شوبات 16, 2024 Narges Hashemi

بیلسترۆم (وەزیری دەرەوەی سوید)،

لەسێدارەدانی کوردان لە ئێران مەحکووم بکە

بەبێ گوێدانە جۆری ڕێژیمی دەسەڵاتدار، لانی کەم دوانزە ملیۆن کورد لە ئێران هەمیشە لە مافەکانیان بێبەش کراون.

ئیدریس و نەرگس هاشمی نووسیویانە.

کورد لە ناسنامە و نەتەوەی خۆی بێبەش دەکرێت. زمانی کوردی لە ئێراندا وەک زمانێکی ڕەسمی دانی پێدا نەنراوە.

لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ لەژێر دروشمی ژن. ژیان. ئازادی زۆر خۆپیشاندانی گەورە بە شێوەیەکی سەرەکی لە پارێزگا کوردنشینەکان ئەنجام درا. پۆلیس و سەربازی ئایەتوڵڵاکان بەتوندی ڕووبەڕووی کورد بوونەوە. ماڵە کوردەکان بێ جیاوازی پشکنران. بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک، سوپای ئێران گەمارۆی پێکهاتە کوردەکانی دا بۆ کوشتن و دەستگیرکردنی خەڵکی بێتاوان کە تەنها لە سەرەتاییترین مافی خۆیان، مافی مرۆڤ بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندان بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە، بەشدارییان کردبوو.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی زیاتر لە نیوەی هەموو ئەوانەی لە دوای تیرۆرکردنی ژینا مەهسا ئەمینی کوژراون، بەلووچ و کوردن. کوردە بە سەختی بریندارەکان بە فەرمانی فەرمانڕەواکانی ئێران لە نەخۆشخانە و کلینیکەکان حاشایان لێ کرا بۆ چارەسەرکردن. زۆرێک لە کوردەکان بە زۆرەملێ لە خوێندن و کار دەرکران. هەرچەند چاوەڕوان دەکرا، تا ئێستا هیچ کەسێک وەک بەرپرسیاری ئەو دڕندەییەتییە نەخراوەتە بەردەم دادگا. هەروەها لێکۆڵینەوەیەکی دروست لە کوشتنی ژینا نەکراوە.

بەپێی دەستووری ئێستای ئێران، هەموو ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان دژی ئێران، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی ئێران، بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و پێشێلکردنی نەزمی گشتی دادەنرێت. هەرکەسێک بەشداری خۆپیشاندانەکانی دژ بە نیزام بکات، بە پێی مادەی ٢٨٦ (محارب) لە یاسای سزادانی ئیسلامی لە ئێران، سزای هەتاهەتایی، ئەشکەنجەدان و یان لەسێدارەدانی لەسەرە. ئەم بەشەی یاسا بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ چالاکانی کورد بەکار دێت.

ئەوەی زۆر کەس بیری لێ ناکەنەوە ئەوەیە کە ئێران دوای چین لە پلەی دووەمی زۆرترین ژمارەی ئێعدامەکان لە جیهاندایە. لەم دواییانەدا لەسێدارەدان لە بەرچاوی هەمووان جێبەجێ کراوە، کە لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٠٨دا ڕاگیرابوو، سیاسەتمەداران و چالاکانی مافی مرۆڤی کورد زیاتر حوکمی ئێعدامیان بەسەردا دەسەپێنرێت. ئاماری حوکمی لەسێدارەدان و هەڵواسینەکان لە ئێران لە ساڵی ٢٠٢٢دا زۆرترین ڕێژەی حوکمی ئێعدام لە ماوەی پێنج ساڵدا بووە. بەپێی کۆکراوەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە ساڵی ٢٠٢٢دا لانی کەم ٥٧٦ کەس لە ئێران لەسێدارە دراون.

سوید کە سەردەمانێک بە زلهێزێکی گەورەی مرۆڤدۆستی دادەنرا، پێویستە دەنگی خۆی لە دژی ڕژێمی ئایەتوڵڵاکان و لەسێدارەدانی قێزەون بەرز بکاتەوە. یەکێک لەو کەسانەی کە بە تەواوەتی لە ئیعدامەکان لە ئێران دەزانێت، تۆبیاس بیلسترۆم وەزیری دەرەوەی سویدە.

بۆیە پرسیارێکمان هەیە: بیلسترۆم کەی لەسێدارەدانەکانی ئێران شەرمەزار دەکەیت؟

***

ئیدریس هاشمی، چالاکی مافی مرۆڤی سویدی-کورد
نەرگس هاشمی، چالاکی مافی مرۆڤی سویدی-کورد
وەرگێڕان لە کوردی و گونجاندنی بۆ سویدی: کوردۆ باکسی

***

ئەم مژارە لە ڕێکەوتی 16-02-2024 لە بەشی (مشتومڕ Debat)ی ڕۆژنامەی داگێنز ئارێنا dagens arena بە زمانی سویدی بڵاو کراوەتەوە و لێرەش کراوەتەوە کوردی.

***