ڕێکەوتی بڵاوبوونەوە: 2019-03-06
لە هەموو زمانێکدا جاروبار بۆ دەوڵەمەندبوونی زمان، لە ڕێگەی داتاشینەوە وشەی نوێ درووست دەکەن، جاری وایە ئەو وشانە زۆر نالەبار دێنە بەرگوێ و هەر لای خەڵک جێ ناگرن، جاری واشە جوانن. بۆ نموونە لە کوردیدا وشەی داتاشراوی “کاژێر hour” زۆر مشتومڕی لەسەرە و زۆر کەس بەدڵیان نییە. ئێستە باسی من لەسەر ئەو وشەیە نییە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە باسی من وشەیەکی داتاشراوی ترە کە بەڕای من جوانترین وشەی داتاشراوی کوردییە:
هەندێک گیاندار هەن کە هێلکەکەیان لەناو سکیاندایە و لەڕێی هەڵهێنانی هێلکەکە لەناو سکیاندا بێچووەکەیان دەبێت. لە عەرەبیدا بەو گیاندارانە دەڵێن: (بیوض ولود) بە کردەوەی منداڵبوونەکە دەوترێت (البيوضية الولودية Ovoviviparity).
کوردیش هات لە وشەی “هێلکە” و “زایین” وشەی “هێلزۆک” و “هێلزۆکی“ی داتاشی.
هێلزۆکەکان: ئەو گیاندارانەی کە لەڕێی هەڵهێنانی هێلکە لە سکیاندا بێچووەکەیان دەبێت.
هێلزۆکی: شێوەیەکی زاووزێیە کە بێچوو لەناو هێلکە لە ناو سکی دایکیدا لەدایک دەبێت.
- بۆ بینینی هێلزۆکێک لە کاتی زاووزێدا فەرموون چاو لەم گرتە ڤیدیۆییە بکەن.