ئایار 20, 2018 Diyako Hashemi

لەلایەن: دیاکۆ هاشمی

بڵاوکردنەوە/ نووژەنکردنەوە 2018-05-20

ناوەدەنگ

لە هەر زمانێکدا خەڵک لە کۆنەوە دەنگی دیاردە سروشتییەکانیان دەستنیشان کردووە. جاری وایە ئەو دەنگانە لاساییکردنن لە دەنگەکانی سروشت وەک بەڵاچەی هەور، یان دیاردەسروشتییەکان وەک خوڕەی باران یان لاساییکردنەوەی دەنگی ئاژەڵان وەک نەڕەی شێر یان بەرهەمە دروستکراوەکانی مرۆڤ وەک تەقەی دەمانچە، گرمەی فڕۆکە.

لە زمانە جۆربەجۆرەکاندا بەپێی یاسا فۆنۆلۆجییەکان و دەنگە تایبەتییەکان ناوەدەنگ ساز دەکرێت. 

وشەی Onomatopoeia لە بنەڕەتدا لە زمانی یۆنانی وەرگیراوە و هاتووەتە ناو زمانی ئینگلیزی و زمانە ئەورووپییەکانی تر و لە دوو بەش پێک هاتووە و واتە: ناو، دەکەم/دەیکەم. کە بە کوردیی پێی دەڵێین ناوەدەنگ چونکە ئەو ناوانەن کە لە دەنگەکانەو وەرگیراون.

 

لە زۆربەی زمانەکانی تریشدا کەم و زۆر ناوەدەنگ هەیە. بۆ نموونە لە زمانی ئینگلیزیدا بە دەنگی سۆنە دەڵێن (quack)، کەچی لە سویدیدا دەڵێن (kvaak) و لە فینلەندیدا دەڵێن (coin coin) و لە ئیسلەندیدا دەڵێن (bra) و لە فارسیدا دەڵێن (قود قود).

 

لە زمانی کوردیدا زۆر وشەی وامان هەیە کە هەر لە کۆنەوە لە زمانەکەماندا بوونیان هەبووە، د. وریا عومەر ئەمین لە کتێبی پیتۆکەکانی زماندا ئاماژە بە بەشێک لەو ناوانە دەکات:
1. باڕەی بزن
2. باعەی مەڕ
3. بۆڕەی مانگا
4. بۆڵەی ورچ
5. بڵقەی ئاو
6. پرخەی کەروێشک (خەو)
7. تەپەی ڕووخان
8. تەقەی تفەنگ
9. تەپەژنی دەهۆڵ
10. ترپەی پێ
11. تریقەی پێکەنین
12. جریوەی مەل
13. چرپەی قسە
14. چزەی سووتان
15. چقەی شکان
16. جووکەی چۆلەکە
17. جیکەی چۆلەکە
18. جیڕەی دان (قۆنەرە)
19. حەپەی سەگ
20. حیلکەی ماین
21. خشەی مار
22. خرمەی کرۆشتن
23. خڕەی گوێز
24. خوڕەی ئاو
25. ڕمبەی کەوتن
26. زرمەی تەقینەوە
27. زریکەی گریان
28. زیڕەی پڵینگ
29. زیکەی مشک
30. شەپازللە (شەپپەی زللە)
31. شەپپەی ئاو
32. شەققەی باڵ
33. فنی لووت
34. فیشکەی مار
35. ڤنگەی با
36. فیقەی زوڕنا
37. قاسپەی کەو
38. قاقای پێکەنین
39. قرتەقرتی مریشک
40. قرچەی سووتان
41. قرمژنی شەستیر
42. قووقەی کەڵەشیر
43. قیڕەی قاز
44. قیژەی ئافرەت
45. کورکەی ماین
46. گارەی مریشک
47. گرمەی هەور
48. گڕەی ئاگر
49. گڤەی با
50. گوڕەی تەندوور
51. گڵپەی ئاگر
52. گمەی کۆتر
53. گیزەی زەردەواڵە (سەماوەر)
54. لرفەی ئاگر
55. لوورەی گورگ و چەقەڵ
56. میاوەی پشیلە
57. مرخەی کەروێشک
58. مرقەی بەراز
59. ناڵەی مرۆڤ
60. نەڕەی شێر
61. نرکەی ژن
62. نقەی مرۆڤ
63. نووزەی نەخۆش
64. هاڕژنی هاژەک (مووشە)
65. هاڕەی دەستاڕ
66. هاژەی شەپۆل
67. هۆنەی با
68. مڵچەی دەم
69. واقەی ڕێوی
70. ورتەی پیرەژن
71. ورشەی دارستان
72. وزەی زەردەواڵە (با)
73. وەڕەی سەگ
74. ویزەی هەنگ
بەشێک لەم ناوانە چاوگیان لێ دادەڕێژرێت وەک: چریکە: چریکاندن، قیژە: قیژاندن، زریکە: زریکاندن.
تێبینی: ئەم چاوگانە لەڕووی چەمک و واتاوە هەموویان تێنەپەڕن بەڵام لەڕووی پێوەندییان بە جێناوەلکاوەکانەوە وەک تێپەڕ هەڵسوکەوت دەکەن. لە ڕابردوودا کۆمەڵەجێناوی (م ـ ت ـ ی ـ مان ـ مان ـ تان ـ یان) وەردەگرن بۆ دەربڕینی ڕێکەوتن لەگەڵ کاردا:
من چریکاندم.
تۆ چریکاندت.
ئەو چریکاندی.
ئێمە چریکاندمان.
ئێوە چریکاندتان
ئەوان چریکاندیان.
بەدڵنیایییەوە ئێوەش وشەی زیاترتان لایە.

ئەم وێنەیەی خوارەوە کە لە ئینتەرنێت وەرگیراوە نموونەیەکە لە ناوەدەنگ لە زمانی ئینگلیزیدا: