەڵە و لاوازییانە ڕوون بکەرەوە کە مۆدێلەکە لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانت یان داواکارییەکانت بە زمانی کوردی هەڵەی تێدا دەکات.
3. پێشنیارکردنی سەرچاوە: پێشنیاری سەرچاوەی بەهێز بکە کە دراوە (data)ی زمانەوانیی زۆر باش و دەوڵەمەندی تێدا بێت بۆ زمانی کوردی، وەک پەرتووک و بابەت و سایتی پەروەردەیی.
4. ڕاڤەکردنی پێداویستییەکان: ڕوونکردنەوەیەکی ورد لەسەر پێداویستی و چاوەڕوانییەکانتان لە مۆدێلەکە بنووسن بۆ بەکارهێنانی زمانی کوردی. بۆ نموونە، پێویستی و گرنگیی هەبوونی ڕوانگەی زیاتر لە وتووێژی ڕۆژانە، دەقی ئەدەبی، یان وتووێژی فەرمی.
– پلاتفۆرمی دابینکەری مۆدێلەکە: ئەو پلاتفۆرم و سایتانەی کە مۆدێلی AI دابین دەکەن، وەک ChatGPT، بەزۆری بەشێکیان هەیە بۆ ناردنی پاشخوردەکانی بەکارهێنەر. ئەم بەشانە بەزۆری لە ڕێگەی ماڵپەڕێک یان ئەپێکەوە بەردەستن.
– کۆمەڵگە و مەکۆکان: کۆمپانیاکانی وەک OpenAI زۆر جار مەکۆی سەرهێڵیان هەیە کە بەکارهێنەران دەتوانن پاشخوردەکانیان تێدا پێکەوە باس بکەن.
– پەیوەندیی ڕاستەوخۆ: ئەگەر بتوانی لە ڕێگەی ئیمەیڵ یان فۆڕمی پەیوەندییەوە پەیوەندی بە تیمی پەرەپێدانەوە بکەیت و پاشخوردەکانت بنێری، ڕێگەیەکی زۆر باشە.
بە ناردنی پاشخوردێکی ورد و بەردەوام، دەتوانیت یارمەتیدەر بیت لە باشترکردنی تواناکانی زمانی مۆدێلەکان و ئەزموونێکی باشتر بۆ خۆت و بەکارهێنەرانی دیکە دابین بکەیت.
***
پاشخورد، پاشخوارد = feedback
پاشخورد (feedback) بەم شێوەیە پێناسە دەکرێت:
پاشخورد بریتییە لە زانیاری، بۆچوون یان کاردانەوەیەک کە دەربارەی کەسێک، بەرهەمێک، ڕاژەپێدانێک (خزمەتگوزارییەک) یان کردارێک دەدرێت. ئامانجی سەرەکیی پاشخوارد باشترکردن، گۆڕانکاری یان هەڵسەنگاندنە.
چەند خاڵێکی گرنگ دەربارەی پاشخورد:
1. دەتوانێت ئەرێنی یان نەرێنی بێت.
2. سەرچاوەکەی دەکرێت کەسانی تر، سیستەمەکان یان خودی کەسەکە بێت.
3. لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا بەکار دێت، وەک پەروەردە، کار، پەیوەندییەکان و هتد.
4. بۆ فێربوون و گەشەکردنی بەردەوام، گرنگە.