نیسان 8, 2023 Diyako Hashemi

وەرگێڕان چییە؟

وەرگێڕان بریتییە لە پرۆسەی گۆڕینی نووسراوێک یان وتراوێک لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دیکە. ئامانجی وەرگێڕان ئەوەیە کە بەوردی واتای دەق یان وتەیەک لە زمانی سەرچاوە یان ژێدەرەوە بگوازێتەوە بۆ زمانی مەبەست و لە هەمان کاتدا شێواز و تۆن و چوارچێوەکەی بپارێزێت. وەرگێڕان دەتوانێت نووسەکی یان زارەکی بێت، واتە دەتوانێت بریتی بێت لە گۆڕینی دەق یان وتە لە کۆمەڵێک بواری جۆربەجۆردا، لەوانە ئەدەبیات، بابەتی زانستی، بەڵگەنامەی یاسایی، دەستنووسی تەکنیکی، وتووێژی نێوان دوو کەس، کۆنفرانسێک و هتد.

وەرگێڕان نەک هەر شارەزاییی زمانی سەرچاوە و زمانی مەبەستی دەوێت، بەڵکوو تێگەیشتن و هەستیاریی کولتووریشی دەوێت، کەوا بێت زۆر جار واتای دەق یان وتەی زمانی ژێدەر دەتوانێت بکەوێتە ژێر کاریگەریی چوارچێوەی کولتوورییەوە. جاری وایە ئەگەر وەرگێڕێک لە واتای ئیدیۆم یان پەندێک تێ نەگات دەتوانێت تووشی هەڵەی وا ببێت کە مەبەستەکە وەک ڕستەیەک وشە بە وشە وەربگێڕێتەوە کە بێگومان هەڵەیەکی گەورەیە، چونکە دیارە دەبێت لەوێدا مەبەستەکە وەربگێڕێتەوە نەک وشەکانی ڕستەکە وشە بە وشە.

جگە لەوەی کە وەرگێڕ پێویستە شارەزای هەردوو زمانی سەرچاوە و مەبەست بێت، هەروەها پێویستە لە بابەتە وەرگێڕدراوەکەشدا کارامە بێت.

ڕەوتی وەرگێڕان دەتوانێت کۆمەڵێک هەنگاو لەخۆ بگرێت، لەوانە تێگەیشتنی سەرەتایی لە دەقی سەرچاوە، شیکردنەوەی واتاکەی، ناسینەوەی توانای وەرگێڕان و ئەگەری پەرەپێدانی ستراتیژیی وەرگێڕانی گونجاو. پاشان بۆ دڵنیابوون لە وردبینی و ڕوونی و یەکدەنگی، دەبێت دەقە وەرگێڕدراوەکە پێداچوونەوە و دەستکاری بکرێت.

لە وەرگێڕانی زارەکیدا دواپێداچوونەوە نەلواوە و وتەوەرگێڕ دەرفەتی ئەوەی نییە پێداچوونەوە بکات. هەروەها بوار، کات یان دەرفەتی ئەوەشی نییە لە کاتی وەرگێڕانی زارەکیدا چاو لە وشەنامەیەک بکات، کەوا بێت زۆر پێویستە وەرگێڕی زارەکی، واتە وتەوەرگێڕ وشە و زاراوەی زۆر لە مێشکیدا کۆ کرابێتەوە تا بەئاسانی بتوانێت مەبەستەکان وەربگێڕێتەوە.

لەم ساڵانەی دواییدا، پرۆگرامەکان و ئامرازەکانی وەرگێڕانی ئامێری کە بە زیرەکیی دەستکرد کار دەکەن، پێش کەوتوون و هەتا دێت پێشکەوتووتر دەبن، بەڵام وەرگێڕانی مرۆڤی هەر دەبێت بەردەوام بێت چونکە ئامێر یان پرۆگرامەکان بەتەواوی توانای جیاکردنەوەی وردەکارییەکانی نێوان دوو زمانیان وەک مرۆڤێک نییە.

وەرگێڕانی باش چییە؟

وەرگێڕانی باش بریتییە لە وەرگێڕانێک کە پەیام و واتا بە شێوەیەکی دروست و ئاسان بگوازێتەوە بۆ زمانی مەبەست، بە شێوەیەک کە تێگەیشتنی ئاسان بێت و نامۆ نەبێت.

گرنگە وەرگێڕانەکە جیاوازی و ناوەرۆکی کولتووری لەبەرچاو بگرێت و لەڕووی ڕێزمانییەوە ڕاست و بەباشی داڕێژراو بێت. هەروەها وەرگێڕانی باش دەبێت بەئەمەگ بێت بۆ دەقی سەرچاوە و بەبێ هۆکاری دروست، زانیاری زیاد نەکات یان لا نەبات.