حوزه‌یران 24, 2024 Diyako

ئایا ڕێنووس بەشێکە لە زانستی زمانەوانی یان نە؟

نووسین: دیاکۆ هاشمی

پێوەندیی نێوان بنەماکانی ڕێنووس و زمانەوانی کەمێک ئاڵۆزە و دەتوانرێت لە گۆشەنیگای جیاوازەوە سەیری بکرێت:

لە لایەکەوە دەتوانرێت بڵێین ڕێنووس بەشێک لە زمانەوانی نییە.

ڕێنووس بەگشتی، بە بەکارهێنانی هێما نووسراوەکان، ئاماژەیە بۆ کۆمەڵێک یاسا و ڕێککەوتن بۆ نوێنەرایەتیکردنی زمانی ئاخاوتن. لەوانەیە ئەم یاسایانە شتی وەک چۆنێتیی بەکارهێنانی پیتەکان، هێماکانی خاڵبەندی و بۆشاییدانان لەخۆ بگرن.

لە لایەکی ترەوە زمانەوانی، وەک سیستەمێکی ئاڵۆز، هەڵسوکەوت لەگەڵ لێکۆڵینەوەی زانستی زمان دەکات. ئەمە توێژینەوەی فۆنەتیکی، فۆنۆلۆژی، سینتاکس، سێمانتیک، پراگماتیک و لایەنەکانی تری زمان لەخۆ دەگرێت.

لەم ڕوانگەیەوە، ڕێنووس تەنیا ئامرازێکە بۆ نوێنەرایەتیکردنی زمان و وەک لایەنەکانی دیکەی زمان، ئاڵۆز و ناسک نییە.

بۆ نموونە, زانستی زمانەوانی دیاری دەکات كه زمانی ئینگلیزی ڕیزبوونی بنهماییی (SVO) ی ههیه، واته له پێشدا بكهر، پاشان، كار و دوایی بهركار دهنووسرێت.

هەروەها زانستی زمانەوانی دەیسەلمێنێت کە له زمانی كوردیدا ڕیزبوونی بنهمایی وهكوو زمانی ئینگلیزی نییه و بهڵكوو بهشێوهی (SOV)ه واته لهپێشدا بكهر، پاشان بهركار و دوایی كار دێت. کەسیش ناتوانێت ئەو یاسایە تێک بدات.

بەڵام زانستی زمانەوانی ناتوانێت بیسەلمێنێت کە نووسینی وشەی سابوون بە سابوون یان سابون یان صابون یان sabon یان sabun یان sabûn و هتد دروستە یان نە، مەگەر ئەوەی خۆمان ڕێک بکەوین کە ئایا ص بەکار بهێنین یان بەس س بەکار بهێنین، ئایا دەنگی درێژ بە یەک و بنووسین یان بە دوو وو. ئایا بە پیتی لاتین دروستە یان بە پیتی ئارامی یان بە پیتی سریلکی یان بە پیتی چینی.

واتە ئەگەر زمانەوانی ناتوانێت لەو بارەیەوە ئەو ئاڵۆزییە یەکلا بکاتەوە، کەوا بێت چۆن سەر بە زانستی زمانەوانییە، ئاخر زانست هەموو شتێک یەکلا دەکاتەوە.

لە لایەکی دیکەوە دەتوانرێت بڵێین کە ڕێنووس بەشێکە لە زمانەوانی.

ڕێنووس بە شێوەیەکی دانەبڕاو بە زمانەوە گرێ دراوە. چۆنێتیی نووسینی وشەکان دەتوانێت کاریگەریی لەسەر چۆنێتیی لێکدانەوە و تێگەیشتنی خەڵک هەبێت.

ڕێنووس دەتوانێت بە تێپەڕبوونی کات پەرە بستێنێت و ئەم گۆڕانکارییانە دەتوانن ڕەنگدانەوەی زمانی ئاخاوتن بن.

زمانەوانان لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانیاندا ڕێنووس وەک بەشێک لە توێژینەوەکانی خۆیان لە زمان چاو لێ دەکەن. ئەوان بۆ لێکۆڵینەوە لە مێژووی ڕێنووس و چۆنێتیی کارکردنی و چۆنێتیی کاریگەریی لەسەر زمان، شێوازی زمانەوانی بەکار دەهێنن.

لە کۆتاییدا، ئایا ڕێنووس بە بەشێک لە زمانەوانی دەزانین یان نا، بەوە گرێ دراوە کە تێڕوانینی تۆ بۆ سروشتی زمانەوانی چییە.

ئەگەر زمانەوانی تەنیا وەک لێکۆڵینەوە لە زمانی ئاخاوتن پێناسە بکەیت، لەوانەیە ڕێنووس بە بەشێک لەو زمانە نەزانیت.

بەڵام ئەگەر زمانەوانی بە لێکۆڵینەوەی بەرفراوانتر لە زمان پێناسە بکەیت، لەوانەش چۆنێتیی نوێنەرایەتیکردنی لە نووسیندا، دەتوانرێت ڕێنووس بە بەشێک لە بواری زمانەوانی هەژمار بکرێت.

بەکورتی، زۆر کەس پێیان وایە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بۆ ئەو پرسیارە نییە کە ئایا ڕێنووس بەشێکە لە زمانەوانی یان نا. ئەمە بابەتێکی مشتومڕی زمانەوانانە و بۆچوونی جیاواز لەسەری هەیە و هەر کەسێکیش بۆچوونی تایبەت بە خۆی لەو بارەیەوە هەیە.