خشتەیەک بۆ نووسینی ناوی قوتابخانەکان
نووسین: دیاکۆ هاشمی
ناوی قوتابخانەکانمان لەژێر کاریگەریی تایپۆلۆجیی عەرەبیدا نووسراون.
زمانی کوردی تایپۆلۆجیی خۆی هەیە.
با هەڵمەتی داڕشتنەوەی ناوی قوتابخانەکان بە تایپۆلۆجیی کوردی دەست پێ بکەین.
کورد لە کۆنەوە وتوویەتی: هەناری سووری هەورامان
کەس نەیوتووە: هەناری هەورامانی سوور
هاوەڵناوەکان ئەگەر لە چەند دانەش پێک هاتبن، هەر بە هەمان شێوە دەکەونە نێوان ناوی یەکەم و ناوی کۆتایی کە ناوی شوێنەکەیە: هەناری سووری شیرینی هەورامان.
هەر بەپێی ئەو داڕشتنە دەکرێت ناوی قوتابخانەکانیشمان دابڕێژینەوە، چونکە تا ئێستە لەسەر بنەمای داڕشتی عەرەبی داڕێژراون کە لەگەڵ زمانی کوردیدا تەبا نین. بۆ نموونە:
دواناوەندیی تێکەڵی هەولێر
نەک: دواناوەندی هەولێری تێکەڵاو. (ئەم سێ وشە ئامرازی پێوەندیی تێدا نییە و داڕشتنەکەشی کوردی نییە بەڵکوو عەرەبییە.) ئەمە کارەساتێکی گەورەیە کە لەو شوێنەی باسی ڕێزمان دەکرێت، واتە لە قوتابخانە، ناوی قوتابخانەکان، ڕێزمانیان تێک چووبێت.
جا چۆن دەتوانین بڵێین: قوتابخانەی دارەتووی کچانی نموونەیی؟ دەبێت بوترێت:
قوتابخانەی نموونەییی کچانەی دارەتوو.
بەپێی ئەم ڕیزبەندییە دەتوانین ناوەکان بە کوردی دابڕێژینەوە:
١. قوتابخانە: قوتابخانەی بنەڕەتی/ئامادەیی/دواناوەندی.
٢. جۆری قوتابخانە یان جۆری خوێندن: زانستی، نموونەیی، حکوومی.
٣. لە ڕووی زایەندی یان ڕەگەزەوە: کچانە/کوڕانە/تێکەڵ.
٤. ناوی قوتابخانەکە: نالی، هەولێر، کۆیە، زەهرا، سۆران، قەدەمخێر.
نموونەیەکی گشتی:
ئامادەییی زانستیی نموونەییی ناحکوومیی کچانەی هەولێر
تێبینی: هەروەها وشەی “تێکەڵ” بەسە، پێویست ناکات بوترێت “تێکەڵاو”.
***
تایپۆلۆجیی کوردی بپارێزین
کورد لە کۆنەوە بە پاشگری (…انە) وشەی نوێی داڕشتووە، بۆ نموونە، پیاو + انە = پیاوانە.
پیاوانە واتە ئەو شت/شتانەی کە تایبەت بە پیاو بن، وەک جل، کار، قسە، بەڵێن، حەمام و هتد.
دەشتوانێ بۆ هەر کەسێکی تر بێت وەک: ژنانە، کوڕانە، کچانە، منداڵانە، گەنجانە، پیرانە، و هتد.
جلی ژنانەی کوردی زۆر جوانە.
دەتوانین ئەوڕۆکەش لەسەر هەمان پێوەر وشە نوێیەکانمان ساز بکەین وەکوو:
قوتابخانەی کوڕانە، قوتابخانەی کچانە
واتە قوتابخانەیەک کە تایبەتە بە کوڕان، قوتابخانەیەک کە تایبەتە بە کچان.
لە فارسیشدا (کە سیستەمی تایپۆلۆجییەکەی وەک کوردییە) دەوترێت: مدرسە پسرانە، مدرسە دخترانە.
جا ئەگەر ئەو قوتابخانە کوڕانە یان کچانە ناوێکیشی هەبێت ناوەکە پاش ئەو دوو وشەیە دەنووسین، بۆ نموونە:
قوتابخانەی کوڕانەی قانع، واتە قوتابخانەکە کوڕانەیە و تایبەتە بە کوڕان و ناویشی “قانع”ە، ناکرێ بنووسین: قوتابخانەی قانعی کوڕان، ئەوە وەکوو ئەوەیە کە بڵێین قوتابخانەکە قانعە و هی کوڕانە، یان قوتابخانەکە هی قانعە و قانعیش هی کوڕانە، بۆیە دەبێت بنووسین: قوتابخانەی کوڕانەی قانع.
تایپۆلۆجیی فارسی و کوردی وەک یەکن (بەپێی SOV)ن، بەڵام لەگەڵ عەرەبیدا جیاوازن (داڕشتنەکەی بەپێی VSO)ە.
لە عەرەبیدا بۆ نموونە دەوترێت: (مدرسة مريم الأبتدائية للبنات) ئەگەر بێت بنووسین (قوتابخانەی مریەمی بنەڕەتی بۆ کچان) ئەوە بێگومان داڕشتنێکی عەرەبیمان کردووە. بە کوردی دەبێتە: (قوتابخانەی بنەڕەتیی کچانەی مریم).
تێبینی: بێگومان ساڵانێکی زۆر لە باشوور ئەو داڕشتنە عەرەبییە بەکار هێنراوە. لە هزر و بیری خەڵکدا جێی گرتووە و زۆر ئاسایی بووەتەوە. بەڵام بێگومان ئەوە داڕشتنێکی ناکوردییە و هیوادارم ڕۆژێک بێت و زمانەکەمان بەپێی زمانی کوردی دابڕێژینەوە.
ناوی هەندێک لە قوتابخانەکان کە بە داڕشتنی عەرەبی نووسراون، لێرە بە داڕشتنی کوردی دەنووسینەوە. بەو هیوایەی وەزارەتی پەروەردە ئاوڕێک لەو ناوانە بداتەوە و ئەم خاڵە بەهەند وەربگرێت و ناوەکان لەسەر داڕشتنی تایپۆلۆجی و ڕیزبوونی زمانی کوردی دابڕێژێتەوە:
زانیاریی زیاتر لەسەر تایپۆلۆجی: