- نوێترین بڕیارەکانی ڕێنووسی زمانی کوردی
- ئامادەکردن: دیاکۆ هاشمی
- یەکەم بڵاوکردنەوە: 2003-09-06
- دوایین نوێکردنەوەی سەرهێڵ: 2022-07-01. PDF
- پێشەکی
- ئەلفبێ
- بزوێنەکان
- هێشوو
- بزرۆکە
- ئەلفبێی لاتینی
- کێشەی پیتەکان
- هەمزە
- کێشەی (ر، ڕ)
- کێشەی (ک، ك)
- کێشەی تێکەڵکردنی (ھ، ە)
- (و، وو)
- (ی، یی)
- (یە)
- کێشەی ئامرازی لێکدەری (و)
- (ی)ی ئامرازی دانەپاڵ
- پیتی ت لە وشەدا
- جێناوی لکاوی (ی، یان)
- جێناوی نیشانە
- دوودەنگە
- وشەی لێکدراو
- چاوگی لێکدراو و گەردانکردنی
- وشەی داڕێژراو
- چاوگی داڕێژراو و گەردانکردنی
- وردەئامراز adpositions
- کێشەی “دە” و “ئە”
- کێشەی (لە)
- کێشەی (بێ) و (بەبێ)
- کێشەی ئامرازی (تر) و وشەی (تر)
- هاوەڵکار
- وشەی بیانی
- ژمارەی لێکدراو
- تەختەکلیلی کوردی
- ژێدەرەکان
- پرسیاری فێرخوازان
ڕێنووس واتە یاسا و ڕێسای چۆنێتیی نووسینی وشە و کار لە دۆخی جۆربەجۆری وەک تاک، لێکدراو، داڕێژراو، چاوگ و گەردان. ڕێنووس هەروەها لە شێوەی بەکارهێنانی ئامراز و گیرەک دەدوێت.
زمان بەردەوام لە گۆڕاندایە، ئەم گۆڕانانەش زیاتر لە ڕووی تەکنۆلۆژیا و ئایتییەوە ڕوو دەدەن، زمان دەبێت لەگەڵ ئایتیدا بگونجێنرێت دەبێت ئامادە بکرێت بۆ کاری بنکەدراوەیی و دیجیتاڵی.
لێرەدا، ههوڵ دهدرێت بهگوێرهی بڕیارهکانی “ئەکادیمیای کوردی” و ڕێککەوتنەکانی هەندێک گرووپی ئایتی وەک “زانستپەروەرانی کورد“ و “کوردئایتیگرووپ” و “چاوگ” و بە هاودەنگی لەگەڵ “فەرمانگەی ئایتیی کوردستان” و به لهبهرچاوگرتنی زانستی تەکنۆلۆژیای زانیاری (IT) و به بهراوردکاری لهگهڵ زمانه چالاکەکانی جیهاندا، کۆمهڵێک یاسا و ڕێسا ڕوون بکرێنهوه، تا له ڕێنووسێکی بێههڵه نزیکتر ببینهوه، بۆ ئەوەی ئەم ڕێنووسە هەروەها بکرێتە بنەما بۆ پرۆژەی وەرگێڕانی مەکینەیی و پرۆگرامی چێکردنی هەڵەگری دیجیتالی.
ئەمە کتێبی تاکەنووسەرێک نییە کە بە چێژ و ڕای تاکەکەسیی خۆی شتەکان یەکلایی بکاتەوە، بەڵکوو بە هاودەنگی و هاوڕاییی هەموو ئەو لایەنە گرنگانە کە کار دەکەنە سەر زمانی کوردی و لە ئاڵوگۆڕی زماندا کاریگەرییان هەیە کۆ کراوەتەوە، بەردەوام بەپێی بڕیارەکان و ڕێککەوتنەکان نوێ دەکرێتەوە. ئەم ماڵپەڕە ئاگاداری زیاترین گۆڕانکارییەکانی پێوەندیدار بە ڕێنووسی زمانی کوردییە. بەبێ ئاگاداربوون لە جیهانی ئایتی ناکرێت ڕێنووس دیاری بکرێت. ڕاژەیەکی سەرهێڵ کە بەخۆڕایی لە بەردەستی هەموواندایە و بە بچووکترین گۆڕانکاری نوێ دەکرێتەوە.
لەم ڤیدیۆیەدا کە لەسەر یوتیوب دامان ناوە دەتوانن سەردێڕی پتر لە ٤٠ هەڵەی ڕێنووسی چاو لێ بکەن.
پێش لەوەی بچینە ناو باسی ڕێنووسەوە، دەبێت ئاماژە بەوە بکەم کە هەموو کەسێک دەبێت واز لە تەختەکلیل و فۆنتی نایوینکۆد بهێنێت و بەس کەڵک لە تەختەکلیل و فۆنتی یونیکۆد وەربگرێت. بۆ زانیاریی زیاتر دەتوانن چاو لە ڕەوتی تەختەکلیلی کوردی بکەن.
بڕیاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان: هەموو دامودەزگا حکوومەتییەکان لە کوردستاندا دەبێت کەڵک لە تەختەکلیل و فۆنتی یونیکۆد وەربگرن. بڕیارەکە.
باشترە لە باتیی “ئەلف بێ“، “ئەلف و بێ” یان “ئەلفوبێ” تەنیا (ئەلفبێ) بەکار بهێنرێت چونکە ئەو وشەیە وشەیەکی لێکدراوە، وشەی لێکدراویش لە پلەی یەکەمدا دەبێت بەبێ یارمەتیی هیچ گیرەکێک چێ بکرێت، ئەگەر ئەوە نەکرا ئەو کاتە لە هەندێک ئامراز و گیرەکی وەک (…و…) کەڵک وەردەگیرێت.
پیتەکان: پیتەکانی ئەلفبێی زمانی کوردی (٣٤) پیتن و بەم شێوەیەی خوارەوە ڕیز دەکرێن:
ئـ ـ ا ـ ب ـ پ ـ ت ـ ج ـ چ ـ ح ـ خ ـ د ـ ر ـ ڕ ـ ز ـ ژ ـ س ـ ش ـ ع ـ غ ـ ف ـ ڤ ـ ق ـ ک ـ گ ـ ل ـ ڵ ـ م ـ ن ـ هـ ـ ە ـ و ـ وو ـ ۆ ـ ی ـ ێ.
تێبینی: گرنگە پیتەکان بەو شێوەیەی سەرەوە ڕیز بکرێن و شوێنەکانیان پێش و پاش نەخرین.
زمانی کوردی (٣٧) دەنگی هەیە، بەڵام لە سیستەمی ئەلفبێدا (٣٤) پیتی بۆ دیاری کراوە.
١. بۆ دوو دەنگی بزوێن و نیمچەبزوێنی (u و w) تەنها یەک پیتی (و) دانراوە: (وانە wane)، (کورد Kurd).
٢. بۆ دوو دەنگی بزوێن و نیمچەبزوێنی (î و y)یش یەک پیتی (ی) دانراوە: (مـیــر mîr)، (مەی mey)، (یار yar).
٣. بۆ دەنگی درێژی (û)ش واو دووپات بووەتەوە (وو = û).
پیتی (و) و پیتی (ی) کە دوو ئەرک دەبینن پێیان دەوترێت: نیمچەبزوێن.
دەنگی فرەکورتی (i) هیچ پێتێکی بۆ دانەنراوە: (بردن birdin)، هەر بۆیە لە ئەلفبێی کوردیی ناوەڕاستدا پێی دەوترێت “بزرۆکە“، واتە بزر بووە. ئەمە بە کرمانجی پێی ناوترێت بزرۆکە، خۆ لەوێ بزر نییە و دیارە، ئەو پیتە وەک دەنگەکانی تر چاوی لێ دەکرێت و بزوێنێکە، بەڵام بزوێنی فرەکورت.
کەوا بێت بۆ پێنج (٥) دەنگی (w, u, y, î, i) تەنیا (٢) پیتی (و، ی) لەبەرچاو گیراوە، هەر بۆیە دەڵێن ژمارەی دەنگەکان (٣٧)ن و ژمارەی پیتەکان (٣٤)ن. لە زۆربەی زمانەکانی دنیادا ژمارەی دەنگەکان و پیتەکانی ئەلفبێ وەکوو یەک نین، بۆ نموونە لە زمانی فارسی، سویدی و ئینگلیزیدا.
٣. بزوێنەکان
بزوێن بهو دهنگانه دهوترێن که له کاتی بێژه و گۆکردندا، دهم و زار تۆزێک زیاتر دهکرێنهوه و زیاتر دهکێشرێن. بزوێنهکان جووڵه و بزواندن دهخهنه ناو وشهوه.
بزوێنهکان لهڕاستیدا (٨) دهنگن، بهڵام لە ئەلفبێدا تهنها (٧) دهنگیان پیتیان بۆ دانراوه و دهنووسرێن و بریتین لە: (ا، ە، و، ۆ، وو، ی، ێ).
یاسا: هەر وشەیەکی کوردی پێک هاتووە لە لانی کەم یەک بڕگە و لە هەر بڕگەیەکیشدا یەک بزوێن هەیە، بۆ نموونە:
- یەکبڕگەیی: (ناو naw).
- دووبڕگەیی: (کۆ مار = کۆمار komar).
- سێبڕگەیی: (هێـ لا نە = هێلانە hêlane).
- چواربڕگەیی: (جاڵجاڵۆکە callcalloke).
ئەگەر چاو لە وشەی “مەست mest” بکەین دەبینین کە لە نێوان “س” و “ت”دا هیچ بزوێنێک نییە، ئەمە پێی دەوترێت “هێشوو” چونکە هیچ بزوێنێک ناکەوێتە نێوانیانەوە. وشەی “هێنان” هیچ هێشوویەکی تێدا نییە، چونکە بەدوای یەکتردا بزوێن و نەبزوێن دێن.
هێشوو جاری وایە لە دوو دەنگی کپ و جاری واشە لە سێ دەنگی کپ دروست دەبن.
هێشوو جاروبار دەشتوانێت بکەوێتە سەرەتای وشەوە، وەک: (ستران stran)، (ستۆکهۆڵم Stockholm).
لە سەرەتادا دوو یان سێ دەنگی کپ (نەبزوێن) بەدوای یەکتردا هاتوون بێ ئەوەی نەبزوێنێک بکەوێتە نێوانیان، واتە هێشوویان دروست کردووە.
هێشوو لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر جیاوازە چونکە پێکهاتەی زمانەکان جیاوازن.
لە زمانی کوردیدا ئەم فۆنیمانە
(c – ç – s – ş – x – k)
(ج، چ، س، ش، خ، ک)
لەگەڵ (w)دا هێشوو دروست دەکەن، نموونە:
جوان cwan، چوار çwar، سوێند swênd، شوێن şwên، خوار xwar، کوا kwa.
ئەم بابەتە پێوەندیی بە بڕگەکردنی زمانی کوردیشەوە هەیە هەر بۆیە بۆ زانیاریی زیاتر فەرموون چاو لێرە بکەن:
بڕگەکانی زمانی کوردی
٥. بزرۆکە (i)
هەندێک وشهی کوردی ههن که له ڕواڵهتدا بزوێنیان تێدا نابینرێت، نموونە: (بردن، من، ژن، چل، مردن، بزن، خستن)، بهڵام لهڕاستیدا دهنگی بزوێنیان تێدایه. ئهو بزوێنه له ئهلفبێی کوردیی لاتینیدا به پیتی (i) دیاری کراوه، بهڵام له ئهلفبێی عهرهبیدا هیچ پیتێکی بۆ دانهنراوه، لەم ئەلفبێیەدا دیار نییه و بزر بووه، بۆیه ناوی نراوه: بزرۆکە (کسره مختلسه). ئەگینا لەڕاستیدا (بزوێنی فرەکورت)ە، نموونه:
(من min)، (ژن jin)، (چل çil)، (مردن mirdin)، (بزن bizin) و (خستن xistin).
وشهی “مشک” له ناوچه جۆربهجۆرهکانی کوردستاندا به دوو شێوازی (mişk) و (mişik) بێژه دهکرێت، بهڵام له ئهلفبێی عهرهبیدا ههر به یهک شێواز دهنووسرێت: “مشک”.
کهوا بێت دەنگێکی تری کوردیمان هەیە و لەگەڵ ئەو دەنگەکانی تر دەبێتە (٨)همین دهنگی بزوێنی کوردی و به ئهلفبێی ناوەندی نانووسرێت و “بزرۆکە”یه. (i).
جاری وایە پیتی “ئـ” لە سەرەتای وشەدا لە باتیی بزوێنی فرەکورتی بزرۆکە i دەنووسرێت:
ئسفەهان Isfehan، ئنجا inca، ئشق işq.
لەم ڤیدیۆیەدا دەتوانن چاو لە ئەلفبێی کوردی بکەن:
ئەلفبێی کوردی
لە کوردیی کرمانجیدا بۆ نووسین کەڵک لەم ئەلفبێیە وەردەگیرێت کە (٣١) پیتن:
A – B – C – Ç – D – E – Ê – F – G – H – I – Î – J – K – L – M – N – O – P – Q – R – S – Ş – T – U – Û – V – W – X – Y – Z
بزوێنهکانی بریتین له (٨) دهنگ و ههر ههشتهکهیان دهنووسرێنهوه:
(A – E – Ê – I – Î – O – U – Û)
بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ئەلفبێی کوردیی لاتینی تکایە چاو لەم ڤیدیۆیە بکەن:
٧. کێشەی پیتەکان:
هەندێ کەس لە کاتی بەکارهێنانی پیتە کوردییەکاندا تووشی هەڵەی ڕێنووسی دەبن، لێرە ڕوونیان دەکەینەوە:
٨. ههمزه (ئـ)
ههمزه، له زمانی عهرهبی و فارسیدا، له چهند شوێنێکی جۆربەجۆردا بهکار دهچێت، وهکوو: (أ ٌإ لأ لإ ؤ ء ئـ)، بهڵام له زمانی کوردیدا تهنیا شێوازی (ئـ) بهکار دەهێنرێت، ئهویش به مهبهستی ئهوهی نەهێڵێت دوو بزوێن بهدوای یەکتردا بنووسرێن. کە وا بێت ناتوانین بڵێین کە هەمزە لە زمانی کوردیدا وەک فارسی و عەرەبی بەکار دەهێنرێت. هەمزە لە زمانی کوردیدا هەمیشە لەگەڵ بزوێنێکدا دێت:
ئــا، ئـــە، ئـــو، ئــۆ، ئـــوو، ئـــی، ئـــێ.
لەڕاستیشدا ئەو کاتانەی کە لە هەندێک وشەی وەک “ئــنـجا” و “ئـــسفەهان”یشدا کە دەبینرێن هەر پێویستی بە بزوێن هەیە بەڵام لەو کاتانەدا بزرۆکە هەیە و بزرۆکەش نانووسرێت ئەگینا لەو شوێنانەشدا دیسانەوە لەگەڵ بزوێندا دێت. لەبەر ئەوە ئەگەر بمانەوێت بە کوردی ناوێکی بۆ دابنێین دەکرێت بڵێین کە “ئاوەڵبزوێن” ناوێکی گونجاوە بۆی.
هەندێک له زمانزانان ههمزه به بزوێن دادهنێن و لای ههندێکیش به نهبزوێن دهناسرێت، بهڵام لهڕاستیدا کورد، ههمزهی به شێوازی (ئـ) بهکار هێناوە و بڕیاری داوە وهکوو (نهبزوێن)ێک چاوی لێ بکات، بۆ ئهوهی نەهێڵێت دوو بزوێن بهدوای یەکتردا بێن، یان هەندێک بزوێن له سهرهتای وشهدا بنووسرێن، نموونه:
کورد هەر لە کۆنەوە تا بۆی کرابێت هەمزەی تەنیا لە کاتی پێویستدا بەکار هێناوە ئەگینا قرتاندوویەتی، بۆ نموونە لە کۆنەوە وای کردووە:
- سوێر + ئاو = سوێراو (نەک: سوێرئاو).
- سەهوڵ + ئاو = سەهۆڵاو (نەک: سەهۆڵئاو).
- گوڵ + ئاو = گوڵاو (نەک: گوڵئاو).
- بار + ئاش = باراش (نەک: بارئاش).
- گۆلک + ئاو = گۆلکاو (نەک: گۆلکئاو).
کە وا بێت دەتوانین ئەوە بکەینە بنەما بۆ وشەی لێکدراو یان داڕێژراوی نوێش و هەر بەو پێیە گۆی بکەین و هەمزەکە بقرتێنین. بۆ نموونە:
- ڕۆژاوا، نەک ڕۆژئاوا
- خۆراوا، نەک خۆرئاوا
- ماڵاوایی، نەک ماڵئاوایی
- کاراسانی، نەک کارئاسانی
- بانــەفشار، نەک بانئەفشار (ناوی گهڕهکێکه له شاری قهسری شیرین له پارێزگای کرماشان).
- کارهندامزانی، نەک کارئەندامزانی (physiology).
- تووڵامراز، نەک تووڵئامراز (تووڵامراز = toolbar). (تووڵ، شیش = bar)، (ئامراز، کهرهسته = tool).
ههروهها ئەمانە بەبێ (ئـ) وا دەنووسرێن:
کەمـەندام، چاوهسمهر، چاوهستێره، گوڵـهندام، گوڵـهستێره، شێرهندام، خاکـەناز، ڕۆژاوا، خۆراوا.
٩. کێشهی (ڕ) و (ر)
“ڕ” دهنگێکی گڕه که له سهرهتا و ناوهڕاست و کۆتاییی وشهدا دێت:
ڕاز، ههڕا، مهڕ.
جاران دەوترا بەبێ نیشانە، واتە سادە بینووسن بەڵام بە گڕ بیخوێننەوە. بۆ ئەو سەردەمەی کە خەڵک بەس بە دەست دەیاننووسی ڕەنگە ئەوە چارەسەرییەک بووبێت بۆ خێرانووسین، بەڵام ئەوڕۆکە لە دنیای دیجیتاڵیدا کۆدی خۆی هەیە، دوگمەی خۆی هەیە. کە وا بێت:
تێبینی: نابێت (ڕ)ی گڕ لهگهڵ (ر)ی سادهدا تێکهڵ بکرێت.
بڕیاری ئەکادیمیای کوردی: ههموو دهنگێکی (ڕ) له سهرهتای وشهدا گڕه و دەبێت به (ڕ)ی گڕ بنووسرێت، نهک به (ر)ی ساده، واتە “ڕ” هەم لە سەرەتا و هەمیش لە ناوەڕاست و هەمیش لە کۆتاییی وشەدا دەنووسرێت.
(ڕ) و (ر) لە ڕووی ڕێزمانییەوە دوو فۆنیمی جیاوازی زمانی کوردین و لە ڕووی تەکنیکیشەوە لەسەر تەختەکلیلی کوردیی کۆمپیوتەریشدا دوو دوگمەی جیاوازیان بۆ دانراوە و لە سیستەمی یونیکۆدی (نووسە character) جیهانییەکانیشدا دوو ژمارەکۆدی جیاوازیان بۆ دانراوە. هەر بۆیە زۆر گرنگە ئەو پیتانە تێکەڵ نەکرێن چ لە سەرەتا و چ لە ناوەڕاست و چ لە کۆتاییی وشەشدا دەبێت وەک خۆی بنووسرێن. ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر بوترێت بەبێ چوکڵە بینووسن، بەڵام بە چوکڵەدار واتە گڕ بیخوێننەوە. مادام پیتی خۆی هەیە، لە سیستەمی یونیکۆدا کۆدی خۆی هەیە، :
سەرەتا: ڕاست، ڕێگا، ڕۆخ
ناوەڕاست: پەڕۆ، هەڕا، فــڕاندن
کۆتایی: شەڕ، کەڕ، کوڕ
پیتی (k) تەنانەت لە زمانەکانی فارسی و عەرەبیشدا کێشەلەسەرە. چونکە بە دوو شێوە دەنووسرێن: “ک“، “ك“. ئەو دوو کافانە دوو کۆدی جیاوازیشیان هەیە، (ک U+06A9) و (ك U+0643). خۆ ناکرێت بەرانبەر بە کۆدێکی لاتینی دوو کۆد دابنرێت، هەر لەبەر ئەوە لەو زمانانەشدا کێشەی هەیە.
له تەختەکلیلی ستانداردی یونیکۆدی کوردیدا کە لەلایەن “کوردئایتیگرووپ“ەوە درووست کرا، ئەو کێشەیە یەکلایی کرایەوە. بڕیاریان دا لە باتیی (ك) کەڵک لە (ک) وەربگیرێت بۆ ئەوەی یەک جۆرە پیتمان بەرانبەر بە (k) هەبێت. چونکە لە سەرەتا و لە ناوەڕاستی وشەدا بەرانبەر بە (k) هەر (ک) دەنووسرێت: (کـار)، (پەلـکە). تەنها لە کۆتاییی وشەدا “ك” بەکار دەهێنرێت: (چەك). کە وا بێت لە کۆتاییی وشەشدا هەر هەمان کار دەکەین. وەک:
چاک، پاک، خاک (نەک: چاك، پاك، خاك).
هەر بۆیە لە شوێنی دوگمەی (K)دا ئەمە دانرا: (ک U+06A9)، هەڵبەت بە شیفتیش ئەمە دانرا: (ك U+0643). بەڵام هیوادارین کورد بەرە بەرە واز لە (ك U+0643) بهێنێت.
بڕیاری کوردئایتیگرووپ:
لە تەختەکلیلی کوردیدا بەرانبەر بە (k) لە سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتاییی وشەدا کەڵک لە “ک” (U+06A9) وەردەگرین و نەک لە “ك“. هەڵبەت ئەوەش هەر دەخرێتە ناو تەختەکلیلی کوردییەوە بەس بە شیفت دەنووسرێت.
بۆ زانیاریی زیاتر سەبارەت بە کێشەی (ک) تکایە چاو لەم بابەتە بکەن.
١١. کێشەی تێکەڵکردنی (ھ، ـهـ H) و (ە، ـە E)
ئەم دوو پیتەش وەک (k) کێشەیان هەیە، چونکە شێوەیان لە یەک دەچێت، بەڵام کۆد و ئەرکیان لە زمانی کوردیدا جیاوازە.
بۆ نموونە بۆ نووسینی “ھ h” لە وشەکانی “هانا” و “سێهەم”دا لە یەک کۆدی (U+0647) کەڵک وەردەگیرێت، بەڵام لە نووسینی “ە E” بۆ نموونەی لە وشەی “پەلە”دا کەڵک لە کۆدی (U+06D5) وەردەگیرێت. واتە بۆ ئەو دوو پیتەی کە شێوەیان لە یەک دەچێت لە دوو کۆدی جیاواز کەڵک وەردەگیرێت.
کێشەکە ئەوەیە کە هەندێ کورد لە کاتی نووسین بە کۆمپیوتەردا تووشی هەڵە دەبن و بۆ نووسینی بزوێنی (ە)ی کوردی دەست دەنێن بە دوگمەی (H)دا و وەک یەک چاوی لێ دەکەن. ئەمە کێشەیەکی گەورەیە بۆ زمانی کوردی. وا دەزانن هەردووکیان هەمان شتن. بۆ نموونە دەنووسن سەر، بەڵام کاتێ هەر بە (H) بینووسن دەبێتە “سهر”، کە هەڵەیە ئەو کاتە ناچارن جیای بکەنەوە و دەنووسن “سه ر”، کە ئەویش هەر هەڵەیە، هەر بۆیە دەبێت کەڵک لە دوگمەی (E) وەربگرن. کە ناهێڵێت پیتەکان پێکەوە بلکێن و دەبێتە “سەر” کە درووستە.
لە ئەلفبێی دیجیتالیی کوردیدا (ھ، ـهـ H) جیاوازیی هەیە لەگەڵ (ە، ـە E) و بە یەک دوگمە نانووسرێن.
تکایە لە نووسینی کوردیدا ئەو دوو پیتە تێکەڵ مەکەن، وا بینووسن:
ئەگەر پەنجە بنێی بە دوگمەی H بە شێوەی (ه) دەر دەچێت، بۆ ئەوەی بە شێوەی (ھ) بنووسرێت ئاوا بکە:
(M) + (Shift) + (H) = ھ
تێبینی: لە ڕێککەوتنێکدا بڕیار درا کۆدێکی نوێ بۆ “ھ” دابنرێت تا بەس بە یەک کلیک بنووسرێت. ئەو کۆدە کە بۆ نموونە لە زمانی ئوردوودا بەکار دەچێت بەکار دەهێنرێت بۆ ئەم تەختەکلیلە کوردییە و لەسەر ماڵپەڕی “تەختەکلیلی کوردی“ی فەرمانگەی ئایتیی کوردستان دادەنرێت و بەم زووانە دەتوانن ئەو تەختەکلیلە لەوێ دابگرن. ئەو