چەندپاتەکردنەوەی قسەیەک لە وەرگێڕاندا
دیاکۆ هاشمی
جاری وایە کاتێک دوو کەس پێکەوە قسە دەکەن و لە زمانی یەکتر تێ ناگەن کەڵک لە وەرگێڕی زارەکی وەردەگرن. هەندێک جار ئەو دوو کەسە کە بۆ نموونە یەک کاتژمێر قسە دەکەن، لەسەر شتێک ڕێک ناکەون یان لایەنێکیان باش لە بابەتەکە تێ ناگات، یان لایەنێکیان هەر دەیەوێت قسەکەی خۆی بسەپێنێت، قسەیەک یان بابەتێک چەندان جار دووپاتە و چەندپاتە دەکەنەوە. ئەو چەندپاتەکردنەوەی بابەتێک یان قسەیەک دەتوانێت ببێتە هۆی ماندووبوونی وەرگێڕەکە، چونکە وەرگێڕەکەش تا ڕادەیەک دەکەوێتە ژێر کاریگەریی مشتومڕی ئەو دوو کەسە و ماندوو دەبێت.
لێرەدا ئاوڕێک لە دۆخێکی وا دەدەینەوە کە دەتوانێت بۆ وەرگێڕی زارەکی ماندووییهێنەر بێت:
وەرگێڕانی چەندپاتەی هەمان شت لە یەک کاتژمێردادەتوانێت ڕووبڕکێخوازانە بێت، چ لە ڕووی دەروونی و چ لە ڕووی جەستەییەوە دەبێتە هۆی ماندووبوونی وەرگێڕەکە:
١. دووبارەبوونەوە: وەرگێڕانی هەمان شت دووبارە و سێبارە دەتوانێت ببێتە چەندپاتبوونەوە و بێزارکەر. دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی کە وەرگێڕەکە هەست بە یەکدەنگی و نەبوونی جۆراوجۆری بکات.
٢. چڕبوونەوە (تەرکیز concentration): بۆ ئەوەی مرۆڤ وەرگێڕێکی کاریگەر بێت، پێویستە بە درێژاییی وەرگێڕانەکە چڕبوونەوە و وردبوونەوە بپارێزێت. چەندپاتکردنەوەی بابەتێک لەسەر یەک دەتوانێت ماندووییهێنەر بێت و پێویست بەوە دەکات کە وەرگێڕەکە تا ڕادەیەکی بەرچاو هەوڵی دەروونیی خۆی بۆ بخاتە گەڕ تا بتوانێت لە بابەتەکە چڕ ببێتەوە.
٣. ڕووبڕکێخوازی (تەحەددیات challenge) بە وردبینییەوە: مرۆڤ هەرچی زیاتر هەمان شت وەربگێڕێتەوە، مەترسیی ئەوە زیاترە کە ماندوێتی و یەکدەنگی کاریگەرییان لەسەر وردبینی و چۆنایەتیی وەرگێڕانەکە هەبێت. پاراستنی هەمان ئاستی وردبینی و سەرنجدان بە درێژاییی وەرگێڕانەکە دەتوانێت ئەستەم بێت. ئەمە بێزارکەر دەبێت و جۆرێک لە ڕووبڕکێخوازی دەهێنێتە ئاراوە.
٤. هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ پاڵەپەستۆ (پەستان، فشار): کارکردن لەژێر پاڵەپەستۆی کات و ناچاربوون بە گەیاندنی وەرگێڕانی خێرا دەتوانێت سترێس و شڵەژاوی دروست بکات. هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ ئەم پاڵەپەستۆیە و بەردەوامبوون لە ڕاگرتنی ئاستێکی بەرزی وەرگێڕان دەتوانێت ببێتە جۆرێک لە ڕووبڕکێخوازی.
٥. هەوڵی جەستەیی: وەرگێڕان تەنها پێویستی بە هەوڵی دەروونی نییە بەڵکوو دەتوانێت لە ڕووی جەستەییشەوە پێویستی بە هەوڵدان بێت. قسەکردن و لێدوان بە دەنگ و چڕییەکی بەرز بۆ ماوەیەکی درێژ دەبێتە هۆی گرژبوونی دەنگەژێیەکان (تارهای صوتی vocal cords) و دەبێتە هۆی ماندوێتی یان دەنگگیران.
لە کۆتاییدا، وەرگێڕانی گەلێک جاری هەمان شت لە یەک کاتژمێردا دەتوانێت هەستێکی ناخۆش و بێزارکەر بئافرێنێت و دەتوانێت ڕووبڕکێخواز و ماندووییهێنەر بێت و پێویستی بە بەرگەگرتنی دەروونی و جەستەیی هەیە. ڕەنگە پێویستیی هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ شڵەژاوی بێتە ئاراوە، وردبینی بپارێزرێت و ڕێگاکانی پاراستنی چڕێتی سەرەڕای یەکدەنگی بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی وەرگێڕانەکە بە باشترین شێوە جێبەجێ بکرێت.