شوبات 4, 2020 Diyako Hashemi

ئامادەکردنی: دیاکۆ هاشمی
بڵاوکردنەوە: 2020-02-04

ڕوونکردنەوەیەک لەسەر
نووسینی وشەی لێکدراو

لەڕاستیدا وشەی لێکدراو دەبێت پێکەوە بنووسرێت، بەڵام هەندێک جار هەیە ئەگەر پێکەوە بنووسرێن ناشیرینییەکیان پێوە دیارە، هەر بۆیە کەم کەس خۆی لە قەرەی ئەو جۆرە نموونانە داوە.

بۆ نموونە ئەگەر چاوێک لەم هۆنراوەیەی نالی بکەن:

مل عەلەم، شیرین قەلەم، ئاهوو شکەم، مەیموون قەدەم / سم خڕ و کلک ئێستر و، مەنزڵ بڕ و، عارەق نەڕێژ.

لەڕاستیدا دەبێت وا بنووسرێن:

ملعەلەم، شیرینقەلەم، ئاهووشکەم، مەیموونقەدەم / سمخڕ و کلکئێستر و، مەنزڵبڕ و، عارەقنەڕێژ.

بەس چونکە هەموو کاتێک نووسینی وشەی لێکدراو ڕەچاو نەکراوە، هەر بۆیە چاوی خوێنەری کورد بە هەندێ وشەی لێکدراو ڕانەهاتووە و ڕەنگە لایان ئەستەم بێت بەو شێوەیە بینووسن، هەر بۆیە ئەگەر ئێستەش دیوانی نالی لە چاپ دەدرێت، هیچ کەس بیر لەو شێوە لێکدانە ناکاتەوە.

هەڵبەت نووسین بە نیومەوداش دەتوانێت جێگرەوەیەک بێت واتە:

ملعەلەم، شیرینقەلەم، ئاهووشکەم، مەیموونقەدەم / سمخڕ و کلکئێستر و مەنزڵبڕ و، عارەقنەڕێژ.

بەڵام جارێک نووسین بە نیومەودا بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەسەر نەدراوە، باشترە پەلەی لێ نەکەین.

***
وشەیەکی وەک شتومەک بۆ لێکدراوە؟

لەبەر ئەوەی کە شت واتایەکی هەیە، بەڵام مەک بێواتایە، شتی بێواتا بۆ دەبێت سەربەخۆ بنووسرێت و بنووسرێت: شت و مەک؟ هەر واتاکەی لەگەڵ شت تەواو دەبێت، هەر بۆیە دەبێت پێکەوە بنووسرێت: شتومەک.

هەروەها  شت  و  مەک پێکەوە واتە اشیاء، واتایەک نوێیە کە پێکەوە ئەو واتایە دەدەن، هەر دەبێت پێکەوە بینووسین: شتومەک.

ئێستە ڕەنگە بپرسن بۆ بە وو ناینووسن، بڕیارێک هەیە دەڵێت کاتێک دوو وشەی لێکدراو پێکەوە بنووسرێت تەنیا لە ئامرازی وی لکێنەر کەڵک وەربگیرێت.

واتە: شت + و + مەک: شتومەک

ئیتر پێویست ناکات بنووسین شتوومەک.

ئەگەریش بە وو بنووسرێت شتوومەک هێشتا کێشەیەکی ئەوتۆ ساز ناکات و جێگای ڕەخنەیەکی ئەوتۆ نییە.

***

 

بەڵام وشەیەکی وەک دار و بەرد دوو وشەی سەربەخۆن و پێکەوە هێشتا هەر واتای دار و بەرد دەدەن، بۆ دەبێت پێکەوە بن مادام پێکەوە شتێکی نوێ درووست ناکەن؟

هەر کاتێک مەبەستت یەک وشەی نوێ بوو، واتە بۆ نموونە بڵێین مەبەستمان وشەی آوارە بە فارسی، ئەو کاتە هیچ کێشە نییە بنووسین: داروبەرد.

***

وشەی دەور و بەر لە کوردیدا واتە: چواردەور، کە لە فارسیدا واتە اطراف، محیط، چونکە تەنیا مەبەست دەور و بەر نییە، بەڵکوو تەنانەت پشتیش دەگرێتەوە، هەر بۆیە دەنووسین دەوروبەر کە لە فارسیدا واتە: محیط، اطراف.

***

وشەیەکی وەک وت و وێژ دەبێت پێکەوە بێت چونکە بەتەنیا مەبەستەکەمان ناپێکێت بەڵکوو پێکەوە واتای وشەیەکی نوێ دەدات: مصاحبە کەوا بێت پێکەوە دەینووسین: وتووێژ.

***

دایک و باوک واتە: پدر و مادر، بەجیا دەینووسین: دایک و باوک، بەڵام هەر کاتیک مەبەستمان والدین بوو دەبێت بنووسین دایکوباوک. بەختەوەرانە ئێستا وشەیەکی نوێتر لە باشوور بۆ والدین دانراوە: دایبابان، کە دەبێت لەوە کەڵک وەربگرین.

دایک و باوک = پدر و مادر

والدین: دایبابان

والد، والدە = دایباب.

داوا لە دایبابان دەکەین کە لە کۆبوونەوەی خوێندنگەکەدا بەشداری بکەن.

 

www.diyako.yageyziman.com
***
Telegram: @diyakohashemi