- نوێترین بڕیارەکانی ڕێنووسی زمانی کوردی
- ئامادەکردن: دیاکۆ هاشمی
- یەکەم بڵاوکردنەوە: 2003-09-06
- نوێترین وەشان: پوختەی ڕێنووس و خاڵبەندی ٤ 30-08-2024. PDF:
- پێشەکی
- ئەلفبێ
- بزوێنەکان
- هێشوو
- بزرۆکە
- ئەلفبێی لاتینی
- کێشەی پیتەکان
- هەمزە
- کێشەی (ر، ڕ)
- کێشەی (ک، ك)
- کێشەی تێکەڵکردنی (ھ، ە)
- (و، وو)
- (ی، یی)
- (یە)
- کێشەی ئامرازی لێکدەری (و)
- (ی)ی ئامرازی دانەپاڵ
- پیتی ت لە وشەدا
- جێناوی لکاوی (ی، یان)
- جێناوی نیشانە
- دوودەنگە
- وشەی لێکدراو
- چاوگی لێکدراو و گەردانکردنی
- وشەی داڕێژراو
- چاوگی داڕێژراو و گەردانکردنی
- وردەئامراز adpositions
- کێشەی “دە” و “ئە”
- کێشەی (لە)
- کێشەی (بێ) و (بەبێ)
- کێشەی ئامرازی (تر) و وشەی (تر)
- هاوەڵکار
- وشەی بیانی
- ژمارەی لێکدراو
- تەختەکلیلی کوردی
- ژێدەرەکان
- پرسیاری فێرخوازان
ڕێنووس واتە یاسا و ڕێسای چۆنێتیی نووسینی وشە و کار لە دۆخی جۆربەجۆری وەک تاک، لێکدراو، داڕێژراو، چاوگ و گەردان. ڕێنووس هەروەها لە شێوەی بەکارهێنانی ئامراز و گیرەک دەدوێت.
زمان بەردەوام لە گۆڕاندایە، ئەم گۆڕانانەش زیاتر لە ڕووی تەکنۆلۆژیا و ئایتییەوە ڕوو دەدەن، زمان دەبێت لەگەڵ ئایتیدا بگونجێنرێت دەبێت ئامادە بکرێت بۆ کاری بنکەدراوەیی و دیجیتاڵی.
لێرەدا، ههوڵ دهدرێت بهگوێرهی بڕیارهکانی “ئەکادیمیای کوردی” و ڕێککەوتنەکانی هەندێک گرووپی ئایتی وەک “زانستپەروەرانی کورد“ و “کوردئایتیگرووپ” و “چاوگ” و بە هاودەنگی لەگەڵ “فەرمانگەی ئایتیی کوردستان” و به لهبهرچاوگرتنی زانستی تەکنۆلۆژیای زانیاری (IT) و به بهراوردکاری لهگهڵ زمانه چالاکەکانی جیهاندا، کۆمهڵێک یاسا و ڕێسا ڕوون بکرێنهوه، تا له ڕێنووسێکی بێههڵه نزیکتر ببینهوه، بۆ ئەوەی ئەم ڕێنووسە هەروەها بکرێتە بنەما بۆ پرۆژەی وەرگێڕانی مەکینەیی و پرۆگرامی چێکردنی هەڵەگری دیجیتالی.
ئەمە کتێبی تاکەنووسەرێک نییە کە بە چێژ و ڕای تاکەکەسیی خۆی شتەکان یەکلایی بکاتەوە، بەڵکوو بە هاودەنگی و هاوڕاییی هەموو ئەو لایەنە گرنگانە کە کار دەکەنە سەر زمانی کوردی و لە ئاڵوگۆڕی زماندا کاریگەرییان هەیە کۆ کراوەتەوە، بەردەوام بەپێی بڕیارەکان و ڕێککەوتنەکان نوێ دەکرێتەوە. ئەم ماڵپەڕە ئاگاداری زیاترین گۆڕانکارییەکانی پێوەندیدار بە ڕێنووسی زمانی کوردییە. بەبێ ئاگاداربوون لە جیهانی ئایتی ناکرێت ڕێنووس دیاری بکرێت. ڕاژەیەکی سەرهێڵ کە بەخۆڕایی لە بەردەستی هەموواندایە و بە بچووکترین گۆڕانکاری نوێ دەکرێتەوە.
لەم ڤیدیۆیەدا کە لەسەر یوتیوب دامان ناوە دەتوانن سەردێڕی پتر لە ٤٠ هەڵەی ڕێنووسی چاو لێ بکەن.
پێش لەوەی بچینە ناو باسی ڕێنووسەوە، دەبێت ئاماژە بەوە بکەم کە هەموو کەسێک دەبێت واز لە تەختەکلیل و فۆنتی نایوینکۆد بهێنێت و بەس کەڵک لە تەختەکلیل و فۆنتی یونیکۆد وەربگرێت. بۆ زانیاریی زیاتر دەتوانن چاو لە ڕەوتی تەختەکلیلی کوردی بکەن.
بڕیاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان: هەموو دامودەزگا حکوومەتییەکان لە کوردستاندا دەبێت کەڵک لە تەختەکلیل و فۆنتی یونیکۆد وەربگرن. بڕیارەکە.
باشترە لە باتیی “ئەلف بێ“، “ئەلف و بێ” یان “ئەلفوبێ” تەنیا (ئەلفبێ) بەکار بهێنرێت چونکە ئەو وشەیە وشەیەکی لێکدراوە، وشەی لێکدراویش لە پلەی یەکەمدا دەبێت بەبێ یارمەتیی هیچ گیرەکێک چێ بکرێت، ئەگەر ئەوە نەکرا ئەو کاتە لە هەندێک ئامراز و گیرەکی وەک (…و…) کەڵک وەردەگیرێت.
پیتەکان: پیتەکانی ئەلفبێی زمانی کوردی (٣٤) پیتن و بەم شێوەیەی خوارەوە ڕیز دەکرێن:
ئـ ـ ا ـ ب ـ پ ـ ت ـ ج ـ چ ـ ح ـ خ ـ د ـ ر ـ ڕ ـ ز ـ ژ ـ س ـ ش ـ ع ـ غ ـ ف ـ ڤ ـ ق ـ ک ـ گ ـ ل ـ ڵ ـ م ـ ن ـ هـ ـ ە ـ و ـ وو ـ ۆ ـ ی ـ ێ.
تێبینی: گرنگە پیتەکان بەو شێوەیەی سەرەوە ڕیز بکرێن و شوێنەکانیان پێش و پاش نەخرین.
زمانی کوردی (٣٧) دەنگی هەیە، بەڵام لە سیستەمی ئەلفبێدا (٣٤) پیتی بۆ دیاری کراوە.
١. بۆ دوو دەنگی بزوێن و نیمچەبزوێنی (u و w) تەنها یەک پیتی (و) دانراوە: (وانە wane)، (کورد Kurd).
٢. بۆ دوو دەنگی بزوێن و نیمچەبزوێنی (î و y)یش یەک پیتی (ی) دانراوە: (مـیــر mîr)، (مەی mey)، (یار yar).
٣. بۆ دەنگی درێژی (û)ش واو دووپات بووەتەوە (وو = û).
پیتی (و) و پیتی (ی) کە دوو ئەرک دەبینن پێیان دەوترێت: نیمچەبزوێن.
دەنگی فرەکورتی (i) هیچ پێتێکی بۆ دانەنراوە: (بردن birdin)، هەر بۆیە لە ئەلفبێی کوردیی ناوەڕاستدا پێی دەوترێت “بزرۆکە“، واتە بزر بووە. ئەمە بە کرمانجی پێی ناوترێت بزرۆکە، خۆ لەوێ بزر نییە و دیارە، ئەو پیتە وەک دەنگەکانی تر چاوی لێ دەکرێت و بزوێنێکە، بەڵام بزوێنی فرەکورت.
کەوا بێت بۆ پێنج (٥) دەنگی (w, u, y, î, i) تەنیا (٢) پیتی (و، ی) لەبەرچاو گیراوە، هەر بۆیە دەڵێن ژمارەی دەنگەکان (٣٧)ن و ژمارەی پیتەکان (٣٤)ن. لە زۆربەی زمانەکانی دنیادا ژمارەی دەنگەکان و پیتەکانی ئەلفبێ وەکوو یەک نین، بۆ نموونە لە زمانی فارسی، سویدی و ئینگلیزیدا.
٣. بزوێنەکان
بزوێن بهو دهنگانه دهوترێن که له کاتی بێژه و گۆکردندا، دهم و زار تۆزێک زیاتر دهکرێنهوه و زیاتر دهکێشرێن. بزوێنهکان جووڵه و بزواندن دهخهنه ناو وشهوه.
بزوێنهکان لهڕاستیدا (٨) دهنگن، بهڵام لە ئەلفبێدا تهنها (٧) دهنگیان پیتیان بۆ دانراوه و دهنووسرێن و بریتین لە: (ا، ە، و، ۆ، وو، ی، ێ).
یاسا: هەر وشەیەکی کوردی پێک هاتووە لە لانی کەم یەک بڕگە و لە هەر بڕگەیەکیشدا یەک بزوێن هەیە، بۆ نموونە:
- یەکبڕگەیی: (ناو naw).
- دووبڕگەیی: (کۆ مار = کۆمار komar).
- سێبڕگەیی: (هێـ لا نە = هێلانە hêlane).
- چواربڕگەیی: (جاڵجاڵۆکە callcalloke).
ئەگەر چاو لە وشەی “مەست mest” بکەین دەبینین کە لە نێوان “س” و “ت”دا هیچ بزوێنێک نییە، ئەمە پێی دەوترێت “هێشوو” چونکە هیچ بزوێنێک ناکەوێتە نێوانیانەوە. وشەی “هێنان” هیچ هێشوویەکی تێدا نییە، چونکە بەدوای یەکتردا بزوێن و نەبزوێن دێن.
هێشوو جاری وایە لە دوو دەنگی کپ و جاری واشە لە سێ دەنگی کپ دروست دەبن.
هێشوو جاروبار دەشتوانێت بکەوێتە سەرەتای وشەوە، وەک: (ستران stran)، (ستۆکهۆڵم Stockholm).
لە سەرەتادا دوو یان سێ دەنگی کپ (نەبزوێن) بەدوای یەکتردا هاتوون بێ ئەوەی بزوێنێک بکەوێتە نێوانیان، واتە هێشوویان دروست کردووە.
هێشوو لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر جیاوازە چونکە پێکهاتەی زمانەکان جیاوازن.
لە زمانی کوردیدا ئەم فۆنیمانە
(c – ç – s – ş – x – k)
(ج، چ، س، ش، خ، ک)
لەگەڵ (w)دا هێشوو دروست دەکەن، نموونە:
جوان cwan، چوار çwar، سوێند swênd، شوێن şwên، خوار xwar، کوا kwa.
ئەم بابەتە پێوەندیی بە بڕگەکردنی زمانی کوردیشەوە هەیە هەر بۆیە بۆ زانیاریی زیاتر فەرموون چاو لێرە بکەن:
بڕگەکانی زمانی کوردی
٥. بزرۆکە (i)
هەندێک وشهی کوردی ههن که له ڕواڵهتدا بزوێنیان تێدا نابینرێت، نموونە: (بردن، من، ژن، چل، مردن، بزن، خستن)، بهڵام لهڕاستیدا دهنگی بزوێنیان تێدایه. ئهو بزوێنه له ئهلفبێی کوردیی لاتینیدا به پیتی (i) دیاری کراوه، بهڵام له ئهلفبێی عهرهبیدا هیچ پیتێکی بۆ دانهنراوه، لەم ئەلفبێیەدا دیار نییه و بزر بووه، بۆیه ناوی نراوه: بزرۆکە (کسره مختلسه). ئەگینا لەڕاستیدا (بزوێنی فرەکورت)ە، نموونه:
(من min)، (ژن jin)، (چل çil)، (مردن mirdin)، (بزن bizin) و (خستن xistin).
وشهی “مشک” له ناوچه جۆربهجۆرهکانی کوردستاندا به دوو شێوازی (mişk) و (mişik) بێژه دهکرێت، بهڵام له ئهلفبێی عهرهبیدا ههر به یهک شێواز دهنووسرێت: “مشک”.
کهوا بێت دەنگێکی تری کوردیمان هەیە و لەگەڵ ئەو دەنگەکانی تر دەبێتە (٨)همین دهنگی بزوێنی کوردی و به ئهلفبێی ناوەندی نانووسرێت و “بزرۆکە”یه. (i).
جاری وایە پیتی “ئـ” لە سەرەتای وشەدا لە باتیی بزوێنی فرەکورتی بزرۆکە i دەنووسرێت:
ئسفەهان Isfehan، ئنجا inca، ئشق işq.
لەم ڤیدیۆیەدا دەتوانن چاو لە ئەلفبێی کوردی بکەن:
ئەلفبێی کوردی
لە کوردیی کرمانجیدا بۆ نووسین کەڵک لەم ئەلفبێیە وەردەگیرێت کە (٣١) پیتن:
A – B – C – Ç – D – E – Ê – F – G – H – I – Î – J – K – L – M – N – O – P – Q – R – S – Ş – T – U – Û – V – W – X – Y – Z
بزوێنهکانی بریتین له (٨) دهنگ و ههر ههشتهکهیان دهنووسرێنهوه:
(A – E – Ê – I – Î – O – U – Û)
بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ئەلفبێی کوردیی لاتینی تکایە چاو لەم ڤیدیۆیە بکەن:
٧. کێشەی پیتەکان:
هەندێ کەس لە کاتی بەکارهێنانی پیتە کوردییەکاندا تووشی هەڵەی ڕێنووسی دەبن، لێرە ڕوونیان دەکەینەوە:
٨. ههمزه (ئـ)
ههمزه، له زمانی عهرهبی و فارسیدا، له چهند شوێنێکی جۆربەجۆردا بهکار دهچێت، وهکوو: (أ ٌإ لأ لإ ؤ ء ئـ)، بهڵام له زمانی کوردیدا تهنیا شێوازی (ئـ) بهکار دەهێنرێت، ئهویش به مهبهستی ئهوهی نەهێڵێت دوو بزوێن بهدوای یەکتردا بنووسرێن. کە وا بێت ناتوانین بڵێین کە هەمزە لە زمانی کوردیدا وەک فارسی و عەرەبی بەکار دەهێنرێت. هەمزە لە زمانی کوردیدا هەمیشە لەگەڵ بزوێنێکدا دێت:
ئــا، ئـــە، ئـــو، ئــۆ، ئـــوو، ئـــی، ئـــێ.
لەڕاستیشدا ئەو کاتانەی کە لە هەندێک وشەی وەک “ئــنـجا” و “ئـــسفەهان”یشدا کە دەبینرێن هەر پێویستی بە بزوێن هەیە بەڵام لەو کاتانەدا بزرۆکە هەیە و بزرۆکەش نانووسرێت ئەگینا لەو شوێنانەشدا دیسانەوە لەگەڵ بزوێندا دێت. لەبەر ئەوە ئەگەر بمانەوێت بە کوردی ناوێکی بۆ دابنێین دەکرێت بڵێین کە “ئاوەڵبزوێن” ناوێکی گونجاوە بۆی.
هەندێک له زمانزانان ههمزه به بزوێن دادهنێن و لای ههندێکیش به نهبزوێن دهناسرێت، بهڵام لهڕاستیدا کورد، ههمزهی به شێوازی (ئـ) بهکار هێناوە و بڕیاری داوە وهکوو (نهبزوێن)ێک چاوی لێ بکات، بۆ ئهوهی نەهێڵێت دوو بزوێن بهدوای یەکتردا بێن، یان هەندێک بزوێن له سهرهتای وشهدا بنووسرێن، نموونه:
کورد هەر لە کۆنەوە تا بۆی کرابێت هەمزەی تەنیا لە کاتی پێویستدا بەکار هێناوە ئەگینا قرتاندوویەتی، بۆ نموونە لە کۆنەوە وای کردووە:
- سوێر + ئاو = سوێراو (نەک: سوێرئاو).
- سەهوڵ + ئاو = سەهۆڵاو (نەک: سەهۆڵئاو).
- گوڵ + ئاو = گوڵاو (نەک: گوڵئاو).
- بار + ئاش = باراش (نەک: بارئاش).
- گۆلک + ئاو = گۆلکاو (نەک: گۆلکئاو).
کە وا بێت دەتوانین ئەوە بکەینە بنەما بۆ وشەی لێکدراو یان داڕێژراوی نوێش و هەر بەو پێیە گۆی بکەین و هەمزەکە بقرتێنین. بۆ نموونە:
- ڕۆژاوا، نەک ڕۆژئاوا
- خۆراوا، نەک خۆرئاوا
- ماڵاوایی، نەک ماڵئاوایی
- کاراسانی، نەک کارئاسانی
- بانــەفشار، نەک بانئەفشار (ناوی گهڕهکێکه له شاری قهسری شیرین له پارێزگای کرماشان).
- کارهندامزانی، نەک کارئەندامزانی (physiology).
- تووڵامراز، نەک تووڵئامراز (تووڵامراز = toolbar). (تووڵ، شیش = bar)، (ئامراز، کهرهسته = tool).
ههروهها ئەمانە بەبێ (ئـ) وا دەنووسرێن:
کەمـەندام، چاوهسمهر، چاوهستێره، گوڵـهندام، گوڵـهستێره، شێرهندام، خاکـەناز، ڕۆژاوا، خۆراوا.
٩. کێشهی (ڕ) و (ر)
“ڕ” دهنگێکی گڕه که له سهرهتا و ناوهڕاست و کۆتاییی وشهدا دێت:
ڕاز، ههڕا، مهڕ.
جاران دەوترا بەبێ نیشانە، واتە سادە بینووسن بەڵام بە گڕ بیخوێننەوە. بۆ ئەو سەردەمەی کە خەڵک بەس بە دەست دەیاننووسی ڕەنگە ئەوە چارەسەرییەک بووبێت بۆ خێرانووسین، بەڵام ئەوڕۆکە لە دنیای دیجیتاڵیدا کۆدی خۆی هەیە، دوگمەی خۆی هەیە. کە وا بێت:
تێبینی: نابێت (ڕ)ی گڕ لهگهڵ (ر)ی سادهدا تێکهڵ بکرێت.
بڕیاری ئەکادیمیای کوردی: ههموو دهنگێکی (ڕ) له سهرهتای وشهدا گڕه و دەبێت به (ڕ)ی گڕ بنووسرێت، نهک به (ر)ی ساده، واتە “ڕ” هەم لە سەرەتا و هەمیش لە ناوەڕاست و هەمیش لە کۆتاییی وشەدا دەنووسرێت.
(ڕ) و (ر) لە ڕووی ڕێزمانییەوە دوو فۆنیمی جیاوازی زمانی کوردین و لە ڕووی تەکنیکیشەوە لەسەر تەختەکلیلی کوردیی کۆمپیوتەریشدا دوو دوگمەی جیاوازیان بۆ دانراوە و لە سیستەمی یونیکۆدی (نووسە character) جیهانییەکانیشدا دوو ژمارەکۆدی جیاوازیان بۆ دانراوە. هەر بۆیە زۆر گرنگە ئەو پیتانە تێکەڵ نەکرێن چ لە سەرەتا و چ لە ناوەڕاست و چ لە کۆتاییی وشەشدا دەبێت وەک خۆی بنووسرێن. ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر بوترێت بەبێ چوکڵە بینووسن، بەڵام بە چوکڵەدار واتە گڕ بیخوێننەوە. مادام پیتی خۆی هەیە، لە سیستەمی یونیکۆدا کۆدی خۆی هەیە، :
سەرەتا: ڕاست، ڕێگا، ڕۆخ
ناوەڕاست: پەڕۆ، هەڕا، فــڕاندن
کۆتایی: شەڕ، کەڕ، کوڕ
پیتی (k) تەنانەت لە زمانەکانی فارسی و عەرەبیشدا کێشەلەسەرە. چونکە بە دوو شێوە دەنووسرێن: “ک“، “ك“. ئەو دوو کافانە دوو کۆدی جیاوازیشیان هەیە، (ک U+06A9) و (ك U+0643). خۆ ناکرێت بەرانبەر بە کۆدێکی لاتینی دوو کۆد دابنرێت، هەر لەبەر ئەوە لەو زمانانەشدا کێشەی هەیە.
له تەختەکلیلی ستانداردی یونیکۆدی کوردیدا کە لەلایەن “کوردئایتیگرووپ“ەوە درووست کرا، ئەو کێشەیە یەکلایی کرایەوە. بڕیاریان دا لە باتیی (ك) کەڵک لە (ک) وەربگیرێت بۆ ئەوەی یەک جۆرە پیتمان بەرانبەر بە (k) هەبێت. چونکە لە سەرەتا و لە ناوەڕاستی وشەدا بەرانبەر بە (k) هەر (ک) دەنووسرێت: (کـار)، (پەلـکە). تەنها لە کۆتاییی وشەدا “ك” بەکار دەهێنرێت: (چەك). کە وا بێت لە کۆتاییی وشەشدا هەر هەمان کار دەکەین. وەک:
چاک، پاک، خاک (نەک: چاك، پاك، خاك).
هەر بۆیە لە شوێنی دوگمەی (K)دا ئەمە دانرا: (ک U+06A9)، هەڵبەت بە شیفتیش ئەمە دانرا: (ك U+0643). بەڵام هیوادارین کورد بەرە بەرە واز لە (ك U+0643) بهێنێت.
بڕیاری کوردئایتیگرووپ:
لە تەختەکلیلی کوردیدا بەرانبەر بە (k) لە سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتاییی وشەدا کەڵک لە “ک” (U+06A9) وەردەگرین و نەک لە “ك“. هەڵبەت ئەوەش هەر دەخرێتە ناو تەختەکلیلی کوردییەوە بەس بە شیفت دەنووسرێت.
بۆ زانیاریی زیاتر سەبارەت بە کێشەی (ک) تکایە چاو لەم بابەتە بکەن.
١١. کێشەی تێکەڵکردنی (ھ، ـهـ H) و (ە، ـە E)
ئەم دوو پیتەش وەک (k) کێشەیان هەیە، چونکە شێوەیان لە یەک دەچێت، بەڵام کۆد و ئەرکیان لە زمانی کوردیدا جیاوازە.
بۆ نموونە بۆ نووسینی “ھ h” لە وشەکانی “هانا” و “سێهەم”دا لە یەک کۆدی (U+0647) کەڵک وەردەگیرێت، بەڵام لە نووسینی “ە E” بۆ نموونەی لە وشەی “پەلە”دا کەڵک لە کۆدی (U+06D5) وەردەگیرێت. واتە بۆ ئەو دوو پیتەی کە شێوەیان لە یەک دەچێت لە دوو کۆدی جیاواز کەڵک وەردەگیرێت.
کێشەکە ئەوەیە کە هەندێ کورد لە کاتی نووسین بە کۆمپیوتەردا تووشی هەڵە دەبن و بۆ نووسینی بزوێنی (ە)ی کوردی دەست دەنێن بە دوگمەی (H)دا و وەک یەک چاوی لێ دەکەن. ئەمە کێشەیەکی گەورەیە بۆ زمانی کوردی. وا دەزانن هەردووکیان هەمان شتن. بۆ نموونە دەنووسن سەر، بەڵام کاتێ هەر بە (H) بینووسن دەبێتە “سهر”، کە هەڵەیە ئەو کاتە ناچارن جیای بکەنەوە و دەنووسن “سه ر”، کە ئەویش هەر هەڵەیە، هەر بۆیە دەبێت کەڵک لە دوگمەی (E) وەربگرن. کە ناهێڵێت پیتەکان پێکەوە بلکێن و دەبێتە “سەر” کە درووستە.
لە ئەلفبێی دیجیتالیی کوردیدا (ھ، ـهـ H) جیاوازیی هەیە لەگەڵ (ە، ـە E) و بە یەک دوگمە نانووسرێن.
تکایە لە نووسینی کوردیدا ئەو دوو پیتە تێکەڵ مەکەن، وا بینووسن:
ئەگەر پەنجە بنێی بە دوگمەی H بە شێوەی (ه) دەر دەچێت، بۆ ئەوەی بە شێوەی (ھ) بنووسرێت ئاوا بکە:
(M) + (Shift) + (H) = ھ
تێبینی: لە ڕێککەوتنێکدا بڕیار درا کۆدێکی نوێ بۆ “ھ” دابنرێت تا بەس بە یەک کلیک بنووسرێت. ئەو کۆدە کە بۆ نموونە لە زمانی ئوردوودا بەکار دەچێت بەکار دەهێنرێت بۆ ئەم تەختەکلیلە کوردییە و لەسەر ماڵپەڕی “تەختەکلیلی کوردی“ی فەرمانگەی ئایتیی کوردستان دادەنرێت و بەم زووانە دەتوانن ئەو تەختەکلیلە لەوێ دابگرن. ئەو پیتە نوێیە لە تەختەکلیلی کوردیدا بە دوگمەی (Shift) و (H) دەنووسرێت. من خۆم لە وەشانێکی تاقیکردنەوەییدا بەو تەختەکلیلە دەنووسم و پیتی “ھ” بە شیفت و (H) دەنووسم. بە مەبەست لەژێر شیفت دامان ناوە چونکە وتمان با “ھ”ی سەرەتای وشە تێک نەچێت هەر کاتێک ویستمان بەتایبەتی “ھ” بنووسین ئەو کاتە لەوە کەڵک وەردەگرین، بۆ نموونە بۆ نووسینی هەندێ وشەی کۆن: ماھ، بەھ، بەھ.
١٢. کێشهی (و) و (وو)
(وو û) دهنگێکی بزوێنه و ههرگیز نابێت له سهرهتای وشهدا بنووسرێت. زۆر ههڵهیه بنووسی:
(ووشه ûşe، وورچ ûrç، وون ûn، ووس ûs و هتد)،
بهڵکوو دەبێت به (و w)ی نهبزوێن بنووسرێت، چونکوو دوای ئهو پیته، بزرۆکه ههیه، کهوا بێت دوو بزوێن پێکهوه نانووسرێن و دەبێت وا بنووسرێن:
(وشه wişe، ورچ wirç، ون win، وس wis و هتد).
بهڵام له ناوهڕاست و کۆتاییدا دەنووسرێت: (سـوور sûr)، (نوور nûr)، (چـوو çû)، (تـوو tû).
زۆر کهس بهههڵه دهنووسن: “کهرکوک، مهحمود، حوکومهت و هتد”. که ڕاستییهکهی ئاوایه: کهرکووک، مهحموود، حوکوومهت و هتد”.
١٣. کێشهی بزوێنی درێژی (î)
دەنگی درێژی (î) له ئهلفبێی عهرهبیدا هیچ پیتێکی جیاوازی بۆ دانهنراوه. “کۆڕی زانیاریی کورد” لە بەغداد تەقەڵێکی لەسەری دادەنا، بەڵام لای خەڵک جێ نەکەوت و بەکار نەهێنرا. هەندێ کەس کەڵک لە (یی) وەردەگرن و بۆ نموونە دەنووسن (تییر tîr)، (کوردیی kurdî)، (سیی sî)، بهڵام تێکڕای زمانەوانان و ئەکادیمیاش ئەوە بە درووست دانانێن چونکە ڕایان وایە کە ئەو دەنگە یەک فۆنیمە نەک دوو و لە ئەلفبێدا پیتێکی جیاواز و تایبەتیی بۆ دانەنراوە، ناکرێت بە دووپاتکردنەوەی “ی” درێژی بکەیتەوە.
بڕیاری ئەکادیمیا: دەنگی “ی” لە زمانی کوردیدا یەک فۆنیمە نەک دوو، هەر چەند هەندێ جار کورت و هەندێ جاریش درێژ گۆ دەکرێت، بەڵام واتا ناگۆڕدرێت و فۆنیمی تر ناهێنێتە کایەوە و پێویست بە نیگاری تر ناکات. ئەم دوو دەنگی “ی”یە بە تیپی عەرەبی بە یەک شێوە دەنووسرێت بەڵام بە تیپی لاتینی جیاوازن.
کەوا بێت چ لە سەرەتا و چ لە ناوەڕاست و چ لە کۆتاییشدا، هەر بە “ی” دەنووسرێت وەک: (یار yar)، (تیر tîr) نەک (تییر tîr)، و کوردی (نەک کوردیی)، هەولێری (نەک هەولێریی)، شیرینــی (نەک شیرینـــیی).
بەڵام ئەگەر وشەیەک بە بزوێنی درێژی (ی î) کۆتاییی بێت و پێش ئەو پیتەش دەنگێکی بزوێنی تر بێت ئەوە دەبێت ئەمیان بە (یی yî) بنووسین:
(ڕهشایی reşayî)، (بهرایی berayî)، (دوایی diwayî)، (کۆتایی kotayî)، (پانایی panayî)، (شێنهیی şêneyî)، (سنهیی Sineyî)، (ههڵهبجهیی Hellebceyî)، (ڕانیهیی Ranyeyî)، (ورمێیی Wirmêyî) و (شنۆیی şinoyî).
١٤. کێشهی (یـه)
جاری وایه وشهکهی پێش (ه) به پیتێکی بزوێن (ا ـ و ـ ۆ ـ وو ـ ه ـ ی ـ ێ)، کۆتاییی هاتووه، وهکوو: (مامۆستا)، ئهو کاته ئیتر له جیاتیی (ه) دهنووسین (یه): (مامۆستایه mamosta ye).
تێبینی: کاری (یه)ش ههر وهکوو (ه) دەبێت بلکێنرێت به وشهکهی پێشیهوه: (مامۆستایه)، نهک (مامۆستا یه). تهنانهت ئهگهر وشهکه به (ی) کۆتاییی هات ههر پێکهوه دهنووسێنرێت: ههروهها:
(سپییه)، نهک (سپیه، سپییه، سپی یه).
(چییه)، نهک (چیه، چییه، چی یه).
(نییه)، نهک (نیه، نییه، نی یه).
(کوردییه)، نهک (کوردییه، کوردی یه).
١٥. کێشەی ئامرازی لێکدەری (و)
ئامرازی لێکدەری (و) دەبێت وەک وشەیەکی سەربەخۆ هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکرێت (و and) و نەلکێندرێت به وشهکانی پێش و پاش خۆیەوە.
بۆ نموونه دهبێت بنووسرێت:
(من و تۆ) نهک (منو تۆ) یان نهک (منو تۆ).
(سهر و ماڵ) نهک (سهرو ماڵ) یان نهک (سهروو ماڵ).
(هیوا و ئاوات) نهک (هیواو ئاوات).
سهرنج: نموونهکانی سهرهوه ههر کامهیان سێ وشهی جیاوازن و پێکهوه مانایهکی نوێ پێک ناهێنن و ههر بهتهنیا مانای خۆیان پاراستووه و جیاوازییان ههیه لهگهڵ وشهی لێکدراو که له خوارهوه باسیان دهکرێت.
١٦. (ی)ی ئامرازی دانەپاڵ
(ی)ی ئامرازی دانەپاڵ ئهو دهنگی (ی)یهیه که دهکهوێته نێوان دوو ناو، یان ناوێک و ئاوهڵناوێکهوه:
(مامۆستا) + ی + (قوتابخانه) = مامۆستای قوتابخانە.
کاتێ کە وشەکە بە (ی) تەواو نەبووە. (کورد):
(کورد) + ی + (سنە) = کوردی سنە (ئەو کوردەی کە خەڵکی سنەیە).
٢. (ی) + ئامرازی دانەپاڵ: (یـی)
کاتێ کە وشەکە بە (ی) تەواو بووە. (کوردی):
(کوردی) + ی + (سنە) = کوردیـی سنە (ئەو کوردییەی کە لە سنە قسەی پێ دەکرێت).
ڕۆژی جیهانیی کرێکاران (نەک ڕۆژی جیهانی کرێکاران).
ڕۆژی جیهانیی ژنان (نەک ڕۆژی جیهانی ژنان).
بانک ناوەندیی بەغدا (نەک بانکی ناوەندی بەغدا).
٣. (یی) + ئامرازی دانەپاڵ: (ییی)
کاتێ کە وشەکە بە (یی) تەواو بووە. (سنەیی):
(سنەیی) + ی + (دڵسۆز) = سنەییی دڵسۆز.
ڕەشاییی چاو، سەوزاییی دەشت، سەرەتاییی کچان.
وەرە بنواڕە دوو دەستی حەناییم – حەناییی چی؟ هەموو خۆ خوێنە قوربان
ئامرازی دانەپاڵی “ی” نابێت لە هیچ کام لەم سێ دۆخانەدا لەبیر بکرێت:
ئامرازی دانەپاڵ | |||||
ی | |||||
ی | زمان | ||||
ی |
تێبینی: هەر کاتێک ئەکادیمیا بڕیاری “ییی” هەڵوەشێنێتەوە و بیگۆڕێت بۆ “یی“، دەنووسین “یی“. وەک:
١٧. پیتی (ت) له وشەدا
جاری وایە دەنگ یان پیتی “ت” لە وشەدا لەبیر دەکرێت، نابێت لەبیر بچێت و دەبێت بنووسرێت، وەک:
١٨. جێناوی لکاوی سێیەم کەس
جێناوی لکاو لە کاری (تێپەڕ / متعدی)دا:
لە زمانی کوردیدا هەندێک جێناومان هەیە، بۆ نموونە جێناوی لکاوی (…م، …ت، …ی / …مان، …تان، …یان). ئەمانە لەگەڵ (کاری تێپەڕ / فعل متعدی)دا بەکار دەهێنرێن، وەک: (خواردن، بردن، نووسین، بڕین، دزین، کڕین، گۆڕین، پرسین).
خواردن؛ خواردم، خواردت، خواردی / خواردمان، خواردتان، خواردیان.
ئەگەر قەدی کردارەکە خۆی بە …ــی کۆتاییی هاتبێت کاتێک کە جێناوی لکاویان دەخرێتە سەر نابێت …ـــی بقرتێنرێت:
نووسین: نووســی: نووســــیــ م نووســـیــ ت، نووســیـــ ی: نووســیــم، نووســیــت، نووســـیــــی (نەک نووســی)
***
پرســـیـــن:
پرســـی + م = پرســـیــم
پرســی + ت = پرســـیـــت
پرســی + ی = پرســـیـــی
دەبێت وا بنووسرێن: من پرسیم، تۆ پرسیت، ئهو پرسیی. (نهک ئهو پرسی).
نموونهی تر:
کاری تێپەڕ: (دزین، بڕین، کڕین، گۆڕین، نووسین)، که له سێیهم کهسی تاکدا دهبنه (ئهو دزیــی، ئهو بڕیی، ئهو کڕیی، ئهو گۆڕیی، ئهو نووسیی).
جێناوی لکاو لە کاری (تێنەپەڕ / لازم)دا:
بەڵام ئەگەر کردارەکە (کاری تێنەپەڕ / فعل لازم) بوو وەک (بارین، فڕین، خزین، وەرین، پژمین) ئەو کاتە لە دۆخی ڕابردوودا کەڵک لەم جێناوە لکاوانەی (…م، …یت، … ـــ / …ین، …ن، …ن) وەردەگرین. ئەگەر قەدی کردارەکە بە …ـــیـــ کۆتاییی هاتبێت لە کاتی خستنەسەری ئەو جێناوانەدا نابێت …ـــیـــ لەبیر بکرێت. نموونەی گەردانکراو:
فڕین؛ فڕیــ م = فڕیم = من فڕیم، فڕیــ یت = تۆ فڕیـــیـت، فڕیــ ـ = فڕی = ئەو فڕی.
تاک: پژمین؛ پژمــیــ ، پژمـــیــــم (من)، پژمـــیــــیت (تۆ)، پژمـــی (ئەو)
کۆ: پژمــیــ ، پژمیین (ئێمە)، پژمین (ئێوە)، پژمین (ئەوان).
پرســـیـــن:
پرســـی + م = پرســـیــم
پرســی + ت = پرســـیـــت
پرســی + ی = پرســـیـــی
دەبێت وا بنووسرێن: من پرسیم، تۆ پرسیت، ئهو پرسیی. (نهک ئهو پرسی).
نموونهی تر:
کاری تێپەڕ: (دزین، بڕین، کڕین، گۆڕین، نووسین)، که له سێیهم کهسی تاکدا دهبنه (ئهو دزیی، ئهو بڕیی، ئهو کڕیی، ئهو گۆڕیی، ئهو نووسیی).
هەروها لە دۆخی کۆی سێیەم کەسی کۆش هەر بە هەمان شێوەیە:
١٩. جێناوی نیشانهی وهک (ئهم، ئهو، ئهڤ)
ئهگهر جێناوی نیشانه، ئاماژه به کات (ڕۆژ، شهو، ساڵ) بکات، پێکهوه دهنووسرێن، وەک:
ئهمڕۆ، ئهمشهو، ئهمساڵ، ئهمجار
ئهمجار سهختتهرهن زامم جه جاران
چڵ مدۆ دایم چــــون گهستهی ماران
ئیمشەو هەم دیسان دەروون پڕخەمەن
ئـــــــەســـــاســـەی مــاتەم جە لامان جەمەن
بهڵام ئهگهر پاش کاتهکه پاشبهندی (ه، ی) بنووسرێت ئهوه جێناوهکه جیا دهبێتهوه:
نــهمردم مـن ئـــهگـــــهر ئهم جاره بێ تۆ
نهچم شهرت بێ ههتا ئهم خواره بێ تۆ
نــهمردم مـن ئـــهگـــــهر ئهمجاره بێ تۆ
نهچم شهرت بێ ههتا ئهمخواره بێ تۆ
ئهم ڕۆژی ساڵی تــــازهیــه نهورۆزه هاتهوه
جهژنێکی کۆنی کورده بهخۆشی و بههاتهوه
ئهمڕۆژی ســاڵی تــــازهیــه نهورۆزه هاتهوه
جهژنێکی کۆنی کورده بهخۆشی و بههاتهوه
٢٠. دوودەنگە
دوودەنگە یان دیفتۆنگ ئەو بزوێنانەن کە زایەڵەی دوو دەنگیان تێدایە. ئەمانە پێویست ناکات پیتی تایبەتییان بۆ دابنرێت و هەر بە شێوەی دووپیتی دەنووسرێن: “وێ“، “وی“.
شــوێــن، نــوێـــن، کـــوێ، خـــوێ، گـــوێــلک، ســـوێـــند.
تەنانەت لە شێوەزاری کوردیی خواروو (کەلهوڕی، گۆرانی، لەکی، فەیلی)ش هەر بەو شێوەیە دەبێت بنووسرێت و پێویست ناکات پیتی جیاکاری بۆ دابنرێت:
بیستــویـــن (بێستوون)، چـــوی (چۆن)، زوی (زوو)، دوێـــت/دویــەت (کچ)، خــویـــن (خوێن).
تاقیکاری: فەرموو زانیارییەکانت لە “ئەلفبێ”دا تاقی بکەرەوە:
تاقیکاری لەسەر ئەلفبێی زمانی کوردی
٢١. وشەی لێکدراو (مرکب)
ههندێک جار دوو یان چهند وشه، که ههر کامهیان بۆ خۆی واتایهکی تایبەتی ههیه، پێکهوه کۆ دهبنهوه و پێکەوە واتایهکی نوێتر پێک دههێنن و پێیان دەوترێت (وشهی لێکدراو). وشهی لێکدراو دهبێت بلکێن به یهکهوه و نابێت (بۆشایی space) بخرێتە نێوانیانەوە، وەک:
تێبینی: ژمارەی لێکدراو، پێکەوە نانووسرێت، چاو لە خاڵی ٣٢ بەشی ژمارەی لێکدراو بکەن.
گرنگترین جۆرەکانی وشەی لێکدراو بە یارمەتیی مۆرفیمێکی پێوەندی (interfix)ێک لێک دەدرێن کە لە زمانی گشتیدا پێی دەوترێت “ناوبەند” و دەبێت پێکەوە بنووسرێن:
وشەی لێکدراو: | ||||
مارماسی، شاهەنگ، تەختەکلیل |
||||
ە | مانگەشەو، گوڵەگەنم، ژنەپێشمەرگە | |||
بە |
دەربەدەر، نیشتمانبەدەر، جێبەجێ |
|||
و | ناو | |||
ناو | قەد | ڕۆژهەڵات، دەستکرد، دەستکەوت | ||
ناو | و | قەد | دەستوبرد، | |
گوێدرێژ، چاوجوان، کانیکەوە |
||||
کونکون، پڵپڵ، گرنجگرنج |
||||
لرفەلرف، گڤەگڤ، خشەخش |
||||
هاتەهات، تەپەتەپ، سووڕەسووڕ، مڕەمڕ |
||||
ترسولەرز، مشتوماڵ (مشتن، ماڵین)، |
||||
ڕەشمار، زەرداو، ڕەشماڵ |
||||
یەکشاخ، دوودڵ، چوارچرا، هەزارپێ، سێشەممە |
||||
بەربانگ، بەرماڵ، بنباخەڵ، ژێرکراس |
||||
تێبینی: بۆ دۆزینەوە ڕەگی کار فەرموون چاو لەم خشتەیە بکەن: ڕەگی کار.
وەک وتمان ناوی لێکدراو کە بە بزوێنی “ە” چێ دەکرێت دەبێت پێکەوە بنووسرێت، گوڵەگەنم، مانگەشەو، بەڵام نابێت ئەوە تێکەڵ بکەین لەگەڵ “ە”ی نووسینی ناو بە هاوەڵناو:
“ە“ی نووسینی ناو بە هاوەڵناوەوە دەلکێتە کۆتاییی وشەی یەکەم، بەڵام بۆشاییی دەبێت لەگەڵ وشەی دووەمەوە، نموونە:
شەوە گەرمەکە، بەفرە زۆرەکە، کچە جوانەکە، منداڵە بزێوە جوانە چاوشینەکە. (نەک: شەوەگەرمەکە، بەفرەزۆرەکە، کچەجوانەکە، منداڵەبزێوەجوانەچاوشینەکە). چونکە هاوەڵناوەکان لەگەڵ وشەکەدا وەک وشەی لێکدراو هەژمار ناکرێن و پێناسەی وشەکە دەکەن و دەتوانێت زۆر زۆریش درێژ ببێت کە ئەگەر پێکەوە بنووسرێن زۆر دوورودرێژ دەبن.
٢٢. چاوگی لێکدراو
چاوگی لێکدراو یان هەمان فرمان یان کرداری لێکدراو، بەو کردارانە دەوترێن کە بە یارمەتیی ناو یان هاوەڵناوێکی (سادە، داڕێژراو، لێکدراو) لەگەڵ کردارێکدا چێ دەکرێن، بەتەنیا واتای خۆیان هەیە و پێکەوە کرداری لێکدراو چێ دەکەن، وەک:
ئەگەر له دۆخی چاوگدا بن پێکهوه دهنووسرێن، وهک: شهڕکردن، کۆڵنهدان، خهباتکردن، تاڵانکردن، سهربڕین.
بەڵام لە دۆخەکانی وەک (ڕانەبردوو، ڕابردووی ساده، ڕابردووی تەواو، ڕابردووی دوور) کاتێک کە جێناوی لکاو دەکەوێتە نێوانیانەوە بەجیا دهنووسرێن:
ڕانەبردووی بەردەوامی، تاک: نان دەکەم، نان دەکەیت نان دەکات.
ڕانەبردووی بەردەوامی، کۆ: نان دەکەین، نان دەکەن، نان دەکەن.
ڕابردووی سادە، تاک: نانم کرد، نانت کرد، نانی کرد.
ڕابردووی سادە، کۆ: نانمان کرد، نانتان کرد، نانیان کرد.
ڕابردووی سادەی بەردەوامی، تاک: نانم دەکرد، نانت دەکرد، نانی دەکرد.
ڕابردووی سادەی بەردەوامی، کۆ: نانمان دەکرد، نانتان دەکرد، نانیان دەکرد.
ڕابردووی تەواو، تاک: نانم کردووە، نانت کردووە، نانی کردووە.
ڕابردووی تەواو، کۆ: نانمان کردووە، نانتان کردووە، نانیان کردووە.
ڕابردووی دوور، تاک: نانم کردبوو، نانت کردبوو، نانی کردبوو.
ڕابردووی دوور، کۆ: نانمان کردبوو، نانتان کردبوو، نانیان کردبوو.
ئهگهر له دۆخهکانی تردا بن ههروهکوو دۆخی چاوگ پێکهوه دهنووسرێن: پێکهاتن، پێکهاتوو، پێکهاته، پێکهێنراو. سهرکهوتن، سهرکهوتوو.
وشەی داڕێژراو بەو وشانە دەوترێن کە بەیارمەتیی “پێشگر” یان “پاشگر” یان هەردووکیان بوونەتە وشەیەکی نوێتر (بەهێز، زمانەوان، وەرگەڕاندن):
(پێشگر prefix):
بەزات، بەهێز، تێــچوون، بێــکەس، هەڵــکەندن، دابڕین
(پاشگر Suffix):
خوێندنگە، بەرزایی، زستانــێ، گوێــچکە، وردەڵە
ئەگەر هەردووکیان پێکەوە وشەیەکی نوێتر دروست بکەن پێی دەوترێت: (confix):
(پێشگر و پاشگر پێکەوە = confix): بەجوانــی، بێــکەســی، بێــبەشــی، نـەخۆشــی
پێشگرەکان دوو جۆرن سادە و ناسادە و لەگەڵ چاوگدا پێکەوە دەنووسرێن:
پێشگری ساده: (دا، ڕا، وەر، هەڵ، ڕۆ، ڕێ، پێ، تێ، لێ، ڤێ، ڤە و هتد).
داکردن، ڕاخستن، وەرگەڕان، هەڵکردن، ڕۆچوون، ڕێکردن، پێخستن، تێخستن، لێوەشان، ڤێچوون، ڤەخارن، ڤەکوشتن.
پێشگری ناسادە، (پێدا، تێدا، پێڕا، تێوە، تێڕا، لێڕا، پێوە، پێک، تێک، ڕێک، وێک و هتد).
پێدابردن، تێداچوون، پێڕاگەیشتن، تێوەگلان، تێڕابردن، پێوەدان، پێکهێنان، تێکدان، ڕێکخستن، وێکچوون.
وشە | وشەی داڕێژراو | ||
هیز | |||
کەس | |||
زمان | |||
خۆش |
نموونەیەکی تری وشەی داڕێژراو بە یارمەتیی پێشگری “بە“:
هاوەڵکاری چۆنیەتی، نموونەیەکی تری وشەی داڕێژراوە کە بە یارمەتیی پێشگری “بە” دروست دەبێت و دەبێت پێکەوە بنووسرێت، وەک:
(بەگورجی quickly)، (بەخێرایی speedily)، (بەهێواشی slowly)، (بەنەرمی softly)، (بەسەختی hardly). لە ئینگلیزیدا پاشگری (ly) دەگرێت.
بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر وشەی داڕێژراو تکایە چاو لەم بابەتە بکە: ڕێبازی داڕشتن
٢٤. چاوگی داڕێژراو و گەردانکردنی
چاوگی داڕێژراو پێکەوە دەنووسرێت: وەک: هەڵکردن، دابڕین، تێخستن. هەروەها لە کاتی گەردانکردن لە دۆخی (ڕانەبردوو = مضارع)دا پێکەوە دەنووسرێن، وەک:
(هەڵدەگرم، هەڵدەگری، هەڵدەگرێت)
هەر کاتیک جێناو هات، وشەکە کەرت دەبێت:
هەڵکردن: هەڵم کرد، هەڵتان کرد، هەڵیان کرد.
ڕاپەڕاندن: ڕایان پەڕاندین، ڕاتان پەڕاندین.
چۆنێتیی نووسینی ئەو وشانەی کە لە چەند بەش پێک هاتوون:
٢. دووبەشی: کار + کردن، پێکەوە دەنووسرێت: کارکردن، نانکردن.
٣. سێبەشی: کار + تێ + کردن، پێکەوە دەنووسرێت: کارتێکردن.
تێبینی: ئەگەر کۆتاییی وشەی یەکەم پیتەلکاو بێت دەتوانیت بە دوو شێوەی لکاو یان نەلکاو بینووسیت:
بەڵام باشترە هەر پێکەوە بنووسرێن: ماڵوێرانکردن، کارتێکردن،
٤. چواربەشی: پێ + لێ + هەڵ + گرتن، دوو وشەی یەکەم بەجیا دەنووسرێن و دوو وشەی کۆتایی پێکەوە دەنووسرێن:
گەردانکراو: پێی لێ هەڵگرت، پێی لێ هەڵمەگرە، پێمان لێ هەڵگرتووە، کاری تێ کرد، دەستی لێ هەڵگرت، دەستی لێ دا، دەستی لێ دەدەین، نانی کرد، نان دەکەین، کاری تێ کرد.
زۆر گرنگە لە کاتی گەردانکردندا هێندە وردبین بین کە سێیەم کەس لەگەڵ چاوگدا تێکەڵ نەکەین، بۆ نموونە:
هەڵە:
نوێنەرەکان لە ڕێککەوتنێکدا لەسەر هەشت خاڵ ڕێککەوتن.
ڕاست:
نوێنەرەکان لە ڕێککەوتنێکدا لەسەر هەشت خاڵ ڕێک کەوتن.
٢٥. وردەئامراز (adpositions)
کۆمەڵێک وردەئامراز هەن کە بەتەنیا واتایەکی ئەوتۆیان نییە و بۆ واتابەخشین پێویستیان بە کەرەسەی تر هەیە. ئەم وردەئامرازانە دوو بەشن:
بەشی زۆریان دەکەونە پێش وشە و بەجیا دەنووسرێن و پێیان دەوترێت پێشبەند (تا ئێوارە).
بەشێکی دیکەشیان دەکەونە پاش وشە و دەلکێن بە بە وشەکانی پێش خۆیانەوە و پێیان دەوترێت پاشبەند (لێرەدا).
زۆر جار پاشبەندەکان لەگەڵ پێشبەندێک دەر دەکەون، لەو کاتەدا پێیان دەوترێت دەوربەند، لابەند (بە ئاسمانـەوە).
لێرەدا باشتر ڕوونیان دەکەینەوە:
“پێشبەندەکان” هەندێک ئامرازن کە بۆ نموونە بریتین لە (بە، بۆ، تا، لە، لای، لەگەڵ، لەسەر، لەژێر، لەپاڵ …) و دەکەونە پێش ناو یان جێناو یان هاوەڵناو یان ژمارە و بەجیا دەنووسرێن:
دەنگوباسی لای تۆ چییە؟ کتێبەکە لەسەر مێزەکە دانراوە.
“پاشبەندەکان”یش هەر ئامرازن وەک (ە، ەوە، دا، ێ، ڕا) بەڵام دەکەونە پاش وشەوە، وەک:
لێرەدا.
ئەو لە خۆشیــدا نازانێت چی بکات.
پاشبەند زۆربەی کات لەگەڵ پێشبەند دەر دەکەوێت هەر بۆیە لەو کاتەدا پێیان دەوترێت دەوربەند/لابەند:
(دەوربەند، لابەند circumposition):
هەر کاتێک پێشبەند و پاشبەند پێکەوە بکەونە ئەملا و ئەولای وشە دەبنە جووتئامراز و پێکهاتەیەکی ناسادە دروست دەکەن وەک:
(لە کرماشانـــدا)،
بەم جووتئامرازە ناسادەیە دەوترێت: (دەوربەند، لابەند circumposition)، چونکە ئەملا و ئەولای وشە دەگرن.
ئەم دیاردەیە لە زمانێکەوە بۆ زمانێک جیاوازیی هەیە، زمانی وا هەیە لابەندیان هەر نییە یان زۆر کەم هەیانە. بۆ نموونە فارسی، بەڵام لە زمانی تری وەکوو کوردی، پەشتوو و ئینگلیزی بە شێوازی تایبەت بە خۆیان لابەندیان هەیە.
لە زمانی کوردیدا چەند جۆرێک لابەندمان هەیە:
لە کوێ وە هاتووی؟ لە تاران ێ هاتووم.
بۆیە پێشبەندەکان بە سەربەخۆ دەنووسین و پاشبەندەکان دەلکێنین بە وشەی پێشیانەوە:
لە پۆلـدا وانە دەوترێتەوە. نەک: (لە پۆل دا وانە دەوترێتەوە.)
لە ماڵـدا، نەک: (لە ماڵ دا)
لەو شارەدا تۆم بینی.
من دەمێکە بەدوای ئەو وشەیەدا دەگەڕێم.
من ماوەیەکە بەدوای ئەم وشەیەدام.
من کورد هستم: من کوردم.
٢٦. کێشەی “دە” و “ئە”
لە دەقە کۆنە کوردییەکاندا هەمیشە نیشانەی “دە” بەکار هێنراوە، وەکوو “دەڕۆم” لە باتیی “ئەڕۆم”، ئەوڕۆکە “ئە” زیاتر سەری هەڵداوە، بەڵام بۆ پاراستنی شێوازی ئەدەبیی کوردی تا بکرێت باشترە کەڵک لە “دە” وەربگرین لە باتیی “ئە”.
گەر دەپرسی من لەبەر چی کەم دەخۆم
من بە برسی قەت مەزانە غەم دەخۆم
٢٧. کێشهی (له)
(له)، ههندێ جار سهربهخۆ دهنووسرێت: “شۆڕش له کوردستاندا گهرمه.”
ههندێ جار دهلکێ به وشهکهی پاشیهوه و وشهیهکی لێکدراو پێک دێنێ: (لهگهڵ with)، (لهسهر on)، (لهژێر under). لهو دۆخانهدا نابێ به دوو وشه جیا کرێنهوه و بنووسرێ: (له گهڵ، له سهر، له ژێر).
(له)، ههندێ جار لهگهڵ (ئهوێ) و (ئێره) کۆ دهبێتهوه و ئهو کاته، (ئە) و (ە ئـ) دهقرتێنرێن:
له ئهوێ = لهوێ.
له ئێره = لێره
٢٨. کێشەی (بێ) یان (بهبێ)
لێرهدا دهمانهوێ بهراوردکارییهک لهگهڵ زمانه ئهورووپییهکاندا بکهین، بۆ ئهو مهبهسته باشتره به نموونهیهک دهست پێ بکهین:
جیاوازیی (بێکار) لهگهڵ (بێ کار) له چیدایه؟ لکاندن یان نهلکاندنی (بێ) به وشهکهی پاشی خۆیهوه بهتهواوی واتای وشهکه دهگۆڕێ:
ئهو پیاوه دوو ساڵ بێکار بوو.
بێ کار ژیان ئهستهمه. دهکرێ ئاواش بینووسینهوه: بهبێ کار ژیان ئهستهمه.
ههر کاتێ ناوێکت ههبوو و خاوهنێتییهکی لێ سهندرابێتهوه (بێ) دهلکێنین به سهرهتای وشهکهوه:
بێباوک، بێخانوو، بێکهس، بێوڵات، بێنیشتمان، بێپاره، بێتام:
واته: کهسێ که باوکی نییه. کهسێ که خانووی نییه و هتد.
ئهم مهبهسته، له زمانه ئهورووپییهکاندا، زۆر جار به پاشکۆیهک که دهلکێ به وشهکهوه دیاری دهکرێت:
بێخانوو = homeless
بێتام، بێچێژ = tasteless
(بێـ…) = (less…)
که جیاوازیی ههیه لهگهڵ (without):
(بێ، بهبێ) = (without)
بێ (بەبێ) تۆ ناچم بۆ ئهوێ = I do not go there without you
٢٩. کێشەی ئامرازی (تر) و وشهی (تر)
ئامرازی بهراوردکردن (تر، ترین) دهبێت بلکێن به وشهکانی پێشیانهوه، وهکوو:
جوان، جوانـتر، جوانتـرین
گهرم، گهرمـتر، گهرمتــرین
وشهی (تر) به واتای (دی، دیکه)
وشهی (تر) وشهیهکی سهربهخۆیه و دهبێت بهجیا بنووسرێت:
کابرایهکی تر، شهوێکی تر، نووسهرێکی تر.
ئەم ئامرازانە بەجیا دەنووسرێن و نابێت بنووسێن بە وشەی ترەوە، نموونە:
پارەم پێ نەما (نەک پارەم پێنەما).
قسەکەیان پێ بڕیم. (نەک قسەیان پێبڕیم).
دەستی تێ خست. (نەک دەستی تێخست).
دەستم لێ دا. (نەک دەستم لێدا). واتە دەستم “لە ئەو“، “لە ئەوە” دا. لە ئینگلیزشدا بەجیا دەنووسرێت:
دەنگی لێ هەڵبڕی. (نەک دەنگی لێهەڵبڕی).
بەڵام ئەو ئامرازانە دەنووسێن بە “جێناو”ی لکاوەوە (م، ت، ی، مان، تان، یان):
پێم وت. پێت وت. پێی وت، پێمان وت، پێتان وت. پێیان وت.
لێی دا.
لێم سەند.
٣٠. هاوهڵکار (adverb)
کاتێک وشهیهک چۆنێتیی (کار verb)ێک ڕوون بکاتهوه پێی دهوترێت “هاوهڵکاری چۆنیەتی“، نموونه:
ئاسۆ بهخێرایی قسهی دهکرد. (چۆن قسهی کرد؟ “بهخێرایی”)
سۆما بهتووڕهیی وهڵامی دایهوه. (چۆن وهڵامی دایهوه؟ “بهتووڕهیی”)
لانه بهئهسپایی هاتهوه. (چۆن هاتهوه؟ “بهئهسپایی).
ئهوهی لێرهدا جێگای سهرنجڕکێشانه، ئهوهیه که “به” دەلکێت به هاوەڵناوەکەی پاشیهوه و، نابێت لێک دوور بخرێنەوە. نموونهی تر:
بهجوانی، بهشادی، بهبهرزی، بههێواشی، بهتوندی.
ئهم شێوازه له زمانی ئینگلیزیدا (ly) دهگرێت و لەو زمانەشدا دەنووسێت به هاوهڵناوهکهوه: (بهسهختی hardly)، نەک (بە سەختی ly hard).
(بە) کاتێک واتای سەربەخۆی هەبێت بەجیا دەنووسرێت.
تێبینی: “بە” وەک (پێشبەند preposition)، بەجیا دەینووسرێت:
ئێمە بە ئۆتۆمبیل چووین بۆ پاریس.
چۆن دەڕۆیت؟ (هاوەڵکارە، پێکەوە دەینووسین: هێواش: بەهێواشی، خێرا: بەخێرایی):
٣١. وشهی بیانی
ههر وشهیهکی بیانی هاتبێته ناو کوردییهوه دهبێ به ڕێنووسی کوردی بنووسرێت یان ئهگهر پێویست بوو وهکوو خۆی بنووسرێتهوه دهبێ بخرێته ناو دوو کهوانهوه (…).
ئهڵڵا، قهڵهم، ئهکبهر.
له زمانی کوردیدا به (مذهب) دهڵێن “ڕێباز”.
ئەگەر پێتان خۆشە لە زانیاریی خۆتان لە ڕێنووس و ڕێزماندا تاقی بکەنەوە، فەرموون لە چەند تاقیکارییەک بۆ ئەو مەبەستە بەشداری بکەن:
ژمارە هەم سادەن هەم لێکدراو، بەڵام بۆ ئەوەی هیچ لێڵییەک دروست نەبێت، هیچ ژمارەیەک بە لێکدراوی نانووسین:
یەک، دوو، سێ، چوار، پێنج، شەش، حەوت، هەشت، نۆ.
جاری واشە ناسادەیە و ژمارە لەگەڵ ژمارە دێن، ئەمانە پێکەوە دەنووسین چونکە ناکرێت جیا بکرێنەوە و هەمیشەش پێکەوە نووسراون:
دە، یازدە، دوازدە، سێزدە، چواردە، پازدە، شازدە، حەڤدە، هەژدە، نۆزدە.
ژمارەی لێکدراو بەجیا دەنووسین:
ژمارەی لێکدراو بەجیا دەنووسین، چونکە نووسینیان کاتێک دوورودرێژ بن دەتوانن ئاڵۆزی دروست بکەن، هەر لەبەر ئەوە هیچ ژمارەیەکی لێکدراو پێکەوە نانووسین، وەک:
(21-99)، ئەم ژمارە لێکدراوانەش بەجیا دەنووسین:
(بیست و یەک = ٢١)، (سی و چوار = ٣٤)، (چل و پێنج = ٤٥)
(100-900)، ئەم ژمارە لێکدراوانەش بەجیا دەنووسین:
(یەک سەد = ١٠٠)، (دوو سەد = ٢٠٠)، (سێ سەد = ٣٠٠)
هەر ژمارەیەکیش لەگەڵ (سەد، هەزار، میلیۆن، میلیارد و هتد) بێن هەر بەجیا دەنووسرێن:
(یەک هەزار = ١٠٠٠)، (دوو هەزار = ٢٠٠٠)، (سێ میلیۆن = ٣.٠٠٠.٠٠٠)، (چوار میلیارد = ٤.٠٠٠.٠٠٠.٠٠٠)
نموونەی نووسینی ژمارەیەکی گەورە:
1.852.344 |
یەک میلیۆن و هەشت سەد و پەنجا و دوو هەزار و سێ سەد و چل و چوار |
ژمارە لەگەڵ ژمارە ئەگەر لێکدراو بن پێکەوە نانووسرێن وەک (بیست و یەک ٢١)، (حەوت سەد ٧٠٠). بەڵام ژمارە لەگەڵ وشەی تر کە ناویکی لێکدراو دروست بکەن پێکەوە دەنووسرێن، وەک:
ئەژدیهایەکی حەوتسەر، ئەسپێکی یەکشاخ (یەکڵەشاخ)، مارێکی سێسەر، دووشەممە، سێشەممە، چوارتا (ناوی شوێنە)، سێگا (ناوی جۆرە مەقامێکە)، سێبەر، ئاژەڵێکی چوارپێ، گایەکی دووشاخ، هەڵپەڕکێی سێپێیی، زەلامێکی یەکچاو، وشەیەکی یەکبڕگەیی.
جگە لە ڕێنووس، خاڵبەندی بەشێکی گرینگە لە ڕێنووسدا. لەسەر خاڵبەندی فەرموون چاو لێرە بکەن: (خاڵبهندی).
٣٣. تەختەکلیلی ستانداردی کوردی
بۆ نووسین بە کوردی تەنیا کەڵک لە تەختەکلیلێک وەربگرن کە لەلایەن گرووپەکانی زانستپەروەرانی کورد، کوردئایتیگرووپ، چاوگ، فەرمانگەی ئایتیی کوردستان، ئەکادیمیای کوردی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی ناسێنراوە، هەر ئەوەش لە سیستەمەکانی مایکرۆسۆفت و ئوبونتوو و هتد جێگیر کراوە. لە هەندێک لەم شوێنانەدا دەتوانن تەختەکلیلی کوردی دابگرن:
١. فەرمانگەی ئایتیی کوردستان (تەختەکلیلی ستاندارد بە ڕیزبوونی ئینگلیزی یان عەرەبی)
٢. کوردئایتیگرووپ (تەختەکلیلی ستاندارد + فۆنت)
٣. چاوگ (تەختەکلیلی ستاندارد)
٤ وێبچن (بۆ ڕاژە لە بواری وێب)
٥. زانستپەروەرانی کورد (بۆ ڕاژە لە بواری ئایتی)
ئەم خاڵانە لەسەر بنەمای بڕیارەکانی “ئەکادیمیای کوردی” لەسەر ڕێنووس: “١“، “٢” ئامادە کراون. هەروەها بە هاوکاری لەگەڵ گرووپە ئایتییەکانی زانستپەوەرانی کورد، کوردئایتیگرووپ، چاوگ و بڕیارەکانی “فەرمانگەی تەکنۆلۆجیای زانیاری” لە کوردستان و ڕەوتی چێبوونی تەختەکلیلی کوردی لەسەر بنەمای یونیکۆد و کاری زمانناسانی تری وەک “مامۆستا فەرهاد شاکەلی” ئامادە کراون. هەروەها بۆ سەردەمیانەکردنی ناوەرۆکەکە کەڵک لە ئەزموون و تەجروبەی زمانانی سویدی و ئینگلیزی وەرگیراوە.
ئەم خاڵانە کراون بە بنەما بۆ نووسینەکانی ماڵپەڕی “زانستپەوەرانی کورد” و بەرنامەی فێرگەی زمانی کوردی کە ڕاستەوخۆ لە ئاسۆسات بۆ ماوەی چوار ساڵ لە 2010 بەو لاوە بڵاو کرایەوە. هەروەها لە ڕۆژهەڵات بوو بە بنەما بۆ زۆر فێرگەی تری زمانی کوردی.
زمان بەردەوام لە گۆڕاندایە، هەر لەبەر ئەوە ئەم خاڵانەش دەتوانێت لە داهاتوودا گۆڕانیان بەسەردا بێت یان دەوڵەمەندتر و بەپێزتر بکرێن. هەر بۆیە ئەم ماڵپەڕە و ئەم بابەتی ڕێنووسە نوێترین بڕیارەکان لەخۆ دەگرێت.
مافی لەبەر گرتنەوە یان کۆپیڕایت:
هەموو ئەم بابەتانە بۆ ئەوە ئامادە کراون کە بەخۆڕایی بگەنە بەردەستی هەموو کورد لە هەموو دنیادا. هەر بۆیە زیاتر بە دیجتاڵی لە بەردەستدان. هەندێک جار کراون بە پیدیئێف. هەر قوتابی یان خوێندکار یان نووسەرێک بۆی هەیە بۆ کاری توێژینەوە و لێکۆڵینەوە و کتێبنووسین بەکاری بهێنێت. وەک سەرچاوە دەتوانن ئاماژە بکەنە ئەمەی خوارەوە:
سەرچاوە: “ڕێنووسی زمانی کوردی، ئامادەکردنی: دیاکۆ هاشمی، یەکەم بڵاوکردنەوە: 06-09-2003“.
ناونیشانی ماڵپەڕ: ڕێنووس/diyako.yageyziman.com.
- کتێبخانەی ڕێنووس
- خاڵبەندی
- ڕێنووسی یەگرتووی زمانی کوردی، بەدران حەبیب، ئەکادیمیای کوردی، ٢٠٠٤
- هەوڵۆچکەیەکی تری، بەرەو ڕاستە ڕێیەکی ڕێنووسی زمانەکەمان، ئەکادیمیای کوردی، ٢٠١٠
- پتر لە (٤٠) خاڵ کە زیاترین هەڵەی ڕێنووسییان تێدا دەکرێت دەق.
- پتر لە ٤٠ خاڵ کە زیاترین هەڵەی ڕێنووسییان تێدا دەکرێت: ڤیدیۆ
- ڕێنووسی زمانی کوردی، زانستپەروەرانی کورد پیدیئێف
- ڕێنووسی زمانی کوردی، زانستپەروەرانی کورد
- ڕێنووسی زمانی کوردی، یاگەی زمانی کوردی
- ڕێنووسی زمانی کوردی، دیاکۆ، پیدیئێف
- کێشەی نووسینی بزوێنی (î) لە زمانی کوردیدا، دیاکۆ هاشمی
- (ک) یان (ك)؟، دیاکۆ هاشمی
- ڕێنووس بە ڤیدیۆ
- ئاسۆیەکی تری زمانەوانی بەرگی یەکەم، پرۆفیسۆر د. وریا عومەر ئەمین
- پرۆفیسۆر وریا عومەر ئەمین
- ڤیدیۆ و کتێبەکانی قوتابخانەکانی باشوور
- ئەپلیکەیشنی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی eWane
- ئەپلیکەیشنی هەورەفێرگە
- فەرهەنگەکانی ڤەژین
- ڤەژینبوکس دەقی ئەدەبیی کوردی
- کۆگای ڤەژین
- ئاسۆسافت asosaft.com
- هەڵەچنی ئاسۆ
- کوردینووس، پرۆگرامێک بۆ گۆڕانی دەقی ئارامی و لاتین
- فۆنت و تەختەکلیلی کوردی، فەرمانگەی ئایتیی کوردستان
- فۆنت و تەختەکلیلی کوردی، کوردئایتیگرووپ
- فۆنتی کوردی kurdfonts.com
- دیمانەی گۆڤاری “وشە” لەگەڵ دیاکۆ، لەسەر ڕێنووسی زمانی کوردی
١. پرسیار: ئەمانە کامیان دروستن: دەست خۆش یان دەستخۆش؟
وەڵام: “دەست خۆش” دروستە، چونکە “دەست خۆش” واتە: “دەستت خۆش بێت” و کورت بووەتەوە: “دەست خۆش”.
٢. پرسیار: “مەحوی” دروستە یان “مەحویی“؟
وەڵام: “مەحوی” دروستە، دەنگی درێژی “î” کاتێک پاش نەبزوێنێک دێت بە شێوەی “ی” دەنووسرێت، چونکە ناکرێت بزوێنێکی درێژ بە دووپاتبوونەوەی بزوێنێک جێگیر بکرێتەوە، لە زمانی کوردیدا دوو بزوێن پێکەوە نانووسرێن، ئەمە هەروەها بڕیاری ئەکادیمیای کوردییشە.
٣. پرسیار: “هەردووکمان” یان “هەر دووکمان“؟
وەڵام: “هەردووکمان” چونکە “دووکمان” بەتەنیا واتایەکی ئەوتۆی نییە.
٤. پرسیار: “بەسەر چاو” یان “بەسەرچاو“؟
وەڵام: “بەسەر چاو”، چونکە کورتەی “بەسەر چاو، وا دەکەم”ە، هەر هیچ نەبێت ڕستەیەک کورت نەکەینەوە بە یەک وشە.
٥. پرسیار: “پێم وایە” یان “پێموایە“؟
وەڵام: “پێم وایە”، چونکە جێناوی لکاو لە نێوانیاندا هاتووە و پێکەوەش بێژە ناکرێت.
٦. پرسیار: “بەرانبەر” یان “بەرامبەر“؟
وەڵام: “بەرانبەر”، لەسەر پێوانەی “سەرانسەر”، “لێوانلێو”، “شەقانشەق”. کەس نەیوتووە (سەرامسەر، لێواملێو، شەقامشەق). هەروەها بۆ ڕۆنانی وشەی لێکدراو ئەو ناوبەندانەمان هەیە:
١. (ان): بەرانبەر، سەرانسەر، لێوانلێو
٢. (او): ڕەنگاوڕەنگ، کوناودەر
٣. (بە): چاوبەکل، گوڵبەدەم
٤. (ەو): شارەوشار، بانەوبان
٥. (ە): بەردەونوێژ، گوڵەگەنم
٦. (و): لەرزوتا، هێلکەوڕۆن
ئێمە لە زمانی کوردیدا ناوبەندی (ام)مان نییە تا بتوانین “بەرامبەر”ی پێ دروست بکەین. دروستەکەی هەمان “بەرانبەر”ە نەک “بەرامبەر”.
٧. پرسیار: “وام زانی” یان “وامزانی“؟
وەڵام: “وام زانی”، چونکە دوو وشەی سەربەخۆن و جێناوی لکاویش لە نێوانیاندا هاتووە.
٨. پرسیار: “شەو شاد” یان “شەوشاد“؟
وەڵام: “شەو شاد”، چونکە ئەمە لە ڕاستیدا کورتەی “شەوت شاد بێت”ە. بەڵام ئەگەر بڵێین شەوشادیت لێ دەکەم. ئەوە پێکەوە دەنووسرێت.
٩. پرسیار: “زانی” یان “ناسی“؟
وەڵام: پاشگری “زانی” و “ناسی” دوو پاشگری گرنگن لە زمانی کوردیدا، بەڵام شوێنی بەکارهێنانیان ڕەنگە تۆزێک جیاواز بێت، بەگشتی ئەگەر مەبەستمان پاشگری (logy) بێت لە زمانی ئینگلیزیدا، ئەوە ئەو کاتە “زانی” باشترە چونکە پاشگری (logy) خۆی لە بنەڕەتدا لە یۆنانی وەرگیراوە زۆر بەکار دەهێنرێت، ئەم پاشگرە ئاماژە بە زانستی شتەکە دەکات.
(ناسی) قەدی (ناسین)ە.
لە فارسیدا کەڵک لە “شناسی” وەردەگرن، دیارە “شناسی” لە شناختن”ەوە وەرگیراوە.
لە عەرەبیدا پێی دەوترێت: (علم).
کورد لە چاوگی “زانین”، “قەد”ی “زانی”ی وەرگرتووە وەک پاشگر بەکاری هێناوە، چونکە ئەو پاشگرە لە “زانین” وەرگیراوە، بە بەراورد لەگەڵ واتاکە پڕبەپێستیەتی، نموونە:
(تیشکزانی – پرتوشناسی – علم الأشعة – Radiology)
(دەرمانزانی – داروشناسی – علم الأدوية – Pharmacology)
( بوومەلەرزەزانی – لرزەشناسی – علم الزلازل – Seismology)
(زیندەزانی – زیست شناسی – علم الأحياء – biology)
دەکرێت پاشگری “ناسی” لێرەدا بەکار بهێنرێت: (ناسی nomy) وەک:
(زانی = logy): (زەویزانی = geology).
(ناسی = nomy): (ئەستێرەناسی = astronomy).
١٠. پرسیار: “کشتوکاڵ” یان “کشت و کاڵ“؟
وەڵام: “کشتوکاڵ”، چونکە وشەیەکی لێکدراوە و مەبەست یەک شتی تایبەتییە (کشتوکاڵ – کشاورزی – زراعة Agriculture).
١١. پرسیار: “ورود entry” = “چوونەژوورەوە” یان “چوونە ژوورەوە“؟
وەڵام: بەرانبەر بە ورود، چوونەژوورەوە دروستە چونکە وشەیەکی لێکدراوە و دەبێت پێکەوە بنووسرێت. “چوونە ژوورەوە = ئەوان چوونە ژوورەوە = آنها وارد شدند.”
١٢. پرسیار: “لە ماڵدایە” یان “لە ماڵ دایە“؟
وەڵام: “لە ماڵدایە” دروستە، چونکە “دا” پاشگرە و دەبێت بلکێت بە وشەی پێش خۆیەوە و “یە”ش دەلکێت بە وشەی پێش خۆیەوە و دەبێتە “لە ماڵدایە.”، وشەی “دایە = دایک”.
١٣. پرسیار: “لانی کەم/لانی زۆر” یان “لانیکەم/لانیزۆر“؟
وەڵام: “لانی کەم/لانی زۆر” دروستە، چونکە وشەی لێکدراو نین و “ی” ناتوانێت دەوری ئامرازی لکێنەر بگێڕێت و ئامرازی پێوەندییە.
١٤. پرسیار: “لێبووردن” یان “لێبوردن“؟
وەڵام: “لە فەرهەنگی خاڵدا “لێبووردن” نووسراوە، بەڵام لە هەنبانەبۆرینەدا “لێبوردن” نووسراوە. بەو پێیە هەردووکیان ڕێپێدراون. بەڵام بەوانەشەوە لەوە دەچێت “لێبووردن” دروستتر بێت، چونکە دەوترێت: ببوورە، نەک ببورە. دەوترێت: بوورابیت، نەک بورابیت. هەر بۆیە پێشنیاری ئێمە “لێبووردن“ە.
١٥. پرسیار: “مشتومڕ” یان “مشت و مڕ“؟
وەڵام: “مشتومڕ“، چونکە وشەیەکی لێکدراوە و بەرانبەر بە “مشاجره، بحث” بەکار دەهێنرێت و هەروەها ئامرازی “و” ئامرازی لکێنەرە و وشەکانیش پێکەوە واتاکە تەواو دەکەن و بێ یەکتر مەبەستەکە ناگەیەنن.
١٦. پرسیار: “دام نا، هەڵم گرت” یان “دامنا، هەڵمگرت“؟
وەڵام: کۆڕی زانیاریی کورد لە بەغدا و ئەکادیمیای کوردییش لە هەولێر هەمیشە پێشنیاریان وا بووە کە لە کاتی هاتنی جێناوی لکاودا، وشەی داڕێژراو بەم جۆرە جیا بکرێتەوە: “دام نا، هەڵم گرت”، بەڵام ئەکادیمیا لە دوانامیلکەی خۆیدا بڕیاری داوە کە لە کاتی جێناوی لکاودا وشەی داڕێژراو دەکرێت هەم بەجیا و هەمیش پێکەوە بنووسرێت. وەک: (دەرم کرد/دەرمکرد)، (هەڵم گرتووە/هەڵمگرتووە). بۆ زانیاریی زیاتر، هەر لەم لاپەڕەیدا کە باسی ڕێنووس دەکرێت لە سەرەوە چاو لە خاڵی ٢٤. چاوگی داڕێژراو و گەردانکردنی بکەن.
١٧. پرسیار: “دەخوێنرێت” یان “دەخوێندرێت“؟
وەڵام: “دەخوێنرێت” دروستە، ئەمە پێی دەوترێت: “بکەر نادیار”:
(چاوگی تێپەڕ)
دە + ڕەگی چاوگ + رێ = بکەرنادیار
(خوێندن)
دە + خوێن + رێ = دەخوێنرێ
***
بەڵام ئەگەر ڕەگەکە بە (ر، ڕ) کۆتاییی بێت “د”ی پێ زیاد دەکرێت:
کڕین: دە + کڕ + د + رێ = دەکڕدرێ: دەکڕدرێت.
ناردن: دە + نێر + د + رێ = دەنێردرێ: دەنێردرێت.
١٨. پرسیار: “جوانتر” یان “جوان تر“؟
وەڵام: “جوانتر“، هەر کاتێک مەبەست هاوەڵناوی بەراوردکاری بوو بۆ ئەوەی بزانین چ شتێک لە چ شتێکی تر باشترە پێکەوە دەینووسین: جوان، جوانتر، جوانترین.
بەڵام ئەگەر “تر” واتای “دیکە = دیگر” بدات ئەوە بەجیا دەینووسین: “ڕۆژێکی تر = ڕۆژێکی دیکە = روزی دیگر = another day”
١٩. پرسیار: “لەدایکبوونت پیرۆز” یان “لە دایکبوونت پیرۆز“؟
وەڵام: “لەدایکبوونت پیرۆز“، چونکە “لە” بووە بە بەشێک لە وشەکە “لەدایکبوون“. “لەدایکبوونت پیرۆز“.
پیرۆزباییی لەدایکبوونت لێ دەکەم.
٢٠. پرسیار: “تەمەن درێژ بیت“، یان “تەمەندرێژ بیت“؟
وەڵام: “تەمەندرێژ“، پێکەوە دەنووسرێت، چونکە ئەم دوو وشەیە پێکەوە وشەیەکی لێکدراو دروست دەکەن، وشەی لێکدراویش پێکەوە دەنووسرێت: (ناو + هاوەڵناو = تەمەن + درێژ = تەمەندرێژ). بەڵام “بیت” جیا دەکەینەوە: “تەمەندرێژ بیت“.
٢١. پرسیار: “ڕۆژی جیهانی ژن” یان “ڕۆژی جیهانیی ژن“؟
وەڵام: “ڕۆژی جیهانیی ژن” دروستە، چونکە پێویست بە “ی“یەکی پێوەندی دەکات کە پێی دەوترێت “ئامرازی دانەپاڵ”، ئەگینا واتاکە تێک دەچێت و دەبێتە “ڕۆژی دنیای ژن“، دیارە ئەوە مەبەستەکە نییە، دروستەکەی ئەمەیە: “ڕۆژی جیهانیی ژن“، “ڕۆژی جیهانیی کرێکاران“.
٢٢. پرسیار: چ کاتێک “دا” دەلکێت بە وشەوە؟
وەڵام: هەر کاتێک “دا” ئەرکی پاشگر ببینێت دەلکێت بە وشەوە، وەکوو: لە ماڵـــدا سۆرانم بینی. (در خانه سوران را دیدم.)، دەشکرێت بەبێ “دا” بنووسین لە ماڵ سۆرانم بینی. زۆر واتاکەی تێک ناچێت، تەنانەت لە هەندێک ناوچەی کوردەواریدا ئەو پاشگرە بەکار ناهێنن.
بەڵام: کاتێک “دا” ڕابردووی“دان، دایین” بێت دەبێت بەجیا بنووسرێت: نامەکەم دا بە سۆران. (نامە را به سوران دادم)، ئەگەر لە ڕستەکە “دا” لا ببەیت واتای ڕستەکە تێک دەچێت و ناتوانیت بنووسیت: (نامەکەم بە سۆران).
٢٣. پرسیار: جیاوازیی نێوان (بەخێر هاتی) و (بەخێر بێی) چییە؟
وەڵام: بێ = وەرە
وەرە بۆ ماڵمان = بێ بۆ ماڵمان. (هێشتا نەهاتووە)
واتە ئەم کەسە جارێ نەهاتووە و هێشتا لە ماڵەکەی خۆیدایە، ئەگەر ئەو بڵێت باشە، دێم بۆ ماڵتان. تۆ دەتوانیت بڵێیت: بەخێر بێیت. (هێشتا نەگەیشتووەتە لای تۆ)،
بەڵام ئەگەر ڕۆژێک لە دەرەوە بیت و بگەیتەوە ماڵ و ببینیت هاوڕێکەت زووتر هاتووە و لە ماڵەکەتاندا دانیشتووە، ئەو کاتە دەبێت بڵێیت: بەخێر هاتیت. (چونکە تازە خۆی هاتووە و ناکرێت بڵێیت بەخێر بێی، دەبێت بڵێیت بەخێر هاتیت.)
کەوا بێت بەخێر بێی و بەخێر هاتی لە دوو کاتی جیاوازدا بەکار دەهێنرێن.
بەخێر بێی (هێشتا نەهاتووە)
بەخێر هاتی (تازە هاتووە)
زۆر جار خەڵک ئەم دوو شتە تێکەڵ دەکەن یان ڕەنگە لە ناوچەیەکدا بۆ هەر دوو کاتەکە بەس یەک جۆری بەکار بهێنن، بەڵام لەڕاستیدا جیاوازن.
لە فارسیدا بۆ ئەم دوو شتە هەر دەوترێت “خوش آمدی”. ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت زۆر کەس ئەو دوو شتە تێکەڵ دەکەن.
٢٤. پرسیار: “بەپێی” یان “بە پێی”؟
وەڵام: “بەپێی” = “طبق”، نموونە: بەپێی بڕیاری دادگا ئازاد کرا.
“بە پێی” = “بە قاچی”: نموونە: بە پێی خۆی هاتەوە بۆ ماڵەوە.
٢٥. پرسیار: “دڵ ناسک” یان “دڵناسک”؟
وەڵام: “دڵناسک”، چونکە وشەیەکی لێکدراوە و کاتی بێژەکردنیدا پێکەوە بێژە دەکرێت.
٢٦. پرسیار: ژمارەی وەک “سێسەد” یان “بیستویەک” ژمارەی لێکدراون و باشیش هەست دەکرێت کە لێکدراون، ئایا پێکەوە دەنووسرێن یان بەجیا؟
وەڵام: بەڵێ ڕاستە ئەوانە لێکدراون، بەڵام (ژمارە + ژماره) پێکەوە نانووسین، چونکە لە کۆنەوە هەر بەجیا نووسراون و هەندێکیشیان قورسن، هەروەها بۆ ئەوەی هیچ ئاڵۆزییەک لە نووسینی ژمارەدا دروست نەبێت، ئەوانە بەجیا دەنووسین: (سێ سەد 300)، (بیست و یەک 21).
٢٧. پرسیار: “هاتووچۆ“ یان “هاتوچۆ“؟
وەڵام: ئەو جۆرە وشانە وشەی لێکدراون کە بە یارمەتیی مۆرفیمێکی پێوەندی (interfix) کە بە زمانی گشتی پێی دەوترێت “ناوبەند” پێکەوە دەلکێنرێن. لەم وشەیەدا دەنگە ناوبەندەکە “بزوێن”ە، بزوێنیش کورت و درێژی هەیە:
بزوێنی کورت (و u): (کورد kurd).
بزوێنی درێژ (وو û): (سوور sûr).
هەندێ کەس بە درێژ بێژەی دەکەن و دەنووسن “هاتووچۆ hatûço”، هەندێ کەسیش بە کورت بێژەی دەکەن و دەنووسن “هاتوچۆ hatuço”. هەردووکیان هەر بزوێنن، یەکێکیان درێژە و ئەوی تریان کورتە. واتە هەردووکیان دروستن، چونکە لە زمانی کوردیدا وشە وا دەنووسرێت کە بێژە دەکرێت، بەڵام لە بەشی وشەی لێکدراودا “ناوبەند” بەس بە “و” بەکار دەهێنرێت:
هات + و + چۆ = (هاتوچۆ hatuço)، هەر بۆیە ئەمەیان لەڕووی یاسای وشەسازی (وشە + و + وشە) باوترە، ئەوی تریش هەڵە نییە.
نموونەی وشەی تر: دەستوبرد (دەستووبرد)، مشتومڕ (مشتوومڕ).
٢٨. پرسیار: “نیە” یان “نییە“؟
وەڵام: لە زمانی کوردیدا دوو بزوێن بەدوای یەکتردا نانووسرێن، دەنگی (ی î) لە وشەی (نییە)دا دەنگێکی بزوێنی درێژە و ناتوانین بەدوایدا بزوێنی “ە” بنووسین چونکە ئەو کاتە بەم جۆرەی لێ دێت (نیە nîe).
هەر بۆیە پێویستە ناوبەندی (ی y) کە نەبزوێنە بخەینە نێوانیان و بنووسین (نییە nîye)، ئەو کاتە لە ڕووی ڕێنووسەوە هیچ کێشەیەکی نییە.
٢٩. پرسیار: “ژیان” یان “ژییان“؟
وەڵام: دەنگی “ی” لە وشەی “ژیان”دا دەنگێکی بزوێنی درێژی وەک (î) نییە بەڵکوو دەنگێکی کورتە و بە پیتی نیمچەبزوێنی (ی y) دەنووسرێت و بە نەبزوێن هەژمار دەکرێت و دەکرێت بەدوای ئەودا بزوێنی (ا a) بنووسرێت و ببێتە (یا ya)، وەک لە وشەی (ژیان)دا.
هێشووی “ژیـ”
لە زمانی کوردیدا هەندێک دەنگ هەن کە پێکەوە هێشوو دروست دەکەن و هیچ بزوێنێک ناکەوێتە نێوانیانەوە وەک: (هەست) لێرەدا دەبینن کە لە نێوان (ست)دا هیچ بزوێنێک نییە بەوە دەڵێن “هێشوو”.
پیتەکانی “ژیـ”ش لە وشەی (ژیان)دا پێکەوە هێشوو دروست دەکەن و هیچ بزوێنێک ناکەوێتە نێوانیانەوە و دەنووسرێت: (ژیـ jy) و دەبێتە: (ژیان jyan).
هەر چەند هەندێ کەس پێیان وایە بزرۆکەی هەیە، بەڵام لێکۆڵینەوەی زمانەوانیی فۆنۆلۆژی و مۆرفۆلۆژی ئەوە بە “هێشوو” دادەنێت. هەر بۆیە دەنووسرێت (ژیان) ئیتر پێویست بە ناوبەند ناکات کە بنووسرێت (ژییان) و هەر دەنووسرێت: (ژیان).
دوو وشەی سەرەتای ئەم وشانە هێشوو دروست دروست دەکەن: (ژیان، گیان، خوا، کوا، شوان، ژوان، زوان، گوان) واتە بزرۆکە ناکەوێتە نێوانیانەوە.
٣٠. پرسیار: ئایا دەکرێت لە وشەی “لێوئاڵ” پیتی هەمزە بقرتێنین و بنووسین: “لێواڵ“؟
وەڵام: نەخێر ناکرێت لە وشەی “لێوئاڵ” پیتی هەمزە بقرتێنین، چونکە لە وشەی “لێوئاڵ”دا هێزی دەربڕین دەکەوێتە سەر “ئا“، واتاکە دروست دەردەبڕدرێت، بەڵام ئەگەر هەمزەکە بقرتێنین و بنووسین “لێواڵ” دەبینین کە لە کاتی دەربڕیندا هێزی دەبڕین دەکەوێتە سەر “ێ” و وا دەخوێنرێتەوە: “لێ واڵ”، ئەوە دەبینین کە واتای وشەکە تێک دەچێت و هەر بۆیە نابێت هەمزەکە بقرتێنین و هەر دەبێت بنووسین: “لێوئاڵ”.
٣١. پرسیار (لە سەر) یان (لەسەر)؟
وەڵام: هەم بەجیا و هەمیش پێکەوە:
هەر کاتێک مەبەست (سەر، کەلـلـە) بێت ئەوە بەجیا دەنووسرێت:
ئەو بستێک لە سەرووی هەمووانەوەیە.
هەر کاتێک بوو بە ئامرازێک یان بەشێک لە چاوگێک یان کارێکی ئاڵۆز، ئەوە پێکەوە دەنووسرێت:
١. (پێشبەند preposition)، کاتێک هاوەڵکاری شوێنی دروست دەکات: پێنووسەکە لەسەر مێزەکە دانراوە.
“لەسەر” پێشبەندە، “لەسەر مێزەکە” پێکەوە هاوەڵکاری شوێنییە، چونکە شوێنی ڕووداەکە پێشان دەدات.
کاتێک چاوگێکی لێکدراو دروست دەبێت، لە گەردانکردندا بەشی کۆتایی جیا دەبێتەوە و “لەسەر” پێکەوە دەنووسرێت:
٢. لەسەرکردنەوە: هاوڕێکەی لەسەری کردەوە.
٣. لەسەرکەوتن: ئەم کارە زۆر لەسەرت دەکەوێت.
٤. لەسەربوون (پێویست، تەوزیم): تۆ لەسەرتە بچیتە قوتابخانە.
٥. لەسەربوون (هاوتیم، هاودەستە لە پێشبڕکێدا): لە تۆپانەکەدا ئەو لەسەر ئێمە بوو.
٦. لەسەربوون (دەیندار، قەرزدار): فلسێکم لەسەر نییە.
٧. لەئەستۆبوون: نامەنووسینەکە لەسەر من.
٨. سەبارەت: ڕات لەسەر ئەم وتارە چییە؟
٣٢. پرسیار: هەموو جارێ؟ یان هەمووجارێ؟
وەڵام: بەجیا دەینووسین، چونکە ڕاوەستانێکی کورت لەو نێوانەدا هەیە، “جارێ” ئەرکی وشەیەکی سەربەخۆ دەگێڕێت لە بنەڕەتیشدا واتە (یەک جار)، ئەگەر پێکەوە بینووسین، دەبێتە “هەموویەکجار” دەبینین کە پێکهاتەیەکی قورسی هەڵەی دروست کرد، هەر بۆیە بەجیا دەنووسرێن، واتە ئەمانە دروستن:
هەموو جارێک، هەموو شەوێک، هەموو ساڵێک، هەموو ئێوارەیەک.
٣٣. پرسیار: بەدوای؟ یان بە دوای؟
وەڵام: بەدوای (after) پێکەوە دەنووسرێت چونکە پێشبەندێکی لێکدراوە و پێکەوە واتاکە تەواو دەکەن.
٣٤. پرسیار: هەر وەک؟ یان هەروەک؟
وەڵام: بەجیا دەنووسرێت. چونکە دوو وشەی جیاوازن و بەبێ یەکتر واتای خۆیان هەیە. واتە: (دقیقا مانند).
ئەم بەشە بەردەوام نوێ دەکرێتەوە، چاوەڕوانی پرسیار و وەڵامی تر بن لێرە…
فێرگەی زمانی کوردی، دیاکۆ هاشمی
بەشێک لەو فەرهەنگانەم کە لە داهاتوودا بۆ چاپ ئامادە دەکرێن:
١. فەرهەنگی یاسا (فارسی/کوردی/ئینگلیزی – کوردی/فارسی/ئینگلیزی)
٢. فەرهەنگی فیزیا (فارسی/کوردی/ئینگلیزی – کوردی/فارسی/ئینگلیزی)
٣. فەرهەنگی بیرکاری (فارسی/کوردی/ئینگلیزی – کوردی/فارسی/ئینگلیزی)
٤. فەرهەنگی پزیشکی (فارسی/کوردی/ئینگلیزی – کوردی/فارسی/ئینگلیزی)