ڕێکەوتی بڵاوکردنەوە یان دوانووژەنکردنەوە:
لە باری ئاساییدا کاتێک تاوانێک ڕوو دەدات لە پێشدا لەلایەن “پۆلیس” یان “داواکاری گشتی”یەوە پێشلێکۆڵینەوەیەکی لەسەر دەکرێت، بۆ نموونە “لێپرسینەوە”، پشکنینی “تاوانگە”کە، “تاووتوێکردنی تەکنیکی”. بەمە دەوترێت “پێشلێکۆڵینەوە یان لێکۆڵینەوەی بەرایی”.
ئەگەر دەرەنجامی پێشلێکۆڵینەوەکە بوو بەوەی کە داواکاری گشتی بەڵگەی پێویستی بەدەست هێنا و تۆمەتبارێکی بۆ پشتڕاست کرایەوە، ئەوە “داوا بەرز دەکاتەوە” بۆ “دادگا” و تۆمەتبارەکە “دادگایی دەکرێت”.
لە ئێراندا لێکۆڵینەوە بەدوای ئەو تاوانەی کە ڕووی داوە و ئەو کەسەی تاوانکارە و دەستنیشانکردنی تاوانکار و دۆزینەوەی بەڵگەی سەلماندنی تاوان، بە ئەستۆی “دادسرا”یە بە سەرۆکایەتیی “داواکاری گشتی = دادخواز” کە بە فارسی پێی دەوترێت “دادستان”، پاش ئەو پشتڕاستبوونەوە داوا بەرز دەکرێتەوە بۆ “دادگا” بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر تاوانەکە و بۆ ئەوەی تاوانباری سەرەکی یەکلایی و پشتڕاست بکرێتەوە.
ئەرکی دادگا ئەوەیە کە بە سەرپەرشتیی “دادوەر” (قاضی) و لێژنەی دادوەری لە بەڵگە و داواکانی داواکاری گشتی بکۆڵێتەوە بزانێت بەڵگەکان دەتوانن تاوانەکە بسەلمێنن یان نە.
دادگاکان لە وڵاتە جۆربەجۆرەکاندا جیاوازن. ئێمەی کورد لە هەر وڵاتێکدا کە دەژین ناچارین بەپێی وشەکانی ئەو وڵاتانە زاراوەی دادوەری چێ بکەین، بۆ نموونە لە عێراقدا بەرانبەر بە “دادستان”ی فارسی وشەی “المدعي العام” بەکار دەهێنرێت، کورد لە باشووردا ناچارە بەوە بڵێت “داواکاری گشتی”، کەچی لە زمانی فارسیدا بۆ ئەو مەبەستە بەس یەک وشەی داڕێژراو هەیە و پێی دەوترێت “دادستان” ئەگەر ئەوە بکەینە کوردی دەبێتە “دادستێن”.
مەسەلەی دادگا و بواری دادوەری یەکێک لە هەستیارترین بوارەکانی ژیانی مرۆڤە. “دادناسی” یان زانستی یاسا بوارێکی قووڵ و چڕوپڕە. مرۆڤە ئاسایییەکان لە زاراوەکانی ئەو بوارە زۆر بەئەستەم تێ دەگەن، یان ڕەنگە هەندێک جار هەر تێ نەگەن، هەر لەبەر ئەوەیە کە پێویست بە “پارێزەر” و “دادوەر” و “دادگا” هەیە.
زۆر جار کاتێک کەسێک زمان نازانێت و کاری دەکەوێتە دادگا، وەرگێڕی بۆ دەگرن. لێرەدا ئەرکی پڕ لە هەستیاریی وەرگێڕ دەردەکەوێت. وەرگێڕێک کە خولی تایبەتی بۆ فێربوونی بوارەکانی دادناسی نەچووبێت و تا ڕادەیەک لە زانستەکە تێ نەگەیشتبێت، بەهیچ شێوەیەک نابێت ڕێگەی بدرێت لە دادگادا وەرگێڕی بکات.
ئەو باسانە زۆر زۆر قووڵ و چڕن، ئێستە ئێمە لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین ئاماژەیەک بکەینە ناوی دادگا جۆربەجۆرەکان و واتاکانیان بە کوردی.
بەپێی سیستەمی دادی هەر وڵاتێک شێوازی کار و جۆری دادگاکان جۆربەجۆرن. لێرەدا دەتوانین ئاماژە بکەینە چەند جۆرێک لە دادگاکان کە لە وڵاتە عەرەبییەکاندا باون، بێگومان لەگەڵ دادگاکانی ئێران و هەروەها لەگەڵ دادگاکانی ئەورووپاشدا جیاوازییان هەیە.
باشووری کوردستان – عێراق
ئەو دادگایانەی کە لە عێراقدا باون لە باشووری کوردستانیشدا پێڕەوییان دەکرێت و بریتین لە:
ـ دادگای بەرایی / دادگای سەرەتایی (محکمة بداءة)
ـ دادگای تێهەڵچوونەوە (محکمة الاستئناف)
ـ دادگای پێداچوونەوە، دادگای تەمیز، دادگای جیاکاری، دادگای هەڵاواردن (محکمة تمیز)
ـ دادگای باری شارستانی (محکمة الاحوال المدنیة)
ـ دادگای باری کەسی (محکمة الاحوال الشخصیة)
ـ دادگای باڵای دەستووری (محکمة علیا دستوریة)
ـ دادگای تاوانکاری/دادگای تاوانەکان (محکمة جنایات)
ـ دادگای تاوانکاریی تایبەت (محکمة الجنائیة الخاصة)
ـ دادگای پێکهێنانەوە (محکمة صلح)
ـ دادگای ڕێکخستنی بازرگانی (محکمة التنظیم التجارة)
ـ دادگای سەربازی (محکمة عسکریة)
ـ دادگای سەرپێچی (محکمة المخالفة)
ـ دادگای سزادان (محکمة جزائیة)
ـ دادگای لێکۆڵینەوە (محکمة تحقیق)
ـ دادگای لێکۆڵینەوەی نەوجەوانان (محکمة تحقیق الاحداث)
ـ دادگای نەوجەوانان، دادگای مێردمنداڵان (محکمة الاحداث)
ـ دادگای هاتوچۆ (محکمة المرور)
ـ دادگای هەڵوەشاندنەوە (محکمة النقض)
ـ دادگای یاسایی (محکمة قانونیة)
ڕۆژھەڵاتی کوردستان – ئێران
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا پێڕەوی لە دادگاکانی ئێران دەکرێت و ئەو دادگایانەی لە ئێراندا باون بریتین لە:
* دادگا گشتییەکان (دادگاههای عمومی) ئەمانە خۆیان پێک هاتوون لە:
١. دادگای گشتیی مافی (دادگاه عمومی حقوقی)
٢. دادگای گشتیی سزایی (دادگاه عمومی جزایی)
٣. دادگای بنەماڵە/خێزان (دادگاه خانواده)
٤. دادگای منداڵان (دادگاه اطفال)
٥. دادگای سزاییی پارێزگا (دادگاه کیفری استان)
هەروەها هەندێ دادگای تریش بریتین لە:
دادگای تێهەڵچوونەوە (دادگاه تجدیدنظر)
ـ دادگای سوپایی (دادگاه نظامی)
ـ دادگای شۆڕش (دادگاه انقلاب)
ـ دادگای تەکووزیی دادوەران (دادگاه انتظامی قضات)
ـ دادگای باڵای کارگێڕی (دیوان عدالت اداری)
ـ دادگای تایبەتیی ڕۆحانییەت (دادگاه ویژه روحانیت)
لە وڵاتە ئورووپایییەکانیشدا دادگا بە شێوەی جۆربەجۆر هەیە بۆ نموونە:
دادگا گشتییەکان (Allmänna domstolar):
٢. دادگای تێهەڵچوونەوە (Hovrätt)
٣. دادگای باڵا (Högsta domstolen)
دادگا کارگێڕییەکان (Förvaltningsdomstolarna)
١. دادگای بەراییی کارگێڕی (Förvaltningsrätt)
٢. دادگای تێهەڵچوونەوەی کارگێڕی (Kammarrätt)
٣. دادگای باڵای کارگێڕی (Högsta förvaltningsdomstolen)
دیارە شێوەی دادگاییکردن لە دادگا جۆربەجۆرەکانی دنیادا وەکوو یەک نین و جۆری بڕیارەکان و سزاکانیش جیاوازن. لە داهاتوودا لەسەر ئەم بابەتە گرنگەی کۆمەڵگاش زیاتر ڕوونکردنەوە بڵاو دەکەینەوە.
ـ یاسا، فەرهەنگێکی عەرەبی ـ کوردی، کوردی ـ عەرەبی، دادوەر سەردار عەزیز خۆشناو
ـ وشەنامە بۆ وەرگێڕەکان، سویدی ـ کوردی Ordlista för tolkar, Svenska Kurdiska، دانانی لێژنەیەک لە سوید