datashin

شوبات 14, 2023 Diyako Hashemi

داتاشین

نووسین: دیاکۆ هاشمی

داتاشین، یەکێک لە ڕێبازەکانی وشەسازییە، دوو یان چەند وشەی زمانێک دەهێنن، پاشان لە هەر کامیان وەک دارتاشین بەشێکی دادەتاشن و دەیلکێنن بە بەشێکی تری وشەکەی ترەوە.
داتاشین ڕەنگە جوان دەربچێت و بنیشێتە سەر دڵەوە و ڕەنگیشە جێگیربوونی ئاسان نەبێت.
نموونەی داتاشین لە ئینگلیزیدا:
نیوەی وشەی (burka) و نیوەی وشەی (bikini)یان پێکەوە لکاندووە و بووە بە (burkini).
***
یان لە ئینگلیزیدا کاتێ کە (بزن) و (مەڕ) پێکەوە جووت بن و بێچوویەکیان ببێت پێی دەڵێن (geep) ئەویش لەڕێی داتاشین لە (goat) و (sheep) ئەو ناوە پێک هاتووە.
***
عەرەبی:
عەرەب هاتوون بۆ وشەی (Spacetime) شێوازی داتاشینیان بەکار هێناوە لە وشەی (زمان) پیتی (ز)یان وەرگرتووە و لکاندوویانە بە وشەی (مکان) و بووە بە (زمکان spacetime). زمکان.
***
لە فارسی: (پرگار)، بەپێی ویکیپێدیای فارسی وشەی (پرگار = پەڕگار) وا دروست بووە: (واژه پرگار از دو واژه پَری (دور، گرد) و کَر (کرشیدن، کشیدن) به معنی گرد کش است.)
تێبینی: ئەوەی فارسی و کوردی بزانێت دەزانێت کە ئەو پێناسە فارسییە دەتخاتە بیری ئەوەی کە ڕەچەڵەکی ئەو پێناسەیە کوردییە: (پەڕ) + (گەڕ) = پەڕگەر، پەڕگاڕ، پەڕگار کە لە فارسیدا بووە بە (پرگار).
***
کوردیش لەسەر ڕێبازی داتاشین وشەی زۆری داتاشیوە، بۆ نموونە:
لە وشەی هێلکە و زایین وشەی هێلزۆک و هێلزۆکیی داتاشیوە بەرانبەر بە: (البيوضية الولودية Ovoviviparity).
هێلزۆکەکان: ئەو گیاندارانەی کە لەڕێی هەڵهێنانی هێلکە لە سکیاندا بێچووەکەیان دەبێت.
هێلزۆکی: شێوەیەکی زاووزێیە کە بێچوو لەناو هێلکە لە ناو سکی دایکیدا لەدایک دەبێت.
***
مەرج نییە داتاشین هەمیشە لەلای خەڵک جوان بێت بۆ نموونە:
کورد بۆ ئەوەی (clock) و (hour) لێک جیا بکاتەوە لە وشەی (کاتژمێر) واتە لە (کات) و (ژمێر) وشەی (کاژێر)ی داتاشیوە بەرانبەر بە (hour)، بەڵام لای زۆرینەی خەڵک ئەو وشەیە جوان نییە و بەردەوام مشتومڕی لەسەرە.