پێناسەی شیعر کارێکی زۆر ئەستەمە و لە درێژاییی مێژوودا شارەزایان بە شێوەی جۆربەجۆر هەوڵیان داوە خۆیان لە مەبەستەکە نزیک بکەنەوە و خۆشیان لەوە ڕازی نەبوون. وەک ئەوەیە بە تۆ بڵێن پێناسەی جوانی و ناسکی و دڵڕاکێشان بکە. چ خەیاڵێک دەتوانێت بە شێوەیەکی ڕەبەق ئەو چەمکانە ڕاڤە بکات؟
بەگشتی دەتوانین بڵێین شیعر دەربڕینێکی دڵبزوێنە کە سۆز، جوانی، هەست و هزری تێدا بێت، بە بڕوای زۆر کەسیش دەبێت سەروای تێدا بێت و بە بنەمای بنەڕەتیی هۆنراوەی دەزانن. هەروەها دەبێت یاسا و ڕێساکانی هۆنراوەزانیی تێدا ڕەچاو کرابێت و بۆ جوانترکردنی هەوڵ بدرێت بە زانستی بەدیع و جوانکاری بڕازێنرێتەوە.