یاسای بنەڕەتیی ئێران و مافی زمان

ئایار 16, 2021 Narges Hashemi

2021-05-16

یاسای بنەڕەتیی ئێران و مافی زمان

نووسین: نەرگس هاشمی

لە وەرزی دووەم، بنەمای پازدەیەمی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لەژێر ناونیشانی زمان، خەت، مێژوو و ئاڵای وڵات لە بنەمای پازدەیەمدا باس لە زمان دەکات:

فصل دوم- زبان، خط، تاریخ و پرچم كشور

اصل پانزدهم

زبان و خط رسمی و مشترك مردم ایران فارسی است. اسناد و مكاتبات و متون رسمی و كتب درسی باید با این زبان و خط باشد، ولی استفاده از زبانهای محلی و قومی در مطبوعات و رسانههای گروهی و تدریس ادبیات آنها در مدارس، در كنار زبان فارسی آزاد است.

واتە:

وەرزی دووەم زمان و خەت و مێژوو و ئاڵای وڵات

بنەمای پازدەیەم

زمان و خەتی فەرمی و هاوبەشی خەڵکی ئێران فارسییە. بەڵگەنامە و نامەنووسی، دەقی فەرمی و کتێبی دەرسی دەبێ بەم زمان و خەتە بێت، بەڵام بەکارهێنانی زمانی خۆماڵی و قەومی لە چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی گشتی و فێرکردنی ئەدەبیاتیان لە قوتابخانەکاندا لە تەنیشت زمانی فارسی ئازادە.

نرخ بۆ دانەنان

جارێ پێشەکی بەکارهێنانی چەمکی زبان محلی و قومی = زمانی خۆماڵی و قەومی خۆی لە خۆیدا دانپێدانەنانە بەو زمان و نەتەوانە، وەک نەتەوە و زمانی هاوشان و یەکسانی فارسی و فارس. چونکە لە ئەدەبیاتی فارسیدا ئەو چەمکانە جۆرێک لە بچووککردنەوە و کەمنرخکردنی ئەو زمان و نەتەوانەن.

کورد و ئازەری و عەرەب و بەلووچ و هتد نەتەوەی گەورە و خاوەنزمانن. نەک قەوم و زبان محلی.

هەر حکوومەتێک لە ئێران بێتە سەر کار هەتا بۆچوونی خۆی بەرانبەر بە مافە سەرەتایییەکانی نەتەوەکانی ناو ئێران نەگۆڕێت، کێشەکە هەرگیز چارەسەر نابێت.

گۆڕانی حکوومەت لە پاشایەتی بۆ ئیسلامەتی هیچ لە مافە ڕەواکانی نەتەوەکان کەم نەکات ئەگەر بۆچوون و تێڕوانینەکان گۆڕانیان بەسەردا نەیەت.

چەواشەکردن

هەر لە کۆتاییی بنەما یان مادەی پازدەیەمدا دەڵێت:

بەڵام بەکارهێنانی زمانی خۆماڵی و قەومی لە چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی گشتی و فێرکردنی ئەدەبیاتیان لە قوتابخانەکاندا لە تەنیشت زمانی فارسی ئازادە.

لەدوای ئەو هەموو ساڵە زۆرانەدا هەموومان دەزانین کە ئەو دێڕە تەنیا بۆ چەواشەکردنە و بەس.

ئازادە، واتای چییە؟ بە کام لێژنە ئامادەکاریی بۆ دەکرێت؟ لە کام وەزارەت پلانی بۆ دادەنرێت؟ بە کام مامۆستا وانەی دەوترێت؟ مامۆستاکە دەبێت دەرچووی کام زانکۆی زمانی کوردی بێت؟ چۆن دەبێت لەناو خشتەی وانەوتنەوە بگونجێنرێت؟ ئایا ئەو زمانە کاریگەریی دەبێت لەسەر ماددە دەرسییەکانی تر؟ پلە و نمرەی بۆ دیاری کراوە؟ مەبەست لە ئەدەبیات چییە؟ کتێبێک بەناوی خوێندنەوەی کوردی؟؟ یان چەند شیعرێکی کوردی؟ ئایا بیرکاری و کیمیا و فیزیا و جوگرافیش وانە دەکرێت یان نەخێر؟ بێگومان وشەی ئەدەبیات ئەوانە ناگرێتەوە.

تێچووی ئەو کارانە کێ دەیدات؟ حکوومەت یان لە گیرفانی دایکوباوکان و خێرخوازان؟ یان داوا بکەین لەڕێی خوا خەڵک دڵی بۆمان بووستێ و بە عانەیەک خێرێک بۆ خۆی بنووسێت؟

لە کۆتاییدا دەڵیت لە تەنیشت زمانی فارسیدا ئازادە. تەنیشت یانی چی؟ لە قوتابخانەکان چی بە زمانی فارسی هەژمار دەکرێت تا من بتوانم خۆم بخەمە تەنیشتی؟ هەر مامۆستایەک بە فارسی بدوێت، مامۆستایەکی کوردیش لە تەنیشتی بە کوردی بدوێت؟ هەر کتێبێک بە فارسی نووسرابێت لە تەنیشتی کتێبێک بە کوردی هەبێت؟

هەموو ئەو شتانە بێوەڵامن و بێگومان هەتا ئێستەش هەر بە کردەوە هیچ هەنگاوێکی بۆ نەنراوە.

ئەی ئەگەر زمانی کوردی لە تەنیشتی زمانی فارسی ئازادە، بۆچی زوو زوو بخشنامە بڵاو دەکەنەوە کە منداڵان لە ژینگەی قوتابخانەدا دەبێت بە فارسی قسە بکەن، نەوەک مافە زمانییەکانی قوتابییەکی فارسزمان پێشێل بکرێت و هەست بە نامۆیی بکات.

هەموو ئەمانە نیشان دەدەن کە ئەو بڕگە و ماددە یاسایییانەی کە بۆ زمانی نەتەوەکانی ناو ئێران دیاری کراون، تەنیا بۆ چەواشەکارین و بەس.

***

نووسین: نەرگس هاشمی، سوید، 2021-05-16